نەستژەنی

نەستژەنی[1]

خۆم وشەی «نەستژەنی»م داڕشتووە، لە (نەست) و (ژەن) و پاشگری (ی) پێکدێن. نەستژەنی موزیکێکە کە ڕاستەوخۆ لەو چرکەیەدا لە نەستی ژەنیارەکەوە بژەنرێ. بە گریمانەی خۆم بەرانبەر (improvisation)ی ئینگلیزی و (اِرتجال)ی عەرەبییە. ئەگەرچی ڕەنگە پێشتر وشەی «خۆژەنی» و زۆر وشەی تریش لە لایەن موزیککارەکانەوە بە کار هێنرابێ، بەڵام من ئەم وشەیە دەدەم بەم جۆرە کارانەم و پێم وایە دەقاودەق پێناسەی موزیکەکەم دەکا، چونکە دەمەوێ ناوی جۆرە ژەندنەکەش هەر تایبەت بێ بەو ژەندنەی خۆم. بۆیە موزیکژەنانی تر ئازادن چ وشەیەکی تر بە کار دەهێنن، بەڵام نەستژەنی بەو پێناسەیەی سەرەوە هیی منە و هەموو کەسێکی تریش ئازادە چۆنی دەوێ بە کاری بهێنی.

نەستژەنیی من خوو و نەریتێکی تایبەتیمە کە باوەڕ ناکەم بتوانرێ لێم جیا بکرێتەوە. خودی بیرۆکەکە هەر لە سەرەتای مناڵیمەوە هەیە، چونکە لەوەتەی هەم بەشێکی گەورەی مێشک و بیرکردنەوەم، هاوشان لەگەڵ بیرکردنەوە بە زمانی ئاخاوتن و وێنەدا، بە موزیک و دەنگیش بیر دەکاتەوە. بەردەوام لە مێشکی مندا شەپۆلی موزیکی پارچەپارچە هەن، هەندێ جار درێژ، هەندێ جار کورت، هەندێ جاریش وەستانیان بۆ نییە.

جارجار هەندێ موزیکی تر بە خەیاڵمدا دێن کە هەمیشە داوای پەرەپێدانی زیاترم لێ دەکەن و داوام لێ دەکەن بیاننووسمەوە و زیاتر پێوەیان خەریک ببم. بەڵام ئەم جۆرەیان تەنها داوا دەکا وا بە شێواوی دەرببڕرێ. ڕەنگە لە دواتردا شتیان لێوە وەربگرم و لە کاری موزیکیی ترمدا زیاتر پەرەیان پێ بدەم. هیچ یاسایەکی تر بۆ نەستژەنی نییە. ڕەنگە کاریگەریی موزیکێکی تر یان گۆرانییەکی تر لەو ڕۆژەدا نەستژەنییەکەم ئاراستە بکەن، بۆیە لەوانەیە جاروبار موزیکێکی تر خۆی لە ژەندندەکەمدا بتوێنێتەوە. ئەوەی لەسەرمە ئەوەیە ڕێگری لە هیچ وروژمێکی ژەندنەکەم نەکەم و بەر بۆ نەستم ئاوەڵا بکەم. هەرگیزیش هەوڵ نادەم هیچ نەستژەنییەکم بنووسمەوە، چونکە بە بڕوای من جادووەکە تەنها تایبەتە بەو چرکەیە و نووسینەوەش زۆری پێ دەچێ. بەڵام بێگومان ناهێڵم نەستژەنی ڕێگە لەو کارانەی ترم بگرێ کە دەبێ بنوسرێنەوە.

هەر لە سەرەتای دەستکردنم بە موزیک لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە، بەردەوام و دەتوانم بڵێم هەموو ڕۆژێک نەستژەنیم کردووە و زۆربەی هەرە زۆریشیان تەنها بۆ خۆم بووە. هەندێ جار کە میوانێکم هاتووە نەستژەنیم بۆی کردووە، بەڵام زۆر دەگمەنن ئەو جۆرە میوانانەم و ڕاستییەکەشی ئەوەیە لام خۆشترە کە بە ویستی کەسی ترەوە نەبەسترێمەوە. من چێژێکی زۆر لە نەستژەنی دەبینم، لەوانەشە فۆڕمێکی مێدیتەیشنی خۆم بێ یان کەناڵێکی تری دەربڕینم بێ، لە بواری موزیکیشدا ئەوەندەی نەستژەنیم کردووە ئەوەندە هیچ شتێکی ترم نەکردووە! بەڵام ماوەیەکە ئەو فەنتازیایە لە خەیاڵمدایە کە هەموو ڕۆژێک هەرچەند نەستژەنیم کرد، موزیکەکە تۆمار بکەم و لەگەڵ ئێوەدا بەشی بکەم و بڵاوی بکەمەوە. لەم جۆرە موزیکەدا دەشێ هەموو شتێک ڕوو بدا، هیچ یاسایەکی دیاریکراو نییە جگە لەوەی دەستم دەربڕی نەستمە و تەواو.

سوپاسگوزارم کە لە سەردەمێکدا دەژیم دەتوانم ئەم موزیکانە تۆمار بکەم و لە دوورەوە ئەم جادووەی بیرکردنەوەمتان لەگەڵدا بەش بکەم.

لەوانەیە لەمەودوا زووزوو ڤیدیۆیەکی نەستژەنی لە یوتیوبەکەم بڵاو بکەمەوە. سەبارەت بە ناونانی ئەم زنجیرە ژەندنانەش، ئەو ڕۆژە خەریکی هەر شتێک بووم و هەر وشەیەک یان شتێکی تر سەرنجم ڕابکێشێ، موزیکەکە بەو ناوەوە ناو دەنێم و ژمارەشیان بۆ دادەنێم. تەنانەت لەمەودوا بە ئینگلیزیش هەر هەمان ناوی کوردی بۆ ئەم موزیکانە دادەنێم بە ڕێنووسی لاتینیی کوردی جگە لە (ی)ی کۆتایی کە لە ڕێنووسی ئینگلیزیدا (î) نییە (Nestjeni).

سوپاس بۆ خوێندنەوەت.


[1] لە ڕێکەوتی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسراوە، لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەم بۆی کرد.