وەرە بۆلام

وەرە بۆلام[1]

وەرە بۆلام، بەبێ بەڵێن، بەبێ پلان،

بێ تووڕەبوون،  بەبێ گریان

 

تۆش وەکو من؛

هەزار دیژ زنجیر کراوی،

سەدان جار زویر کراوی.

لە ناخا نوقمی گریانی،

بە ڕوخساریش پاڵەوانی.

 

تۆش وەکو من درۆ ئەکەی؛

کە خۆت سەنگین پیشانئەدەی،

لە پەیکەرێکا ڕووخاوی،

نازانی مردوی یان ماوی.

 

وەرە بۆلام،

ئەم تاجە نایلۆنەت لابە،

لە باوەشما بێئاگابە.

وەرە لام و ڕازەکانت بدرکێنە،

وەرە و تێر بەکارمبێنە.

تۆش وەک منی، تەنیا و ونی،

نازانی چۆن خۆت ئەبینی.

 

تۆش وەکو من؛ پڕ گومانی،

لەسەر لێواری نەمانی،

نازانی چۆن بەردەوام بی،

ئەگەرچی تینووی ژیانی.

 

وەرە، هەردوکمان دۆڕاوی گەمەی گەلەگورگەکانین.

دیل و دەردەداری عەشقی درۆیینەی دڵڕەقانین.

وەرە بەسەر یەکا بگرین،

بەسەر یەکا بتوێینەوە،

هێزێک بدەینەوە بە یەک،

یەکتر زیندووبکەینەوە.

 

وەرە بۆلام.

30/مارت/2018

[1] ئەم هۆنراوەیە یەکێکە لە پشوودرێژترین هۆنراوەکانم. بە چەندین پڕۆسەی جیاوازدا تێپەڕیوە. بۆنەی نووسینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی 2014 و سەرەتاکانی ساڵی 2015 کە دەمویست گۆرانییەک بنووسم بە شێوەیەک بێت ڕاشکاوییەکەی مرۆڤ بریندار بکات. پەردە لەسەر هەموو نهێنییەکانی ناخی مرۆڤی باڵا لابدەم. لە ڕاستیدا ڕێکخستنی خەیاڵی تێکەڵ و پەیپێنەبراو و کارلەسەرنەکراوی ناخی مرۆڤ کارێکی ئاسان نییە. لە سەرەتادا داوام لە چەند کەسێکی تر کرد لەم بابەتە بنووسن بەشکم منیش بیکەم بە گۆرانی، بەڵام ئەوان بڕوایان وایە کە گوایا “شیعر خەیاڵە، دەبێ چاوەڕێبکرێت خۆی بێت“.

ڕەنگە بتوانم چەندین وتار و نامیلکە لەسەر سەرنجی خۆم بنووسم بەرامبەر ئەو دەربڕینەی سەرەوە. بەڵام بۆ کورتکردنەوەی چیرۆکێکی درێژ و بە ڕای کورتی کۆنکرێتیی من: من بەتەواوەتی دژی ئەم بیرەم. هۆنراوە وەکو هەموو هونەرێکی تر لێزانین و ئاکار و پیشەگەریی خۆی دەوێت. بەڵێ ڕاستە؛ ڕەنگە بیرۆکەی بابەتێتییەکەی بە کات و دنیابینی و ئەزموونی هۆنەرەکەیەوە پەیوەستبێت. بەڵام خۆ هۆنەر دەبێت لە لایەنی تەکنیکیی کارەکەدا کارزان بێت و بتوانێت خەیاڵەکان بە ڕشتەی دانسقەئاسا ڕێکبخات و لە وشەسازیدا شارەزا بێت و سەلیقەی هۆنراوەیی خۆی بنوێنێت. هەمیشە نموونەی ئەم هۆنەرانەی وادەڵێن بەوە دەهێنمەوە کە: وەک ئەوە وایە لە موزیکدانەرێک داوابکرێ کە موزیکی فیلمێک، شانۆگەرییەک یان ئۆپێرایەک دابنێ و تەنها سێ مانگ لەبەردەستدا بێ. موزیکدانەریش بڵێ “موزیک خەیاڵە، دەبێ چاوەڕێبکرێت خۆی بێت!”.

بە دڵنیاییەوە ئەگەر هەموو کەسێک بەو شێوەیە ڕەفتار بکات؛ بڕواناکەم ژیان ساڵێک زیاتر بەپێوە بوەستێت! بە بڕوای من لە کەمتر لە ساڵێکدا بەو ڕەفتارە ژیان دائەڕمێت. بۆیە ڕای من ئاوای بوو. پاش ماوەیەکی دوورودرێژ لە دەستکاریکردن دەمتاقیکردنەوەی کەسانی تر؛ بڕیارمدا خۆم بینووسم و تەواویشیبکەم. ئەمەی لێدەرچوو کە ئێستا لەبەردەستی بەڕێزتدایە و هەر ڕاستەوڕاست دوای تەواوبوونی نووسینیشی کردم بە گۆرانی و لە مانگی 7ی 2019دا بڵاومکردەوە.

نۆتە

نۆتەی گۆرانیی وەرە بۆلام

نۆتەی گۆرانیی وەرە بۆلام
نۆتەی گۆرانیی وەرە بۆلام

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.