دەستکارییکردنی وێنە

دەستکارییکردنی وێنە

بۆ ئەو کەسانەی بڕوایان وایە دەستکارییکردنی وێنە یان فۆتۆ کارێکی خراپە و بەهای وێنەکە ناهێڵێت…
دەستکارییکردن یان (ئیدیت) وەک هەموو جۆرێکی تری هونەر، جگە لەوەی کە کارامەیی و لێزانینە، لەهەمان کاتدا بیر و تا ڕادەیەکیش بڕوایە.

بەڵام کۆمەڵێک زانیاریی هەن پێویست دەکات خەڵک بە گشتیی بیانزانێت؛ مەرج نییە هەموو کات ئیدیت یان دەستکارییکردن خراپ بێت، من دەمەوێت بە فۆتۆیەک دیمەنێک لەگەڵ تۆدا دابەشبکەم، ئەو شتە دابەشبکەم کە خۆشم دەیبینم.
– زۆرینەی مرۆڤ لە پێستیاندا وردە خاڵی پچووک هەیە، بەتایبەت لە دەموچاویاندا، بەڵام خۆیان نایبینن، ئیدیتەر دەیبینێت.
– زۆربەی ئافرەتان کە ماسکەرا دەکەن خاڵێک یان چەند خاڵێک لە ماسکەراکە دەکەوێتە سەر ڕوومەتیان.
خۆیان نایبینن، ئیدیتەر دەیبینێت.
– زۆرینەی ئافرەتان و پیاوە قژدرێژەکان هەمیشە تاڵێک هەیە لە لێویان گیربوە، خۆیان نایبینن، ئیدیتەر دەیبینێت.
– زۆرینەی مرۆڤە بە تەمەناچوەکان لە ئاوێنەدا کە سەیری خۆیان دەکەن لە ترسی پیربوون وردە چرچییەکانی دەموچاویان یان پشتگوێدەخەن، یان نایانبینن، یان دەیانبینن و بە هیوای ئەوەن کە ئەوەندە زەق نەبێت.
ئەمانە ڕەنگە خۆیان بیبینن یان نەیبینن، بەڵام ئیدیتەر دەیبینێت.
– زۆرینەی مرۆڤە ئەسمەرەکان، کەمێک خۆیان کاڵتر دەبینن وەک لەوەی هەن، زۆرینەی مرۆڤە زۆر سپییەکان یەک تۆز خۆیان تۆختر دەبینن وەک لەوەی هەن، زۆرینەی ڕەشپێستەکان خۆیان کەمێک کاڵتر و ڕوونتر دەبینن وەک لەوەی هەن یان ئەسڵەن وەک ئەوەی لە کامێرادا دەربچن، ڕەنگە کورد لەبەر کەمی تێکەڵبوونی لەگەڵ ڕەشپێستدا زۆر هەست بەم شتە نەکات، بەڵام ڕەشپێستی نەگبەت کە وێنەی لەگەڵدا دەگریت بەتایبەت لە تاریکیی و شوێنی داخراودا هەر هێلکەیەکی ڕەشی زل دەردەچێت بە ملی لەشێکەوە.
ئەمانە خەڵک نایانبینن، بەڵام ئیدیتەر دەیانبینێت…
———–
ئەمانە هەموو لە لایەک، لە لایەکی تر با بێینە سەر جیاوازیی بینینی چاوی مرۆڤ و بینینی کامێرا
ئەوەی تۆ وا هەستدەکەیت کامێرە لە چاو جوانتر شت دەبینێت هەڵەیە، زۆر دەمێکیشە هەڵەیە، ئەسڵەن ڕەنگە ئەم چرکەیەی کە ئەمەش دەخوێنیتەوە بڕوانەکەیت، بەڵام چاوی مرۆڤ زۆر زۆر زۆر لە چاوی کامێرە عەزەمەتتر شت دەبینێت.
زۆرینەی هەرەزۆری خەڵک لەسەر زەوی بە مۆبایل وێنە دەگرێت، تا ئێستا سەرنجی ئەوەت نەداوە هەندێ ڕۆژ کە لە ڕۆژدا وێنەی شوێنێک دەگریت، ئاسمان شینتر دیارە لە مۆبایلەکەتدا بە بەراورد لەو ئاسمانە ڕاستەقینەیەی ئەو چرکەیەی کە وێنەکەت تیاگرتوە؟
تا ئێستا سەرنجی ئەوەت نەداوە هەندێجار پێستی دەموچاوی خۆت لە وێنەی مۆبایلەکەتدا سافتر و ناسکترە لە پێستە ڕاستەقینەکەی کە لە ئاوێنەدا خۆتی تیادەبینیت؟
تا ئێستا سەرنجی ئەوەت نەداوە کە وێنەی خۆت دەگریت بەرامبەر ئاسمانێکی شینی تۆخ، ئاسمان لە وێنەکەدا سپی دەرچوە؟ کە لەڕاستییدا ئاسمان لە پشتتەوە شینێکی تۆخ بوە؟
تا ئێستا سەرنجی ئەوەت نەداوە زۆرجار ئەو شوێنەی تیایدایت لە وێنەی مۆبایلەکەتدا زۆر تاریکترە لەوەی بەڕاستیی خۆتی تیایت؟ ئەمە بەتایبەتیی لە شەواندا
تا ئێستا سەرنجی ئەوەت نەداوە هەندێجار چاوت زۆر گەورەتر دەبینیت لە ئاوێنەدا وەک لەوەی لە وێنەیەکی مۆبایلەکەتدا دەردەچێت؟ هەستناکەیت هەندێ جار لووتت یان دەمت گەورەتر یان پچوکتر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکدا دەیبینیت؟ یان بە پێچەوانەوە؟
قەت سەرنجت نەداوە زۆرجار چەناگەت بە گەورەتر یان پچوکتر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکدا دەیبینیت؟
قەت سەرنجت نەداوە هەندێجار خۆت بە تووکنتر یان لووستر دەبینیت وەک لەوەی لە فۆتۆیەکدا خۆت دەبینیت؟
قەت سەرنجت نەداوە باڵات بەرزتر یان نزمتر، خۆت قەڵەوتر یان زەعیفتر یان خۆت بە پیرتر یان گەنجتر دەبینیت وەک لەوەی لە فۆتۆیەکدا دەیبینیت؟
تا ئێستا سەرنجی ئەوەت نەداوە کە ئەو وێنەیەی گرتووتە خاڵ خاڵی پچووکی ناشرینی زیاتر تێدایە کە لەوەی لە ڕاستییدا بە چاوی خۆت دەیبینیت؟ ئەمە بەتایبەت لە شوێنە تاریکەکانی ناو وێنەکەتدا و بەتایبەت لە کاتی ڕوناکیی کەمدا
تا ئێستا سەرنجی ئەوەت نەداوە کە سەیری وێنەیەکی برادەرەکەت دەکەیت کە بە مۆبایل گیراوە هەندێ جار ڕاستەوخۆ برادەرەکەت دەبینیت، یان هەندێجار لە هەندێ وێنەدا باکگراوندی برادەرەکەت زیاترسەرنجڕاکێشترە؟ بۆ نموونە هەندێ جار داوا لە یەکێک دەکەیت وێنەت بگرێت بە مۆبایلەکەت، سەیردەکەیت نیوەی تۆ پەڕیوە، یان نیوەی برادەرەکەت پەڕیوە لە وێنەکەدا، چ بە ئاسۆیی بێت یان چ بە ستوونیی بێت، هەندێ جار لە سەیران و شت کە یەکێک وێنەیەکت دەگرێت، لە وێنەکەتدا بەس سەرت دیارە و هەمووی ئاسمانە، ئەو پرسیارە دروست دەبێت کە ئایا ئەمە وێنەی ئاسمانە و سەری تۆ لە مەسەلەکەدایە یان ئەمە وێنەی تۆیە و ئاسمان بەشێکی زۆری تۆی داگیرکردوە؟!
تا ئێستا سەرنجی ئەوەت نەداوە کە وێنەی کەسێک دەبینیت بە پێوە وەستاوە، کە وێنەکەی گیراوە قاچی پەڕیوە لە وێنەکەدا و لە پووزیەوە دەرکەوتوە و بەرامبەریشی سەقفێکی زۆر هەیە؟ ئەمانە هەموو پەیوەندیی بە بینینی مرۆڤەوە هەیە.
———–
لەبەر هەموو ئەمانە، زانستی فۆتۆگرافیی دروستبوە و خەڵکانێک هەن خەریکین، لەبەر هەموو ئەمانەیە کە زانستی ئیدیتیش پەیابوە. فۆتۆگرافەر و ئیدیتەری ڕاستەقینە زۆرجار هەوڵدەدەن ئەوەت پییشان بدەن کە چاویان دیویەتی، ئەڵبەت زۆرینەی خەڵک بەرەو کووڵێتیی دەچن و ئیدیتەکانیان زۆر زۆر زۆر زۆر زۆرە و وێنەکانیان لە ڕاستەقینەوە زۆر زۆر دوورە، ئەڵبەت منیش حەزم لەم جۆرە ئیدیتە زۆرە نییە کە ئیتر ڕاستەقینەیی بینینەکەت زۆر دوورکەوتٶتەوە. بەڵام لای من ئیدیتەری ڕاستەقینە هەوڵدەدات هەتا بۆی بکرێت ئەوەت پیشان بدات کە خۆی دیویەتی.
ئەمانەش لەبەرئەوەی یەکێک لە گەورەترین جیاوازییەکانی کامێرە و چاو ئەوەیە چاو لە ڕووناکیی ئێجگار کەمدا دەبینێت، کە کامێرە هەموو کات ئەوەندە نابینێت، هاوکات چاو داینامیک ڕەینج (واتە مەودای جیاوازیی نێوان زۆرترین ڕوناکیی و زۆرترین تاریکیی) چەندین قات زیاتر دەبینێت وەک لە کامێرە. لەبەرئەوە چەندین تەکنیک هەیە بۆئەوەی وێنەیەک بگریت و دوایی بە ئیدیت وایلێبکەیت کە لە ڕاستییەکە خۆی بچێت، هەندێجار ئەگەریش کەمێک لە ڕاستیی زیاتر بێت هەر ئاساییە، بەڵام کە زۆردەبێت من وەک خودی خۆم حەزم لێی نابێت.
لەبەر هەموو ئەمانەش و زۆر شتی تر کە پێویست ناکات لەم پۆستەدا هەموویان بنووسم، وێنەی ڕاستەقینەی فۆتۆگرافەری ڕاستەقینە هەتا بە پڕۆسەی ئیدیتکردندا نەچێت نابێت بە وێنەیەکی ڕاستەقینە. لەبەرئەوە هەوڵمەدە ئەو بیرۆکەیە لە مێشکتدا بچەسپێنیت کە ئەگەر وێنەیەک دەستکاریی کرا ئەوا بەرەو خراپتر دەچێت. وانییە، خەڵکانێک هەن (وەکو من) بە چەندین سەعات خەریکی تەنها یەک وێنە دەبن و چەندین جار بیردەکەنەوە و بڕیاردەدەن کە چۆن چۆنیی ئەو وێنەیە بە باشترین شێوە پێشکەشی تۆ بکەن، لە ململانێیەکی تەواودان لەنێوان میمۆرییاندا لەکاتی گرتنی فۆتۆکەیاندا و هەوڵدان بۆ نزیککردنەوەی فۆتۆکانیان لەو دیمەنەی دیویانە. خەڵکانێک هەن بە چەندین تەکنیک و تەکنەلۆجیا و شت فێردەبن تەنهاوتەنها بۆئەوەی باشترین شت پیشانی تۆ بدەن (هەندێکیان بۆ پارەشیان دەوێت، بەڵام خۆ ئەمەش مافی خۆیانە ئەو شتەی پێوەی ماندوو دەبن ژیانیان بۆ دابینبکات)
———–
کورت و پوخت، من هیچ وێنەیەکم نییە بڵاومکردبێتەوە و بە ئیدیتدا تێنەپەڕیبێت. بەڵام بە شتێکی خراپی نازانم و ئەسڵەن نەک خراپ نییە، بەڵکو باشیشە. بەس کە بە زیرەکانە و لێزانانە دەکرێت نەک کە بە مۆبایلەکە سلایدەرێک ڕادەکێشیت و واهەستدەکەیت وێنەکەت جوانترە…
بەڵێ وێنەکانم دەستکارییکراون و شانازیش بەوەوە دەکەم کە لێزانانە فۆتۆ ئیدیت دەکەم، زۆرجار زۆر باش دەردەچن بەدەستمەوە، هەندێجار لەبەر خراپی وێنەکە بێت یان هەر شتێکی تر ئەوەندە باش دەرناچن.. بەڵام هەموویان دەستکاریی کراون…
ژیانێکی ئارام…

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.