جوانی و ئەزموونی ژیان

جوانی و ئەزموونی ژیانکردن[1]

نۆتەی گۆرانیی جوانی

دەقی گۆرانیی جوانیم لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢دا تەواو کردووە، هەر لە سەرەتاشەوە دەمزانی کە ئەم دەقە بۆ گۆرانییە. وردەوردە موزیکەکەش دانرا و پاکنووسێکم لێی تەواو کرد، لە کۆتایی هەمان ساڵدا دابەشم کرد بەسەر باندێکی موزیکدا.

ئەوکات تازە میر شەماڵم ناسی، هەر زوو خۆشمویست و میرە هەموو ئەدگارێکی مرۆڤی بللیمەتی تێدا بە دی دەکرا. داوام لێی کرد ئەم گۆرانییەم بۆ تۆمار بکا و ئەویش دلێرانە بە دەنگمەوە هات و هەر لە ژووری نوستنەکەی خۆم تۆمارمان کرد و لە ٩ی نیسانی ٢٠١٣دا بڵاوم کردەوە.

سەرەتا ئەوەندە لە جۆشوخرۆشی ئەوەدا بووم کە یەکەم گۆرانیی خۆم، کە هیی خۆم خۆمە بڵاو بووەتەوە: ئەو نەوایەی هەر لە مناڵییەوە دەیناسم دەیەویست ببێ بە گۆرانیبێژ و ئێستاش وا خەونی مناڵییەکەی بە دی دەهێنێ: چاو و گوێم وردەکارییەکانیان بە دی نەدەکرد. پاشان وردەوردە هەندێ کێشەی گەورەم تێدا بە دی کرد، کە ئەوکات بە منیش و میرەش هەر ئەوەندەمان لێی دەزانی. هەندێ هاوڕێی نزیکیشم هەڵەکانیان خستبووە بەر نووکی نەشتەر و گەردبین و بەردەوام پێیان دەوتمەوە. سەرئەنجام وای کرد دوای ماوەیەک ئەوەندە لە بەرچاوم بکەوێ کە بڕیار بدەم لە یوتیوبەکەمدا بیسڕمەوە. لە کاتی سڕینەوەکەدا بیرێکم کردەوە: ڕەنگە بە باشی و تەواوی بیرم لەم بڕیارە نەکردبێتەوە، با جارێ تەنها جۆری بڵاوبوونەوەکەی بگۆڕم بە (تایبەت – پڕایڤت). واشم کرد.

بڕیارم وا بوو لە ئایندەدا جارێکی تر دیسان تۆماری بکەمەوە، لە ٢٠١٨دا نۆتەکەم هێنایەوە و ئەمجارە پاکنووسێکی پیانۆ و دەنگم لێی تەواو کرد، لە ٢٠١٩دا دیسان پاکنووسێکی نوێم لێی تەواو کرد، لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵم دا خۆم موزیکەکەی بە پیانۆیەک بژەنم و بە دەنگیش بیبێژم، لە کاتی پڕۆڤەدا هەندێ چاکسازیی نوێترم لە نۆتەکەدا کرد. بەستەری نۆتەکەی لە سەرەوە هەیە.

ئەم گۆرانییە و چەند ئەزموونێکی تری خەوشدار منیان خستە تەمەنێک بیرکردنەوەی قووڵ لە کێشەکان و چۆنێتیی بەرهەمهێنان کە چۆن بەرهەمەکانم هەڵەیان تێدا نەبێ و بێگەرد بن، بۆیە هەموو ڤیدیۆکانی یوتیوبم لابرد. بەردەوام لە گەڕاندا بووم بۆ وەڵامی ئەم هەموو ڕاڕایی و وێڵییە، دوای ماوەیەک بە ڕێبازی «وابی-سابی»ی ژاپۆنی و فەلسەفەی «ستۆیی» ئاشنا بووم کە تێڕوانینی ژیانمیان گۆڕی. وابی-سابی تێڕوانینێکە کە دەڵێ: چاکترە شت بە ناشرینییەکانیەوە قبوڵ بکرێ، چونکە ناشرینی بەها بە جوانی دەدا: ئەگەر تاریکی نەبێ، ڕوناکی هیچ بەهایەکی نییە؛ ئەگەر هەژاری نەبێ، دەوڵەمەندی هیچ بەهایەکی نییە؛ ئەگەر تەڕی نەبێ، وشکی هیچ بەهایەکی نییە. فەلسەفەی ستۆییش بە پوختی دەفەرمێ: دەبێ بەو شێوەیە بەرەوڕووی ژیان بچی کە خۆی هەیە نەک بەو شێوەیەی تۆ دەتەوێ ببێ، تۆ دەسەڵاتت بەسەر هەور و باران و ساماڵدا نییە، تووڕەیی تۆ هیچ لە بارانبارین و ساماڵەکە ناگۆڕێ، بۆیە باشترە خۆت لەگەڵ سروشتدا ئاشت بکەیتەوە، چونکە تۆ بەشێکی لە سروشت.

بیر بکەرەوە: دوو کەس کە هیچیان دەست بۆ ئاگر نابەن، یەکەمیان هەرگیز دەستی بۆ نەبردووە و لە کۆمەڵگاوە فێر کراوە نابێ دەست بۆ ئاگر ببەی؛ دووەمیان جارێک دەستی بۆ ئاگر بردووە و دەستی سووتاوە. ئەگەرچی لە ئێستادا هەردووکیان دەست بۆ ئاگر نابەن، بەڵام لای من ئەم دوو کەسە هاوسەنگ نین، ئەوەیان کە ئەزموونی کردووە داناترە لەوەیان کە بە ئۆتۆماتیکی وەریگرتووە، ئۆتۆماتیکەکە بۆ تاتایە ئەزموونێک قەرزارە.

کۆمەڵگای هەموو جیهانیش هەزاران ساڵە و بەردەوام خەریکی بەرهەمهێنانی مرۆڤی ئۆتۆماتیکی و بیردۆزین. بەڵام تەژیترین ژیان ئەو ژیانەیە کە خۆت ئەزموونت کردبێ. بەس ئەوەندە هەڵەکانت بشارەوە، بەس ئەوەندە کەموکورتییەکانت بپۆشە، ئەو هەڵە و ئەزموونە خراپانە بەرەو لوتکەی کامەرانیی ژیانت دەبەن.

وەک دەبینن من تەمەنێکم لە هەوڵدان لە بێگەردخوازیدا بە سەر بردووە، ئێستا بە کامی باوەڕمەوە بێگەردخوازی بە هەڵە دەزانم، هەموو بێگەردخوازێکیش دوای کڵاوی بابردوو کەوتووە و بە دەستی خۆی کەلەپچەی خستووەتە قاچی خۆی تا هەنگاوێک نەڕوا. لەناو پێکهاتەی بێگەردخوازیدا تۆوی دڵشکان و تووڕەیی و خەمۆکی هەیە. تەنها دوو کەس هەڵە ناکەن: ئەو کەسەی کە هیچ ناکا و ئەو کەسەی مردووە. پشکێکی گەورەی جوانیی ژیان بەر هەڵەکان دەکەوێ: کەموکورتی بەها بە بێگەردی دەدا. ئەو بیردۆزانەی بۆ ژیان دانراون و بەردەوام پێت دەوترێ: «نابێ هەڵە بکەی، نەکەی هەڵە بکەی، نەکەی، نەکەی…» خۆی هەڵەیە! چونکە ژیانکردن ئەزموونێکە و پڕۆسەیەکە کە دەبێ پیایدا تێپەڕ ببی، دەبێ خۆت ئەزموونی ڕاستی و هەڵە بکەی، نەک هەر بە کەوچک بکرێ بە دەمتەوە کە چی ڕاستە و چی هەڵەیە و تۆش هەر سەر بلەقێنیت و ژیانت بە ڕێباز و تیۆری بە ڕێوە ببەی. بیر بکەرەوە: دوو کەس، یەکێکیان بە شێوەی تیۆری و بیردۆزییانە هەموو زانیاری و نهێنییەکی پیانۆژەندن دەزانێ، بەڵام هەرگیز نە پیانۆی بە چاوی خۆی دیوە و نە پەنجەشی بەر دوگمەیەکی هیچ پیانۆیەک کەوتووە؛ لەگەڵ کەسێکی تر کە لەوانەیە بە هەندی ئەوی تریان لە تیۆریی پیانۆ نەزانێ، بەڵام پیانۆی هەیە و هەموو ڕۆژێک لەسەر پیانۆ دادەنیشێ و دەژەنێ، ئایا ئەم دوو کەسە وەک یەک وان؟ ئایا شایستەیە بەوەی کارەکە دەکا بڵێین پیانۆژەن و بەوەشیان کە نایکا هەر بڵێین پیانۆژەن؟ ئەوەندەی تا ئێستا زانراوە: تۆ یەک جار هەلی ژیانکردنت هەیە، بۆچی ناژیت؟ بۆچی هەر خەریکی بیردۆز و ڕێباز و پەیڕەو و تیۆریت لە کاتێکدا هەلی ئەوەت هەیە بە کردارەکی بژیت، ئەم هەموو بیردۆزە بە کەڵکی چی دێن ئەگەر نەبنە هاندەرت بۆ تاقیکردنەوە؟ بە تۆ چی لە ڕووی زانستییەوە ماچ چەند کالۆری دەکوژێ یان ناکوژێ یان دەنگی مچکەی ماچ چەند دێسیبڵ و هێرتزە، ئەگەر تا ئێستا خۆت ماچێکت نەکردبێ؟

تۆ سەرنج بدە، هەموو کەسە هەرە مەزنەکانی جیهان کە هێز نەبووە بیانببەزێنێ لە سەرەتادا شکستخواردوو بوون، دەبوو من لە هەموو کەس زووتر ئەمە فێر ببم چونکە لە موزیکدا هەمیشە دەوترێ: «چۆن دەبی بە ژەنیارێکی باش؟ وەڵام: پڕۆڤە، پڕۆڤە، پڕۆڤە!» شکستخواردنیش وات لێ دەکا پڕۆڤە بکەی تا باشتر ببی، ئەزموون فێرت دەکا هەڵە دووبارە نەکەیتەوە، ئەو هەڵەیەی کردووتە پیرۆزە، چونکە ئەو هەڵەیە نەبووایە ڕێگای ڕاست وەکو نەخشی سەر ئەڵماس لە مێشکتدا هەڵنەدەکۆڵرا. ئەو ڕۆژەی ژیان وەک خۆی پەسەند دەکەی ئەوە یەکەم ڕۆژی ژینی ئاسوودەییتە.

کە هەندێ جار کەسێک دەبینم ئەم گۆرانییە دەبێژێتەوە بست بست باڵای پێ دەکەم و پێم خۆشە کە بەرهەمی من بەو شێوەیە ببێتە وێردی سەر زوبان. هەر لەم گۆرانییە خەوشدارەوە چەندین خەڵکی زۆر جوانم ناسیوە و گۆرانییەکە بووەتە کلیلی پەیوەندیی نێوان من و زۆر کەس و زۆر کەس و زۆر کەسی تریش.

بە پێودانگی ئێستام تۆماری ئەم گۆرانییەم بە دڵ نییە، بێژانەکەی خۆمم بە دڵ نییە، ڤیدیۆکەم هەر زۆر زۆر بە دڵ نییە… بەڵام ئەمە بەرهەمی منی ئەو کاتەیە و چەندین سەعاتی ژیانمم پێوە بە سەر بردووە و لە کاتی خۆیشیدا هەر ئەوەندەم لێی زانیوە. وەک گۆرانییەکە خۆیشی وەک هەموو بەرهەمەکانی ترم لام خۆشەویستە، جگە لەوەی دەقەکەیم زۆر بە دڵە و پێم وایە نموونەی دەقێکی باشی گۆرانییە. منیش حەزم دەکرد بێ هیچ پێشینەیەک وەک لوتکەی هونەر دەربکەوم و بۆ تاتایە لێکۆڵەرانم سەرسام بکردایە چۆن بەو هەموو توانایەوە هیچ پێشینەیەکم نەبووە. بەڵام من مرۆڤم، کە هێنراومەتە ئەم جیهانەوە ڕستەیەکیشم لەگەڵدا نەهاتووە کە فێرم بکا چۆن بژیم… ژیان خۆی مامۆستا گەورەکەیە.

من هەڵەم کردووە، بە گەرەنتیش بەڵێنتان دەدەمێ کە لەمەودوا هەڵەی تر دەکەم، بەڵام هەمان ئەم هەڵانە دووبارە ناکەمەوە. من بەردەوام خەریکی خۆپێشخستنم، بۆیە زۆر چاکە هەندێ جار ئاوڕ بدەیتەوە و ببینی لە کوێوە بۆ کوێ هاتوویت و ئەزموونی ژیانت بە چاوی خۆت ببینی. بۆیە بەرهەمەکانم کەموکورتن، جاروبار نەشاز دەکەم، لەوانەیە دەنگم خۆش نەبێ و بە دڵی زۆر کەس نەبێ، بینەر و بیسەرم ئێجگار کەمن، شێوازەکەم لەوانەیە لە ئێستادا فلسێک نەکا، لەوانەشە سەرتاپا هەڵە بم و سەدان ساڵ دوای ئێستا زانست بیسەلمێنێ کە هونەرکردن بەم شێوەیەی من ئێجگار گەوجانە بووە و سەرلەبەری هەڵە بووە… هەرچییەک بێ، بەڵام من هەم، کوڕی سەردەمەکەی خۆمم و کەس هەرگیز ناتوانێ بڵێ: «نەوا نەبووە و هەوڵی نەداوە و نەژیاوە»، چونکە نەوا هەبووە و هەوڵیشی داوە و ژیاویشە و لەمەودوا باشتریش دەژی و باشتریش هەوڵ دەدا. ئەوە ئەم گۆرانییەم بۆ تاتایە کردەوە و چیش نەبووە با ببێ، ئەگەر دەرفەتیشم هەبوو یەکێکی باشتر لەمە تۆمار دەکەم، تا ئەو ڕۆژە با ئەمە هەبێ. وردەوردە ڤیدیۆکانی تریش دەپشکنمەوە و دیسان ئازادیان دەکەم.

سوپاسێکی زۆری میرە گیان دەکەم کە ئەم بەرهەمەی بۆم تۆمار کرد، داوای لێبوردنیشی لێ دەکەم کە لەوانەیە هەندێ جار چاکەی ئەوم کەم نرخاندبێ.

ئەگەر تا ئێرەت خوێندووەتەوە ئێجگار زۆر سوپاس و ستایشت دەکەم و بە چرکە بە چرکەی کاتەکەت دەزانم و بۆ تاتایە سوپاسگوزارم کە ئەوەندە کاتی خۆتت بە من داوە. هیوادارم دەسخەڕۆم نەکردبی.


جوانی[2]

تۆ لە بەفر ئەچی، بەفری هاوین:

دەگمەنی، ڕەسەنی، زیوینی، شیرینی، قەشەنگی، شۆخوشەنگی.

ناسک و جوان، میهرەبان، سپیوسۆڵ، نەرمونۆڵ، شلومل، فێنکیی دڵ.

جوانی، جوانی، جوانی.

تۆ دەگمەنی، یاری منی، وریا و لەسەرخۆ و شەرمنی؛

وەفاداری، تۆزێ هاری، سەرنجڕاکێش و نازداری؛

زۆر بەنازی، مەکربازی، بەڵام لای من هەرە شازی؛

من شەیداتم، تۆی ئاواتم، گەر دەنگت نەبیستم ماتم؛

بۆت پەرۆشم، دڵبەجۆشم، بێ خۆشەویستیت نەخۆشم؛

من دەمەوێی، بۆ من ئەشێی، تاکو دەمرم، خۆشمئەوێی؛

جوانی، جوانی.

تۆ لە خۆر ئەچی، خۆری زستان:

کەم دیاری، نازداری، ڕوناکی، دڵپاکی، بەهەستی، خۆشەویستی.

وزەبەخش، هیوابەخش، بینینبڕ، گەرموگوڕ، زۆرزانی، خانومانی.

جوانی، جوانی، جوانی.

ئەی شایستە، تۆم پێویستە، خەونم هەر تۆی خۆشەویستە؛

خۆری من بە، سێبەرم بە، هەردەم یارمەتیدەرم بە؛

خۆشتبوێم، عاشق بە پێم، ئومێد بە بۆ دڵی پڕ سوێم؛

من شەیداتم، تۆی ئاواتم، گەر دەنگت نەبیستم ماتم؛

بۆت پەرۆشم، دڵبەجۆشم، بێ خۆشەویستیت نەخۆشم؛

من دەمەوێی، بۆ من ئەشێی، تاکو دەمرم، خۆشمئەوێی؛

جوانی، جوانی.


[1] لە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٠دا نووسیومە، لە ٤ی شوباتی ٢٠٢٢دا پیایدا چوومەتەوە.

[2] لە زانکۆ عەڕووز و کێشی پەنجە و هۆنراوەی ئازادیشمان خوێندووە. وەک موزیکدانەر هەمیشە بە دوای هۆنراوەی گۆرانیی نوێدا وێڵم، هەمیشە بیرم لای ئەوەیە چۆن لە باوێتی خۆم ڕزگار بکەم؟ چۆن کارەکانم لە کاری تر نەچن؟ لە موزیکدا، دوای ئەزموونێکی درێژ، کۆمەڵێک تەکنیکم هەن کە بەردەوام بەکاریاندەهێنم و مۆرکی خۆم لە موزیکەکەم دەدەم، بەڵام بۆ ئەوەی توێژێکی تر لەم مۆرکە بە گۆرانییەکانیشم بدەم، ئەوا دەمزانی کە لە هۆنراوەکەوە پێویستم بە نوێگەرییەک هەیە، بۆیە جگە لە ڕووی بابەت و واتا و وشەسازییەوە، بیرم لە قاڵبی هۆنراوە کردەوە کە دەستکارییەکی بکەم. هۆنراوەکەم کۆپلەکۆپلە نووسی و هەر کۆپلەیەک کێشی تایبەت بە خۆی هەیە، کاتێک کۆی کۆپلەکان بە بابەتێکی نوێ دووبارە دەبنەوە، ئەوا کۆپلەکانی دووەم جار لەگەڵ کۆپلەکانی یەکەم جاردا هاوکێشن. هەر لەم چەشنە هۆنراوەی تریشم نووسیوە. دوای نووسینی ئەم هۆنراوەیە کردم بە گۆرانی. هۆنراوەکە لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢دا نووسراوە.

فەرهەنگۆک

پڕۆڤە: لە «پرۆڤارێ»ی ئیتالییەوە هاتووە واتە هەوڵدان. لە ئێستادا تا ڕادەیەکی زۆر بووە بە زاراوەیەکی هونەری بۆ مەشقکردن و ڕاهێنان.

بێگەرد: پێرفێکت، بێخەوش.

بێگەردخوازی: پێرفێکشنست: کەسێک کە بەردەوام بە دوای ئەوەوەیە هەموو شت بێگەرد بێ.

تەژی: پڕی، لێوانلێوی. لێرەدا مەبەست لە ژیانێکی پڕ لە ژیانە.

ئەدگار: مواسەفات.