بنوو

بنوو[1]

هەبوو، نەبوو؛

هیچ کەس هاودەنگی کەس نەبوو،

پیاوێک هەبوو[2]؛

زۆر زۆر لە ژیانی بێزار بوو،

هیچی نەبوو پێی دڵخۆش بێ،

تەنها مناڵەکەی نەبێ،

هەموو شەوێ بە گۆرانی ئەمەی دەوت:

” بنوو، بنوو، کۆرپەم بنوو،

لەسەر سنگی بابە بنوو،

بنوو بنوو کۆرپەم بنوو،

لەسەر دڵی بابە بنوو.

نەمئەزانی ڕۆژێ دادێ

سنگم ئەبێتە جۆلانە،

بۆ فریشتەیەکی وەک تۆ

شەوان دەبێتە هێلانە،

ئەی ئومێدە خنجیلەکەم،

ئەی هاوڕێ ئێسکسووکەکەم:

بنوو بنوو بنوو بنوو،

لە خەونی بابەدا بنوو.

بناغەی هەستی شادمانیم

تاڵێ قژی سەری تۆیە،

ئامانجی ئەم ژینە تاڵەم

خەوێکی ئارامی تۆیە،

بنوو بنوو کۆرپەم بنوو،

لە جەرگی بابەدا بنوو.

بنوو بنوو بنوو بنوو،

لە ئایندەی منا بنوو

بنوو، بنوو، بنوو، بنوو،

بنوو، بنوو، بنوو، بنوو”

ڕەشنووسی یەکەم: 12/ ئاب/2010

ڕەشنووسی دووەم: 26/ شوبات/2011

پاکنووس: 9/ ئەیلوول/2018

[1] ساڵی 2010 لەسەر ئامۆژگاری و وانەکانی میتۆدەکەی کۆنستەنتین ستانیسڵاڤسکی خۆم فێری نواندن دەکرد و ڕۆژانە ڕاهێنانم دەکرد. ڕۆژێک ڕاهێنانم لە ڕۆڵی باوکێکدا دەکرد کە سەرجەم جومگەکانی ژیانکردنی شکابێ و تەنها جومگەیەک کە بە بێگەردی مابێتەوە منالەکەی بێ. ئەم مناڵە ببێتە هۆی ئاسوودەیی ئەو و هیوای بۆ بگەڕێنێتەوە. ئەم ڕاهێنانە دەقی ئەم هۆنراوەیەی پێنووسیمەوە. پاشان کردم بە گۆرانی و موزیکم بۆی دانا. گۆرانییەک دەرچوو پڕ بە دڵی خۆم. نۆتەی گۆرانییەکەم لە چەند ڕۆژێکدا تەواوکرد، لە کۆتاییدا خەریکی پاککاریی کۆتایی بووم. لەناکاو بەرنامەی نۆتەنووسینەوەکەم هەڵەیەکی دا و داخرا. لام ئاسایی بوو. بەڵام پەستیش بووم کە وەرە دیسان ئەو هەموو پاککارییە دووبارە بکەیتەوە! بەڵام تەماشادەکەم فایلەکە هەر نەما! هەموو کۆمپیوتەرەکەم گەڕام فایلەکە نەما! بەرنامەی مەیکمیوزیک فیناڵێ چاپێکی پاڵپشتی فایلی کارتێداکراوت لە شوێنێک بۆ دادەنێ. کە چووم تەماشادەکەم ئەوەش نەما. ئەم ئەزموونە وەک مردنی کەسێکی زۆر ئازیزم وابوو. چرکەساتی یەکەم نەمدەتوانی قبوڵی بکەم. بەڵام ماوەیەک دواتر کەوتمە گریانێکی بەکوڵ کە هەر بە ڕاستی دەتوت مناڵێکم لەدەستچووە. هیچ سەبوریی نەدەدام. من چەندین سەعاتی پڕ لە وزەی خۆمم بەم گۆرانییە دابوو. نادادییەکی گەورە بوو ئاوها لەناکاو نەمێنێ. ژیرییەکم نواند؛ ئەویش ئەوە بوو کەمێک دوای ئەوەی هێور بوومەوە ئەوەی بیرممابوو دووبارە وەک قەڵەمکێشێک نووسیمەوە. ئەوەشی بیرمنەمابوو ڕۆیشت. تا هەفتەیەک هەموو ڕۆژێک هەوڵمدەدا ئەوەی بیرمماوە بینووسمەوە. بەڵام هەر بۆم تەواونەکرایەوە. لە ڕاستیدا مەزاجی کارکردنم لەو گۆرانییەدا کوژرا. لە سەرەتای 2015دا کۆپلەیەکی کورتی گۆرانییەکەم بۆ هاوڕێیەک بێژا خەریکبوو هار بێ. دەیوت دەبێ تەواویبکەی. منیش ساردوسڕ بووم. پاش یەک دوو مانگی تر بۆ یەک دوو برادەری ترم بێژا ئەوانیش بە هەمان شێوە هار بوون و وتیان “تۆ چۆن ئەو گۆرانییە ئاوها پشتگوێ دەخەی؟!”. ڕای ئەو برادەرانە هانیاندام کە دیسان لە گۆرانییەکەدا کاربکەمەوە. بەڵام لە سەرەتادا وەک وابوو گۆڕی کۆرپەیەکی خۆم هەڵبدەمەوە. لە ناوەڕاستی کارکردندا قوڕگم پڕ دەبوو لە گریان و کارم بۆ نەدەکرا. بەڵام لە مانگی 9ی 2015وە هەموو ڕۆژێک کارم تێدادەکرد و بەڵێنم بە خۆم دا تەواویبکەم و تۆماریشیبکەم. ئەو گۆرانییە لام فرە خۆشەویست و تایبەتە. ئەگەریش سادە بێ. بەڵام ئەزموونێکی پڕ وانە و بریندارم لەگەڵیدا هەیە. گۆرانییەکەم لە کۆتایی مانگی 10ی 2015دا تەواوکرد و بۆ ئۆرکێستراش دابەشمکرد و ویستم لە ستودیۆ تۆماریبکەم. ئەم ئەرکەم بە هاوڕێیەکم سپارد، بەڵام نەیتوانی جێبەجێی بکات. برادەرەکانی ستودیۆکەش نەیاندەتوانی بە باشی تۆماریبکەن و کارە بەئۆرکێستراکراوەکەیان لا قورس بوو. منیش لێیگەڕام تا کۆتایی مانگی 12ی 2017 و هەفتەی یەکەمی مانگی 1ی 2018 کە گۆرانییەکەم کرد بە تەنها پیانۆیەک و دەنگ. بەو هیوایەی لە ئایندەدا بتوانم تێیدا پڕۆڤەبکەم و خۆم تۆماریبکەم. لە مانگی 8ی 2019دا خۆم هەر لە ژوورەکەی خۆم بە دەنگ و ڕەنگ گۆرانییەکەم تۆمارکرد.

[2] وشەی “پیاوێک” وا نووسراوە کە ئەگەر ئافرەتێک وتی بتوانێ بڵێ “ژنێک“. هەروەها هەموو وشەکانی “بابە” وا دانراوە کە بتوانرێ بکرێ بە “دایە“ش.

نۆتە

نۆتەی گۆرانیی بنوو

نۆتەی گۆرانیی بنوو

نۆتەی گۆرانیی بنوو

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.