دوکانی مریشکەکە

دوکانی مریشکەکە گەراجی ماڵێکە و کراوە بە دوکان، خوێناو بە عەرزە چیمەنتۆکەیدا دەڕوات. مریشکفرۆشەکە پیاوێکی گورجی جزمەلەپێی چل ساڵانە کوڕێکی هەشت ساڵانی هەیە ناوی کەیوانە کە باش شاگردە و زووزوو ماسیحەیەک ئەهێنێ بە خوێناوەکەدا کە جوان پریشکەکانی بەر مریشکە سەربڕاوەکان ئەکەون. کوڕێکی تری پێنج ساڵانی هەیە کە خەلفەیە.

موشتەرییەکی لێیە ناوی کاک سیروانە، پیاوێکی شەرواڵ لەپێی لادێییە لەگەڵ مناڵە چوار ساڵانەکەیدا کە ماونتن دیویەکی بە دەستەوەیە چارەکێکە وەستاون و تەماشا دەکەن، مناڵەکە بەدیار سەربڕینی مریشکەکانەوە ئەبڵەق بوە و لەوەتەی لەوێیە قومێکی لە ماونتن دیوەکەی نەداوە و ئەسڵەن بیریشیچۆتەوە.

منیش بێدەنگ لەسەر کورسییەک لە دەقەیەکدا دوو هەناسە ئەدەم لە بۆنی دوکانەکە. و کاک ئاواتی تەکسیش کە برادەرمە چاوەڕێی مریشکەکەی ئەکات تەواوبێ.

ئاوات (بۆ من): ئەم گەندەڵە بزانە ئەم مریشکە بۆ من تەواو ئەکا! یەک سەعاتە وەستاوم!

مریشکفرۆش (بۆ سیروان): کاکە هەرزان بوە، ئەم ئەمریکایە وازمانلێناهێنێ!

سیروان: ئەی بەخوا، کاکە ئەمە هەمووی سیاسەتە سیاسەت! تۆ سەیری چۆن دنیا بەقوڕگیراوە!

مریشکفرۆش (بۆ مناڵە پێنج ساڵەکەی): ئا وەرە کورە، ئەو سەر و قاچ و شتە بخەرە ئەولاوە

“بەڵێ باش بابە گیان”

سیروان: وەستا گیان حەواسڵ و شتەکەشم بۆ دابنێ

مریشکفرۆش (بۆ مناڵە پێنج ساڵەکەی): دەی کاکە حەواسڵ و شتیشی بۆ جیابکەرەوە

ژنێک بە خشپەیی عەلاگەیەکی بەدەستەوە بوو و وەکو دز خۆی کرد بە ژوورا، دیاربوو لەناو خۆیدا خۆی ئامادەکردبوو بۆ وەڵامی نێگەتیڤ و هەستی بە تەشەنوجی ئەوە کردبوو کە بۆی هاتوە

ژنەکە (بە دەنگێکی پڕ لە حەزەر و بنلێو و نیمچە پاڕانەوەوە): ئەو مریشکانەم بۆ چاکئەکەی؟

(هەموو بێدەنگ بوون و حەساسییەت دروستبوو)

مریشکفرۆش: ئەمە لەکوێت بوو

ژن: کڕیومە

وچانێکی پڕ لە تەشەنوج.

ژن: بۆم چاک ئەکەی؟

مریشکفرۆش (پاش کەمێک بێدەنگیی بەدەم ئیشەوە): ئەمە بە چەن کڕیوتە؟

ژن: بە کەم کڕیومە

وچانێکی تری پڕ لە تەشەنوج.

ژن: دە بۆم چاک ئەکەی وەستا؟

مریشکفرۆش: چەن دانەیە؟

ژن: دوانە

مریشکفرۆش: بەخوا سەرمقاڵە

ژن: ئێ دە بۆم چاک بکە

مریشکفرۆش: ئێ بۆ نایبەیتەوە بۆ ماڵەوە؟ ئاوێکی بۆ گەرمکە و یەک دەقەی پێئەچێ

ژن: ئاخر ناتوانم، مناڵم وردە!

مریشکفرۆش (پاش کەمێک دوودڵیی): بەخوا مەجال نییە، ئەها ئەوەتا ئەو پیاوەی لێیە (دەستی بۆ من ڕاکێشا)، ئەو پیاوانەی تر، ئەو مریشکانە… مەجال نییە زۆر سەرم قاڵە… بیبەرەوە ماڵەوە بەقسەم کە، جوان ئاوی بۆ گەرمکە و… ها ئەی چی؟ بۆ خۆت پێت ئەڵێم… زۆری پێئەچێ

من لەدڵی خۆما: حەمامە! یەک لفکەی جوان لێبخە و دەسێکی ئەوێ!

خەلفە پێنج ساڵەکە: باوکە هەڵیپرووکێنم؟

ژن: ئێ دە قەیناکە، چاوەڕێ ئەکەم، بۆم چاک بکە! چەنی پێئەچێ؟ نیو سەعاتی پێئەچێ؟

مریشکفرۆش (بۆ مناڵە پێنج ساڵەکەی): نا بابە تۆ مەکە، بڕۆ دواوە. (دەنگی بەرزکردەوە) کەیوان… کەیوان… دەی دەی دەی کاکە وەرە لەکوێی؟ ئەو مریشکانە هەڵپڕووکێنە دەی…

کەیوان بێدەنگ هات و دەستیکرد بە مریشک هەڵپڕووکاندن.

مریشکفرۆش (بۆ ئاوات): ها کاکە، ئەمە مریشکەکەی تۆیە

عەلاگەکەی دایە دەستی و دەستیکردەوە بە ئیشی خۆی.

ژن: گەر بۆم بکەی چەنی پێئەچێ؟

مریشکفرۆش (بە دوودڵییەوە): دوو سەعات، دوو سەعات و نیو… مەجال نییە بەخوا! بیبەرەوە بۆ ماڵەوە ئەوەنەو پێناچێ!

ژن: دوو سەع…. ئەی خۆ….. دو….

ئاوات: وەستا ئەی ئەو سەرەم بۆ چاکناکەی؟

مریشکفرۆش: کەی مەجالی سەر هەیە کاکە! ئەوە هەمووی سەرە لەویا، کامەت ئەوێ بیبە

ژن(وردە وردە بێهیوا بێهیوا بەرەو دەرگاکە دەڕۆیشت): ئاخر دە با نەیبەمەوە…

مریشکفرۆش: بەخوا ئیتر داوای لێبوردن ئەکەم…

کەیوان: باوکە ئاوی لێخەم؟

مریشکفرۆش: نا بابە ئاوی ناوێ، دەی، زۆر هەڵیمەیکرووزێنە

کەیوان: بەڵێ باشە بابە گیان

ئاوات ڕۆیشت

ئاوات: دەسخۆش وەستا، خواحافیز (بۆ من) خواحافیز خاڵە نەوا

من کە دەمم نەکردەوە و هەر بە ئیشارەت خواحافیزیم لێکرد و هەستام لەبەری. خەلفە پچووکەکەی عەلاگەیەکی مریشکی بەرەو من هێنا

خەلفە بچووکەکە (بۆ من): خاڵە حەواسڵ و شتت بۆ تێکەم؟

سیروان (بۆ خەلفەکە): ئەوە هی ئەو نییە بەساقە

مریشکفرۆش (بە تووڕەیی و نەڕەوە): ئەوە کەی هی ئەوە؟ تۆ نابێ لە من بپرسی؟ ها؟ نابێ پرسیار لە من بکەی بڵێی باوکە ئەمە هی کێیە؟ نابێ؟… ئەوە کەی هی ئەوە؟

خەلفە مناڵەکە ئەبڵەق وەستابوو هەردوو قوڵفی عەلاگەکەی بە کراوەیی و دەمداچەقاویی بە دیار تووڕەبوونەکەی باوکییەوە بە کراوەیی گرتبوو

مریشکفرۆش: نابێ پرسیار بکەی لەخۆتەوە! ئەوە هی کاک سیروانە! بییەرێ دەی!

ژن (بەدەم ڕۆیشتنەوە یەک تۆز گورجی دایەوە بە خۆی و کەمێک دەنگی هەڵبڕی): ئەی بۆ بۆ خەڵکیی کە ئەیهێنێ مەجالت هەیە؟

مریشکفرۆش (بە گاڵتەجاڕییەکەوە): کێ؟

ژن: ئەی چی، چوزا…

مریشکفرۆش: کوڕە بابە!

ژن: بەس بۆ ئێمە مەجالت نییە… (دووبارە دەنگی نەرمکردەوە) ئەگەر ئەڵێی باشە و ئەگەر ناشڵێی…

مریشکفرۆش: بەخوا داوای لێبوردن ئەکەم

ژن: هەر دوکان زۆرە (ڕۆیشت)

مریشکفرۆش: جا هەر دوکان زۆرە بیبە بۆ ئەوێ.. کێ دەسی گرتووی! (بە دەم زەردەخەنەیەکی سەرکەوتن و گاڵتەجاڕییەوە ڕوویکردە من کە لەوکاتەوە خەریکی نووسینەوەی ئەم چیرۆکە بووم نەوەک لەبیرمبچێتەوە) ئەی وانییە! تۆ سەی سەی! بۆ خەڵکی تر!… خەڵکی تر وەکو تۆ نییە! خەڵکی تر ئیستیفادەی هەیە! هههه ئەی وانییە توخوا؟

من خۆم زۆر جددی پیشاندا، وەک بڵێی خەریکی نووسینی نامەیەکم بۆ بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی کۆمپانیای فۆرد.

مناڵەکەی سیروان لەوساکەوە هەر ئەبڵەق ببوو بەدیار هەڵپڕووکاندنی ئەو مریشکانەوە و هێشتاش قومێکی لە ماونتن دیوەکەی نەدابوو. مریشکفرۆشەکە سەیرێکی کرد

مریشکفرۆش (بۆ سیروان): ئەمەی تۆش هەر بۆ ساردی خواردن ئازایە!

سیروان: ئەمەی من؟ کوڕە لە ماڵەوە هەر نان ناخۆن، هەر خەریکی ساردی خواردنن! (بۆ مناڵەکەی) دەی هەڵیگرە باوکە.

مناڵەکە کە بە دەستێک ماونتن دیوە لەبیرکراوەکەی پێبوو، بە دەستەکەی تری عەلاگەکەی هەڵگرت، لە پێنج چرکەدا سێ جار عەلاگەکەی دانایەوە. باوکیشی لێیتووڕە بوو

سیروان: ئەوە چیی ئەکەی کوڕە تۆ! چۆن وا هەڵئەگیرێ؟

مناڵەکەی سیروان: ئاخر بۆم هەڵنەئەگیرا بەخوا… بۆم هەڵنەئە…

سیروان: کوڕە دەبڕۆ تاااااح! داڕزێی! ڕەفیقی تۆ شوانە مەڕ و گا ئەلەوەڕێنێ! تۆش…

مریشکفرۆش: هەر بۆ ساردی خواردن ئازایە!

سیروان و مناڵەکەی ڕۆیشتنە دەرەوە، مناڵەکەی هەر بە قنییەوە نووسابوو و دیاربوو هەستی بە تاوان ئەکرد و ئەیویست مەوقیفەکەی ڕاستبکاتەوە و عەلاگەکە لە سیروانە فەنیی باوکی وەربگرێتەوە و ئەمجارە بۆیان بسەلمێنێ کە ئەتوانێ! بەڵام ڕۆیشتن. کەیوان عەلاگە مریشکەکەی خۆمی بۆ هێنام و وتی دە و ڕوبعێک ئەکا.. منیش پارەکەم دا و سوپاسمکردن و هاتمە دەرەوە خێرا بۆیی ئەمە بنووسمەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.