دەسەڵات و مرۆڤ

هەندێجار بەیانییان دەچم بۆ ڕاکردن

– بۆ نەوا قەرزاری؟

– مەبەستم ڕاکردنی وەرزشە قوربان… لەولا ماڵی خۆمانەوە تا گڵەزەردە هەمووی دەشتاییەکی پان و فراوانە و لەوێ ڕادەکەم. ئینجا هەندێجار تووشی بەزمی خۆش دەبم. بەیانییەک زۆر ڕامکردبوو و کەمێک وەستام و لە ئاسمان وردبوومەوە؛ مانگ چواردە بوو، هێشتا بە ئاسمانەوە مابوو. مۆبایلەکەم دەرهێنا وێنەیەکی مانگ و خۆمم گرت و کەوتمەوە ڕێ. لە گەڕانەوەمدا، پۆلیسێک کە ڕێزی لەسەر سەرمە، لەسەر ڕێگەکەم وەستابوو، دیاربوو چاوەڕێی منی ئەکرد کە بێمەوە.

– کاکە، ئەوە چی بوو لەویا مۆبایلت دەرهێنا و ڕەسمت گرت؟

– چی بوو؟ وەڵا ڕەسمم گرت بەڵێ

– کاکە مەمنووعە

– چی؟

– ڕەسمگرتن

– ئەویش بۆ؟

– کاکە ئەمە مەسەلەی ئەمنییە، خۆت ئەزانی ئێستا ئەوە شەڕ هەیە و داعش هەیە و تیرۆریست هەیە…

– قوربان، ئەگەر یەک تۆز دیقەتم بدەیت، بە شۆرتێک و کالەیەک و تیشێرتێکەوەم و هێدفۆنێک لەگوێمدایە و ڕادەکەم، هەرکەسێ بمبینێ دەزانێ کە هاتووم بۆ وەرزش، ئەمە لەلایەک. ئینجا قوربان سەیرێکی دەموچام بکە، لە تیرۆریست ئەچم؟ لە داعش ئەچم؟

– نا کاکە مەقسەم ئەوە نەبوو تۆ تیرۆریستی

– وەڵا قوربان، یان من کوردییەکەم باش نەبوو، یان مەقسەت ئەوەبوو

– نا کاکە، من ویستم پێتبڵێم لەویا ڕەسم مەمنووعە

– قوربان گیان، ڕەسمێکی خۆم و مانگم گرت، ئینجا ئەگەر هەر کامێک لە من یان مانگ موڵکی تۆن، توخوا با داوایلێبوردنت لێبکەم و ئێستاش ڕەسمەکان بسڕمەوە لە مۆبایلەکەمدا

– نا کاکە، بەس ئەو عەرز و شتەی ئەیبینی ئێمە پێمانوتراوە کە ڕەسم تیایا مەمنووعە

– قوربان ئا ئەویا ئەبینی؟

لەمسەر بۆئەوسەری مەودوای بینینم دەستم ڕاکێشا

– بەڵێ ئەیبینم

– قوربان ئەوە پانزە دۆنمی هیی منە، من ئەسڵەن لە عەرزی خۆما ڕەسمم گرتوە!

پیاوەکە بێدەنگ بوو

– ئەوەش ماڵمانە لەویا، هەر کێشەیەکیش بە بۆنەی منەوە ڕویدا وەرن بە شووت بمبەن بۆ ئاسایش!

هەر بێدەنگ بوو

– قوربان ئیشت نییە؟

– نا برام

– ڕێزت هەیە… بەیانییەکی خۆش

جا لێرەدا با ناوبڕێکی تێبکەم… من کەسێکی ئاژەڵدۆست نیم. ڕاستت بوێ؛ کاتی خۆی لە مزگەوتا فێریانکردم کە ئەگەر ئافرەتێک بەلامدا ڕۆیشت و قاچی ڕووت بوو، بە سرنج تێزاب بکەم بە قاچیدا، خۆ ئافرەت ئاژەڵیش نییە!… ئەها…. ئا ئێرە خاڵی وەرچەرخانی بیری من بوو لە دیندارییدا.

باشە بۆ تێزاب بکەم بە قاچی خەڵکدا؟ باشە من حەقم چییە خەڵک چی لەبەرئەکا و چی لەبەرناکا؟ باشە تێزابکردن بە قاچی خەڵکدا حوکمدان و سزادانی خەڵک نییە؟ ئەی باشە ناڵێن خوا هەیە و خۆی حساب و کیتاب ئەکا لەگەڵ خەڵکدا و لە ئێمە زاناتر و داناترە و بەلێزانینی خۆی سزا یان پاداشتی خەڵک دەکات؟ ئەی کەواتە من کێم لەخۆمەوە دەوری خوا ببینم لەسەر زەویدا و سزای ئافرەتێک بدەم تەنهاوتەنها کە بەلامدا تێپەڕیوە؟ نە دەزانم چیرۆکە نهێنییەکانی چین و نە ئەزانم نییەت و بۆچوونی چۆنە و نە ئەزانم کێیە و نە تەنانەت ناویشی دەزانم؟ من بۆ ببم بە خوا؟ ئەوکات پێموابوو ئەمە تەداخولکردنە لە ئیشی خوادا و خوا لە من باشتر دەزانێ کێ سزادەدات و کێ پاداشت دەکات. خۆشبەختانە ئەو هەڵەیەم نەکردوە کە تێزاب بکەم بە قاچی خەڵکدا. وردەوردەش ئەگەر چاوی ماڵەوەم لەسەر نەبوایە نوێژم نەدەکرد و ئەگەر لێم غافڵبوونایە بێ دەسنوێژ و شت نوێژم ئەکرد، ئەگەر دایکم لە ژوورەکەی ئەودیوەوە ئیعازی بدامایەتێ کە نوێژ بکەم لەبری چوار ڕیکعاتی نیوەڕۆ دوانم دەکرد و هیچ سوورەت و ئایەتێکم تیانەدەخوێند، هەروەکو فاتیحای تەعزێ تا سی و پێنجم ئەبژارد و ئەڵلااااااهو ئەکبەر… ئاوا نوێژەکەم تەواودەکرد. تا ڕۆژێک وتم ئەمەی من ئەیکەم گەوادییە!

– نەوا ئەوە بۆ ناچی بۆ نوێژ؟

– چونکە نایکەم!

– چیییییییییییییییییییییییییییییی؟ ئەستەغفیرەڵا

– گوێبگرن، یەک کەس پێمنەڵێ نوێژ بکە و مەیکە تێگەیشتن؟ لە کەسی قبوڵناکەم چیتر نەسیحەتم بکات و ڕیگام بۆ دابنێ، من ڕێگەی خۆم دەگرمە بەر لە ژیاندا… ئەشچمە قەبری خۆمەوە…

دوای چەند مانگێک دووبارەبوونەوەی ئەم باسە ناخۆشە ئیتر پێیاننەوتمەوە نوێژ ئەکەم یان نا.

مەبەستەکەم لێرەدا خاڵی وەرچەرخانم نەبوو لە دیندارییمدا، بەڵام چونکە باسی شتێکی هەستیارمکرد بۆیە درێژەمدا بەو باسە. بەڵێ خۆشبەختانە کەرێتیی وامنەکرد ئازاری کەس بدەم لەبەر شیوازی جللەبەرکردنەکەی.

مەبەستەکە ئەو پەروەردە جوانکیلەیە بوو کە من هەمبوە. ئێمە فێرکرابوین ڕقمان لە هەموو ئاژەڵێکی تر بێت تەنانەت مرۆڤیش. تا ئێستاش نەهاتوومەتە سەر ئەوەی ئاژەڵدۆست بم، بەڵام دوژمنی ئاژەڵیش نیم. ئاژەڵ پەلامارمنەدات پەلامارینادەم. لە ژیانما بەردێکم نەگرتۆتە پشیلەیەک و شانازییشی پێوەدەکەم. شەوێکیان مناڵانی گەڕەک کۆبوینەوە و بۆقێکیان بە زیندویی سووتاند. ئەو قیڕەقیڕەی ئەو بۆقە داماوە لەسەرەمەرگدا دەیکرد هەتا ئێستاش لە مێشکمدا دەزرینگێتەوە… ئەو شەوە کە مناڵیش بووم بەشدارییم لەو جەهەننەمەدا نەکرد کە هاوڕێکانم بۆ ئەو بۆقە بەسزمانەیان سازدا. کە گەورەش بووم، ئەو دێڕەی (بایۆنی بۆرستینس)م خوێندەوە کە دەڵێ “مناڵەکان بە گاڵتەوە بەردیاندەگرتە بۆقەکان، بۆقەکان بەڕاستیی دەمردن”. چونکە ئەم وێنەیە لە منداڵیی خۆمدا هەبوو، زۆر سەرنجی ڕاکێشام.

تا ئێستاش ناتوانم ئاژەڵم هەبێت، ناتوانم پشیلەیەک بەخێو بکەم، تەنانەت کە هەندێک لە هاوڕێکانم سەگێکیان پێبێت هەوڵئەدەم دووربکەومەوە لێیان تا سەگەکە نەیەت بەلامدا. ئەمە گرێیەکی منداڵییە و تا ئێستا بۆم نەکراوەتەوە، بەڵام هەوڵیشمداوە ئەم گرێیە بکەمەوە وەک لەو وێنەیەدا دەیبینیت کە نازانم چۆن دەستبدەمە ئەو پشیلە بەسزمانە!

کە مناڵ بوین، پشیلەیەک فێری ماڵمان ببوو، من و براکەم ویستمان بیکەین بە پشیلەی خۆمان، دایکم نەیهێشت. دواتر هەموو تایەفەکە “کاکە پشیلەی چی! هەر ئەمەمان مابوو! بابە پشیلە پیسە! سپڵەیە!” ئیتر من و براکەشم تا ماوەیەکی زۆر بە دزیی دایکمانەوە گۆشتمان بۆ پشیلەکە دادەنا و خزمەتمان دەکرد. بەڵام ڕۆژێ کەشف بوین چینێکی باش ئیهانەکراین! ئیتر ببڕێ و ببڕێ پشیلەمان ڕانەگرتەوە.

بەڵام خۆشبەختانە تا ئێستا وەک وتم ئازاری هیچ ئاژەڵێکم نەداوە.

ئینجا سەگ تەبیعەتێکی زۆر کەرانەی هەیە، هەر کە دەبینێ تۆ ڕادەکەی ئەویش بەدواتا ڕادەکا! ئێ کاکە من قەرزارم ڕائەکەم تۆ چی؟

بەیانییەک لە کاتی ڕاکردنەکەمدا سەگەلێکی زۆری لێبوو. بەسەر ئەو مۆزیکەی گوێملێدەکرد کە ڕیتمی ڕاکردنەکەم ڕادەگرێت، گوێم لە دەنگێکی تر بوو. هێدفۆنەکەم لابرد لەگوێمدا و سەیردەکەم یەکێک لە سەگەکان کە پچکۆلەیەکی جوان بوو، ئەوپەڕی بیست ڕۆژ تەمەنی بوو، وەڕینەکەی زۆر بەجددی گرتبوو، ئەتوت بۆ مزگەوتی ئەکا، قوڕگی هاتبوە دەرێ. منیش بۆی وەستام و کەمێک قسەم لەگەڵ کرد، ئەویش نەرمونیان بوو و نزیکمکەوتەوە، منیش بڕیارمدا واز لە ڕیتمی ڕاکردنەکەم بهێنم و کەمێک یاری لەگەڵ بکەم، نزیکەی نیو سەعات بۆ سێچارەک یاریم لەگەڵ کرد و وام هیلاککرد چوە ئەولاوە و دانیشت! ئەوەی سەرنجمدا؛ ئەم سەگە پچووکە جوانە هەردوو گوێی بڕرابوو! هەرلەخۆمەوە زۆرم پێناخۆش بوو کە ئەوەم دی! باشە ئەبێ چ ویژدانێ دەستی چووبێتە ئەو سەگە پچووکە بێدەسەڵاتە و گوێی بڕیبێ! بەینی خۆمان بێ ئەوە تا ئێستاش لەدڵمدا ماوە بۆیە ئەمەشم نووسی…

لەڕاستییدا مرۆڤ بوونەوەرێکی زۆر ترسناکە! بە میانڕەو و توندڕەوییەوە! لەبەرئەوەی پرسیاری گەورەی زۆرینەی مرۆڤەکان “دەسەڵات”ـە. مرۆڤ بە بەردەوامیی بە دەوری تەوەری دەسەڵاتدا دەسووڕێتەوە. کاتێک دەسەڵاتی بەسەر شتێکدا بشکێتەوە ئەتکی ئەکات. ئەگینا کاکی گوێبڕ، ئەگەر درۆ ناکەی بڕۆ گوێی شێرێک ببڕەرەوە. یان تۆ دەزانی ئەم توتکە داماوە هیچی لە دەسەڵاتدا نییە بۆیە ئەتەوێ دەسەڵاتی خۆتی بەسەردا بسەپێنیت.

یان ئەگەر کەسێک بزانن داماوە و شەڕ نازانێ بکات تێیهەڵدەدەن. دە مرۆڤی بەغیرەت ئەگەر ڕاستئەکەیت بچۆ ئاوها پەلاماری پشتێنڕەشێکی کۆنگفو بدە!

“ئەوەی دەسەڵاتم بەسەریدا دەشکێتەوە ئەتکی ئەکەم، ئەوەی دەسەڵاتم بەسەریدا ناشکێتەوە مەرایی بۆدەکەم”

هەتا ئەم عەقڵییەتەی سەرەوە لەناو ئێمەدا هەبێ چاوەڕێ مەکەن حکومەتێکی باشترتان دەستبکەوێ، لە کۆتاییدا حکومەت هەر لە دوانی وەک خۆت دروستبوە. بۆ چاککردنی حکومەت یەکەمجار خۆت چاکبکە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.