جوانی و ئەزموونی ژیانکردن

جوانی و ئەزموونی ژیانکردن

 

دەقی گۆرانیی (جوانی)م لە 16/1/2012دا تەواوکردووە، هەر لە سەرەتاشەوە دەمزانی کە ئەم دەقە بۆ گۆرانییە. وردەوردە موزیکەکەش دانرا و پاکنووسێکم لێ تەواوکرد، لە کۆتایی هەمان ساڵدا بۆ باندێکی موزیک دابەشمکرد.
ئەوکات تازە میرم ناسی، هەر زوو خۆشمویست و میرە هەموو ئەدگارێکی مرۆڤی بللیمەتی تێدا بەدیدەکرا. داواملێکرد ئەم گۆرانییەم بۆ تۆماربکا و ئەویش دلێرانە بە دەنگمەوە هات و هەر لە ژووری نوستنەکەی خۆم تۆمارمانکرد و لە 9ی نیسانی 2013دا بڵاومکردەوە.
سەرەتا ئەوەندە لە جۆشوخرۆشی ئەوەدا بووم کە یەکەم گۆرانیی خۆم، کە هیی خۆم خۆمە بڵاوبووەتەوە؛ ئەو نەوایەی هەر لە مناڵییەوە دەیناسم دەیەویست ببێ بە گۆرانیبێژ و ئێستاش وا خەونی مناڵییەکەی بەدیدەهێنێ: چاو و گوێم وردەکارییەکانیان بەدینەدەکرد. پاشان وردەوردە هەندێ کێشەی گەورەم تێدا بەدیکرد. کە ئەوکات بە منیش و میرەش هەر ئەوەندەمان لێدەزانی. هەندێ هاوڕێی نزیکیشم هەڵەکانیان خستبووە بەر نووکی نەشتەر و گەردبین و بەردەوام پێیان دەوتمەوە. سەرئەنجام وایکرد دوای ماوەیەک ئەوەندە لەبەرچاوم بکەوێ کە بڕیاربدەم لە یوتیوبەکەمدا بیسڕمەوە. لە کاتی سڕینەوەکەدا بیرێکم کردەوە؛ ڕەنگە بە باشی و تەواوی بیرم لەم بڕیارە نەکردبێتەوە، با جارێ تەنها جۆری بڵاوبوونەوەکەی بگۆڕم بە (تایبەت – پڕایڤت). واشمکرد.
بڕیارم وابوو لە ئایندەدا جارێکی تر دیسان تۆماری بکەمەوە. لە 2018دا نۆتەکەم هێنایەوە و ئەمجارە پاکنووسێکی پیانۆ و دەنگم لێ تەواوکرد. لە 2019 دیسان پاکنووسێکی نوێم لێ تەواوکرد، لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵمدا خۆم موزیکەکەی بە پیانۆیەک بژەنم و بە دەنگیش بیبێژم. لە کاتی پڕۆڤەدا هەندێ چاکسازیی نوێترم لە نۆتەکەدا کرد. بەستەری نۆتەکەی لە خوارەوە هەیە.
ئەم گۆرانییە و چەند ئەزموونێکی تری خەوشدار منیان خستە تەمەنێک بیرکردنەوەی قووڵ لە کێشەکان و چۆنێتیی بەرهەمهێنان کە چۆن بەرهەمەکانم هەڵەیان تێدا نەبێ و بێگەرد بن. هەموو ڤیدیۆکانی یوتیوبم لابرد. بەردەوام لە گەڕاندا بووم بۆ وەڵامی ئەم هەموو ڕاڕایی و وێڵییە. دوای ماوەیەک بە ڕێبازی (وابی-سابی)ی ژاپۆنی و فەلسەفەی (ستۆیی) ئاشنا بووم کە تێڕوانینی ژیانمیان گۆڕی. وابی-سابی تێڕوانینێکە کە دەڵێ: چاکترە شت بە ناشرینییەکانیەوە قبوڵبکرێ، چونکە ناشرینی بەها بە جوانی دەدا. ئەگەر تاریکی نەبێ؛ ڕوناکی هیچ بەهایەکی نییە، ئەگەر هەژاری نەبێ؛ دەوڵەمەندی هیچ بەهایەکی نییە، ئەگەر تەڕی نەبێ؛ وشکی هیچ بەهایەکی نییە. فەلسەفەی ستۆییش بە پوختی دەفەرمێ: دەبێ بەو شێوەیە بەرەوڕووی ژیان بچی کە خۆی هەیە نەک بەو شێوەیەی تۆ دەتەوێ ببێ، تۆ دەسەڵاتت بەسەر هەور و باران و ساماڵدا نییە، تووڕەیی تۆ هیچ لە بارانبارینەکە ناگۆڕێ. باشترە خۆت لەگەڵ سروشتدا ئاشتبکەیتەوە چونکە تۆ بەشێکی لە سروشت.
بیربکەرەوە: دوو کەس کە هیچیان دەست بۆ ئاگر نابەن، یەکەمیان هەرگیز دەستی بۆ نەبردووە و لە کۆمەڵگاوە فێرکراوە نابێ دەست بۆ ئاگر ببەی. دووەمیان جارێک دەستی بۆ ئاگر بردووە و دەستی سووتاوە. ئەگەر چی لە ئێستادا هەردووکیان دەست بۆ ئاگر نابەن، بەڵام لای من ئەم دوو کەسە هاوسەنگ نین. ئەوەیان کە ئەزموونی کردووە داناترە لەوەیان کە بە ئۆتۆماتیکی وەریگرتووە. ئۆتۆماتیکەکە بۆ تاتایە ئەزموونێک قەرزارە.
کۆمەڵگای هەموو جیهانیش هەزاران ساڵە و بەردەوام خەریکی بەرهەمهێنانی مرۆڤی ئۆتۆماتیکی و بیردۆزین. بەڵام تەژیترین ژیان ئەو ژیانەیە کە خۆت ئەزموونت کردبێ. بەس ئەوەندە هەڵەکانت بشارەوە، بەس ئەوەندە کەموکورتییەکانت بپۆشە. ئەو هەڵە و ئەزموونە خراپانە بەرەو لوتکەی ژیانت دەبەن.
وەک دەبینن من تەمەنێکم لە هەوڵدان لە بێگەردخوازیدا بەسەربردووە، ئێستا بە کامی باوەڕمەوە بێگەردخوازی بە هەڵە دەزانم. هەموو بێگەردخوازێکیش دوای کڵاوی بابردوو کەوتووە و بە دەستی خۆی کەلەپچەی خستووەتە قاچی خۆی تا هەنگاوێک نەڕوا. لەناو پێکهاتەی بێگەردخوازیدا تۆوی دڵشکان و تووڕەیی و خەمۆکی هەیە. تەنها دوو کەس هەڵە ناکەن: ئەو کەسەی کە هیچ ناکا و ئەو کەسەی مردووە. پشکێکی گەورەی جوانیی ژیان بەر هەڵەکان دەکەوێ. کەموکورتی بەها بە بێگەردی دەدا. ئەو بیردۆزانەی بۆ ژیان دانراون و بەردەوام پێتدەوترێ نابێ هەڵە بکەی، نەکەی هەڵە بکەی، نەکەی، نەکەی… خۆی هەڵەیە! چونکە ژیانکردن ئەزموونێکە و پڕۆسەیەکە کە دەبێ پیایدا تێپەڕ ببی. دەبێ خۆت ئەزموونی ڕاستی و هەڵە بکەی، نەک هەر بە کەوچک بکرێ بە دەمتەوە کە چی ڕاستە و چی هەڵەیە و تۆش هەر سەر بلەقێنیت و ژیانت بە ڕێباز و تیۆری بەڕێوەببەی. بیربکەرەوە: دوو کەس، یەکێکیان بە شێوەی تیۆری و بیردۆزییانە هەموو زانیاری و نهێنییەکی پیانۆژەندن دەزانێ، بەڵام هەرگیز نە پیانۆی بە چاوی خۆی دیوە و نە پەنجەشی بەر پێدێکی هیچ پیانۆیەک کەوتووە. لەگەڵ کەسێکی تر کە لەوانەیە بە هەندی ئەوی تریان لە تیۆریی پیانۆ نەزانێ، بەڵام پیانۆی هەیە و هەموو ڕۆژێک لەسەر پیانۆ دادەنیشێ و دەژەنێ. ئایا ئەم دوو کەسە وەک یەک وان؟ ئایا شایستەیە بەوەی کارەکە دەکا بڵێین پیانۆژەن و بەوەشیان کە نایکا هەر بڵێین پیانۆژەن؟ ئەوەندەی تا ئێستا زانراوە: تۆ یەک جار هەلی ژیانکردنت هەیە، بۆچی ناژیت؟ بۆچی هەر خەریکی بیردۆز و ڕێباز و پەیڕەو و تیۆریت لە کاتێکدا هەلی ئەوەت هەیە بە کردارەکی بژیت. ئەم هەموو بیردۆزە بەکەڵکی چی دێن ئەگەر نەبنە هاندەرت بۆ تاقیکردنەوە؟ بە تۆ چی لە ڕووی زانستییەوە ماچ چەند کالۆری دەکوژێ یان ناکوژێ یان دەنگی مچکەی ماچ چەند دێسیبڵ و هێرتزە؛ ئەگەر تا ئێستا خۆت ماچێکت نەکردبێ؟
تۆ سەرنجبدە؛ هەموو کەسە هەرە مەزنەکانی جیهان کە هێز نەبووە بیانببەزێنێ لە سەرەتادا شکستخواردوو بوون. دەبوو من لە هەموو کەس زووتر ئەمە فێرببم چونکە لە موزیکدا هەمیشە دەوترێ: (چۆن دەبی بە ژەنیارێکی مەزن؟ پڕۆڤە، پڕۆڤە، پڕۆڤە!) شکستخواردنیش واتلێدەکا پڕۆڤە بکەی باشتر ببی، ئەزموون فێرتدەکا هەڵە دووبارە نەکەیتەوە. ئەو هەڵەیەی کردووتە پیرۆزە، چونکە ئەو هەڵەیە نەبووایە ڕێگای ڕاست وەکو نەخشی سەر ئەڵماس لە مێشکتدا هەڵنەدەکۆڵرا. ئەو ڕۆژەی ژیان وەک خۆی پەسەند دەکەی ئەوە یەکەم ڕۆژی ژینی ئاسوودەییتە.
کە هەندێ جار کەسێک دەبینم ئەم گۆرانییە دەبێژێتەوە بست بست باڵای پێدەکەم و پێمخۆشە کە بەرهەمی من بەو شێوەیە ببێتە وێردی سەر زوبان. هەر لەم گۆرانییە خەوشدارەوە چەندین خەڵکی زۆر جوانم ناسیوە و گۆرانییەکە بووەتە کلیلی پەیوەندیی نێوان من و زۆر کەس و زۆر کەس و زۆر کەسی تریش.
بە پێودانگی ئێستام تۆماری ئەم گۆرانییەم بەدڵ نییە، بێژانەکەی خۆمم بەدڵ نییە، ڤیدیۆکەم هەر زۆر زۆر بەدڵ نییە… بەڵام ئەمە بەرهەمی منە و چەندین سەعاتی ژیانمم پێوە بەسەربردووە و لە کاتی خۆشیدا هەر ئەوەندەم لێ زانیوە. وەک گۆرانییەکە خۆشی وەک هەموو بەرهەمەکانی ترم ئێجگار زۆر لام خۆشەویستە. جگە لەوەی دەقەکەیم زۆر بەدڵە و نموونەی دەقێکی باشی گۆرانییە. منیش حەزمدەکرد وەک نالی بێ هیچ پێشینەیەک وەک لوتکەی هونەر دەربکەوم و بۆ تاتایە لێکۆڵەرانم سەرسام بکردایە چۆن بەو هەموو توانایەوە هیچ پێشینەیەکم نەبووە. بەڵام من مرۆڤم، کە هێنراومەتە ئەم جیهانەوە ڕستەیەکیشم لەگەڵدا نەهاتووە کە فێرمبکا چۆن بژیم… ژیان خۆی مامۆستا گەورەکەیە.
من هەڵەم کردووە، بە گەرەنتیش بەڵێنتان دەدەمێ کە لەمەودوا هەڵەی تر دەکەم، بەڵام هەمان ئەم هەڵانە دووبارە ناکەمەوە. من بەردەوام خەریکی خۆپێشخستنم. بۆیە زۆر چاکە هەندێ جار ئاوڕبدەیتەوە و ببینی لەکوێوە بۆ کوێ هاتوویت و ئەزموونی ژیانت بە چاوی خۆت ببینی. بۆیە بەرهەمەکانم کەموکورتن، جاروبار نەشاز دەکەم، لەوانەیە دەنگم خۆش نەبێ و بە دڵی زۆر کەس نەبێ، بینەر و بیسەرم ئێجگار کەمن، شێوازەکەم لەوانەیە لە ئێستادا فلسێک نەکا، لەوانەشە سەرتاپا هەڵە بم و سەدان ساڵ دوای ئێستا زانست بیسەلمێنێ کە هونەرکردن بەم شێوەیەی من ئێجگار گەوجانە بووە و سەرلەبەری هەڵە بووە… هەرچییەک بێ؛ بەڵام من هەم، کوڕی سەردەمەکەی خۆمم و کەس هەرگیز ناتوانێ بڵێ نەوا نەبووە و هەوڵی نەداوە و نەژیاوە. چونکە نەوا هەبووە و هەوڵیشی داوە و ژیاویشە و لەمەودوا باشتریش دەژی و باشتریش هەوڵدەدا. ئەوە ئەم گۆرانییەم بۆ تاتایە کردەوە و چیش نەبووە با ببێ. ئەگەر دەرفەتیشم هەبوو یەکێکی باشتر لەمە تۆماردەکەم. تا ئەو ڕۆژە با ئەمە هەبێ. وردەوردە ڤیدیۆکانی تریش دەپشکنمەوە و دیسان ئازادیان دەکەم.
سوپاسێکی زۆری میرە گیان دەکەم کە مامانی ئەم مناڵە بوو. داوای لێبوردنیشی لێدەکەم کە لەوانەیە هەندێ جار چاکەی ئەوم کەم نرخاندبێ.
ئەگەر تا ئێرەت خوێندووەتەوە ئێجگار زۆر سوپاس و ستایشت دەکەم و بە چرکە بە چرکەی کاتەکەت دەزانم و بۆ تاتایە سوپاسگوزارم کە ئەوەندە کاتی خۆتت بە من داوە. هیوادارم دەسخەڕۆم نەکردبی.
—-
پڕۆڤە: لە (پرۆڤارێ)ی ئیتاڵییەوە هاتووە واتە هەوڵدان. لە ئێستادا تا ڕادەیەکی زۆر بووە بە زاراوەیەکی هونەری بۆ مەشقکردن و ڕاهێنان.
بێگەرد: پێرفێکت، بێخەوش
بێگەردخوازی: پێرفێکشنست، کەسێک کە بەردەوام بەدوای ئەوەوەیە هەموو شت بێگەرد بێ.
تەژی: پڕی، لێوانلێوی. لێرەدا مەبەست لە ژیانێکی پڕ لە ژیانە.
ئەدگار: مواسەفات.

نۆتەی گۆرانیی جوانی