باش و خراپیی خستنەڕووی بەرهەم[1]
[ئەم وتارەم بە دەنگی خۆم خوێندووەتەوە و تۆمارم کردووە و لە کەناڵی خۆم لە تیلیگرام بڵاوم کردووەتەوە، کە لە خوارەوە بەستەری کەناڵەکەمم داناوە، دەتوانی لەوێ گوێی لێ بگری.]
https://t.me/readinghouse
من خۆم بە کەسێکی بەرهەمدار دەزانم، نەک تەنها ئەوە، بەڵکو ئەوەندەی بتوانم بە یادم بێتەوە، لە مناڵیمەوە تووشی جۆرە ئالوودەبوونێک بووم بە بەرهەمدارییەوە و لە ٢٠٠٦یشەوە ئەم ئالوودەبوونەم خەستتر بووەتەوە، گرنگ ئەوەیە لە ڕۆژێکمدا، لە ڕابوونمەوە بۆ نوستم، هیچ نەبێ بەرهەمێکم هەبێ، ئیتر ئەگەر پێنج دێڕ نووسینیش بێ هەر ئاسوودەم دەکا. خۆیشم فێری چەند بوارێکی جیاوازی بەرهەمداری کردووە، تا ئەگەر لە بوارێکدا تووشی ڕاوەستان بووم، لە بوارێکی تردا خەریک بم. کاتێکیش زیاتر لە هەفتەیەک، ئەوپەڕی دوو هەفتە تێبپەڕێ و بەرهەمێکم نەبێ، کە هەندێ جار شتی وا ڕوو دەدا، تووشی خەمۆکییەکی زۆر سەخت دەبم و بیر لە خۆکوشتن دەکەمەوە، لەم کاتەشدا هەرچۆنێک بێ شتێک بەرهەم دەهێنم، زۆربەی کاتیش ئەو بەرهەمە بڵاو ناکەمەوە، بەڵام هەندێ جار لە ماڵپەڕەکەم و ئێستاش کە وا فەیسبووکم داناوەتەوە، لە فەیسبووکیشدا دایدەنێم. تەنانەت کە هیچ شتێکم بۆ ناکرێ، دەفتەرێکی تایبەتم هەیە، تەنها بۆ خۆم، بیر و بۆچوونی شقڵیوپقڵیی خۆمی تێدا تۆمار دەکەم، باسی ڕۆژەکەم، یان شتێکی ئەو ڕۆژەم دەکەم بۆ لاپەڕەیەکی پاک. بۆیە ئەوەی لە پەرەگرافی داهاتووەوە دەیخوێنیتەوە سەرنجی منە وەک کەسێکی ئالوودەی بەرهەمداری و کەسێک کە، بە سوپاسەوە، ژیان هەلی ئەوەی پێم داوە ئەزموونێکی شانزە ساڵیم لە بەرهەمداریدا هەبێ، بابەتەکەش سەبارەت بە پرسی خستنەڕووی بەرهەمە.
هاوڕای ئەو بەڕێزانە نیم کە پێیان وایە خستنەڕووی بەرهەم نەخۆشییە و ئەوانەی داوای خستنەڕووی بەرهەمەکانیان دەکەن نەخۆشن. هەر وەک چۆن هاوڕای ئەوانەش نیم کە پێیان وایە بەرهەمی باش ئەوەیە خەڵک بە دوایدا دەگەڕێ. زۆربەی خەڵکان هەر نازانن کە بەرهەمی باش هەیە، تا ئەوان بۆی بگەڕێن، یان دەشێ ئەو بەرهەمەی لای بەڕێزێک باشە، لای ئەوان بەرهەمێکی باش نەبێ. یان لەو جۆرە نموونەیە بێ کە بە دوای زێڕدا دەگەڕێ، بەڵام ئەڵماسی دەست دەکەوێ، بەڵام نەیزانیوە بەهای ئەڵماسەکە چییە و چەندە و فڕێی داوە و کەوتووەتەوە گەڕان بە دوای زێڕەکەی خۆیدا، زۆر جاریش هەبووە کەسێک تەنەکەیەکی زەردکراوی دۆزیوەتەوە و وای زانیوە زێڕە. لێرەدا مەبەستەکە ئەوەیە کە تەنها دۆزینەوەی شتێک لای خەڵکان، یەکسان نییە بە مەزنێتیی ئەوەی دۆزراوەتەوە.
دواجار نووسین، هۆنراوە، گۆرانی، موزیک، تابلۆ، فیلم و ئاوها تا دوایی، بەرهەمن و وەک هەر بەرهەمێکی تر وان لەم دونیایەدا. بە ڕاستی بڵێم، لە ڕووی واتاییەوە، هیچ جیاوازییەک نابینم لە نێوان جوتیارێکدا کە تەماتەیەک دەچێنێ و دەیدورێتەوە، لەگەڵ هونەرمەندێکدا کە تابلۆیەک دەکێشێ. بەرهەم، هەر شتێک بێ، پێویستی بە خستنەڕوو هەیە، ئەو خستنەڕووەش پشت بە هەوڵی چواردەور دەبەستێ. هەندێ جاری کەم هەیە کە چواردەور خۆیان خۆڕسکانە ئەو خستنەڕووە بۆ بەرهەمانێک دەکەن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە ئەو بەرهەمەی خۆڕسکانە خراوەتە ڕوو باشە، ئەوانەش کە خۆڕسکانە نەخراونەتە ڕوو خراپن. دواجار زۆری و کەمیی ئامادەیی بەرهەمێک لە بازاڕدا بەڵگەی نایابی و خراپیی بەرهەمەکە نییە. بەڵام لە هەموو بارێکدا، باشترە هەر بەرهەمێک کاری خستنەڕووی بۆ بکرێ تا بگاتە بەر دیدەی کەسانی تر. من خۆم (لە ئێستادا) چوار ساڵی خۆمم داوەتە وەرگێڕانی پەڕتووکێک کە ڕەنگە چوار ساڵی تریشی مابێ، ئێ دە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم پەڕتووکە کەسێک پێی ناساندووم، لە شوێنێکی تردا بینیم. ئەو پەڕتووکەم نەناسیایە دێڕێکیشیم لێ نەدەخوێندەوە، نەشمخوێندایەتەوە وەرمنەدەگێڕا، وەریشمنەگێڕایە کەسانێکی زۆر جوان و گرنگم نەدەناسی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ناسیومن.
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ئەو کەسانەی بەرهەمهێنەرن، ئەمە بە پلەی سەرەکی کێشەی خۆمە و دەیان جار ئەم گلەییەم ئاراستەی کەسە نزیکەکانی خۆم کردووە: نەبوونی فیدباکە، فیدباک بە واتای تێڕوانین و ڕەخنە و سەرنجی بینەر و بیسەر و خوێنەری بەرهەمەکە دەڵێم، کاتێ تۆ فیدباکت پێ نەگاتەوە کەموزۆر لە شوێنێکی چەسپاودا خول دەخۆیت، بەڵام سەرنجی کەسانی تر وا دەکەن لە هەندێ چەقبەستوویی ڕزگارت ببێ و بەرهەمەکەت لە دیدی ترەوە ببینی، جا چەند دیدی تر زۆرتر بن، بۆ بەرهەمهێنەر باشترە. ئەم دیدە زۆرانەش سەرەیان نەگرتووە بۆ بەرهەمی هیچ بەرهەمهێنەرێک، بەڵکو دەبێ بەرهەمەکە بخرێتە بەر دیدەیان. بە گشتی ئەو فیدباکانەی دەدرێنەوە بە بەرهەمداران، زۆربەی هەرەزۆری کاتەکان یەکێکە لەم دوو جۆرە: یان سووکایەتی و جنێو و گاڵتەپێکردن و قێزلێهاتنەوەیە، یان بە سادە و ساکاری دەوترێ: «دەستخۆش»، یان ئەم ماوەیەی ڕابردوو ئەم وشە ناشرینەی تریش بووەتە باو، دەوترێ: «تایبەت بوو» یان «تایبەتە». ئەگەرچی هێشتا دەستخۆشەکە لە سووکایەتییەکە کەمتر مەزاجت دەگرێ، بەڵام هیچ کامێک لەو دوو جۆرە فیدباکانە هیچ زانیارییەکی زۆر بە بەرهەمهێنەرەکە نادا. سەبارەت بە «تایبەت»ەکەش، لە ئایندەیەکی نزیکدا، ئەگەر تەمەن ڕێی دام، نووسینێکی بچکۆلەم دەبێ لە دژی ئەو وشە بێواتایە.
دەبێ ئەوەش بڵێم کە لەو کەسانە تێدەگەم کە ڕا و سەرنجیان هەیە، بەڵام بە بەرهەمهێنەرەکەی نادەن؛ من خۆم دەیان جار ڕا و سەرنجم لەسەر بەرهەمی کەسانی تر هەبووە، بەڵام ئەوەندە ترساوم لەوەی دڵی کەسەکە بریندار بکەم، یان لەوە دڵنیا نەبووم کە بەرهەمهێنەرەکە چۆن سەرنجەکانم وەردەگرێ، کە ناچار بێدەنگیم لێ کردووە و قسەم نەکردووە. بۆیە تێدەگەم لەوەی کە زۆر کەس ڕەخنە و پێشنیار و سەرنجیان هەیە، بەڵام نایدرکێنن، چونکە لە دوژمنداری دەترسن! بەڵام من خۆم، تا ئەو کاتەی نەگاتە زۆرلەخۆکردن و هەوڵدان بۆ بەزۆر-سووککردنی بەرهەمەکە و هەوڵدان بۆ شکاندنم، زۆربەی هەرە زۆری سەرنجەکانی بەرانبەرم بە هەند وەردەگرم (هەندێ جار نا! کە دواتر پێتان دەڵێم کەی). زۆر جار هەبووە کە بەرانبەرەکەم سەرنجێکی بە من وتووە زادەی ئەوە بووە کە خۆی لەو شوێنەی بەرهەمەکەم تێنەگەیشتووە، بەڵام تەنانەت ئەو تێنەگەیشتنەی ئەویش بۆ من زانیارییەکی گرنگە، چونکە وام لێ دەکا بچمەوە بە بەرهەمەکەمدا، بە تایبەتی ئەگەر نووسینێک بێ، هەوڵ دەدەم بزانم ئایا هۆی تێنەگەیشتنەکە لە هەڵەی منەوە بووە، یان بەرانبەرەکەم خۆی لێی تێنەگەیشتووە.
با بە نموونە فیدباکی دوو کەسی جیا بخەمە ڕوو کە لەسەر چیرۆکی «میهرەبانەکان» دراون، کە چیرۆکەکە بەشێکە لە هۆنوسیاد، لە نووسینی خۆم و بە دەنگی خۆیشم لە یوتیوبەکەم بڵاوم کردووەتەوە و یەکێکە لە نزیکترین چیرۆکەکان لە هەستوسۆزی خۆمەوە، کە لە ڕاستیدا زۆربەی جار لە کاتی خوێندنەوەکەیدا دڵم پڕ دەبێ. لەو چیرۆکەدا هاوڕێیەکم پێی ڕاگەیاندبووم کە هەڵەی خاڵبەندیی زۆرە و هەندێ جار تەنها وشەیەکم داناوە و خاڵێکم بە تەنیشتیەوە داناوە، کە نەبووەتە ڕستە؛ هەروەها ئاگاداری کردبووم کە هەڵەی ڕێنووسی زۆرە، بۆ نموونە هەندێ جار «هۆنوس» بە دوو (ن) نووسراوە و کراوە بە «هۆننوس». لێرەدا من زۆر سوپاسی ڕەخنەگرەکەم کردووە کە ڕا و سەرنجی خۆی بە ڕاستگۆیی خستووەتە ڕوو. بۆ خاڵبەندییەکە: لە نووسینی وێژەییدا مەرج نییە خاڵ تەنها لە کۆتایی ڕستەدا بێ، بەڵکو لە شەپۆلی هۆشدا، هەندێ جار تەنانەت پیتێک یان دوو پیتیش بە خاڵ سنووردار دەکرێ. وەک: «مامی وتی: حیزبەکان. خخ. گوێگرەکە ڕووی وەرگێڕا.» لەوێدا: ئەوەی دەڵێ: «مامی وتی» و ئەوەی دەڵێ: «گوێگرەکە ڕووی وەرگێڕا» گێڕەرەوەی چیرۆکەکەن. «خخ»ەکە لەوانەیە شەپۆلی هۆشی گوێگرەکە بێ. لە میهرەبانەکانیشدا نموونەی لەم چەشنە زۆرن. کە ئەو وشەیە، یان ئەو ڕستە تەواونەکراوە شەپۆلی هۆشی هۆنوسە. سەبارەت بە ڕەخنەکەی تری کە «هۆننوس» هەڵەی چاپە، ئەڵبەت تێدەگەم کە بۆچی وا بزانێ کە هەڵەی چاپە، بەڵام هەڵەی چاپ نییە، لە جێیەکی جیاوازدا لەسەر وشەی «هۆن»م نووسیوە، کە ڕەگی «هۆنینەوە»یە، لەوێدا «هۆننوس» بە واتای ئەوە دێ کە وشەی هۆنراو دەنووسێتەوە، وەک «هۆنەر»، بەڵام «هۆنەر» دەشێ بیانڵێ، «هۆنوس» هۆکە و «هۆننوس» هۆنەکە دەنووسێتەوە.
بەڵام کەسێکی تر لێی پرسیم کە لە چیرۆکەکەدا مەبەستم چییە لەوەی کە دەڵێم: «شەتەکێکی دا»، چونکە لە شوێنێکی چیرۆکەکەدا وا دەڵێ، ئەو بەڕێزە پرسیاری کرد: چیی شەتەک دا؟ کە چوومە بنجوبناوانی پرسیارەکەی ئەوەوە، بۆم دەرکەوت من چەنێکە وشەی «شەتەک» بە هەڵە بە کار دەهێنم، «شەتەک»م بە واتای جووڵەیەکی خێرا بە کار هێنابوو، کە شەتەک ئەو واتایەی نییە، ناشزانم بۆچی وام زانیوە ئەو واتایەی هەیە. لەوەیاندا بۆم دەرکەوت من هەڵە بووم و لە نووسینەکەمدا چاکم کردەوە، بەڵام تا ئێستاش لە دەنگە تۆمارکراوەکەی ناو یوتیوب هەر هەڵەیە و بۆم چاک ناکرێ. بەڵام زوو بێ یان درەنگ، لە ئایندەدا خوێندنەوەیەکی تری ئەم چیرۆکەم تۆمار دەکەمەوە و بڵاوی دەکەمەوە، چونکە دوو سێ هەڵەی تریشی تێدایە، کە لە ئێستادا چاکم کردوونەتەوە.
من بەو پێیەی لە بەرکارهێنانی وشەی ناباودا جەربەزەیی زۆر دەکەم، بۆیە زۆریش دەکەومە هەڵەوە، بەڵام دواجار وشە وەک ئوتومبێلێک دەبینم، زۆر جار دەبێ بیخەیتە کار و تاقیکردنەوە تا بزانی بەرگەی ڕۆیشتن دەگرێ یان نا. چونکە ڕاستە من دەنووسم و وەردەگێڕم، بەڵام لە هەمان کاتیشدا تا ئەوەندەی بۆم بکرێ زمان تاقی دەکەمەوە. بە نزیکی ئەمەم کردووە بە خوو و خۆیشم سوودم زۆر لێی بینیوە. لە بەرانبەر ئەو ڕەخنانەشدا، کاتێ کەسێک ڕەخنەیەک دەگرێ و دواجار دەردەکەوێ کە لە ئەنجامی پەیپێنەبردنی خۆی بووە، ئەوە ناگەیەنێ ئەو کەسە دەبەنگە و نەزانە، بەڵکو کۆدێک هەبووە و ئەو پێی نەکراوەتەوە، ئەگەر نەزانیش بێ، تەنها ئەو شتەی نەزانیوە، ئەوە ناگەیەنێ کە لە دونیادا هیچ شتێکی تر نازانێ، بۆیە هیچ شوورەیی نییە شتێک نەزانی، هەموومان بە نەزانی دێینە دونیاوە و وردەوردە فێر دەبین، لای من نەزانین سروشتێکی هەمیشەیی نییە، وەک ئەوەی زۆر کەس وا وێنای دەکەن و کە دەڵێن: «فڵان کەس نەزانە» مەبەستیان ئەوەیە لە لەدایکبوونیەوە تا هەزار ساڵی تریش هەر نەزان دەبێ، من ئەوە بە هەڵە دەزانم، نەزانین سروشتێکی کاتیی هەیە، لە شوێنێکدا دەزانی، ئیتر تەواو؛ من نەمزانیبوو تا ئێستا، بەڵام لە ئێستا بە دواوە دەیزانم، ئیتر کێشەکە چییە؟
بەڵام جاری واش هەبووە کەسی ڕەخنەگرەکە بابەتەکەی نەزانیوە، پێشنیاری گۆڕانکارییەکی بۆ من کردووە، کە بۆم ڕوون کردووەتەوە بۆچی پێشنیارەکەی ئەو جێبەجێ ناکەم، ئەو هەر سوور بووە لەسەر ئەوەی ئەوەی خۆی ڕاستەکەیە، بە نموونە، لە بارەی «تەپڵەسەری نەتاشراو»ەوە، کە لە لاپەڕەی یەکەمی ئەڵقەی یەکەمی ئولیسدا هەیە، کەسێک سوو بوو لەسەرئەوەی ئەوە بگۆڕم و بیکەم بە «قژی نەتاشراو»، پاش ئەوەی کە زۆر بۆم ڕوون کردەوە بۆچی «تەپڵەسەر»ە و «قژ» نییە، کە وشە ئینگلییەکەم بۆی هێنایەوە کە (تۆنشەر – tonsure)ە، بەڵام ئەو هەر سوور بوو لەسەر ئەوەی من هەڵەکەم و دەبێ بیکەم بە «قژی نەتاشراو»، بێ ئەوەی هیچ پاساوێکی تری پێبێ، جگە لە تێگەیشتنی ئەو ساتەی خۆی. ئەم بەڕێزە تەنانەت وەرگێڕانەکەی ئولیسی بە خراپ دانابوو، یەکێک لە پاساوەکانیشی ئەم بابەتی تەپڵەسەرە بوو، کە بەخێرێ، ڕاڤەش کرابوو! بۆیە کاتێک ڕەخنە دەکەوێتە ئەم کۆڵانی کوتین و لێدان و ئەتککردنەوە، من بە هەندی وەرناگرم.
هەرچۆنێک بێ، پێناساندن کارێکی چەوت نییە، هەموو جیهان وا دەکا. قورئان و کتێبی پیرۆز بە سەدان ملیۆن دۆلاریان تێدا سەرف دەکرێ تا یەکبینە لە پێش چاو و گوێی بینەران و بیسەراندا بن و بخرێنە ڕوو. بە سەدان دەزگا لە جیهاندا یەکبینە خەریکی خستنەڕووی بەرهەمەکانی شێکسپیر و گۆتە و کێ و کێی ترن. هەمان شت بۆ بێتهۆڤن کراوە و بەردەوامیش دەکرێ، بۆ زۆربەی هەرەزۆری فیلمە ئەمەریکییەکان، بۆ ئەلبوومی هەر گۆرانیبێژێک و تا دوایی. بە ڕێکەوت نییە کە تۆ ناوی ئەوانت بیستووە و ناوی کەسێکی ترت نەبیستووە! پێناساندن بۆ نووسەرە هەرە بەناوبانگەکانی جیهان دەکرێ، لە دەرئەنجامی ئەمەشدا بەرهەمهێنەرەکە، جگە لە پاداشتی ماددی کە تەواو شایستەی خۆیەتی بە دەستی بهێنێ لە بەرانبەر ماندووبوونەکانیدا، فیدباک و ڕەخنە و سەرنجیشی پێ دەگاتەوە، کە وا دەکا بەرهەمهێنەرێکی چەقبەستوو نەبێ. هەروەها خەڵکانێکیش بە چواردەوریەوە، کە کاری لەبازاڕنانەکەی بۆ دەکەن، سوودی ماددیی لێ دەبینن، ئەمە جگە لەوەی ئەم خستنەڕووانە وا دەکا کەسانی تر بە بوونی ئەو بەرهەمە بزانن، کە ڕەنگە بەرهەمێک ژیانی کەسێک بگۆڕێ. خستنەڕوو پەیوەندیی بە هونەری لەبازاڕنانەوە هەیە و لەبازاڕنانیش کارێکی چەوت نییە، دواجار خەڵکان لە بازاڕەکاندا شت دەکڕن و شوێنی ساغکردنەوەی بەرهەم: بازاڕەکانە، نەک ئەشکەوتەکان!
بۆچی ئاسایی بێ تەماتەفرۆشێک بە کۆڵاناندا بگەڕێ و هاوار بکا: «وەرنەوە بۆ تەماتە» و نەخۆشی نەبێ، بەڵام ئەگەر کەسێک، کە خۆی تەرخان کردووە بۆ بەرهەمداری، گەر داوای نووسین لە کەسێک بکا پێی دەوترێ نەخۆشی؟ نووسەرێک ئەگەر داوا بکا پەرەگرافێک لەسەر پەڕتووکێکی بنووسرێ، کە ساڵێک پێوەی ماندوو بووە، ئەمە نەخۆشییە؟ بۆچی؟
پاشان هەر بەڕاست، ئێمەی کورد چیمان بۆ نووسەر و هونەرمەند و بەرهەمدارەکانمان کردووە؟ گۆرانیبێژێکی ئەمەریکی تەنها سمتی دەردەخا دەکرێ بە ملیاردێر، ئێمەش یەکبینە وەک بڵێی بەرهەمدارەکانمان بە نانی خۆمان بە خێو دەکەین، بەردەوام سەرزەنشتیان دەکەین.
دواجار مرۆڤ ئازادە بەرهەمی کەسێکی تر ساغ دەکاتەوە یان نا، لەسەری دەنووسێ یان نا، بەڵام ئەوەی کە ئەو شتە نەخۆشی بێ، نەخێر وا نییە، نەخۆشی نییە، ئەگەر نەخۆشیش بێ، نەخۆش شایستەی ئەوە نییە سووک بکرێ و سەرزەنشت بکرێ، شایستەی ئەوە نییە قێزی لێ بکرێتەوە، بەڵکو نەخۆش شایستەی چارەیە.
[1] لە ڕێکەوتی ١٦ و ١٧ی ئایاری ٢٠٢٢دا نووسراوە.