ژیننامە

من ناوم (نەوا کەمال گۆکول-چاند سەنکەر-چاند گۆکول موکرجی)یە. لە بەرەبەیانی ٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٨٧ی زاینیدا لە شاری سلێمانی و لە خەستەخانەی مناڵبوونی شارەکە لە دایک بووم. لەبەر هەر هۆیەک بێ، ڕۆژی لەدایکبوونم لەسەر دۆسێ یاساییەکانم، وەک پێناسی باری شارستانی و ڕەگەزنامە عێڕاقییەکەم بە ٢ی تشرینی دووەم لە قەڵەم دراوە.

باوکم ناوی مامۆستا (کەمال موکرجی)یە، مامۆستایەکی بەناوبانگی شاری سلێمانیی سەردەمی خۆی بووە و پێش من مردووە و هەرگیز نەمدیوە. دایکیشم ناوی (عەتێ فەرەج مەحموود)ە، تا پۆلی سێیەمی ناوەندیی خوێندووە و ئەو کاتە شووی کردووە و دەستبەرداری خوێندن بووە و بووە بە کەیبانوو و دە مناڵی بووە. مناڵەکانی دوو کچ و هەشت کوڕ بوون، یەکێک لە کچەکان هەر لە لەدایکبووندا مردووە، ماوەتەوە نۆ مناڵ کە هەموویانی بە تەنیا پەروەردە و بەخێو کردووە. من دەیەمین مناڵ و پاشەبەرەم.

ماڵمان لە گەڕەکی عەلی ناجی بوو و هەموو مناڵیم لەوێ بەسەر بردووە و تا ئێستاش لە زۆربەی خەونەکانمدا هەر لەوێم. خانووەکەی عەلی ناجی موڵکی باوکم بووە و خۆی دروستی کردووە و لە ساڵی ١٩٧١ەوە لە گەڕەکی سابوونکەرانەوە هاتوونەتە ئەوێ ژیاون، میرانی برام لەو خانووەدا لە دایک بووە. لە ساڵی ٢٠١٢دا ماڵمان گواستەوە بۆ گەڕەکێکی تر، لە مانگی ئاداری ٢٠١٦دا دیسان گواستمانەوە بۆ خانووەکەی باوکمان لە گەڕەکی عەلی ناجی و پاش شەش مانگ، لە کۆتایی مانگی ئابدا خانووەکەمان فرۆشت و ئێستا موڵکی ئێمە نەماوە. بەڵام هێشتا هەر لە شاری سلێمانی دەژیم.

قوتابخانەی سەرەتاییم لە قوتابخانەی (کوردستانی سەرەتایی تێکەڵاو) لە شاری سلێمانی خوێند، ئێستا باڵەخانەکە چیتر هیی ئەو قوتابخانەیە نەماوە و ناشزانم داخۆ قوتابخانەکە خۆی ماوە یان نا، باڵەخانەکەی لە پشت کارگەی سەهۆڵەکەیە، کە ئەویش هەر نەماوە، بە بەری باشووری شارەکەدا، بەرانبەر قوتابخانەی بابانی سەرەتایی کوڕان کە ئەویش نەماوە و لە پشت فەرمانگەی ئاو و کارەبا و پۆستەی سەهۆڵەکەوەیە، کە هێشتا ئەویان ماوە. لەوێ هەر شەش ساڵەکەی سەرەتاییم تەواو کرد. لە ناوەندیدا لە قوتابخانەی شۆڕشی کوڕان بووم کە تا ئێستا ماوە و هەر لە شوێنی خۆیدایە، بە شاقووڵی بەرانبەر مزگەوتی عەلی ناجییە لە تەنیشت باخچەی گوڵ و چەند مەترێک بە بەری ڕۆژهەڵاتی فولکەی خاڵەحاجییەوە. پۆلی یەک و دوو، کە دەکاتە حەوت و هەشتی ئێستا، لەوێ خوێندوومە و دواتر بەشی عەرەبی و کوردییەکەیان جیا کردەوە و کوردییەکەیان ناو نا (قوتابخانەی زاگرۆس)، کە هەر لە هەمان باڵەخانە بوو، بۆیە ساڵی یەکەمی پۆلی سێیەمی ناوەندیم لە (زاگرۆس) خوێند، بەڵام مامەوە و دەرنەچووم. پاشان چووم بۆ هەولێر و لە قوتابخانەی (وڵات)ی کوڕان لە عەنکاوە خوێندم و لە دووەم ساڵی پۆلی سێیەممدا دەرچووم. لە پۆلی چوارەمدا لە هەمان قوتابخانە بە هۆی کەتنێکەوە کە نامەوە، لەم قوتابخانەیە دەرکرام و بڕیاریش درا بۆ ساڵی داهاتوو نابێ لەو قوتابخانەیە بمێنمەوە. ئەو ساڵە گەڕامەوە سلێمانی و کارم کرد و پاشان ساڵی داهاتوو هەر لە هەولێر و لە قوتابخانەی (عەنکاوە)ی کوڕان خوێندم و لە پۆلی چواری گشتی بووم، ئەو ساڵە دواهەمین ساڵ بوو کە پۆلی چوارەم، کە دەکاتە دەیەمی ئێستا، گشتی بوو و هێشتا نەکرابوو بە وێژەیی یان زانستی، بەڵکو لە پۆلی پێنجەمەوە، کە دەکاتە یانزەی ئێستا، دەبوو بە وێژەیی و زانستی. لە دووەم ساڵی پۆلی چوارمدا لە قوتابخانەی عەنکاوە مامەوە و دەبوو بچمە خوێندنی ئێواران، چونکە ئەوکات ئەگەر دوو ساڵ بمایتایەتەوە، ئەوا دەبوو سێیەم ساڵ لە ئێواران بخوێنی. منیش دوو ساڵ لەسەر یەک لە پۆلی چواردا مابوومەوە، ساڵی یەکەم کە دەرکرابووم و ساڵی دووەمیش کە دەرنەچووم. گەڕامەوە بۆ سلێمانی و چوومە ئامادەیی هەرێمی ئێواران لە تەنیشت نەخۆشخانەی فریاگوزاری و هۆڵی هونەرە جوانەکان، کە لەمسەرەوە شەقامی پیرەمێردە و لەوسەرەوە شەقامی دادگای جارانە، کە دەکاتە دادنووسی ناوبازاڕی ئێستا، ئێستاش ئەم قوتابخانەیە ماوە، لەوێ هەر سێ پۆلەکانی چوار و پێنج و شەشی وێژەیی، کە دەکاتە دە و یانزە و دوانزەی ئێستام تەواوم کرد و چوومە زانکۆ.

کۆلێژی شەریعەی ئیسلامیی ڕۆژم بۆ هاتبووەوە، بەڵام من نە حەزم بە خوێندنی شەریعە دەکرد و نە حەزم بە خوێندنی ڕۆژ دەکرد، چونکە باش لەگەڵ ئێواراندا ڕاهاتبووم و پێم وا بوو گەڕانەوەم بۆ خوێندنی ڕۆژ دیسان حەزی خوێندنم تێدا دەکوژێ. ئەو ساڵەی من شەشم تەواو کرد کۆلێژی زمانی کوردیی ئێواران لە زانکۆی سلێمانی کرایەوە و لە کۆلێژی شەریعە نزمتری وەردەگرت، بۆیە دامگرت بۆ ئەوێ و ئەوێ منی لای خۆی جێ کردەوە و خۆم و هاوپۆلەکانم بووین بە یەکەم دەرچووانی ئەو کۆلێژە. بەم شێوەیە هەم لە خوێندنی ڕۆژ ڕزگارم بوو، هەم لە بوارێکدا خوێندم کە خۆم ئارەزوو و خولیام بۆی هەبوو، ئەویش بواری زمان و وێژەیە. هەر چوار ساڵەکەم خوێند تا لە ساڵی ٢٠١٢دا دەرچووم. هاوکاتی خوێندنەکەم نزیکەی دوو ساڵ لە کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیای زانیاری کارم دەکرد هەروەها لە ساڵی خوێندنی ٢٠١١-٢٠١٢شدا شەممان لە قوتابخانەیەکی تایبەت مامۆستای پیانۆ بووم، ماوەی کەمتر لە شەش مانگیش شەوان لە چێشتخانەیەک پیانۆژەن بووم. واتە لە ماوەی خوێندنی زانکۆمدا سێ کارم کردووە.

پاش دەرچوونم لە زانکۆ، بە یەکجاری لە قوتابخانە تایبەتەکە وەرگیرام و شەممان پیانۆم دەوتەوە و ڕۆژانی تری هەفتەش وانەی موزیکم دەوتەوە. بەڵام تەنها ساڵێک کارم کرد. پاشان لە ڕێکخراوێکی مرۆڤدۆستیی فەڕەنسی وەرگیرام و شەش مانگێک بۆ پەنابەرە سوورییەکانی جەنگی داعش، کە هاتبوونە عەربەت، لەم ڕێکخراوە کارم کرد. کارەکەم ڕاستەوخۆ ڕێکخستنی داتا و زانیارییەکانی پەنابەرەکان و دابەشکردنی خۆراک و هەندێ پێداویستیی تر بوو بە سەریاندا. پاشان ڕێکخراوێکی تری جیهانی بە هەمان کار وەریگرتم، سێ مانگیش لەوێ کارم کرد و لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٤دا گرێبەستەکەم تەواو بوو و ئامادەش نەبووم نوێی بکەمەوە. لەو کاتەوە تا نووسینی ئەم دێڕانە لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ و ئێستاش لە ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا کە پێداچوونەوەی بۆ دەکەم کاری فەرمانبەرێتیم لە هیچ شوێنێک نەکردووە. ئەم حەوت ساڵ و نیوەی ڕابردوو زیاتر خەریکی پەرەدان بووم بە خۆم.

ئەگەر پیشە بەوە پێناسە بکرێ کە: «کۆششێکە بەرانبەر بڕە پارەیەکی نەختینە دەکرێ»، ئەوا من دەمێکە لە بەرانبەر کار و کۆششەکانمدا پارەم وەرنەگرتووە و لە ئێستادا دەشێ بوترێ بێکارم. بۆیە ناڵێم وەک پیشە، بەڵکو ئەگەر بە خولیا بێ، زمانەوانم، موزیکدانەرم، پیانۆژەنم، گۆرانیبێژم، نووسەرم، هۆنەرم، وەرگێڕم، ئەرشیفسازم، بە نهێنیش زۆر خولیای ترم هەن. من حەزم لە هەموو ئەوانە هەیە کە دەیانکەم و ئەگەر زۆر ناچار نەبم و زۆرم بۆ نەیەت هەرگیز نامەوێ کار بکەم و ڕۆژانە وزەی تەواوی خۆم بە کارێکەوە بە سەر ببەم کە حەز و خۆشەویستیم بۆی نەبێ. ئەگەر ڕۆژێک بێت و ئەم کارانەم پارەم بۆ پەیدا بکەن، ئەوا پێم وا بێ تا دەمرم هەر ئەم جۆرە کارانە دەکەم. لەم ئاوەزەی ئێستامدا و بە پێی تێگەیشتنی ئێستای ژیانم، پێم وایە پیشە وەک بەرگێک وایە و مرۆڤ بە شێوەیەکی کاتی دەیپۆشێ، بۆیە من موزیکدانەر نیم، بەڵکو ئەو کاتەی کاری موزیکدانان دەکەم موزیکدانەر دەبێ بە من، واتە ئەو کاتە بەرگی موزیکدانان دەپۆشم و دواتر دایدەکەنم و بەرگی پیشەیەکی تر دەپۆشم؛ من هونەرمەند نیم، بەڵکو ئەو کاتەی لە هونەردا کار دەکەم هونەرمەند دەبێ بە من… بە هەمان شێوە بۆ هەموو ئەو خولیایانەی تر کە هەمن. پێم وایە مرۆڤ لەوە ئاڵۆزتر و فراوانترە پیشەیەک یان وشەیەک پێناسەی بکا، بە تایبەتیش کەسێکی ئاڵۆز و فرەخولیای وەک من، کە هەر ماوەیە و خولیای زانینی شتێک دەمگرێ.

لە ئێستادا وا سێ ساڵ و نیوە سەرقاڵی وەرگێڕانی ڕۆمانێکم بە خۆی و ڕاڤەکانییەوە، بڕیار وایە لە سێ ساڵی ئایندەدا بە پێنج بەرگ بە زمانی کوردی بڵاو ببێتەوە، هێشتا هەموویم تەواو نەکردووە، بەڵام بەشی زۆری بەرگی یەکەمیم تەواو کردووە و ئەگەر بۆم ڕەخسا، ئەوا هەر لە ئەمساڵدا بەرگی یەکەمەکەی بڵاو دەکەمەوە.

سوپاس کە ئەم دێڕانەمت خوێندەوە.


ئەم دێڕانە لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا نووسراون، لە ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەم بۆیان کردووە. دواجار کە ئەم نووسینە دەستکاری کرابێ هەر لە ڕێکەوتی پێداچوونەوەکەدا بووە.