ژیننامە

نەوا مکورجی 19/2/2018

نەوا مکورجی

نەوا کەمال گۆکول-چاند سەنکەر-چاند مکورجی. لە 3ی تشرینی دوەمی 1987دا لەدایکبووم. لەبەرئەوەی ئەو سەردەمە ڕۆژ لە بێداربوونەوەی بەیانیانی مرۆڤەکانەوە دەژمێررا و منیش لە بەرەبەیانی 3ی مانگدا لەدایکبووم؛ ئەوا ڕۆژی لەدایکبوونم لەسەر دۆسێ ڕەسمییەکانم، وەک پێناسی باری شارستانیی و ڕەگەزنامەکەم بە 2ی تشرینی دوەم لەقەڵەمدراوە.

باوکم؛ مامۆستا کەمال مکورجی، مامۆستایەکی بەناوبانگی شاری سلێمانی بوە و دایکیشم؛ عەتێ فەرەج مەحموود تا پۆلی سێیەمی ناوەندیی خوێندوە و لەدوای ئەوەوە بوە بە کەیبانوو و نۆ مناڵی پەروەردە و بەخێوکردوە. کە من نۆیەم و پاشەبەرەم.

زمانەوانم، هونەرمەندم؛ موزیکدانەرم، پیانۆژەنم، گۆرانیبێژم، نووسەرم، شاعیرم، و کەمێکیش سەرم لە بواری تەکنەلۆژیای زانیارییدا دەردەچێت.

لە بواری موزیکدا؛ کلاسیکییم. لە کۆتایی ساڵی 2006ـەوە بەردەوام و بێوەستان بە موزیکەوە خەریکم. لە سەرەتای کارکردنمدا بە موزیکدانەرە کلاسیکییەکان زۆر کاریگەر بووم. وەک یۆهان سێباستیان باخ، مۆتسارت، بێتهۆڤن، برامس، ڤاگنەر، شۆپان، چایکۆڤسکی، لیست، ڕاخمانینۆڤ… تد. شێوازی موزیک و گۆرانییەکانم بە گشتیی کلاسیکیین، بەڵام کەموزۆر ئاوێتەی شێوازی سەردەمیشن.

ئەم ماڵپەڕەم داناوە تا ببێتە ڕوانگەی خۆم. لێرەوە هەوڵدەدەم بە ڕێکوپێکیی بەرهەمەکانم بڵاوبکەمەوە. لەسەر بەرهەمەکانی خۆم کە لێرەدا بڵاویاندەکەمەوە بەرپرسیارێتیی لەسەداسەد هەڵدەگرم. بەڵام ئەگەر وا پێویست بوو کە جارجار بیروڕای کەسانی تر بڵاوبکەمەوە، ئەوا هیچ بەرپرسیارێتییەک هەڵناگرم.

بنەچەی خێزان

کەمال مکورجی و خێزانەکەی
کەمال مکورجی و خێزانەکەی

ڕەگوڕیشەی خێزانەکەم لە ئاوێتەیەکی کورد و هیندیی پێکهاتوە. گەر هەڵەش نەبێ؛ بنەچەیەکی تورکومانیشمان هەیە کە هێشتا بۆمان ساغنەکراوەتەوە تا چەند ڕاستە.

باپیرم (فەرەج مەحموود) لە بنەچەی دایکمەوە، بە (مام فەرەجی چایچیی) بەناوبانگ بوە؛ خەڵکی پێنجوێنە. لە بەر ئەسحابەسپیدا چاخانەی هەبوە. نەنکیشم (ئامینە دەروێش) خەڵکی ئاکرێ بوە. لە سلێمانی لە گەڕەکی سابونکەران دانیشتوون.

باپیرم (گۆکول-چاند سەنکەر-چاند مکورجی)ـش لە بنەچەی باوکمەوە؛ خەڵکی ناوچەی (مانیکگۆنج)ی شاری دەکایە کە ئەوکات سەر بە هیندستان بوە و ئێستا پایتەختی بەنگلادیشە. لە ساڵی 1894دا لەدایکبوە و لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە تەمەنی 24 ساڵییدا لە سوپای بەریتانییدا بوە بە سەرباز. لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەمدا بۆ عێڕاق نێرراوە. لە ڕێکەوتی 11ی ئازاری 1918دا پێی خستۆتە خاکی عێڕاقەوە.

گۆکول-چاند مکورجی
گۆکول-چاند مکورجی

دوای ماوەیەک، گوازراوەتەوە بۆ سلێمانی و یەکەمین کەس بوە کە ئوتومبێلی بۆ سلێمانی هێناوە. لە سلێمانی بوە بە شۆفێری مەیجەر (ئیڵای بانیستەر سۆن)، کە ئەوکات دادوەری ڕامیاریی سلێمانی بوە. هەروەها یەکەم کەس بوە کە خولی فیتەریی و شۆفێریی لە سلێمانیدا کردۆتەوە و خەڵکانێکی بەرچاوی فێرکردوە. لە یەکەم ڕۆژی ساڵی 1921دا دەستی لە کاری سەربازیی کێشاوەتەوە و بوە بە هاوڵاتییەکی شارەوان. دواتر ئوتومبێلەکەی پێشکەشی شێخ مەحموودی حەفید کردوە و هەر خۆشی بوە بە شۆفێری.

سێ جار ژنی هێناوە، ژنی یەکەمی ناوی (حەبە خان) بوە و زانیارییەکی ئەوتۆ لە بارەیەوە نییە، بەڵام وادیارە حەبە خان تەمەنێکی کورت ژیاوە و مردوە. ژنی دوەمی ناوی (ئامینە خان) بوە، ماوەیەکی کورت پێکەوە ژیاون، کچێکیان بە ناوی (سەبیحە)وە بوە، کە لە ساڵی 2007دا کۆچی دوایی کرد. ژنی سێیەمی ناوی (خەیرییە ئەیوب غەیوب) بوە. لە 25ی ئابی 1925دا لە شارۆچکەی کفری مارەیکردوە. خەیرییە خان؛ بەپێی زانیاریی سەر ڕەگەزنامە عێڕاقییەکەی بێت، ئەوا لە ساڵی 1913دا لە کەرکوک لەدایکبوە و موسوڵمان بوە. دایکی ناوی (فەهیمە ڕەسوڵ) بوە و پێشتریش ڕەگەزنامەیەکی تری هەبوە کە (ڕەگەزنامەی عوسمانیی) بوە. بە بڕوای من ڕەنگە هەڵەیەک یان لە ساڵی لەدایکبوونەکەیدا یان لە ڕێکەوتی شووکردنەکەیدا هەبێت، چونکە وابەست بەو ڕێکەوتانە، ئەوا دەبێت خەیرییە خان لە تەمەنی دوانزە ساڵیی یان سیانزە ساڵییدا شوویکردبێت. کە بڕواناکەم ئەمە ڕاست بێت.

هەرچۆنێک بێت، لەگەڵ خەیرییە خاندا دوو مناڵی هەبوە؛ (شوکرییە) 1931 و (کەمال) 1933 و هەردوو مناڵەکانی مکورجی لەگەڵ خەیرییە خاندا؛ خوێندن تەواو دەکەن و بوون بە مامۆستا.

مامۆستا کەمال مکورجی، مامۆستای کۆمەڵایەتیی بوە. بەتایبەتیی وانەکانی جوگرافیا و مێژووی وتۆتەوە.

قوتابخانە شوێن پیشە لە بۆ
ئامادەیی سلێمانی کوڕان سلێمانی مامۆستا 1959 1961
ناوەندیی شۆڕشی کوڕان سلێمانی مامۆستا 1961 1962
ناوەندیی ئەلنیزالی کوڕان بەسڕە مامۆستا 1962 1964
ناوەندیی قەڵادزێی کوڕان قەڵادزێ مامۆستا 1964 1965
ناوەندیی شۆڕشی کوڕان سلێمانی مامۆستا 1965 1966
ناوەندیی وەتەنی کوڕان سلێمانی مامۆستا 1966 1967
ئامادەیی سلێمانی کوڕان سلێمانی یاریدەدەری بەڕێوەبەر 1966 1967
ناوەندیی ئێوارانی سلێمانی کوڕان سلێمانی بەڕێوەبەر 1967 1974
ناوەندیی وەتەنی کوڕان سلێمانی مامۆستا 1967 1970
ناوەندیی وەتەنی کوڕان سلێمانی یاریدەدەری بەڕێوەبەر 1970 1973
ناوەندیی وەتەنی کوڕان سلێمانی بەڕێوەبەر 1973 1974
ناوەندیی سەرچناری کوڕان سلێمانی بەڕێوەبەر 1973 1974

پاشان لە ساڵی 1974ەوە تا مردنی بە چەند پلەیەکی جیاواز تا جێگری بەڕێوەبەر لە بەڕێوەبەرێتیی پەروەردە و فێرکردنی سلێمانی کاریکردوە. هەموو پلەکانی لە بواری تەوەری (نەهێشتنی نەخوێندەواریی)دا بوون. هەروەها لە ساڵی 1976ەوە تا مردنی هاوکاتی کارکردنی لە بەڕێوەبەرێتیی پەروەردە و فێرکردنی سلێمانی، لە بەڕێوەبەرێتیی نەهێشتنی نەخوێندەواریی پارێزگای سلێمانی کاریکردوە.

مامۆستا کەمال نەخۆشیی دڵی هەبوە. بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی لە ساڵی 1981دا بۆ سویسرا چوە و لەوێ نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ ئەنجامدراوە. بەڵام داوایلێکراوە کە پاش پێنج ساڵ بگەڕێتەوە تا پشکنینی نوێی بۆ ئەنجامبدرێت. بەڵام باوکم هەرگیز بۆ سویسرا نەگەڕاوەتەوە و خۆی وا هەستیکردوە کە تەندروستییەکەی باشە. دایکم دەیگێڕێتەوە کە بەیانییەک پێش ئەوەی بچێت بۆ ئیشەکەی، ئازارێک لە سنگیدا هەبوە. بە پێی خۆی بۆ نەخۆشخانە چوە و لەوێ دەرکەوتوە کە بارەکەی مەترسیدارە. پاش یەک دوو ڕۆژ، لە ڕێکەوتی 25ی شوباتی 1987دا هەر لە نەخۆشخانەی سلێمانی کۆچی دوایی کردوە.

مامۆستا کەمال مکورجی لە ساڵی 1965دا دایکم (عەتێ فەرەج مەحموود)ی خواستوە. دایکم لە ساڵی 1947دا لەدایکبوە. لەسەر پێناسی باری شارستانییەکەی وەک زۆرێک لە هاوڵاتییانی تری عێڕاق نوسراوە کە 1ی تەمموز لەدایکبوە. بەڵام کاتی خۆی کە هەوڵمدا ڕۆژی ڕاستەقینەی لەدایکبوونی دایکم ساغبکەمەوە، لە نەنە ئامینەم پرسی. ئەو وتی “ئەو ڕۆژە لەدایکبوو کە چوار ئەفسەرەکە لەسێدارەدران“. مەبەستی لە “چوار ئەفسەرەکە” (عیززەت عەزیز، مستەفا خۆشناو بێتواتەیی، خەیروڵڵا عەبدولکەریم و محەممەد مەحمود قودسیی) بوو کە لە ڕێکەوتی 19ی حوزەیرانی 1947دا لەسێدارەدراون. دایکم تا پۆلی سێیەمی ناوەندیی خوێندوە و پاشتر بوە بە کەیبانوو. مامۆستا کەمال و عەتێ خان نۆ مناڵیان هەیە، ئەوانیش ئەمانن:

ئاسۆ مکورجی 15 کانونی یەکەمی 1965 – ڕۆژی مردنەکەی نەزانراوە، لە ساڵی 1989دا لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە گیراوە و پاشتر ڕەمیکراوە. سازان 1968، نزار 1969، میران 1971، کارزان 1973، ڕێبین 1980، هۆزان 1981، ئەحمەد 1986، نەوا 1987ن.

گۆکول-چاند لە 18ی کانونی یەکەمی 1980دا لە شاری سلێمانی مردوە و مامۆستا کەمالیش هەر لە شاری سلێمانی مردوە و هەردووکیان ئارامگەکانیان لە گردی سەیوانن و لەیەکەوە نزیکن.

منداڵیی

نەوا مکورجی بە منداڵیی
نەوا مکورجی بە منداڵیی

من نۆیەمین مناڵی خێزانەکەمم. لە بەرەبەیانی پاش مردنی لەناکاوی باوکم بە نۆ مانگ و لە 3ی تشرینی دوەمی ساڵی 1987دا لەدایکبووم. دایکم  دەگێڕێتەوە کە لە کاتی مردنی باوکمدا لێیانپرسیوە ئایا سکت هەیە؟ بەڵام ئەو نەیزانیوە کە سکی هەیە. پاش ماوەیەک ڕوونبۆتەوە کە سکی بە من هەیە. دایکم کە لەو چرکەساتەدا خاوەنی 8 مناڵ بوە و مێردەکەی تازە مردوە و خۆشی کار و کاسبییەکی نەبوە؛ مناڵێکی تر کارەساتهێنەر بوە. بۆیە چەندین جار هەوڵیداوە لەبارمببات. بەڵام تۆ تەماشا؛ کێ ئەم چیرۆکە دەنووسێتەوە!

پاش ساڵ و چەند مانگێک بەسەر لەدایکبوونمدا، حیزبی بەعس کە لەو سەردەمەدا حوکمی عێڕاقیاندەکرد، ئاسۆی برامیان گرتوە. یاسای سەردەمی بەعس ئەوە بوە کە هەر “موخەڕڕیب”ێک گیرا، ئەوا پێویستە باوکیشی بگیرێت و هەموو ماڵ و موڵکەکەشیان داگیربکرێن و بکرێن بە موڵکی حکومەتی شۆڕش. جا لەبەرئەوەی کە ئاسۆ باوکی نەبوە و تەنها دایکی هەبوە، ئەوا دایکیشمیان گرتوە و چەند شەوێک لە ئەمنە سوورەکەی سلێمانییەوە دواتر بۆ بەندیخانەی ڕاگرتن (سجنی جادەی پیرەمێرد) و پاشان بۆ (سەماوە) لە خوارووی عێڕاق گوازراوەتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی لەوێ شوێن نەبوە، ئەوا بۆ (بەندیخانەی چاکسازیی سووق ئەششیوخ) لە شاری ناسرییە گوازراوەتەوە.

پاش ماوەیەک لە ئەمنی سلێمانییەوە کەسوکارمیان بانگکردوە و بەیاننامەی مردنی ئاسۆیان داونەتەوە. هاوکات ئاگاداریانکردوون کە لاشەکەی وەرناگیرێتەوە و پرسەبۆدانانیش قەدەغەیە. هەروەها ئاگاداریشکرابوین کە خانوەکەمان دەبوو بکرایە بە موڵکی حکومەتی شۆڕش، بەڵام لەبەرئەوەی باوکم کاتی خۆی فەرمانبەری حکومیی بوە، لەوەیان خۆشبوون. بەم شێوەیە ئاسۆ گۆڕگوم بوو و لە بەیاننامەی مردنەکەشیدا نوسراوە کە ڕەمیکراوە و فیشەک بە سەرییەوەیەتی. دایکیشم لە ساڵی 1990دا ئازادکراوە. لە ساڵی 2010دا بۆماندەرکەوت کە لە ڕاستییدا هەرگیز لە خانوەکەمان خۆشنەبوون و دەستی بەسەردا گیراوە. ئەو بەڵگەنامەیەمان لە دۆسێکانی فەرمانگەی تاپۆی سلێمانیدا دۆزییەوە. لە ماوەی دەستبەسەریی دایکمدا لەلایەن نەنکم (ئامینە دەروێش)ـەوە بەخێوکراوم.

عەتێ فەرەج
عەتێ فەرەج

تاکە هیوایەک لەم کاتانەدا ئەوە بوە کە ڕۆژێک دێ خۆمان حوکمی خۆمان دەکەین و چیتر تووشی چەرمەسەریی تر نابینەوە و ژیان خۆشدەبێت و مەڕ و گورگ پێکەوە ئاودەخۆنەوە و هەموو کەس مووچەی خۆی دەبێت. بەڵام پاش ڕاپەڕینی ساڵی 1991؛ دەرگایەکی نوێی چەرمەسەریی تاهەتایی کرایەوە. شەڕی براکوژیی دەستیپێکرد و نەهامەتیی خەڵک هەر بەردەوام بوو. وەک هەموو مناڵێکی تری ئەو سەردەمە؛ ئەم بارودۆخە کاردانەوەی لەسەر مناڵیم هەبوە. شەڕی ناوخۆی بەردەوام دەرفەتی ژیانکردنی نمونەیی بڕیبوو.

ئەم لەتکەوڵاتەی کە هەمیشە و بە درێژایی مێژوو لەسەر هێڵی مانونەمان لەتریوە، کەچی کۆڵانەکانی هەمیشە یارییان تێدابوە. یاریی باوی کۆڵانیش؛ تۆپتۆپێن بوو. بەڵام یاریی تریش دەکرا. من لە هیچ کامێک لە یارییەکانی کۆڵاندا باش نەبووم. نەک هەر باش نەبووم، بگرە لەبەر خراپییم کەس نەیدەویستم. نە هەڵماتێن، نە هەللوکێن، نە ڕەسمڕەسمێن، نە هەڵماقۆ، نە چاڵچاڵێن، نە توولتوولێن، نە گەنم گرتی جۆ بڕا، نە مارگرتی، نە بالە…تد. لەبەر خراپییم، لە تۆپتۆپێندا ئەگەر ئەو ڕۆژە بەختم هەبوایە؛ دەیانکردم بە گۆڵچی، یان دایاندەنیشانم و دەیانوت “دوایی هەڵتدەسێنین”. بۆ نەگبەتییم؛ هەموو مناڵانی گەڕەک بۆ وێزەی من (ئەلێکس فێرگسن) بوون!

زۆربەی کات یان بە تۆپی باغە،  یان بە تۆپی گۆرەوی تۆپتۆپێنمان دەکرد. تۆپی گۆرەوی؛ واتە تۆپەکەمان لە گۆرەویی کۆکراوەی دڕاوی گەڕەک دروستدەکرد. جا وەک گۆڵچییەک کە دەبوو تۆپەکە بە دەست بگرمەوە، ناخۆشترین کات ئەوە بوو کە تۆپەکە دەکەوتە تاسەیەکی قوڕاوییەوە. تۆپی چی! ناپاڵمێکی بۆگەن! منیش دەبوایە خۆمم بۆ هەڵبدایە و بە دڵ و بە گیان بمگرتایەتەوە. جا کە ئەم ناپاڵمە بۆگەنەم دەگرتەوە ئافەرینیان لێدەکردم و هانیاندەدام، منیش خۆم لێدەبوو بە (دەیڤد سیمان). جا ئەوکات هەر بە ڕاستیی دەیڤد سیمان لای من گۆڵچییەکی زۆر باش بوو و خۆشمدەویست.  تۆپی باغەش قەڵبترین جۆری تۆپ بوو، چونکە کە شووتێکیان لێدەدا بەرەو لای چەپم، تا خۆم بۆ هەڵدەدا، با ئاراستەی تۆپەکەی دەشکاندەوە بۆ لای ڕاست، لەبەرئەوە بە دوو دەرزەن و سێ دەرزەن گۆڵم لێدەکرا و تێر سەرزەنشت دەکرام.

هەموو ئەم سەرزەنشت و شکستانە وایانلێکربووم کە پەناگەیەکی تر بدۆزمەوە بۆ کاتبەسەربردن. لەبەرئەوەی کەمدەرامەتیش بوین؛ من لە هەموو تەمەنی مناڵییمدا تاقە یەک یاریشم نەبوە. ڕۆحی شاد بێ نەنکم، هەمیشە دەیوت “کوڕم، تۆ بە سەرقاپە مەنجەڵێکەوە ڕۆژێکی تەواوت دەبردە سەر، ئینجا بۆ بەیانی سەرەی چەتاڵ بوو، هەر لە بەیانی زوەوە تا دەخەویتیت بە چەتاڵێکەوە خەریک دەبویت، ئینجا کەوچک، ئینجا دیسانەوە سەرقاپەمەنجەڵ“.

لە ساڵی 1994دا، دراوسێیەکمان یادی بەخێر ناوی حاجی جەمال بوو، دوکانی یاریی مناڵانی هەبوو. ڕۆژێک یەکی ئوتومبێلێکی بە دیاری بە من و ئەحمەدی برام دا. یەکێکیان زەردێکی مەیلەوپرتەقاڵیی بوو، ئەوی تریان نیللی بوو، بەقەدیەکبوون و یەکی بستێک دەبوون. لە خۆشییدا یەکسەر هەڵمانپچڕین و لەبەردەرگا یاریمان پێکردن. بۆ چرکەساتێک بەجێمهێشتن، چوومە ئەودیو دەرگای ماڵەوە و گوێم لە دەنگی ئوتومبێلێک بوو بە کۆڵانەکەماندا ڕۆیشت، ئەحەی برام هاوارێکی لێکردم بێمە دەرەوە، هاتمە ئەمدیو دەرگاکە و بینیم هەردوو ئوتومبێلەکە وردوخاش ببوون. پارچە هەرە گەورەکەیان بەقەد نینۆکی مناڵێک دەبوو.

جگە لە تاڵاوی کوشتنی چێژێکی تاقانەی بەنرخ کە هەمانبوو، دایکم زۆر سەرزەنشتی کردین. “کوڕم، ئاخر کوێڕا فریاکەوتن؟ ئەو پیاوە گەورەیە چاکەیەکی گەورەی لەگەڵ ئێوە کردوە و ئەو ئوتومبێلانەی داونەتێ بۆیی دڵتان خۆشبکا. کەچی ئێوەش یەکسەر لەبەردەرگای ماڵەکەی خۆیدا بەجێتانهێشت ببێت بەژێر ئوتومبێلەوە؟ هەر ئێستا گسک دەبەن و هەموو ئەو ناوە لە کۆڵان گسکئەدەن. دەبێ وابکەن پارچەی نەدۆزرێتەوە و بەیانیش زوو هەستن، هەر کە ئوتومبێلی خۆڵەکە هات بە دەستی خۆتان تێیبکەن، نەوەک کاک حاجی بیبینێت و بڵێ ئەم مناڵانە بە چاکەی منیان نەزانی. کوڕم، ناشرینترین سیفەتی مرۆڤ ئەوەیە کە بە چاکەی خەڵک نەزانێ. هەر ڕۆژێکیش ئەگەر پرسیاری لێکردن پێیدەڵێن بەڵێ ئوتومبێلەکانتان وەکو چاوتان پاراستوە و ماون و لە ماڵەوە یارییانپێدەکەن و زۆر سوپاسیشی دەکەن. خێرا بچن پارچەکانی کۆبکەنەوە، جوان. کە تەواویش بوو خێرا وەرنەوە و پێشمکەون با بچین زۆر سوپاسی بکەین. ئەوە پێتان دەڵێم، بە درۆم نەخەنەوە ها!“.

ئێمەش بە دڵی شکاوەوە چوین و خاپووری میرنشینی چێژی خۆمانمان بە دزییەوە بۆ فڕێدان کۆکردەوە. ئەشبێت تا ماویشین وا خۆمان پیشان بدەین کە هەر ماومانن. تا ئەم چرکەساتەش، نەمانهێشت کاک حاجی جەمال بزانێ هەر هەناسەیەک دوای ئەوەی ئوتومبێلەکانی داینێ، لە بێعەقڵییماندا بەجێمانهێشتن ببن بەژێر ئوتومبێلی شۆفێرێکی بێهەستەوە. بەم شێوەیە تاقە یارییەکانمان شکا، دڵمان شکا، بەڵام وانەی پێزانین فێربوین.

ئیتر ببڕێ و ببڕێ یارییەکی ترم نەبوو. تا کاتێک خۆم چوومە پۆلی یەکی  ناوەندی (حەوتی ئێستا)، ڕۆژانەی خۆمم کۆکردبۆوە، ڕۆژێک بە پارەی کۆکراوەی خۆم، بە دەستی خۆم، چووم بە سێ دینار ئوتومبێلێکی پچکۆلەم بۆ خۆم کڕی. ئەو ڕۆژە لە یادگەی مناڵییمدا پڕشکۆترین و ئاسوودەترین ڕۆژ بوو کە تا ئێستاش چێژەکەی لە ژێر زمانی یادەوەرییەکانمدا ماوە.

بگەڕێینەوە بۆ پێشتر؛ لە ئەنجامی سەرزەنشت و شکستەکانم لە یارییەکانی کۆڵاندا، هەر لەو کاتەوە خوومدابوە گۆرانیبێژان و وێنەکێشان و نووسین. خۆشبەختانە باوکم کتێبانێکی زۆری پاش خۆی بەجێهێشتبوو. منیش کاتەکانم بە گوزەرکردن بەناو ئەم کتێبانە و خوێندنەوەی هەندێکیانەوە دەبردەسەر. ئەم کتێبانە وێری یارییەکانی کۆڵانم بوون.

باشترین کتێب بەلامەوە شیعرە کوردییەکان بوو. بەتایبەتییش دیوانی (گۆران) و (فایەق بێکەس). ئەم دوو شاعیرەم زۆر خۆشدەویست. هەموو ڕۆژێک شیعرەکانیانم دەخوێندنەوە و هەندێجاریش کە لێیان وەڕسدەبووم، شیعرەکانی ترم دەخوێندەوە، وەک شیعرە کلاسیکییەکان. بەڵام گەر دەتانەوێت ڕاستگۆبم، هیچ شتێکیان لێتێنەدەگەیشتم کە باسی چی دەکەن.

گۆران گیان، گۆڕەکەی پڕ لە گەوهەر بێ، شیعرەکانی ئەم کەڵەهونەرمەندە هاوڕێی خۆشەویستیی مناڵییم بوون. هەندێجار هەوڵمدەدا هەندێک لە شیعرەکانی ئەو و بێکەس بە گۆرانییەوە ببێژم و لە مێشکی خۆمدا خۆم بە موزیکدانەر یان گۆرانیبێژێکی مەزن دەزانی.

خوێندنی سەرەتایی

لە ساڵی 1993دا خرامە بەر خوێندنی سەرەتایی. هەر شەش ساڵی سەرەتایی لە (قوتابخانەی کوردستانی سەرەتایی تێکەڵاو) بووم. لە تەنیشت قوتابخانەی بابانی کوڕان و ناوەندیی پیرەمەگروونی کچانەوە بوو لە کۆڵانی کارگەی سەهۆڵەکەوە کە دەچویتە ناوەوە.

هەر یەکەم ڕۆژی خوێندنی پۆلی یەکەمی سەرەتایی؛ کەمێک بزێوییم کرد. بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان هات و دارێکی پێبوو کە بزمارێک بە سەرەکەیەوە بوو. دارێکی لە دەستی ڕاست و دارێکی لە دەستی چەپم دا. بزمارەکە قەراغی بن ئەسپێکوژەی هەردوو دەستمی هەڵتڵیشاند و تا ئەم چرکەساتەش شوێنبرینەکان بە دەستمەوە جوان و ڕوون و ئاشکرا دیارن. تەنانەت بە ڕوونیی دیارە کە شوێنبرینی بزمارەکە خڕیلەیە و تا ڕادەیەک گەورەیە، چونکە سەری بزمارەکەی پیاچوە و پاشان شوێن تڵیشەکەش باریکترە. بە هەردوو دەستەکانمەوە.

جانتای خوێندنەکەم هیی ئاسۆی برام بوو. سەوزێکی تۆخ و ڕەش بوو. وێنەیەکی باتمانی لەسەربوو. چەند قەڵبەیەکی تیابوو، دایکم دووریبوونییەوە. پاراستنی کتێب و دەفتەرەکانم لەناویدا لە ژێر باراندا زۆر دژوار بوو. زۆر باران کتێب و دەفتەرەکانمیان تەڕکردوە. ناچار بووم لە باراندا قەمسەڵەکەم بەسەر جانتاکەمدا لەبەربکەم. لە پیرەمێردێکی قەموور دەچووم. شانکەی جانتاکەش چەندین جار و بە چەندین جۆری دەزوو دووررابۆوە. تا پۆلی پێنجەمی سەرەتاییش هەر ئەم جانتایەم لەشاندەکرد.

لە قوتابخانەی سەرەتاییدا؛ هەرگیز لەوانە نەبووم کە خۆم بۆ خوێندن کوێر کردبێ. کەچی ناشزانم چۆن، هەمیشە یەکەم بووم و نمرەکانم دە لە دە بوون. لە هەموو وانەیەکیشدا گۆرانییەکم دەبێژا. مامۆستاکانم دەنگمیان پێخۆش بوو، ئەو سروشتەشمیان پێخۆشبوو کە هەرگیز لە گۆرانیبێژان و خۆنمایشکردن سڵمنەدەکردەوە. لە ڕاستییدا ئەگەر مامۆستایەک لە وانەیەکدا بۆ گۆرانیبێژان هەڵینەساندمایە، ئەوا من بە زۆری زۆرداریی واملێدەکرد هەڵمبسێنێت گۆرانی ببێژم. “مامۆستا توخوا با گۆرانییەک ببێژم، ئا یادە تۆش بە مامۆستا بڵێ، میرە تۆش پێی بڵێ، باخان دەی پێیبڵێ، گەشە دەی، لینا، گۆنا، دەی پێیبڵێن، با هەڵمسێنێ گۆرانی ببێژم”. تەنانەت هەندێجار مامۆستاکانم لە پۆلێکی ترەوە دەیاننارد بە شوێنمدا تا لەوێ گۆرانییەکیان بۆ ببێژم. ئەم جۆرە ڕۆژانە لە کاتی خۆیدا ڕۆژی پڕشانازیی من بوون.

ڕۆژێک مامۆستایەکمان لە پۆلێکی تردا کێشەی ئەوەی هەبوو کە نەیدەزانی چۆن قوتابییەکان بخاتە گۆرانیبێژان. چونکە هیچ کامێک لە قوتابییەکان یان ئامادەنەبوون گۆرانیببێژن، یان بە باشیی نەیاندەبێژا. منی بانگکرد تا پیشانیانبدەم چۆن گۆرانی ببێژن! تۆ تەماشا؛ دەستنیشانکراوم کارێک بکەم کە هیچ بیرۆکەیەکی کردنەکەیم نییە. چونکە من تەنها دەمزانی گۆرانیببێژم، نەک خەڵک فێربکەم. وەک پەندەکە دەڵێت “ئەوەی دەیزانێت؛ دەیکات، ئەوەی نایزانێ؛ دەبێتە مامۆستاکەی”. منیش نەمدەزانی چییان فێربکەم بۆئەوەی لە فیستیڤاڵدا بیڵێن، بۆیە لە کۆتاییدا خۆم ئەو گۆرانییەم لە فیستیڤاڵەکەدا بێژا کە دەبوو ئەوان بیانبێژایە.

یەکێک لە خوەکانی تری مناڵییم؛ لاساییکردنەوەی خەڵک بوو. خێزانەکەم چێژیان لەم خوەم دەبینی. هەندێجار کە میوانمان دەهات داوایانلێدەکردم لاسایی خەڵک بکەمەوە، ئەوانیش پێدەکەنین. نازانم بۆ، بەڵام هەمیشە دەچوومە سەر بەرزاییەک، کورسییەک، قەنەفەیەک، مێزێک و لاسایی خەڵکم دەکردەوە. ڕەنگە لە عەقڵی بێئاگامدا سەکۆی شانۆم بۆ خۆم دروستکردبێ. ئیتر منیش هەر لە مەلا و مامۆستا و خزم و کەسوکار و دەرودراوسێ، لاسایی دنیام دەکردەوە. هەمیشە من ناوەندی سەرنجی هەموو خێزانەکەم بووم و لە هەموو کۆبوونەوەیەکدا هەموویانم بە چالاکییەکانی خۆمەوە خەریکدەکرد.

لە جەژنی قوربانی بەهاری ساڵی 1999دا بۆ ئەسپسواریی چووم بۆ سەرچنار. بەڵام ئەسپێکی سەرکێشیان دامێ. ئەسپە خۆشڕەوەکان هەمویان بەدەست مناڵ و خەڵکی ترەوە بوون، تەنها یەک ئەسپی لێبوو، منیش هەر داوامدەکرد. گوێملێبوو، دوو پیاوەکە گفتوگۆیاندەکرد:

  • دەڵێی چی؟ بیدەینێ؟
  • نا، بابە، ئەو ئەسپە شێتە، بۆ ئەو نابێ.
  • کوڕە دە با بیدەینێ، ئیشەڵا هیچ نابێ.
  • ئەی ئەگەر شت بوو؟
  • فشەیە! هیچ نابێ!
نەوا مکورجی لە سەرەتای هەرزەکارییدا
نەوا مکورجی لە سەرەتای هەرزەکارییدا

خاوەنئەسپی چاولەپارە، ئەسپەی دامێ. هەر چوار پێنج غار و ئیتر ئەسپە شێت بوو. بە هیچ دانەدەبەسترا. لە پشتەوە هاواریان دەکرد “شەق بدە لە ورگی، شەق بدە لە ورگی”. منیش قاچم هەر نەدەگەیشتە ورگی. دوای کێشمەکێشێکی زۆر؛ ئەسپە دوو پێشەسم و لۆقی هەڵبڕی و حیلەیەک و منی بە پشتدا هاویشت. بەسەر شەویلگەی لای چەپمدا کەوتم و ئاگام لە خۆم نەما. نازانم دوای چەند ڕۆژ، بەڵام چاوم کردەوە لە ماڵەوە لەناو جێگەدا بووم. تا ئێستاش شەویلگەم بە ناڕەحەتیی دەکرێتەوە و دادەخرێتەوە و تەقەتەقێک دەکات لە کردنەوە و داخستنەوەکەیدا. ئەمەش بەتایبەتیی لەکاتی گۆرانیبێژاندا زۆر بێزارمدەکات.

کارزانی برام، کۆلێژی هونەرەجوانەکان بەشی موزیکی لە زانکۆی بەغدا تەواوکرد. لە سلێمانی بوو بە مامۆستای پەیمانگای هونەرەجوانەکان. ئەو هەم ژەنیاری کەمانچە بوو، هەم عوود و هەم گیتاریش. بەردەوام موزیکی کلاسیک لە ماڵماندا هەبوو. منیش سەرم بۆ موزیک دەخورا. تا ماوەیەک لێیدەپاڕامەوە کە بمباتە تیپی هونەریی مناڵان و بەشکم لەوێ گۆرانی ببێژم. دواجار وایکرد. یەک دوو جار لە کۆرسی مناڵاندا لە گاوانییەکەدا دایاننام گۆرانیببێژم. پاشان داواملێکرد کە بمباتە فێرگەیەکی موزیکەوە. ماوەی نزیکەی مانگێک لە هاوینی ساڵی 1999دا بردمی بۆلای مامۆستا عادل حەمەکەریم، ئەوکات ئەو فێرگەیەکی هەبوو ناوی (ئامۆژگای سلێمانی) بوو. لەسەر شاڕێی سالم و سەروو کارگەی سەهۆڵەکە و بەرامبەر ئوتێل میهراکۆی ئێستابوو. لای ئەو وانەی عوودم خوێند. هاوکاتی ئەم ماوەیە لە لایەکی ترەوە چووبوومە یانەیەکی وەرزشییەوە بۆئەوەی ببم بە یاریزانی پینگپۆنگ.

زۆری پێنەچوو، ڕۆژێک لە بەردەرگای ماڵی خۆماندا لە یارییەکی تۆپتۆپێندا کەوتم و قرنجێک کەوتە ئێسقانی باسکی دەستی ڕاستمەوە. بۆ ماوەیەکی درێژ کە نزیک بە مانگێک دەبوو، باسکمیان لەگەچگرت. بللیمەتێک کە بیرمنایەتەوە کێ بوو، لەم کاتەدا وتبووی “پێش گەچەکە، هێلکەی بۆ بشڵەقێنن و لە قۆڵی بسوون، زوو چاکیدەکاتەوە”.ماڵەوەشمان بەقسەی ئەم بللیمەتەیان کرد و وابزانم سێ هێلکەیەکیان لە قۆڵم سوی. پاش مانگێک کە گەچەکە لێکرایەوە خۆم و ئەو برینپێچەی بۆی لێکردمەوە لە بۆگەنی ساردی ئێڵنجپێدەری هێلکەی قەتیسی ژێر گەچ خنکاین.

چەند ڕۆژێک دوای لێکردنەوەی گەچەکەی باسکم. هەموو خەڵکی ناوچەکە خۆیان بۆ بینینی خۆرگیرانی مەزنی 11ی ئابی 1999 ئامادەدەکرد. هەموومان تامەزرۆی ئەو ڕۆژە بوین. بەڵام من ئەو ڕۆژە هەر لە بەیانییەکەیەوە ئازارێکی مەزن هەناومی گرتەوە، بەرەبەرەش زیاتر و زیاتر دەبوو. تا لای دەمی نیوەڕۆ کە ئەوەندەی نەمابوو بۆ خۆرگیرانەکەی کە هەموومان بەتەوسەوە بوین بۆی؛ ئازارەکەم گرمۆڵەی کردبووم و گینگڵی پێدەدام. کارزانی برام پشکنینێکی سەرەتایی بۆکردم و وتی کە ڕیخۆڵەکوێرەمە، چونکە ئەو پێشتر ڕیخۆڵەکوێرەی دەرهێنرابوو، سروشتی ئازارەکەی ناسییەوە.

بەپەلە بە تەکسییەک بردمیان بۆ خەستەخانە و لە دەرەوەش هەموو جیهان تەماشای خۆرگیرانی دەکرد.تەکسییەکە زۆر بەخێرایی دەڕۆیشت و هەموو تاسەکانی شاری تەیکرد. بەپەلە بردمیان بۆ فریاگوزاریی خێرا و لەوێ نەشتەرگەرییم بۆکرا و ڕیخۆڵەکوێرەم دەرهێنرا. ڕیخۆڵەکوێرەیەک بە نرخی خۆرگیرانێک کە دوو سەعات و سی و شەش خولەک و شەش چرکەی پێچوو و 99.31%ی خۆر گیرا. داخەکەم، ئەم دیاردە دانسقەیەم نەدی و بووم بە هۆی ئەوەی چەند کەسێکی تریش یان نەیبینن، یان ئەوەندە بە ئاسوودەیی چێژیلێنەبینن. ئەم ماوەیە بەتەواویی منی لە موزیک و پینگپۆنگ دوورخستەوە. پاش چاکبوونەوەشم جارێکی تر نەچوومەوە بۆ هیچیان.

لە نیوەی دوەمی نەوەتەکاندا، سازانی خوشکم و میرانی برام کە زانکۆیان تەواوکردبوو، کاریان دۆزییەوە و یارمەتیی خێزانەکەیان دەدا و ژیانمان بەرەو بووژانەوە ڕۆیشت. میران لە هەولێر کاری دۆزیبۆوە، سازانیش لەگەڵ خۆماندا لە سلێمانی. لە پۆلی پێنجەمی سەرەتاییەوە ساڵی 1997 جانتای نوێم بۆ كڕرا و چیتر ئەو جانتا سەوزی تۆخ و ڕەشەی وێنەکەی باتمانی تیابوو سەرنگومم کرد.

خوێندنی ناوەندیی

قۆناغی ناوەندیی لە سلێمانی

نەوا مکورجی لەگەڵ هاوپۆلانی لە قوتابخانەی شۆڕش. ساڵی خوێندنی 2000-2001
نەوا مکورجی لەگەڵ هاوپۆلانی لە قوتابخانەی شۆڕش. ساڵی خوێندنی 2000-2001

لە قۆناغی ناوەندییدا لە قوتابخانەی شۆڕش وەرگیرام. شۆڕش بە قوتابخانەی (عەرەبی) ناسراوە.چونکە خوێندنی عەرەبی و کوردیشی تیابوو. پاش مشتومڕی زۆر لە ماڵەوە کە هەر دایاننابوو ببم بە “پارێزەر”، بڕیاریاندا کە بمخەنە بەر خوێندنی عەرەبی. هۆکارەکان ئەوەبوو کە

  • هێشتا خوێندنی کوردی دەڵەمە بوو.
  • زمانێکی تری دەوڵەمەندتر فێردەبم و لە ئایندەدا دەتوانم بێشومار سەرچاوەی پێبخوێنمەوە.
  • خوێندن لە زانکۆ هێشتا هەر بە عەرەبی بوو، بەتایبەتیش ئەو کۆلێژەی لە من مارەکرابوو کە کۆلێژی “یاسا” بوو.

لە بەشی عەرەبییەکە وەرگیرام. نەمئەزانی کامە مێژوە، کامە جوگرافیایە. کە مامۆستا نەخشەیەکی لەسەر تەختەڕەشەکە دەکێشا ئینجا دەمزانی (ئهم، لە وانەی جوگرافیاداین). کە هەموو وانەکەش تەواو ئەبوو و تەختەڕەش خاوێن بەجێدەما، ئینجا دەمزانی کە لەوانەیە وانەکە مێژوو بووبێت.

مامۆستای عەرەبییەکەمان ناوی مامۆستا بەرزان بوو، هاوڕێی کارزانی برام بوو. مامۆستایەکی زۆر بەڕێز بوو. ڕۆژێک هەڵیسانم بۆ شرۆڤەی ڕستەیەک کە ئەم ڕستەیە بوو بە لەکە بە مێژوومەوە، ئەویش ڕستەی (زارَ مُحَمَّدٌ أَخيِهِ) بوو. دەی (زارَ) چییە؟

  • مامۆستا زارا موئەننەسە

مامۆستا حەپەسا، پاش وچانێکی پڕ لە واقوڕمان، پرسی:

  • ئەی (مُحَمَّدٌ) چییە؟

منیش سەرێکم خوراند و بە بڕوایەکی تەواوەوە وتم

  • مامۆستا، موحەممەد موزەککەرە
  • ئێ باشە، چی ترە؟

چی ترە؟ کوڕی چاکە.

  • مامۆستا، موئەننەس نییە

مامۆستا بەرزان لەو چرکەساتەدا دەیویست بگەڕێتەوە سەرەتای سەرەتا تا بزانێت ئەم هۆکاری ئەم کارەساتە چییە. پاشان پرسی

  • ئەی (أَخيِهِ) چییە؟

لە کوڕەکەی تەنیشتم پرسی

  • ئەرێ ئەخ بوو کە موزەککەر بوو یان ئوخ؟
  • ئوخ نا، ئوخت. ئوخت موئەننەسە
  • ئەی ئەخ موزەککەرە؟
  • بەڵێ

یەکسەر ڕوومکردەوە مامۆستا و وتم

  • مامۆستا، ئەخیهی موزەککەرە

مامۆستا گەڵاڵەی بیرەکانی خۆی کۆکردەوە و پرسی

  • تۆ واز لە (مُحَمَّدٌ) و (أَخيِهِ) بهێنە، (زارَ) بۆچی موئەننەسە؟
  • ئەی مامۆستا زارا کچ نییە؟

مامۆستا لێرەدا دڵنیا بوو کە ئەم کارەساتە ئاوا ئاسان چارەسەر نابێت. شەوەکەی هات بۆ ماڵمان و بە دایکم و براکانمی وت “کاکە ئێوە ستەم لەو کوڕە دەکەن ناردووتانەتە خوێندنی عەرەبی. تا زوە بیخەنەوە کوردییەکە تا نیوەی ساڵی بەسەردا نەهاتوە، ئەگینا دوایی ناتوانێ بچێتەوە کوردی ئەمساڵی هەروا بە خۆڕایی دەڕوات و دڵنیاشبن دەرناچێت.

قسەکەی مامۆستا بەرزان بە هەند وەرگیرا و هەر بۆ چەند ڕۆژێک دوای ئەوە خرامەوە بەر خوێندنی زمانی شیرینی کوردی.

ساڵی یەکەم و دوەمیش قوتابخانەکەمان (شۆڕش) بوو. بەڵام لە ساڵی 2002ەوە بەشی کوردییەکە تەواو جیاکرایەوە. هەر لە هەمان باڵەخانەی ئێستایدا دەمانخوێند، بەڵام کوردییەکە تەنها ناوەندیی بوو، ناونرا (زاگرۆس) و عەرەبییەکەش تا پۆلی شەشەمی ئامادەیی (دوانزەی ئێستا)ی تێدا بوو. واتە من پۆلی سێیەمی ناوەندییم لە (زاگرۆس) خوێند.

لە قۆناغی ناوەندیی خوێندنمدا و بە تایبەتیی دوای پۆلی دووی ناوەندیی (هەشتی ئێستا) و سەرەتای پۆلی سێیەم (نۆی ئێستا)؛ کەمێک بەرباد بووم. هەر ئەوکات فێری جگەرەکێشان بووم و لە پۆلدا هەڵەوەڕییم دەکرد و هەستمدەکرد جیهان شوێنی هەموو کەسێکی بەخۆشیی کردۆتەوە، هیی من نەبێ. بۆیە کەوتبوومە شەڕ لەگەڵ بەختی خۆمدا. بەداخەوە هەندێک لە مامۆستاکانیشم هەرزەنەناس بوون. تا ڕادەیەکیش لەبری ئەوەی دوو قسەی چاکم بۆ بکەن و واملێبکەن لەڕوومنەیەت هەڵەوەڕیی بکەم، دژایەتییان دەکردم و وادیار بوو ئەوان نییەتی ئەوەیان لێهێنابوو کە پشتم بدەن لە زەوی. لەمەشدا سەرکەوتوو بوون.

هاوکات دووراودوور حەزم لە کچێک کردبوو و شیعرم دەنووسی و پەخشانم دەنووسی و خۆم لێببوو بە ئیمروئول قەیس. لە قوتابخانە بە جگەرەوە دەگیرام و دەردەکرام و بانگی ماڵەوەم دەکرا و منیش دراوسێم دەبرد و لە قوتابخانە دەموت “ئەمە خاڵمە”. کۆتاییەکەی بەوە هات کە لە پۆلی سێیەمی ناوەندییدا دوای چەندین جار دەرکردن لە قوتابخانە؛ دەرنەچووم.

قۆناغی ناوەندیی لە هەولێر

دوای دەرنەچوونم لە پۆلی سێیەمی ناوەندییدا،؛ ئەو ساڵە بڕیارمدا بچم لەگەڵ میرانی برامدا بژیم و خوێندنم بۆ هەولێر بگوێزمەوە. هەر واشمکرد. لە هەولێر چوومە (قوتابخانەی وڵاتی ناوەندیی).

ژیانی هەولێر لە ژیانی سلێمانی زۆر خۆشتر نەبوو. زۆر جیاوازتر بوو. لە قوتابخانەی شۆڕش لە عەقاریی سلێمانی زۆربەی بەهاکان ئەوە بوو کێ زۆر قسەخۆشە و خۆشمەشرەبە و سووسەچیی مامۆستا نییە و خۆی جگەرەمان پێشکەش دەکات. هاوکات من نا، بەڵام دڵداریی و کچ و ماچومووچ لای برادەران تامی پلەیەکی لیوای دەدا. زۆربەی برادەران باسیان باسی ئەوە بوو کە لەگەڵ فڵان و فیسار کچدا دڵداریدەکەن. زۆربەشیان درۆیان دەکرد، بەڵام باسەکانیان هێند خۆش بوون کە هەرگیز بەدرۆ نەدەخرانەوە، مەگەر یەکێک زۆر لامسەرلاییانە درۆکان بکات و گوێگرەکانی بە بێعەقڵ بزانێ، ئینجا بە داشۆرین تەمێدەکران. من لەم بوارەشدا وەک یارییەکانی کۆڵان باش نەبووم. ئەوکات بە پێچەوانەی ئەوانەوە من زیاتر حەزم لە دنیای سینەما بوو، هیوایەتم فیلمەکانی (جۆن تراڤۆڵتا) بوو. وەکو ئەو جگەرەم دەکێشا، وەکو ئەو قسەم دەکرد، وەکو ئەو جلم لەبەر دەکرد.

بەڵام بەهاکان لە هەولێر هەموویان جیاوازتر بوون. کەلتوورەکەش جیاوازتر بوو. زۆربەی قوتابییەکانی قوتابخانەکەمان کوڕی چینێکی  دواکەوتووی کۆمەڵگا بوون. بە هیچ شێوەیەک کەسی تیانەبوو سروشتی لە سروشتی شۆڕشییەکەوە نزیک بێت. شتی وا هەر نەبوو هاوڕێیەکت هەبێ دوو کەپڵی هەبووبێ و لە تەنیشتتەوە جگەرە بکێشێ و هەموو ڕۆژێک بەدوای نوکتەی نوێدا بگەڕێ و هەموو هەوڵی بۆ ئەوە بێت قاقای برادەران بوروژێنێت. بەڵکو لە هەولێر و بەتایبەتیی لە قوتابخانەی وڵات قوتابییەکانی بە گشتیی لە چوار جۆر کۆمەڵ پێکهاتبوون.

جۆری یەکەمیان؛ هەولێرییەکان بوون. بەڵام ئەوانەی هەولێریی ڕەسەن بوون زۆر دەگمەن بوون. ئەوانی تریان هەموو خەڵکی چواردەور و کوێرەدێی هەولێر بوون و لە (کوورانی عەنکاوە)دا کۆببوونەوە. بە گشتیی خەڵکانێکی بێوەی بوون و زیانیان بۆ کەس نەبوو. خوێندنی خۆیان دەخوێند و تەنکەهاوڕێیەتییەکی هەموو کەسێکیان دەکرد و دەچوونەوە یان بۆ ماڵەوە، یان بۆ کار. چونکە زۆرێکیان کاریاندەکرد. عەشایەری زۆر تۆخ بوون، خوانەخواستە ببوایە بە دەنگەدەنگت لەگەڵ یەکێکیاندا هەریەکێکیان فەیلەقێکی لە پشتەوە بوو، ژیانتیان دەکرد بە دۆزەخ و هاکازانیت دوژمنداریت. دەردی خۆیان دەیانوت “ئەنگۆ کوو عەشیرەتتان نییە؟ ئێستا مە عەشیرەتەکمان لە پشتێیە، هەر ئەوە نییە، لە خینی خۆم لە خینی خۆم عەفتسەد کەسی دێتە بەرکم و شەڕم لەسەر دەکەن. کێ پەنجەکم لۆ دڕێژکاتن ڕاست دەیدەنە عەردی لە برم“.

جۆری دوەم؛ ئاوارەکانی سلێمانی بوون. لە ڕاستییدا کەسیان خەڵکی ناوشاری سلێمانی نەبوون، بەڵکو خەڵکی چواردەوری سلێمانی بوون. هەرچەندە ئەم گەواهینامەیەم ڕەنگە دڵی هەندێک خوێنەر خۆشنەکات، بەڵام گرنگ نییە بەلامەوە و هەر دانیپیادەنێم. ئاوارەکانی سلێمانی لە هەولێر بەتایبەتیی ئەوانەی من لەگەڵیاندا هەڵسوکەوتمدەکرد؛ خەڵکانێکی کەمنەزاکەت بوون. هەولێرییەکان دادوبێدادیان بوو بەدەستیانەوە. هەڵدەسان و دادەنیشتن لە هیچوخۆڕایی گاڵتەیان بەو کوڕە داماوانە دەکرد. تەنانەت وایلێهاتبوو، هەولێرییەکان پێیاندەوتم “ئەتوو کوو خەرکێکی سولەیمانیت؟ ئەدی نە قسەکمان پێدەرێیتن، نە نوکتەکمان لەسەر دەکەیتن؟ ئەتوو و ئا ئەم وەعشییانەی گەلەکتان فەرقە“. تەماشا، خەڵکانێکی بەرباد چۆن وێنەی ئێمە لە یادگەی خەڵکانێکدا کە گرتویاننەتە خۆیان ناشریندەکەن.

جۆری سێیەم مەسیحییەکان بوون. ئەمانیش چەند جۆرێک بوون. خۆشمەشرەبترینیان مەسیحییەکانی شەقڵاوە بوون؛ کە تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتیی لایان سروشتیی بوو. مەسیحییەکانی عەنکاوە جۆرێکی تریان بوون کە هەرگیز لەگەڵ ئێمەدا تێکەڵاو نەدەبوون و ئەوەی هەستمان پێدەکرد بە چاوێکی سووک تەماشایاندەکردین. ئیتر ناشزانین ئایا لە ناوەڕۆکدا وابوو یان نا. بەڵام دیاربوو کە ئەوانیش پێشتر لە لایەن هەندێ کەسی بە ڕقی ئاینیی گۆشدراوەوە هەراسانکراون و ئێمە مامەڵە لەگەڵ کاردانەوەدا دەکەین، نەک کارەکە خۆی. تاکوتەرا مەسیحیی بەغداییشی تیابوو کە کوردییان نەدەزانی، ئەمان لە عەنکاوەییەکان داخراوتر بوون.

جۆری چوارەمیش پەڕەوازەکان بوون. یەک دوو دهۆکیی و زاخۆیی و ڕۆژهەڵاتیی و کوڕێکی ئاوارەی کەرکووکیی بوون. خێزانەکانی ئەمانیش هەر بە بۆنەی حیزب یان چالاکیی سیاسییەوە لە هەولێر گیرسابوونەوە. بەڵام بە گشتیی ئەمان نادیارترین جۆر بوون. زۆرجار کەس نەیدەزانی کە هەن، ئەوەندە بێدەنگ بوون.

بە گشتیی، لە چاوی هەولێرییەکانەوە وەک ئاوارەیەکی سلێمانی تەماشادەکرام. لە ناخمدا ئەمەم پێمخۆش نەبوو. چونکە ئێمە ئاوارە نەبوین و هەرگیز توخنی هیچ حیزبێک نەکەوتبوین. لەوەتەی هەبوین خێزانێک بوین؛ لە نەهامەتییەکانماندا سەرمان بۆ کەس دانەنەواندوە و لە نسکۆکانیشماندا بە پێی خۆمان هەستاوینەتەوە. هەمیشە پشتمان بە خۆمان بەستوە و چاوەڕێمان نەکردوە کەس پایەبڵندمان بکات. ئەمە جگە لەوەی کە هەرگیز متمانەیان پێنەدەکردم، چونکە نەک تەنها لایانوابوو کە من درۆ دەکەم و ئاوارەی سلێمانیم، بەڵکو پێیانوابوو کە سووسەکەری حیزب بووم. کەس بڕوای نەدەکرد کە کەسێک هەبێ لە سلێمانییەوە بە خۆشیی خۆی بۆ هەولێر هاتبێ و بییەوێت لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانیدا هەڵبداتەوە.

بۆ ئەوەی لە مەسیحییەکان نزیک ببمەوە، هەوڵمدەدا فێری سریانیی بم. لەگەڵ کوڕێکدا نزیک بوومەوە کە مەسیحیی شەقڵاوە بوو، ناوی (ماڕتن) بوو. لەوەوە چەند وشە و دەستەواژە و ڕستەیەکی کەم فێرببووم و هەمیشەش لای کۆمەڵی مەسیحییەکانەوە گوێقوڵاغ بووم تا زمانەکەیان فێرببم. بەڵام هەرگیز نەمتوانی ئەو بەربەستە بشکێنم و ببم بە برادەرێکی نزیکی هیچ کامێکیان چونکە لە چاوی ئەواندا من هەر موسوڵمان بووم و غەیرەدین بووم.

لای ئاوارەکانی سلێمانیش، هەرگیزاوهەرگیز متمانەم نەبوو. چونکە من وەکو ئەوان لە دوای سیویەکی ئابەوە نەچووبووم بۆ هەولێر و پارتی نەبووم. ئەگەریش هەندێ جار خۆمهەڵدەکێشا و درۆم دەکرد؛ گوایە من پارتیم زۆر تۆخیشم، ئەوانیش کە لەوسەرەوە هاتبوونەوە، چێژیان لە درۆکانم دەبینی. هەرچەنیشم دەکرد، نەمدەتوانی ئەم درۆیەیان بۆ بسەلمێنم.

لەناو هەموو ئەم قوتابییانەدا تەنها بووم بە هاوڕێی کوڕێکی مەهابادیی (ڕێبوار) و کوڕێکی کەرکووکیی (عەدنان) و کوڕێکی خۆشناوەتیی (ڕۆژگار). خۆشناوەتییەکەیان نەبێ، دوانەکەی تریش هەر ئاوارە بوون، بەڵام لەچاو ئەوانی تردا بە حەوت ئاو شۆرابوونەوە و کەسانێکی بەڕێز بوون و ئەوەندە بە ڕق گۆشنەدرابوون و ئەوەیان لا گرنگ نەبوو من چیم و کێم. بە گشتییش ئەم ئاشنایەتییە لە کۆتایی ساڵدا پتەوتر بوو، ئەگینا لە سەرەتادا هەر هاوپۆلیی بوو.

هەرچۆنێک بوو، ساڵی یەکەمی ژیانم لەوێ کە ساڵی دوەمی پۆلی سێیەمی ناوەندییم بوو تەواومکرد و دەرچووم بۆ چواری ئامادەیی (پۆلی دەیەمی ئێستا). لێرەش هاوشێوەی مناڵییم تا ڕادەیەک گۆشەگیر بووم و زۆربەی کاتەکانم لە ماڵەوە بەسەردەبرد. لە ماڵەوەش هەر لەسەر کۆمپیوتەر بووم. خۆم فێری بەرنامەکانی (ڤیژوەڵ بەیسک) و (ماکرۆمیدیا فلاش) دەکرد کە دواتر کۆمپانیای (ئەدۆبی) کڕییەوە و ئێستا بە (ئەدۆبی فلاش پڕۆفیشنەڵ) بەناوبانگە. میرانی برام هانیدەدام کە ڤیژوەڵ بەیسک باش فێرببم. ئەگەر خەریکی کۆمپیوتەریش نەبوومایە ئەوا زۆربەی کاتە بەتاڵەکانم بە کتێبی (مێژووی ئەدەبی کوردی)ی عەلادی سەجادی و (دیوانی نالی)یەوە دەبردە سەر. بە داخەوە، تا ئێستاش لە بەرنامەی ڤیژوەڵ بەیسکدا لە هەنگاوی سەرەتایی زیاتر نەڕۆیشتوومەتە پێشەوە.

قۆناغی ئامادەیی

ئەم بەشە لە ئایندەدا وەک ئەوانی تر دەتەسەلێنم. بەڵام بە کورتیی؛ ساڵی یەکەمم لە پۆلی چوارەمی ئامادەییدا (دەی ئێستا) دەرنەچووم و دواتریش چوومە قوتابخانەی عەنکاوەی کوڕان. لەوێش ساڵی دوەم هەر دەرنەچووم و پاشان هاتمەوە بۆ سلێمانی و خرامە قوتابخانەی ئێواران. لە (قوتابخانەی هەرێمی ئێواران) لە سلێمانی جادەی دادگای کۆن هەر سێ ساڵی چوارەم و پێنجەم و شەشەمی وێژەییم تەواوکرد.

زانکۆ

زانکۆی سلێمانی کەمپی کۆن
زانکۆی سلێمانی کەمپی کۆن

لە پۆلی شەشەمدا کۆلێژی شەریعەم بۆ هاتبۆوە، بەڵام ئەوساڵە کوردیی ئێواران کرایەوە و نمرەی نزمتری لە شەریعە دەویست. منیش کە لە مناڵییەوە خولیایەکی وێژەوانییم هەبوو، کۆلێژەکەم بۆ (سکوڵی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی سلێمانی) داگرت. بە یەکێک لە باشترین بڕیارەکانی ژیانمی دادەنێم. هەر ئەو بەشەشم لە کەمپی کۆنی زانکۆ (کە ئێستا زانکۆی پزیشکیی سلێمانی)یە بە پلەی بەکالۆریۆس لە ساڵی 2012دا تەواوکردوە.

ئەم بڕوانامەیە بەس نەبوو بۆ من کە لە ئیشەکانمدا فریامبکەون، بۆیە لەگەڵیشیدا هەموو کۆرسەکانی مایکرۆسۆفت ئۆفیسم تەواوکرد بە ئۆنلاین و پاش ئەنجامدانی هەموو تاقیکردنەوەکانی مایکرۆسۆفت بۆ ئۆفیس، توانیم ببمە خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە ئۆفیسدا لە 17ی شوباتی 2013دا. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە من شارەزاییەکی تەواوم هەیە لە:

  • پسپۆڕ لە مایکرۆسۆفت ۆرد
  • پسپۆڕ لە مایکرۆسۆفت ئێکزڵ
  • تایبەتمەند لە مایکرۆسۆفت پاوەپۆینت
  • تایبەتمەند لە مایکرۆسۆفت ئەکسێسدا.
  • نەوا مکورجی لە کاتی کاری فیلمسازییدا
    نەوا مکورجی لە کاتی کاری فیلمسازییدا

لە لاوە کە خوێندکاری زانکۆ بووم، هەوڵمدەدا لە بواری ئۆپێرا و سینەما و نووسیندا خۆم پێشبخەم و خۆمفێربکەم.

بوون بە موزیککار

لە هاوینی ساڵی 2006دا لەسەر بەرنامەی (مەیکمیوزیک فیناڵێ) دەستمکرد بە خۆفێرکردنی نووسینەوەی نۆتەی موزیک و خۆفێرکردنی موزیک. هاوکات خۆم فێری پیانۆژەندن و موزیکدانان و ئۆپێرابێژان دەکرد. لە ڕاستییدا دەمەویست ئەو حەزەی مناڵییم زیندووبکەمەوە کە خووم بە گۆرانیوتنەوە گرتبوو. زۆر خەڵک پێیاندەوتم “ تۆ ناتوانیت لەم وڵاتەدا ببیت بە موزیککار” و “تۆ لە ژیانی کارکردنتدا کەسێکی لێهاتوو و پیشەگەریت. ئایندەی خۆت لەپێناو بوونت بە موزیککارێکی سەرنەکەوتوو یان گۆرانیبێژێکی سەرنەکەوتوودا مەفەوتێنە“. بەڵام ئێستاشی پێوەبێت، من هەر بەردەوامم، چونکە موزیککاریی دەروونم ئاسوودە دەکات و هێورم دەکاتەوە و واتایەک بە ژیانم دەبەخشێت. گوێ بە هەوڵی ڕووخاندن و ڕێگرییش نادەم، دواجار؛ موزیک موڵکی کەس نییە تا ڕێگرییم لە کردنی لێبکات.

نەوا مکورجی لەکاتی موزیکژەندندا لە کافتریاکانی سلێمانی 2009
نەوا مکورجی لەکاتی موزیکژەندندا لە کافتریاکانی سلێمانی 2009

لە 2006 و 2007 و تا 2010ش زۆربەی کاتەکانی ڕۆژەکەم بە موزیکەوە دەبردەسەر. لە 2009 و 2010دا لە هەندێک کافتریای شاری سلێمانیدا پیانۆمدەژەند. جارجاریش بەرنامەیەکی موزیکییم سازدەدا. ئەم موزیکژەندن و بەرنامانە داهاتێکی وای بۆ من نەبوو کە لەسەریان بەردەوام بم. ئەو گۆرانی و موزیکانەی منیش دەمژەنین و دەمبێژان ئەوانە نەبوون کە خەڵک چاوەڕێیاندەکردن. بۆیە نە داهاتەکەی، نە پێزانینەکەی بۆ بەردەوامبوونم پاڵنەر نەبوون. بەڵام لە ژیانی هونەرییمدا ئەزموونێکی زۆر باش بوو.

لە ماوەی خوێندنی زانکۆشمدا؛ بەشدارییم لە چەند کۆنسێرت و چەند بۆنەیەکی تری موزیکیی و هەندێ بەرنامەی تەلەفیزیۆنییشدا کردوە. زۆر بە شایستەی تیشکپێدانیان نازانم و لای خۆم ئەوەندە کارانێکی گرنگ نەبوون.

وەک موزیکدانەر

سینکۆپاڕتی - نەوا مکورجی

موزیکدانان، چ پێشتر و چ ئێستاش، لە هزری مندا فراوانترین بەشی داگیرکردوە. وەک پێشتر خوێندتەوە؛ هەر لە مناڵیی و ئەوەندەی بیرمبێت هەمیشە خولیام بوە. تەنانەت پێش ئەوەشی بەڕاستیی فێری موزیک ببم، بە بەرنامەی (مەیکمیوزیک فینالێ) کوێرانە هەوڵمدەدا موزیکدابنێم. هەندێجار موزیکەکە بە ڕێکەوت باش دەردەچوو، هەندێجاریش زۆر خراپ! ڕەنگە هێشتاش هەندێکم لەم موزیکانە مابێت کە بە ڕێکەوت دامناون.

کە لە قۆناغی ئامادەیی بووم، زۆربەی کاتەکانی کۆشش خوێندنم بە موزیکدانان دەدا. ئەوکات دەمتوانی زۆر جار بێ هەستان دوانزە و سیانزە سەعاتی تەواو بە موزیکدانانەوە خەریکبم. ئێستاش هەر بەردەوامم و کەمکەم هەوڵیشدەدەم بەپێی توانا لەم ماڵپەڕە و لە یوتیوبدا کارەکانم بڵاوبکەمەوە.

نەوا مکورجی 2016
نەوا مکورجی 2016

نەوا مکورجی

وەک پیانۆژەن

نەوا مکورجی لە نمایشی شانۆگەریی مارا-ساددا 2016
نەوا مکورجی لە نمایشی شانۆگەریی مارا-ساددا 2016

ساڵانی 2005 و 2006 هەرزەکارێکی سەرلێشێواو بووم. لەناو خولیا زۆرەکانمدا ونببووم. دەمویست ببم بە هەموو شتێک و دەشمویست لە هەموو شتێکدا سەرکەوتووترین کەس بم! نیوەڕۆیەک لەسەر قەنەفەیەک بە ئاوەژویی پاڵکەوتبووم و بیرمدەکردەوە “ببم بە چی؟” پاشان بەخەیاڵمدا هات کە لە کتێبخانەی کارزانی برامدا بە دوای هەندێ کتێبی موزیکییدا بگەڕێم. کتێبێکی عەرەبییم دۆزییەوە ناوی “بێتهۆڤن باوکی سیمفۆنییەکان” بوو. خوێندمەوە. کتێبێک بوو لەسەر ژیانی موزیکدانەر و پیانۆژەنی بەناوبانگی ئەڵەمانی (لودڤیگ ڤان بێتهۆڤن). بێ ئەوەی هیچ عەرەبییەکی باش بزانم؛ لەناکاو بڕیارمدا کتێبەکە بۆ سەر زمانی کوردی وەربگێڕم. هەر واشمکرد.

بەمەوە خۆم سەرقاڵکرد. لە ناوەڕاستی کاری وەرگێڕانەکەدا، بیرمکردەوە کە سەرچاوەی تریشی تێکەڵاوبکەم. کتێبی ترم دەربارەی بێتهۆڤن پەیداکرد. پاشان وتار و نوسراوی تر؛ چ لە ئینتەرنێتەوە، چ لە و گۆڤار و ڕۆژنامەی ترەوە. هەمویانم ڕەچاوکرد. لەگەڵ یەکدا تێکەڵاومکردن و بوو بە کتێبێک بەناوی “بێتهۆڤن، ئیمپڕاتۆری مۆسیقا” و پاش دوو ساڵ لە ساڵی 2008دا بڵاوکرایەوە. بەداخەوە، لە ئێستادا بە یەکێک لە نابووتترین کارەکانمی دادەنێم.

بەڵام ئەوەی گرنگە، ئەوەیە کە لەم گەشتەدا خۆشم خوومدایە موزیک. هەندێک لە موزیکەکانی بێتهۆڤنم لە ئینتەرنێتەوە دابەزاندبوو. گوێملێدەگرتن. پاشان هەر لەژێر کاریگەریی بێتهۆڤن و مۆتسارت و دواتریش باخ و هایدن و شۆپان و لیستدا پیانۆم بە ئامێری خۆم هەڵبژارد و خۆمفێرکرد.