گەر مردم چی دەکەی؟
ئەمانە کۆمەڵێک گفتوگۆی نێوان ژن و مێردی جیاوازن سەبارەت بە پلانیان بۆ مردنیان. هەر بۆ خۆشی و پێکەنین و لە کاتوساتی جیاوازدا بڵاومکردوونەتەوە. هیوادارم هیچ نەبێ بزەیەک بخاتە سەر ڕوخسارتان.
ئەڵقۆچکەی یەکەم
2/6/2019
ژن: گەر مردم چی دەکەی؟
مێرد: لە ئیش مۆڵەت وەردەگرم.
ژن: نا، بەڕاست چی دەکەی؟
مێرد: دوای قافڵەی جەنازەکە دەکەوم.
ژن: بەڕاستمە، چی دەکەی؟
مێرد: لە پرسەکەتدا بە پێوە دەوەستم.
…
مێرد: ئەی گەر من مردم چی دەکەی؟
ژن: لە پرسەکەتدا دادەنیشم. ئەی چی! خۆ ئیشەڵا بە پێوە ناوەستم! بە دەم گوێگرتن لە لاوانەوەی ژنەکانی تریشەوە بۆ مردووانی خۆیان کەباب دەخۆم… ئەی چی! بەزیام نەکرد!
ئەڵقۆچکەی دووەم
3/6/2019
ژن: گەر مردم چی دەکەی؟
مێرد: ڕیشم دەتاشم و خۆم کەشخە دەکەم بۆ سەرقەبرانەکەت.
ژن: خێرا بۆ ژنهێنانەوە خۆت نمایشدەکەی؟ لە سەرقەبراندا؟
مێرد: بۆچی گەر من مردم تۆ چی دەکەی؟ خۆ بە گەڕی نایەی بۆ سەرقەبران!
ژن: با، خۆم لە قوڕ دەنێم و ناشرین و چەپەڵ دێمە سەرقەبرانەکەت و بە دەنگی نەشاز دەلاوێنمەوە و هەرچی ڕەفتاری شێتانە هەیە دەیکەم. بۆئەوەی هیچ کامێک لە خزمە قەڵبەکانی تۆ حەزم لێنەکەنەوە و بێنە داوام!
ئەڵقۆچکەی سێیەم
3/6/2019
ژن: گەر لە جەژندا مردم چی دەکەی؟
مێرد: لەگەڵ خۆمدا چکلێتەکە بۆ سەرقەبران دەبەم.
ژن: ئەمە هەموو نۆجەژنەکەت بوو؟
مێرد: ئەی چی بکەم؟ بۆ گەر من لە جەژندا مردم تۆ چی دەکەی؟
ژن: قتووە چکلێتەکە دەفرۆشمەوە و پارەکەی دەدەم بە برۆ هەڵگرتنێک.
ئەڵقۆچکەی چوارەم
5/6/2019
ژن: گەر مردم چی دەکەی؟
مێرد: سەرخەوێک دەشکێنم پێش ئەوەی بە خەڵک بڵێم. چونکە دواتر بوار ناڕەخسێ سێ ڕۆژ بنووم.
ژن: چاوچاو! تەممەڵی بەو پلەیە؟
مێرد: ئێ چی بکەم؟ کەسوکار و خزمم زۆر زۆرە.پرسەکەت دەبێ بە یاریی کۆتایی چامپیۆنس لیگ ئەوەندە قەرەباڵغ دەبێ. تا سێ ڕۆژیش بوار نامێنێتەوە بنووم.
ژن: واتە یەک زەڕڕە منت بە لاوە گرنگ نییە؟
مێرد: ئێ تۆ مردووی، خۆ ڕاناکەی. تێر دەخەوم و هەڵیشدەستم تۆ هەر لەویای. بەساقە دەبێ مرۆڤ تا زیندووە خەڵک بە گرنگی بزانن. کە مردی گرنگیپێدانی منت بۆ چییە؟
ژن: هەر ئاوا بەو خوێنساردییە؟
مێرد: خوێنساردی نییە! ئەی گەر من مردم تۆ چی دەکەی؟
ژن: ئێ تۆ ئەمەنە کەسوکارت زۆر بێ، تەلەفۆنیان بۆدەکەم یاریگای چوارباخت بۆ بگرن و پرسەت بۆ دابنێن. خۆشم سەیری ئەڵقەی تەلەفیزیۆنی دەکەم. خۆ مرۆڤ بەس بە زیندوویی گرنگە! گرنگیپێدانی منت بۆ چییە؟!
ئەڵقۆچکەی پێنجەم
6/6/2019
ژن: گەر مردم چی دەکەی؟
مێرد: تەلەفۆن بۆ عیسا دەکەم بێ زیندووت بکاتەوە.
ژن: بەقوربانت بم.
مێرد: خۆ لە خۆشەویستییا واناکەم!
ژن: ئەی؟
مێرد: ئەمشەو دەچمە دەرەوە، مناڵەکان لای کێ دابنێم؟!
ژن: دەی بەشکم لە دەرەوە گوللـەیەکی وێڵت بەر بکەوێ.
مێرد: ئێ؟ ئەگەر کوشتمی چی دەکەی؟
ژن: مناڵەکان دەبەم لای دایکت دایاندەنێم و خۆشم دەچم بۆ لای دایکی ئەو کچەی هاوڕێم نەخۆشە.
ئەڵقۆچکەی شەشەم
7/6/2019
ژن: گەر مردم چی دەکەی؟
مێرد: بۆیلەرەکە دەکوژێنمەوە تا کارەبای زیاد بەفیڕۆ نەچێ.
ژن: من ڕۆ بچم، تۆ دەچی بە دوای کارەبای بەفیڕۆچوودا؟
مێرد: زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە باشترە. بۆ بمرم تۆ چی دەکەی؟
ژن: هەموو سپلێتەکانی ماڵەکە دادەگیرسێنم بۆئەوەی میکیاجەکەم تێکنەچێتەوە.
ئەڵقۆچکەی حەوتەم
ژن: گەر مردم چی دەکەی؟
مێرد: پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خۆم دەکەم.
ئەڵقۆچکەی هەشتەم
ژن: گەر مردم چی دەکەی؟
مێرد: تۆ بڵێ ئەگەر ژیاین چی بکەین!
ژن: ئەمە چییە؟ مەبەستت چییە؟
مێرد: من و تۆ لەوەتەی هەین نەژیاوین.
ژن: ئەی ئەمە نییە ئەژین؟
مێرد: ئەمە کەی ژیانە؟ تۆ بەردەوام پرسیاری تەڵەئامێزم لێدەکەی؟