باش ماوە؟

باش ماوە؟

ئایا باش ماوە؟

بەڵێ، باش ماوە: خۆت!

گلەیی لە ئاکاری کەسانی دی مەکە، ئاکاری ئەوان بە تۆ دەستەمۆ ناکرێ، بەڵام دەتوانی ئاکاری خۆت دەستەمۆ بکەی. ئاکار و ڕەفتاری کەسانی تر وەک کەشوهەوا ببینە کە هیچ دەسەڵاتێکت بەسەریدا ناشکێتەوە. چاوەڕێی بەرانبەر مەکە تا بۆ ئاکار و کردەوەی باش هانتبدەن، بەڵکو تۆ بۆ ئاکار و کردەوەی باشی بەرانبەرەکەت ببە بە هاندەر. مادەم تۆ پێودانگی ئاکارت هەیە: کەواتە ئەو پێودانگە لەسەر خۆت جێبەجێ بکە، نەک خەڵک. تۆ بەرانبەر بە خۆت لە دەسەڵاتی تەواودای. بەڵام بەرانبەر خەڵک لە دەسەڵاتدا نیت. ئەگەر تۆ باش بیت: ئەوا دەبیتە هیوا بۆ سەرلێشێواو و لادراو و پەڕاوێزخراوەکان.

ئەگەر هونەرمەندی، ئەوا مەڵێ: «ئێمە هونەرمەندمان نییە!»

ئەگەر زمانەوانی، ئەوا مەڵێ: «ئێمە زمانەوانمان نییە!»

ئەگەر فیلمسازی، ئەوا مەڵێ: «ئێمە فیلمسازمان نییە!»

ئەگەر بەئاکاری، ئەوا مەڵێ: «ئێمە بەئاکارمان نییە!»

ئەگەر خۆت باشی، ئەوا مەڵێ: «ئێمە باشمان تێدا نییە!»

ئەوە نییە تۆمان هەیت؟ ئێمە دڵمان بە تۆ خۆشە، کە تۆ بڵێێ نیمانە، ئەی ئیتر ئێمە بە کێ دڵ خۆش بکەین؟ ئێمە چاومان لە دەستی تۆیە. لە ئێستا بەدواوە تۆ ببە بە سەرپشک و ئاراستەمان بکە، لەبری گلەییکردن لە تاریکستانیی گۆڕەپانەکە و بوودەڵەیی کەسانی تر، ئەوا ئەو هەموو ڕوناکییەی ئەو گۆڕەپانە چۆڵە ببینە کە بۆ چالاکیی تۆ ئاوەڵایە!


نەوا موکرجی

لە دەنگی ستۆییزمەوە.

تێبینی: دەتوانی بە ئارەزووی خۆت ئەم نووسراوەم بڵاوبکەیتەوە یان کۆپیی بکەیت و لە هەر شوێنێکدا ویستت دایبنێیتەوە.