هەموو شتێک، جگە لە کوردی!

هەموو شتێک، جگە لە کوردی!

دروشمی سەرەکیی زۆربەی شوێنکارەکانی کوردستان[1]

[ئەم وتارەم بە دەنگی خۆم خوێندووەتەوە و تۆمارم کردووە و لە کەناڵی خۆم لە تیلیگرام بڵاوم کردووەتەوە، کە لە خوارەوە بەستەری کەناڵەکەمم داناوە، دەتوانیت لەوێ گوێی لێ بگریت.]

تێبینی: ئەم مژارە زنجیرەیەک چیرۆکوتار دەبێت، واتە هەم چیرۆکن، هەم وتار و هەڵگری پەیامێکن. هەر خۆم بەم ئەزموونەوە کە لێرەدا باسی دەکەم، هەندێک ئەزموونی ترم لەگەڵ شوێنانی جیاوازی سلێمانیدا هەیە و لەمەودوا ئەم ئەزموونانە بڵاو دەکەمەوە، ئامانجم لە بڵاوکردنەوەیان ئەوەیە هەڵەی کوشندەی هەندێک لە قاوەخانە و چێشتخانە و شوێنکارەکانی سلێمانی و هەموو کوردستان دەربخەم، کە ئەویش قەڵاچۆکردنی زمان و هونەری کوردییە، بەوەی ئەم شوێنکارانە جگە لەوەی نە بە کوردی دەنووسن، نە بە کوردی ناو دەنێن، ئامادەش نین گۆرانییەکی کوردی لێبدەن. پێشنیار دەکەم هەر هاوڕێیەکی تری نەتەوەییم چیرۆکی هاوشێوەی هەیە بینووسێتەوە و هەڵوێستی هەبێت، تا بەرەبەرە ئەم خاوەن شوێنکارانە بە هۆش خۆیان بێنەوە لەو ناشیرینییەی دەستیان داوەتێ.

دەتوانن ئەم هاشتاگە بە کار بهێنن: #کوردی_بخە_شوێنکارەکەتەوە

تکا دەکەم هاشتاگەکە کۆپی بکرێت و وەک خۆی دابنرێتەوە، تا بتوانین چیرۆکە جۆراوجۆرەکان ببینین و کۆیان بکەینەوە.

لێرەدا تێبینییەکە تەواو بوو.

ئێوارەی دوێنێ من و دیار-ی هاوڕێم چووین بۆ چێشتخانەی میگمیگ لە گردی «ڕیعایە»، لە سلێمانی. گۆرانیی زۆر سەیروسەمەرەی ناخۆشی عەرەبییان خستبووە سەر. دیار داوای قارچکی کرد و منیس داوای بەرگرم کرد، بەڵام بە شاگردەکەم وت، کە پیاوێکی زۆر بەڕێز بوو: «بە قوربانە، پەنیری تێدا نەبێت، من نە پەنیرم پێ دەکەوێت، نە گۆرانیی عەرەبی و فارسی و تورکی!» بزەی کرد و پشتگیریی وتەکەی کردم و وتی: «بە ڕاستی منیش سەیرم لێ دێت بۆچی خەڵک ئامادەیە گوێ لە هەموو شتێک بگرێت، جگە لە گۆرانیی کوردی!». لە زاریەوە زانیم ڕۆژهەڵاتییە و خۆیشی بۆمی دووپات کردەوە کە ڕۆژهەڵاتییە، بێگومان دوای ئەوەی من لێیم پرسی. جا ڕۆژهەڵاتی بە گشتی لە دڵی مندا نموونەیەکی باڵای کورد و کوردستانپەروەرین، چون ئەوەی ئێمە بەهای نازانین، ئەوان بەهای دەزانن، چون نیانە و وەک ئێمەی باشووری ناسوپاسگوزار نین لە بەرانبەر بەختە باشترەکەماندا. بێگومان ئەمەم لەگەڵ ئەو بەڕێزەدا بەش کرد و سوپاسی کوردپەروەری و کوردستانپەروەرییەکەیم کرد. پاش ئەوەی گەڕایەوە لای بەرمێزەکەی چێشتخانەکە، بە کوڕێکی وت، کە لە پشت شاشەی کۆمپیوتەری پارەوانییەکەدا دانیشتبوو: «گۆرانییەکە بگۆڕە، کڕیارەکان داوای گۆرانیی کوردی دەکەن»، کەچی کوڕەکە وتەکەی پشگوێ خست، وەک بڵێیت هەر نەشیبیستبێت، لە کاتێکدا من بە تەواوی تیشکۆمەوە سەرنجیم دەدا و زۆر چاک دیم کە ئەو زۆر چاک بیستی. دوو تا سێ گۆرانی چاوەڕێم کرد ببێت بە کوردی، بەڵام یەک بە دوای یەک گۆرانیی عەرەبی، جا لە کام عەرەبییانەش؟ هەرە ناخۆشەکانیان، تەنانەت ئەو گۆرانیبێژانەی کە لە گەڕەکەکەی خۆشیاندا کەس نایانناسێت، نەک شتێکی تۆزێک ڕێکوپێکیان. ئیتر من کەمێک بەرگەم گرت، بەڵام لەوە زیاتر نەمتوانی، هەڵستام و ڕووبەڕووی ئەم کوڕەیان بوومەوە کە لەسەر کورسیی پارەوانەکە دانیشتبوو، پێیم وت: «بەڕێزەکەم، ببوورە هەراسانیشت دەکەین، برای گەورە و بەڕێزمیت، بەڵام ناتوانن ئەو گۆرانییە بگۆڕن بە کوردی؟» وتی: «حەزەکەی ئەیکوژێنینەوە!» وتم: «جا بۆ دەیکوژێننەوە برا گیان؟ بیخەنە سەر کوردییەک، کوردیش خۆشە.» حیلکەیەکی بەسووکبینینی کرد و بزەیەکی کرد و پرسیی: «ههه، جا کوردی کێ؟!» وتم: «بۆ کێ برا گیان؟ بۆ نموونە مەزهەری خالقی…» وتی: «ناتوانین»، پرسیم: «بۆ؟» وتی: «ئیتر خۆی وایە و ئەبێ وا بڕوا»، پرسیم: «مەبەستت لە وا بڕوات ئەوەیە گۆرانیی کوردیی ناخەنە سەر؟» وتی: «حەزەکەی بۆتەخەمە سەر ئینگلیزییەک»، پرسیم: «واتە تۆ ئامادەیت بیکوژێنیتەوە، یان بیخەیتە سەر ئینگلیزی، یان گۆرانیی هەر خەڵکێکی تر، تەنها کوردی نەبێت؟» وتی: «کاکە گیاخ-خۆیەبێ وا بێ»، پرسیم: «بۆ دەبێت وا بێت؟ کێ وتی دەبێت وا بێت؟ دیارە تۆ ئێمەی کوردت پێ سووکە و کوردت پێ بێنرخە، بۆیە هیچ ڕێزێکمان بۆ دانانێیت»، وتی: «ئێسسا تۆ بۆ نانخواردن هاتووی یا بۆ گوێگرتن لە گۆرانی؟» وتم: «من ئامادە نیم بە دەم خواردنەکەمەوە تۆ بە دڵی خۆت پۆخڵەواتی هەموو نەتەوەیەکی ترم بۆ لێبدەیت و بیکەیت بە گوێمدا. کە دەچیتە ژاپۆن گوێت لە گۆرانیی ژاپۆنی دەبێت، لە ئێرانی فارسیدا گوێت لە گۆرانیی فارسی دەبێت، لە ئەڵەمانیا گوێت لە گۆرانیی ئەڵەمانی دەبێت، لە ئیسرائیل گوێت لە گۆرانیی عیبری دەبێت، کەچی لە کوردستانەکەدا ئامادەیت گۆرانیی دونیا بخەیتە سەر هی کورد خۆی نەبێت؟» وتی: «کاکە سیستمە!» پرسیم: «مەبەستت ئەوەیە دیوارەکە خۆی گۆرانییەکە لێدەدات؟ یان تۆ گۆرانییە ناخۆشەکەت خستووەتە سەری؟» وتی: «خۆیەڕوا»، وتم: «سەیر بکە، من باوەڕم بەم شتانە نییە کە ئەمە سیستمە و خۆی دەڕوات و ئەمانە، تۆ خۆت دەیخەیتە سەری.» لێرەدا دەموچاوی گرژتر بوو و تێکچوو، تەنانەت وا هەستم کرد کە ئەگەر بۆی بکرایە و لە شوێنی کارەکەیدا نەبووایە ڕەنگ بوو پەلاماریشی بدامایە، پرسی: «یاعنی چی باوەڕت بەم شتانە نییە؟ یاعنی من ڕاص ناکەم؟» وتم: «مرۆڤ سیستم دروست دەکات، سیستم مرۆڤ دروست ناکات. یوتیوبێکە و خستووتەتە سەری و دەگۆڕرێت، ئەگەر ئامادە نیت گۆرانیی کوردیی بخەیتە سەر، منیش ئامادە نیم لێرە نان بخۆم»، وتی: «نا، نا، یاعنی ئێسسا من پێتەڵێم ئاوایە، بۆو ڕوونەکەمەوە، بۆ ڕێزم لێ ناگری؟» وتم: «تۆ دەتەوێت بە من بڵێیت دیوارەکە خۆی لە خواییەوە گۆرانییەکە لێدەدات، کەسیش ناتوانێت بیوەستێنێت، بۆیە من ئەمە ناچێت بە مێشکمدا، چون تۆ خۆت گۆرانییە عەرەبییەکەت خستووەتە سەری، خۆشت دەتوانیت لایبدەیت. بەڵام ئامادە نیت هیچ کوردییەکی بخەیتە سەر، چون کوردت لا سووکە و هیچ ڕێزێک لە ئێمە ناگریت. بۆیە ئێمەش ئامادە نین نانت لا بخۆین»، وتی: «لایەبەم»، وتم: «نا گیانە، ئەگەر کار دێتە سەر لابردن، لایمەبە، ئامانجەکەی من ئەوە نییە تۆ هیچی نەخەیتە سەر، ئامانجەکەی من ئەوەیە تۆ شکۆیەک بۆ کورد و کوردستان بگەڕێنیتەوە و ڕێزێک لە گۆرانیی کوردی بگریت و بیخەیتە سەری، لە کاتێکدا تۆ لە کوردستانیت. دەنا ئەگەر دێتە سەر لابردن، لایمەبە بەقوربانە، بۆ خۆت هەر گوێ لە گۆرانییە عەرەبییەکەی خۆت بگرە، ئێمە دەڕۆین، خواردنەکەم بۆ بکە بە سەفەری، لەگەڵ هاوڕێکەمدا دەڕۆین لە ئوتومبێلەکەدا دەیخۆین».

ئیتر بە دەموچاوێکی گرژەوە قایل بوو، من گەڕامەوە سەر مێزەکەم تا چاوەڕێی خواردنەکە بکەین، بڵندگۆکەش بەردەوام بوو لە ڕشاندنەوەی گۆرانییە قێزەونە عەرەبییە نەویستراوەکە بەسەر بیستنماندا. پاشان پسووڵەکەمان داوا کرد، کوڕێکی تر بۆی هێناین، کە هەر لەوێ کاری دەکرد، زۆر ڕووشیرین و بەڕێز بوو، وتی: «بەڕێزەکەم میوان بن» و سوپاسیمان کرد، وتی: «منیش خۆم زۆر حەزم لە گۆرانیی کوردییە و نایخەنە سەری، سوپاس کە پێیت وت. بەڵام تکایە وەرەوە بۆ لامان و سەردانمان بکەوە. لە خزمەتتدا دەبین»، سوپاسیم کرد و پارەکەمان دا و خواردنەکەمان بە سەفەری وەرگرت و ڕۆیشتین لە ئوتومبێلەکەدا لە بەردەمی شوێنەکەدا خواردمان.

جا با بێینە سەر ڕای خۆم: بەڵێ، پێم وایە لە کوردستاندا دەبێت شتی کوردی برەوی پێ بدرێت، کە حکومەت لە ئاستی بەرپرسیارێتییەکەدا نییە، ئەوە ناگەیەنێت کە هاووڵاتییان لە ئاستی بەرپرسیارێتییەکەدا نەبن. خۆ ناکرێت هەموو شتێک بە زۆر بسەپێنرێت، خۆ دەبێت کورد بایی ئەوەندە ڕێزی خۆی و نەتەوەکەی لابێت کە جارجار شتێکی کوردی لە کوردستاندا بخاتە سەر، ئەو کوردستانەی بە خوێنی هەزاران گەشمەرگی کورد بونیاد نراوە. هەر وەک ڕێزێک بۆ ئەو هەزاران کوردەی گیانی خۆیان سپارد تا من و تۆ بە ئازادی کورد بین، نەک بە ئازادی دژەکورد و جاش بین. ئێمە دەبێت سیمای کوردێتیی کوردستان بپارێزین، نەک خۆمان لە سنووری دەسەڵاتی خۆماندا، کە تەکسییەکە، یان دوکانێکە، یان چێشتخانەیەکە، کوردی قەڵاچۆ و جینۆساید بکەین، ناوی شوێنکارەکەمان کوردی نەبێت، خۆراکنامەکەمان کوردی نەبێت، ناوی خواردنەکانمان کوردی نەبن، وێنەی کوردێکی مەزن لە شوێنکارەکانماندا هەڵنەواسرابێت، گۆرانییەکی کوردی نەخەینە سەر، کەچی گلەیی لە پارتی و یەکێتی بکەین کە گوایە مافی کوردیان خواردووە و بۆ کورد باش نەبوون. کە ئەگەر گوایە ئەوان بۆ کورد باش نین، ئەمە هیچ پاساو ناداتە تۆ بۆ کورد باش نەبیت، ئەو باش نییە، تۆ باش بە!

سەبارەت بە ئازادیی گوێگرتنیش: نەخێر، مرۆڤ ئازاد نییە لە هەموو شوێنێک گوێ لە چی دەگرێت بیگرێت، دەتوانم زۆر لەسەر ئەمە بدوێم و بێگومان لە نووسینەکانی داهاتوومدا لەسەر ئەمە دەوەستم و تێڕوانینی خۆم ڕوون دەکەمەوە، پێشتریش لە وتاری «ئایا سنوور بۆ چێژبینین دادەنرێت؟»دا کەمێک لەسەری دوواوم. من پێم وایە دەبێت ژەمی سەرەکیی بیستن لە شوێنە گشتییەکاندا کوردی بێت، دەکرێت کە میوانی نەتەوەیەکی تر دێت وەکو ڕێز و وەکو پێشوازییەک گۆرانییەکی نەتەوەی خۆی بۆ بکرێت بە دیاری و ئاگاداریش بکرێتەوە لەوەی کە ئەو گۆرانییە لەبەر ئەو خراوەتە سەری. بەو شێوەیە ئەو کەسە نەتەوە جیاوازە زیاتریش بە هەوڵەکە دەزانێت و ڕێزی لێ دەگرێت. نەک هەر لەگەڵ دەرکەوتنی بێگانەیەک ئیتر ئۆتۆماتیکی هەموومان ببین بە کۆیلەی ئەو و ئەو بکەین بە ڕابەرمان.

پێم وایە کاتێک بیستۆکەکەت دەخەیتە گوێت بۆت هەیە گوێ لە دەنگی ڕشانەوەش بگریت، بەڵام کە دات بە دەنگی دەرەوە و دەنگەکە چووە گوێی کەسێکی ترەوە، چیتر ئازاد نەماویت هەموو جۆرە شتێک بئاخنیتە گوێی کەسی بەرانبەرەوە. ئەمە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانم لەگەڵ شۆفێرانی تەکسیشدا کە بە دڵی خۆیان وتاری مەلا و قورئان و ڕادیۆی دژەکورد و دژەدەسەڵاتی کوردی و بانگەوازکەر بۆ حوکمی داگیرکەر و زۆر جۆری تری شتی بیستراو دەخەنە سەر لە کاتێکدا سەرنشین لەگەڵیاندا سەرکەوتووە، کە پێم وایە دەبێت لە تەکسیدا هیچ بابەتێکی نە وارگێڕی (سیاسی – پێشتر لەسەر وشەی وارگێڕی وتارم نووسیوە، دەتوانیت بیدۆزیتەوە و بیخوێنیتەوە) و نە بابەتی دینی لێنەدرێت، چون تۆ نازانیت سەرنشینەکە کێیە و حەزی لە چییە و لە چ دۆخێکدایە و سەر بە چ دینێکە و سەر بە چ حیزبێکە. بۆیە باشترین شت ئەوەیە ڕادیۆکە بکوژێنرێتەوە، ئەگەر سەرنشینەکە داوای کرد، بە دڵی ئەو، تا دادەبەزێت شتێکی بخاتە سەر، ئیتر گۆرانیی دەوێت، با گۆرانی بێت، قورئانی دەوێت با قورئان بێت، هەواڵەکانی دەوێت با هەواڵەکان بێت و ئاوها. واتە بە کورتی: نابێت هیچ شتێکی دینی و وارگێڕی (سیاسی) لە شوێنی کاردا لێبدرێت، چون شوێنی کار دەبێت دوور بێت لە ڕیابازی و دژایەتی.


[1] لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣دا نووسیومە.

https://t.me/readinghouse