پرسەی قێزەون

پرسەی قێزەون

لە شوێنێکدا بینیم: بەپێی ئاماری وەزارەتی ئەوقاف نزیکەی 5200 مزگەوت تەنها لە هەرێمی کوردستانی باشووردا هەن. هیوادارم وەزارەتی ئەوقاف ڕۆژێک ئاماری مزگەوتەکانمان لەگەڵدا بەشبکەن و بۆمان پشتڕاستبکەنەوە. 5200 مزگەوت واتە 5200 تابووت و دارەمەیت و تەختەمەیت و تەختەشکاوی مەیت و تەختەی حەمامی گێڕ و ناقۆڵا و سەقەت و بێسوود و دەستشکێن و شانشکێن و بڕغووشل و کون و دەسک زۆر درێژ و دەسک زۆر کورت و بێ دەسک و چی و چیی تر.

باشە دروستکردنی مزگەوتێک ئاسانترە یان تابووتێکی ڕێکوپێک؟

عەیبوشوورەیی لە ساڵی 2019دا مردووەکانمان لە خاولیی حەمام و بەتانیی تەحالوفدا بەرەو سەرقەبران دەبەین! کاکە بیکەن بۆ ڕاهی خوا حەیامان چوو!

من تەواوی نەریتی پرسەگێڕان بە قێزەون دەزانم و پێمباشە هەمووان ڕێکبکەوین لەسەر نەریت یان چەند نەریتێکی تر بۆ ئەم دواهەمین ماڵئاواییە.

هەر لە هەمان پڕۆسەی قێزەوندا، بیر لەو ڕستەیە بکەرەوە کە بە ڕۆتینی دەیڵێی: مناڵێکی چوار ساڵ مردووە. جەنابت دەڵێی “خوا لێی خۆش بێ”، باشترین کەست مردووە یەکێک پێتدەڵێ “خوا لێی خۆش بێ”، واتە ئێمە هەموومان ڕێککەوتووین کە هەموومان تاوانبارین. بە مناڵ و گەورە و باش و خراپەوە. ئەم بیرە دەگەی مەزن لە ناخ و دەروونی مرۆڤ دەدا.  ئەم ڕۆتینانە دەبێ بگۆڕرێن، دەبێ بگۆڕرێن، دەبێ بگۆڕرێن.

تکایە لە گۆڕینی ئەم هەڵە تێپەڕیوانە یارمەتیدەر بە.