بۆ ڕۆژێک بووم بە دکتۆر

پار بوو، یان پێرار بوو، بە ئیشێک چووم بۆ هەولێر. دکتۆر هۆزانی برام کە دکتۆری پێستە ئەویش ئیشێکی وەزارەتی تەندروستیی هەبوو، وتی؛

– زۆر چاکە، مادەم تۆ ئەڕۆیت، ئێجگاریی لەوێ ئەم ئیشەی منیش بکە.

– بەسەرچاو دکتۆر گیان

لە هەولێر ئیشی خۆمم تەواوکرد و بە کەشخەیی و چاکەت و پانتۆڵ و تەرتیباتەوە خۆم کرد بە وەزارەتی تەندروستییدا. هەندێ لە ئیشەکانم ڕاپەڕاند و ئیشەکەم گەیشتە لای یەکێک لە بەڕێوەبەرەکان… ئافەرین! بۆیچویت! ڕێک وایە؛ بەڕێوەبەر قەت نەبوە لەوێ بێت! لە هیچ دائیرەیەکی حکومییدا بەڕێوەبەر لەوێ نییە، ئەویش لەوێنەبوو. من و زۆر خەڵکی تر چاوەڕێمانکرد.

کەمێک گوێمگرت لە قسەوباسەکانی ئەو خەڵکانەی وەک من چاوەڕێیان دەکرد، دیاربوو زۆربەیان کەم-خوێندەواربوون.

لە ڕێڕەوە تەسکەکەی بەردەم ژووری بەڕێوەبەردا، کورسی و مێزێکی پچکۆلە هەبوو، ئەویش لەبەردەم ژووری پرسگەی بەڕێوەبەرەکەدا بوو. منیش پیاوانە چووم لەسەری دانیشتم. ئیتر خەڵک ئەهات و ئەڕۆیشتن پرسیاریان لێئەکردم؛

– ئەوە ژووری کاک عیزەدین کامەیە؟

– ژووری ژمارە فڵانە، بەم ڕاڕەوەدا یەک ژوور پێش کۆتایی.

یەکێکی تر… یەکێکی تر… هەر بەڕاستییش ژوورەکان فێربووم، چونکە وەک تۆپم لێهاتبوو، پاساتی چاکیان لەنێوان ژوورەکاندا پێکردبووم.

کوڕێکی گەنجی 22 ساڵان وەستابوو. زووزوو لەژێر چاوەوە سەیرێکی ئەکردم. منیش پاش کەمێک سەرمنایە سەر مێزەکە و هەر زۆر بەڕاستمە؛ ماوەی سێچارەک خەوملێکەوت.

لەپڕ لە غەڵبەغەڵبی خەڵکەکە خەبەرمبۆوە. سەر مێزەکەم کە بە خەواڵویی هەمویم کردبوو بە لیک، جوان سڕیم!.

ئەرەبەدین بەڕێوەبەر هاتەوە!

  • کاکە ئەو معامەلەیەی منی بەرێ
  • کاکە من لەپێش ئەوەوە بووم
  • کاکە گیان من لە دارەتوەوە هاتووم، بەیانی پێنج لێرەبووم

پاش کەمێک لە چوونەژوورەوەی بەڕێوەبەر، پرسگەوانەکەی هاتە دەرەوە ناوی موڕاجیعەکانی دەخوێندەوە. هەموو لەدەوری کۆبوونەوە و ئەم ئەیوت (ئەی ئەوەی من؟) ئەو ئەیوت، (کاکە ئەوەی من بخوێنەرەوە)… ئەتوت ڕۆژی حەشرە. تەنها کەس کە لەم کەینوبەینەدا خۆی تێکنەدابوو و هەر بە ئیسراحەت دانیشتبوو؛ من بووم! بۆ کوێ ئەچێ! خۆ هەر سەرەم دێ!

پرسگەوانەکە هاواری دەکرد؛

– عەزیز عەبدوڵا میرزااااااااا

– بەڵێ

– خواکەرەم نەجمەدین کەریییییییییییییییییییم

– بەڵێ

ئاوا چەند ناوێکی خوێندەوە… لەپڕ دەنگی داگرت و موئەددەبانە وتی

– دکتۆر هۆزان کەمال مکورجی

من زۆر لەسەرخۆ وتم: بەڵێ

– دکتۆر گیان، تۆ حەزئەکەی فەرموو وەرە ژوورەوە

– باشە گیان.

چوومە ژوورەوە و لە ژوورەوە زۆر زۆر بەڕێزەوە مامەڵەکەی دامەوە و پێیوتم بچم بۆ ژووری فڵان و بێمەوە. منیش وامکرد.

پاش ژووری فڵان و هاتنەوە، دووبارە مامەڵەکەم دایەوە پرسگەوانەکە کە دووبارە پێویستی بە ئیمزای بەڕێوەبەر هەبوو. بەڵام لەو بەینەدا ڕۆژنامەنووسێک بە ملی وردی هاتبوو چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەڕێوەبەردا ئەکرد! بۆیە دووبارە چاوەڕێمان کردەوە. سەیرمکرد کەس دانەنیشتوە لەسەر ئەو کورسییەی کە هەر بە زۆر کردم بە هیی خۆم. بۆیە دووبارە دانیشتمەوە. سەرنجمدا کورسییەک زیادبوە لەبەردەمی مێزەکەمدا، وەک کورسیی میوانی بەڕێوەبەری شوێنێک دانرابوو و کوڕە گەنجەکە لەسەری دانیشتبوو.

ئەم کوڕە گەنجە زۆر دوودڵ و ڕاڕا دیاربوو، هەردوو دەستی دەخستە ژێر ڕانی و دەریدەهێنایەوە. زووزوو سەیرێکی دەکردم و سەری دادەخستەوە بۆ خەیاڵەکانی خۆی… بەردەوام کەمێک خۆی شۆڕدەکردەوە و دەچوەوە دواوە و لە دوودڵییدا جۆلانێی بە خۆی دەکرد. لە کۆتاییدا ئەم گۆمی بێدەنگییە پڕ لە دوودڵییەی هەژاند

– ئحم… ئحم…. ئح…. عەفو قوربان، جەنابت دکتۆری؟

ئەم پرسیارە دوو-سێ جار لە مێشکمدا زرنگایەوە… خەڵکە چاوەڕێکەی چواردەوریش جگە لە پەستیی و تووڕەیی خۆیان لە بەڕێوەبەر و ڕۆژنامەنووسە بێمێشکەکە، هەموو دەستیانکرد بە سەیرکردنم و چاوەڕێیان دەکرد وەڵامبدەمەوە. سیانیان تازە هاتبوونە ناو چاوەڕێکەرەکانەوە، چاکەت و پانتۆڵ لەبەربوون ترسم لێنیشت کە دکتۆر بن.

باشە بڵێم دکتۆرم، درۆ ئەکەم… بڵێم دکتۆر نیم، ئەمانە لە بەیانییەوە ڕێزمئەگرن و مناڵێکی لووسی وەکو من لێرەدا دانیشتووم، ئەو عالەمەش لەبەر ڕێزی من بەپێوە وەستاون، بە دە دەقە کورسییەکەشم بەجێدەهێڵم کەس لەسەری دانانیشێت، ئێستا بڵێم دکتۆر نیم وەک حیز سەیرمئەکەن… کوڕە دە دەی، چی ئەبێ با ببێ.!

زۆر بەلەسەرخۆیی وتم: بەڵێ گیان، دکتۆرم!

– ئەها… بەڵێ…… ئحم… دکتۆری چی؟

زۆر بێدوودڵیی وتم

– پێست

چونکە وەک وتم، هۆزانی برام دکتۆری پێستە!

کوڕە کەوتەوە خەیاڵەکانی خۆی… پاش چەند خولەکێک

– ئحم… ئحم… باشە دکتۆر گیان ئەتوانم پرسیارێکی توببی بکەم؟

– ئەی بۆ نایکەی؟

– ئاخر عەیب نابێ؟

– نا دڵەکەم، شەرع و توب شەرمیان بڕیوە

قوزەڵقورت! بێقیمەت! بۆخۆت و قسەو کە کردت!

– ئەها… وەڵا ئەوە ئەڵێم ئەم چاڵو چۆڵیی و ئاوڵانەی دەموچاوم چۆن چاک ئەبێ؟

من لەوکاتەوە لە چاوی خۆمەوە سەیری دنیام دەکرد، ئەو کوڕەش هەر بەدەرنەبوو لەو چاوە. واتە کە سەیری ئەوم دەکرد مرۆڤێکم ئەدی… بەڵام دوای پرسیارەکەی، ئینجا بە چاوی موشتەرییەوە سەیرێکی دەموچاویم کرد! ئەهـ برا! خۆ ئەو کوڕە داماوە ئەتوت تاپڕیان بە دەموچاویدا تەقاندوە… کوڕە دوای تاپڕەکەش دەموچاویان نەترکردوە! ئێ باشە نەوا فەنی ئاخر ئەم شەکرەت بۆ شكاند؟ وەک شکانیشت با پێش ئەوە سەیرێکی دەموچاویت بکردایە! دەماخسز، هەموو کورد کێشەی دەموچاوی هەیە. هیچ کەسێک لە دەموچاوی خۆی ڕازی نییە! کاتێک دکتۆرێکی پێست دەبینن وەک وایە کووپەڵە ئاڵتوونیان لە داردا دۆزیبێتەوە. تۆ کە ئەڵێی دکتۆری پێستم با خۆت ئامادە بکردایە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە! ئاخ نەوا! ئاخ!

ئەرێ هەر بەڕاست، چۆن وەڵامی ئەم کوڕە داماوە بدەمەوە؟

زۆر بە دیقەت سەیری دەموچاویمکرد و گوڕوتینم دایە بەر خۆم و وتم

– هیچ نییە… دڵەکەم ئەمە هەمووی واهیمەیە! عەیبت نییە!

– ئاخر دکتۆر من ئەمەوێ دەموچاوم ساف بێ! چیی لێبەم ساف ئەبێ؟

کوڕی عاسمان تۆ مەگەر دووبارە لەدایکبیتەوە! ئەگینا بە چیی ساف ئەبیتەوە جارێکی تر؟ ئینجا ئەم پرسیاری “چیی لێبەم”ـە یەک پرمەی پێکەنینی بۆ هێنام، بەڵام نەشمدەوێرا پێبکەنم… ئەو خەڵکەش هەموو خۆیان نزیککردبۆوە و زەقزەق سەیری منیان دەکرد و چاوەڕێی وەڵامێک بوون بەشکم سوودی بۆ ئەوانیش هەبێ!

کە چوومە زانکۆ، بە حوکمی ئەوەی چەند ساڵێک لە خوێندن دواکەوتبووم، تەمەنم لە زۆرێک لە خوێندکارەکانی تری زانکۆ زیاتر بوو. هاوکات بووم بە برادەری کوڕێکیش کە ئەویش هەر وا بوو. ئینجا کە کەمێک تەمەنت دەچێتە سەروو بیست و یەک و ئەمانەوە وەک هەژدە ساڵێک زیبکە و شت بە دەموچاوتەوە نامێنێت… لەبەرئەوە چ منیش و چ هاوڕێکەشم دەموچاومان ساف و بێ زیبکە بوو. کوڕێک لە زانکۆ هەبوو، وا دیار بوو کە زۆر خۆی بە قۆز دەزانێت. بەڵام زۆری نەویست کە بۆماندەرکەوت ئەم داماوە لەناو خۆیدا پڕە لە کێشە لەگەڵ زیبکەکانی دەموچاویدا! ڕۆژێک هات و لە هاوڕێکەمی پرسی:

– ئەرێ ئەوە چۆن منیش وەک ئێوە دەموچاوم ساف بێت و ئەم زیبکانەی پێوە نەمێنێت؟ ئێوە چیی لێئەیەن؟ با منیش ئەوەی لێبەم… بەڕاست چیی لێبەم؟

برادەرەکەشم پێیوت

– نەوت!

– ها؟

– نەوت! هیچ شتێک لە نەوت باشتر نییە بۆ دەموچاو… کوڕی باش من بە باوکت ئەشێم، کەی لەوەیا ماوم زیبکە بە دەموچاومەوە بێت!

ئەم پرسیاری “چی لێبەم”ـەی ئەم برادەرەش ڕێک ئەو “نەوت”ـەی بیرخستمەوە. بۆیە خەریکبوو دەکوڵام لە پێکەنینا. بەڵام نەشمدەوێرا زەردەخەنەش بکەم…

لەم کاتە زۆر کورتەدا کە بیرمدەکردەوە، ئەو چاکەتلەبەرانەی کە وامهەستدەکرد دکتۆرن، سەریان زیاتر هێنایە پێشەوە و زەقزەق سەیریاندەکردم، چاوەڕێی ئەلفێکی هەڵەیان دەکرد هەڵیبێنمەوە و دوو جنێو بە حکومەت بدەن و بڵێن “دە وەرە دەی! حکومەتەکەمان کێی کردوە بە دکتۆر! دە فەرموو دەی!”.

من سەرم زیاتر لە دەموچاوی کوڕەکە بردە پێشەوە و وامپیشاندا کە پشکنینێکی تەواو بۆ دەموچاوی دەکەم، چەناگەیم گرت و بە خاویی ئەمدیو و ئەودیوێکم بە سەری کرد. دەمویست زیاتر کات بدەم بە خۆم تا بیربکەمەوە و بە ئاسانیی خۆم لەم بەزمە قوتاربکەم.

لەم کاتەدا یەکێک لە چاوەڕێکەرە کەمخوێندەوارەکان وتی:

– ئاخر بڵێ ئەمە کەی وەختی تەلەفیزوێن و ڕادوێ و مادوێیە! بۆ دوای دەوام ناچی پرسیاری لێبکەی! ئەم خەڵکە هەموو وەستاون… ئاخر وانییە؟!

یەکێکی تر قسەکەی پەسەندکرد و وتی:

– بەخوای وەیە برام، برێ هەی خۆڕی ئەمە کەنگی وەختی عەمەیە! شوغڵی خۆمم بەجێهێشتییە و هاتویمەتێ ئێروکانەی، سێ سەعاتە خەریکی ئەمەیمە! خۆڕی ئەرەوەڵا خۆڕی!

– ئاخر کاکە مودیریش بێعەقڵە! ئەگەر عاقڵ بوایە پێیئەوت دوایی وەرە بۆلام… ئەی وانییە؟ خۆ کات نەبڕاوە!

– کوڕە ئەتوو دەرێی چی، مودیری چی و چشتی چی! ئەم بیگییانە بەس کامیرەی بخەنە بەردەمیان ڕاست عەموو دنیایان لەفکردەچی. هەر ئەوەی دەزانن لەبەر کامیرەی قسانبکەن!

چاوەڕێکەرێکی تر وتی:

– ئەها، بەخوا لە بەیانی پێنجەوە لێرەم! نوێژی بەیانیم لێرە کردوە

یەکێکی تر

– حەوبرا، من سێی شەو لە زەڕایەنەوە دەرچووم، سێی شەو بەڕێکەوتووم ئەرەوەڵا! خوای گەورە شکور کردی بە سەلامەتیی گەیشتین و نوێژی بەیانیم کرد، ئینجا تۆم بینی هاتیت

– وابوو… ڕاستەکەی… دیمیت کە هاتم وابوو!

منیش هەر خەریکی دەموچاو پشکنینم و دەوری دکتۆرە پڕۆفیشناڵەکە دەبینم!

– ئەخورێ؟

– گیان؟

– مەقسەم ئەوەیە، دەموچاوت ئەخورێ؟

– بەخوا هەندێ جار

– ئاخر مەقسەم ئەوەیە، قەت وایلێهاتوە ئەوەندە بخورێ کە سووربێتەوە؟

– نەوەڵا…

من بێدەنگ بووم

– بەس… هەندێجار ئەخورێ

ئێ بیخۆ!

– ئەی سپی ئەبێ؟

– یەعنی چۆن؟

– یەعنی هەستدەکەیت پێست هەڵبا و سپی بێت و وشکبێتەوە؟

– ئارەوەڵا… ئارەوەڵا زۆر جار سپی سپی ئەبێ، منیش چەوری ئەکەم

کوڕە گەشایەوە. ئەو دوودڵییەی کە سەعاتێکە هەیەتی و لە دڵی خۆیدا ڕەنگە هەزار جار ئەم پرسیارەی لەخۆی کردبێت (باشە چۆن بزانم ئەمە دکتۆری چاکە یان نا؟)، بەم پرسیارەی کردم هەستی کرد کە من دکتۆرێکی زیرەکم! ئەو سێ چاکەتلەبەرە مڵۆزمەش هەر جوان گوێیان شلکردوە و کەوکوژیی بۆمدانیشتوون و گوێدەگرن.

کەمێک خۆم کۆنترۆڵکرد و وتم:

– سەیریکە، تازەترین عیلمی سەردەم ئەڵێت ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ سروشت، مەقسەم تەبیعەتە! تەبیعەت چارەسەری زۆر نەخۆشیی تیایە و زانستی تازە داوادەکات مەوادی کیمیایی زۆر بەکارنەهێنرێت. ئێستا من ئەتوانم مەڵحەمێکت بۆ بنووسم، بەڵام ئەویش مەوادی کیمیاییە و لە مەودای درێژخایەنا ئەویش باش نییە. بڕوامپێبکە و بەقسەمبکە زەرەر ناکەیت. مەشیکە بە واهیمە لە خۆت.

– ئاخر دکتۆر من ئەمەوێ مەڵحەمم بۆ بنووسی!

کوڕە نامەی دڵداریت بۆ ئەنووسم! مەڵحەمی چی!

– کاکە، من پێتئەڵێم ئەمە واهیمەیە، ئەمە ئێجگار لە ئیهمالیی خۆشتەوە وایلێهاتوە! بەقسەمبکە، لەمەودوا بە سابوون دەموچاوت مەشۆ. سابوون قەدەغەیە بە هەموو شێوەیەک

– ئەی بەچی بیشۆم؟

بە تەلی حاجەت! من حەقم چییە بە چی ئەیشۆی!

– تەنها بە ئاو… سەیرکە و جوان گوێبگرە… تەنها ئاو! ئەویش ئاوی سارد، ئاوی گەرم بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە

– وەڵا دکتۆر من بە ئاوی لەکوڵ دەموچاوم ئەشۆم

ئاخر ئەوە کەرێتییەکەتە بۆیە حاڵت جوانە!

– چی؟ بۆ؟

– ئەڵێم ڕەنگە ئاوە گەرمەکە زیبکەکان بتوێنێتەوە!

ئەی بۆ خۆت هەڵنایەیتە میحرەقەوە و ئیتر نەجاتت ئەبێ! وەکو ئارنۆڵدی تێرمینەیتەر جارێکی تر بە سافیی خۆت دروستبکەرەوە!

– کوڕە شتی وا ناکەیت بە هیچ شێوەیەک!

– باشە دکتۆر ئاوی سارد بۆ باشترە؟

ئەرێ بەڕاست کێ وتی ئاوی سارد باشترە؟ ئاه! من واموت! من ئەم شەکرەم شکاند! دە فەرموو بۆشی بسەلمێنە بۆ باشترە!

– ئاوی گەرم دەموچاو چرچ ئەکا، بەڵام ئاوی سارد یارمەتیی دەموچاو ئەدا زیاتر بمێنێتەوە… ئەی نابینی ئێمە شت ئەخەینە فرێزەرەوە، ئەی چۆن…

لەم کاتەدا نەوای 2 و نەوای 3 لە لاشەم جیابوونەوە و بەرامبەرم دانیشتن، بە سەرسامیی دەستیان خستە ژێر چەنەیانەوە و بە شۆکەوە سەیریاندەکردم.

نەوای دوو: های!… های!… هەی لەو بێقیمەتە! کوڕە ئەوە خۆ هەر بەڕاست خۆی کرد بە دکتۆر لە کوڕەی داماو!… حەی!… هەستە… هەستە هەی دەردی ئەو کابرایە ئەڵێ: خۆڕی ئەرەوەڵا خۆڕی!

نەوای سێ: کوڕە حەمە نەوا وازیلێبێنە، کێش ناڵێ ڕاستناکا؟

نەوای دوو: کوڕە دە گووبخۆ تۆش، ڕاستی چیی ئەکا؟ لەخۆیەوە قسە ئەکا ئەو هیوچوپوچە!

نەوای سێ: کوڕە وازبێنە با یارمەتیی بدەین لەم گۆبەنگەی بۆ خۆی ناوەتەوە ڕزگاری بکەین! هەتیو سەیری ئەو قاتلەبەرانە چۆن پیشئەخۆنەوە بەو قسانەی ئەیانکا! دانیشە با تووشی مەوقیفی ناخۆشی نەکەین.

کوڕەی دەموچاو ئاوڵاویی زۆر سەرسام بوو بەم وەڵامەی من، زیاتر گەشایەوە و وتی:

– دکتۆر، تا ئێستا کەس شتی وای پێنەوتووم! وەڵا بەقسەت ئەکەم!

زۆرم لەخۆم کرد، نەمئەزانی چۆن وەڵامی بدەمەوە (کوڕە بەقسەی چیم ئەکەی! گویەک بوو لە خۆمەوە خواردم، مەلاکە چەند ڕاست دەکا کە ئەڵێ ” ئەگەر لە تەحییاتا پەنجەت هەلەکەسەما پێبکەی ئەوا بە هەموو هەلەکەسەمایەک خەنجەرێک ئەدەی لە دڵی شەیتان” منیش هەر ئەوەنە ڕاست دەکەم!). چی بڵێم؟ دەمم جوان نووقاندبوو نەوەک ئەم گفتوگۆیانەی ناو مێشکم لەپڕ بێتە دەرەوە. یەک دیژ دەمم کردەوە و وتم:

– چاکە.

خێرا دەمم داخستەوە.

– دکتۆر، دکتۆری باش کێ هەیە لە هەولێردا؟

دکتۆر فەرهاد پیرباڵ! چوزانم کێ هەیە هەتیو!

– وەڵا نازانم، لە هەولێر نازانم

– چۆن ئەبێ؟ ئەی ئێوەی دکتۆر ئەبێ یەک بناسن!

– ئاخر من لێرە نەبووم، لە دەرەوە بووم، ئەمخوێند!

– لە کوێ خوێندووتە؟

لەبەر پەنجەرەیا!

– لە کینگس کۆلێج، لە بەریتانیا

– ئەها… ئەی عیادەت هەیە لێرە؟

– بەڵێ

– لەکوێیە؟

– سلێمانی

– دە کەواتە یەم بۆ لای تۆ. لەکوێی سلێمانییە؟

ئەهـ باوکەڕۆ! کوڕە خۆ ئەمە مەسەلەکەی کرد بە ڕاست! عیادەی چی کاکە! وازملێبێنە! دکتۆر هۆزانی برام داماوە هەزار ساڵ خوێندی و خۆی کوشت و خۆی بڕی، نەخۆشێک بە هەزار شەڕەشەق ئەچێ بۆلای، منیش دوو گووم خوارد خەریکە موشتەرییەکی هەمیشەیی پەیادەکەم!

نەوای سێ: ئەی نەوا بۆ وەک کابرا تۆش عیادەیەک دانانێیت؟ شوێنێک ئەگری بە کرێ و یەک دال لە پێش ناوەکەتا زیادەکەیت و ئەهـ، دالەکەش زیادنەکەیت هەر ئەبێ. خەڵک حەزی لەم جۆرە قسانەیە! خەڵک دالی ناوێ!

نەوای دوو: ئەوە هەتیو وتم تۆ گوو مەخۆ! چەند جارت پێبڵێم؟ بۆ سەری ئەویش و خەڵکییش ناکەی بە قوڕا؟ دوانی وەک تۆ ساویلکەن ئاژدای خەڵکیان سووتانوە! ئەوە پێتئەڵێم، بە سەری باوکم ورتەت لە دەم بێتە دەرەوە دەمت ئەشکێنم!

– مەبەستم ئەوە بوو، لە موحافەزەی سلێمانییە نەک ناو شاری سلێمانی

– ئاخر لەکوێیە؟ هەر یەم، خۆ چییە، یەک تەکسی ئەگرم، یان بە یەکێک ئەڵێم بمگەیەنێ. بەڕاستی ئەم مەعمولاتە زۆر بەکەڵکم یەت.

کوڕە مەعمولات نا! مەعلومات! ئەویش مەعلومات نەبوو، قسەی زل بوو لەخۆمەوە کردمن!

نەوای دوو: کوڕە ڕاستی وت، مەعمولاتە! مەعمولات هەوڵێکی نەگەیشتوە بە مەعلومات! لە سەری سەرەوەی ئەم میللەتەوە تا خواری خوارەوەی هەمووی کوشتەی دەستی ئەم مەعمولاتەن! هەمووی هەوڵئەدات زانیارییەک بگەیەنێت و هەمووشی شکستدەخوات، چونکە پڕن لە مەعمولات! کابرا تەواوی وت، پێی هەڵە مەکە!

– من عیادەکەم لە سەید سادقە!

هەتیو لەوە زیاتر پرسیار نەکەیت ها! یەک پرسیاری تر بکەیت بڵێی لە کوێی سەید سادقە ئەڵێم عیادەکەم لە پشتی عەنتەرێکدایە!

نەوای دوو: ئەی ئەگەر هات بۆ ئەوێش؟

دە ئەگەر ئەوەنە کەر بێ بێتە پشتی عەنتەرەوە بە حسابی عیادە ئەوە با هەر بێ! ئەوکاتە خۆم ئەزانم چۆن ئەیکەم بە پەنگ! ئەگەر نەوتم پێدەرخوارد نەیا حەقی قسەت بێ!

نەوای سێ: ئەی کابرا میز دەرخواردی خەڵک نایا! دەی بەشەرەف دەستتان خۆش بێ، خەڵکی گێل بەس بۆ ئەوە باشە نەوت و میزی دەرخوارد بەیت! ئەوە نییە لەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا یەک دنیا دکتۆر بۆ گەرمکردنی بازاڕی عیادەکەیان خۆیان کردوە بە هونەرمەند و گۆرانیبێژ و هەڵا هەڵا؟ قەیچێکە با هونەرمەندێکیش خۆی بکا بە دکتۆر!

نەوای دوو: ئاخر دوانی وەک ئێوە بێئەخلاق ئەم وڵاتەی ناخۆشکردوە! هونەرمەند بۆیە پێیدەڵێن هونەرمەند چونکە کەسێکە لە هەست و ئازاری خەڵک تێدەگات. هەرگیز هونەرمەند خۆی ناکات بە هیچ کەسێکی تر. چونکە هونەر تەنها بوارە کە ئەوەندە بەرزە پێویستی بە خۆهەڵواسین نییە بە بواری ترەوە! کێ خۆی دەکات بە هونەرمەند چاوی دەرئەهات! خەڵک زۆرە کە نانی هونەر ئەخوار و بەس “هـ”ی ناو “هونەر”یشی تیانییە! ئەوانە کەسانی شکستخواردوون! ئینجا هیچوپووچانە هەموو کەسێک مافی زانینی ڕاستیی هەیە، بەڵام ئێوەی قەشمەر لە ترسی ئەوەی خەڵک نەزانێ لە چ مەعدەنێکی درۆ دروستبوون و زیاتر نەزانن لەسەرتان، بە هەموو شێوەیەک سەری خەڵک دەکەن بە قوڕا! کەواتە ئێوە چ فەرقێکتان هەیە لەگەڵ ئەو هەموو سیاسییە درۆزن و بێشەرەفانەیا کە بەم ڕۆژگارە خەڵکی نەزان بەرەو ئایندەیەکی پڕ لە گوو و خوێن ئەبەن؟ وڵاتێکیان لە کەڵەکەبوونی نەخوێنەواریی و بێعەقڵیی دروستکردوە؟ چ فەرقێکتان هەیە لەگەڵ ئەو مەلایانەی کە دەبینن ئەم هەموو نەخوێنەوار و نەزانانە لەدەوریان دانیشتوون و گوێیانلێدەگرن و بڕوایانپێدەکەن. بە خەڵک ئەڵێن، “ئەگەر دوو جار لەسەر یەک دەسنوێژبگریت و بچیت ئیکۆ بکەیت، لەتاو نووری ناو دڵتان جیهازی ئیکۆکە ئەسووتێت!”. دە پێمبڵێن چ فەرقێکتان هەیە لەگەڵ ئەو بێئەخلاقانەدا؟! چ فەرقێکتان هەیە لەگەڵ ئەو وەزیر و گزیر و سیاسییانەی کە دەڵێن وڵات بە ئێمە نەبێ ناڕوا بەڕێوە؟

نەوای سێ: باشە کاکە بۆ وا ئەمانشکێنیت؟

نەوای دوو: چونکە موستەحەقن! نەخوێنەوار دەکرێت بە خوێنەوار، بەڵام ئێوە نەخوێنەوار بەرەو نەخوێنەوارییەکی زیاتر دەبەن و ئەم وڵاتە پڕ دەکەن لە عەقڵی پڕ لە ڤایرۆس! ئێوە بڵاوکەرەوەی ڤایرۆسن!… ئەزانی چی، پەندێک هەیە ئەڵێ: “سەرقەبران پڕە لەو کەسانەی ئەڵێن ئیش بە ئێمە ئەڕوا!” ئێوەش خەریکە ئەبن بەو مردووی مردوو دروستکەرانە!

نەوای سێ: باشە کاکە هێور بەرەوە براکەم! تەواو… گوومانخوارد! نەمانزانی!

بەڵام هەر بەڕاستیی کە وتم “لە سەیدسادقە”، هەر لەخۆیەوە سووک بووم لەبەرچاوی کوڕەکەدا و وتی

– ئەهااااااا!

ئەهااااا؟؟؟؟، ئەها یەعنی چی؟ یەعنی ئەگەر دکتۆرێک لە سەید سادق بوو، موستەوای نییە؟ یەعنی دکتۆر هەر ئەبێ لەناو شاردا بێت ئینجا حسابی بۆ دەکەن؟

نەوای دوو: سەیرکە، یەک کەلیمە گووی زیاتر نەخۆی! وازیلێبێنە و سەری مەکە بە قوڕا. بیرتئەخەمەوە، تۆ دکتۆر نیت! تەڕەماشیش نیت! بڕۆرەوە خەریکی مۆسیقاکەی خۆت بە، بەو شێوەیە ڕێزت ئەگرم، ئەگینا ئەها ئەوە پێت ئەڵێم: بە درۆوە خۆت بکەیت بە هەر شتێک هەموو سانییەیەکی ژیانت دەکەم بە جەهەننەم! هەموو سانییەیەک ئەتشکێنم تا پەشیمانت دەکەمەوە و واتلێئەکەم بچیتە بەر قەڵای هەولێر و هاوار بکەیت بڵێیت “هێی خەڵکینە گووم خوارد! بڕوا بە منێکی درۆزن نەکەن! من سیاسیی نیم ئەخلاقم تیا نەبێ!، من کابرایەکی سادەی هونەرمەندم، هیچی تر نیم! هەر شتێکم لەدەرەوەی هونەردا وت درۆ ئەکەم و نایزانم و فڕم پێوەی نییە و کەس دوام نەکەوێ!”. تێگەیشتی نەوا فەنی! نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب! یان وەک فەڕەنسییەکان دەڵێن: “لێگەڕێ هونەرمەند خەریکی هونەر بێت!”.

کابرای پرسگەوانەکە هاتە دەرەوە و دووبارە هەمووی خۆی هەڵدایەوە بەردەمی، یەکەم ناو ناوی من… یەک دەقە… مەبەستم ناوی دکتۆر هۆزانی خوێندەوە و مامەڵەکەی دامەوە، پێیوتم بیبەم سادیرەی بکەم و بڕۆم. منیش بەپەلە بێ خواحافیزییش لە کوڕە ڕامکرد و بردم بۆ سادیرە و چوار هەنگاوم کرد بە یەک و ڕامکردە دەرەوە و چوومەوە ناو ڕۆڵی نەوا مکورجییە خۆشەویستەکەی خۆم و هاتمە دەرەوە لەو کاریزما درۆیینەیەی بۆ خۆمم دروستکرد!

هەناسەیەکی خۆشبەختییم هەڵکێشا و لە دڵی خۆما وتم

“ئاهـ! چ نیعمەتێکە! چ خۆشە خۆت بیت!

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.