یەکەم دیبەیتی هۆنوس

هۆنوسیاد: یەکەم دیبەیتی هۆنوس

نەوا موکرجی

ئەگەر دەتەوێ ئەم چیرۆکە بە پی دی ئێف داببەزێنی؛ لێرە کلیک بکە.

 

9/Oct/2015 لە ڕێکەوتی 8/Aug/2020 دا پێداچوونەوەم بۆکرد. لە ڕێکەوتی 31/Aug/2020دا تەواومکرد.

هۆنوسی ماک، هۆنوسی بپرس، لە ترسی دوژمنانی پرسیار ناوی خوازراوی (نادیار پەیامهێن)ی لە خۆی نا. لە ئێستا بەدواوە هەر کاتێک ناوی (نادیار پەیامهێن)تان دی، ئەوە هۆنوسە. بیگرن، لەسەر پرسیارەکانی پارچەپارچەی بکەن، لە خاچی بدەن، بە زیندوویی بیکەن بە قوڵفەی پۆڵادا، ژەهر بڕێژنە داڵانی گوێچکەکانییەوە، بە زیندوویی پێستەی بکەن و بیخەنە خوێیاوەوە، دەستی ڕاست و قاچی چەپی ببڕنەوە، لە ملی بدەن، بە ئەڵقەتایەی ئاگرین بیبەستنەوە، با نەوێرێ پرسیار بکا. مناڵەکانتان فێرنەکەن وەک هۆنوس پرسیار بکەن، نەبادا دوایی ئاسوودە ببن! نەبادا زانا و دانایان لێدەربچێ. نەکەن مناڵ فێری پرسیار بکەن، نەبادا پێیانبڵێن ئێسکگران، نەبادا لەبەرچاوی بێڕەنگی ملشۆڕ و ملکەچە بێپرسیارەکاندا ناشرین ببن!

باوەڕت سێدارەیە، دۆگمات تەنافە، زووبە دەی

بیخە ئەستۆی من کە پرسیم، پرس بەشی خنکاندنە[1].

بەژنەکەت سێدارەیە، کەزیەت تەنافە، زووبە دەی

بیخە ئەستۆی من کە کوردم، کورد بەشی خنکاندنە[2].

نادیار پەیامهێن (کە هەر هۆنوسە، بەڵام با بڵێین کەسێکی ترە… ئا… ئا.. تۆ نازانی لووتی کەمتیارە نەپرسەکان بۆ بۆنکردنی زانینخواز و بپرسەکان چەند بەهێزە! زۆربەی کاتیش کەسە نەپرسەکان لە شێوەدا هەر لە کەسە بپرسەکان دەچن. بەڵام هەندێ جار بە شێوەی جلوبەرگ و ڕوخساریاندا خۆیان جیادەکەنەوە. ئەمانە ئەوانەن کە پلەیان وەرگرتووە و مەدالیای ئازایەتی کراوە بە ڕوخسار و جلوبەرگیانەوە و بە ئاشکرا شانازی بە زانایی خۆیانەوە دەکەن لە نەزانیدا، واتە زانان لە نەزانیدا.) نادیار پەیامهێن کەوتە گێڕانەوە:

ڕۆژێک کە لە قوتابخانەی ئامادەیی بووم، واتا ساڵی ٢٠٠٢، لە وانەیەکدا مامۆستاکەمان پرسی:

  • ئایا دەزانن تا ئێستا کەسێک کە مێشکی بە زۆرترین ڕێژە بەکارهێنابێ کێیە؟

خوێندکارەکان هەموو بێدەنگ بوون. مامۆستا پاش بێدەنگیی خوێندکارەکان بە بزەیەکی هەستکردن بە زیرەکییەوە وتی:

  • ئەنیشتاین!

مامۆستا بۆ کەمێکیش هەر تەماشای هەمووانی کرد و بێدەنگی باڵی بەسەر پۆلەکەدا کێشا. هەستێکی هەڵەشەی لەناکاو هێرشی بۆهێنام و بۆ چرکەیەک لەشمی بەکارهێنا و خۆی دەرفیچقاند. هەستە هەڵەشەکەم لە دەممەوە پرسیی:

  • چۆن، مامۆستا؟

مامۆستا کە خواخوای ئەم پرسیارەی بوو تا زانیارییەکانی مانۆڕ بکا، وتی:

  • بە کۆمپیوتەر توێژینەوەی لەسەر کراوە کە لە هەموو کەسێک زیاتر مێشکی بەکارهێناوە.

ئەگەرچی ئێمە مناڵییەکی دەوڵەمەندانەمان بەسەرنەبردبوو، بەڵام دەمێک بوو کۆمپیوتەرمان هەبوو، منیش لەچاو زۆربەی خەڵکی هەموو عێڕاقدا زیاتر لە کۆمپیوتەرم دەزانی. بۆیە کە کەسێک زاتیدەکرد باسی کۆمپیوتەر بکا، هەستێکی هەڵمەتبەرم بۆدەهات و وایدەکرد هەستبکەم ناچارم خۆم هەڵبقورتێنمە هەموو باسێکی تەکنەلۆژیاوە، چونکە بواری تەکنەلۆژیام بە هیی خۆم دەزانی. بۆیە هەستە هەڵەشەکەم خێراتر لە پێشوو، بێ ئەوەی بۆ ڕاوێژی کۆمەڵگا باڵا توواوەکەی ناخم بگەڕێتەوە، کە ئەوکاتە ئەم کەرملەم ناونەنابوو هۆنوسی دووەم، خێرا هەڵقورتایەوە و وتی:

  • مامۆستا، ئەوە لە کاتێکدا ڕاست دەبێ کە ئەو تاقیکردنەوەیە لەسەر مێشکی هەموو مرۆڤێکی تری سەر زەوی کرابێ و لە بەراوردی هەموواندا دەردەکەوێ ئەو لە هەموومان زیاتر مێشکی بەکارهێناوە.

مامۆستا وتی:

  • نەخێر! چۆن وادەڵێی؟ چۆن ئەمەت هەڵهێنجاند؟

من لەڕاستیدا لەو کەسانە نیم خەڵک بەدرۆبخەمەوە و دیبەیت لەگەڵ هیچ کەسێکدا بکەم، بەڵکو زیاتر تەنها خۆم بە بێدەنگی لە شتەکانی چواردەورم ڕادەمێنم و بیردەکەمەوە. پێشموایە ئەگەر بیرکردنەوەیەکی پێشینەشم نەبووایە؛ هەرگیز نەمدەتوانی و نەمدەوێرا یەکسەر ئاوها بێ بیرکردنەوە لەگەڵ مامۆستاکەمدا، لەگەڵ سەرگەورەکەمدا خۆم بخەمە ناو دیبەیتێکی وەهاوە. هەر لە مناڵیمەوە وا لە مێشکمدا چەسپێنراوە و چەسپاوە کە هەمیشە هەموو گەورەترێک لە تۆ، بەتایبەتی مامۆستاکەت لە تۆ زیرەکترە و دەبێ لەگەڵیدا زۆر نەرمونیان بی، وەکبڵێی مامەڵە لەگەڵ هێلکەدا دەکەی، دەبێ هەرگیز نەهێڵی بشکێ! چونکە ئێمە لە لایەن کەسانی بچووکەوە فێرکرابووین کە ئەوانەی لە ئێمە گەورەترن، تەنانەت بە خوای دروستکەری هەموو جیهانیشەوە، دەبێ زۆر بە ترساویی و تۆقیوی و ملکەچی و سەرشۆڕی هەمیشە ڕێزیان بگرین، نەکا تووڕە ببن. کۆرپەی تۆقینیان هێنا و بە قوماتەی ڕێز پێچایانەوە و بە زنجیری پیرۆزیی لە دڵ و مێشکمانیان کڵۆمکرد[3]. یەکێک لە هۆکارە هەرە مەزنەکانیش ئەوە بوو کە نەبادا بوێرین پرسیارێک بکەین کە بەگژ ڕێژەی زیرەکیی و ئاستی زانیاریی مامۆستاکانماندا بچێتەوە. چونکە پرسیار گەورەترین دوژمنی فێرکارییەکانی ئێمە بوو. تا ئێستاش هەندێ جار تەنانەت کە لە هەواڵی خەڵکانی لە خۆم گەورەتریش دەپرسم، لەناخمدا بوومەلەرزەیەک ڕوودەدا. چۆن وێرام پرسیار بکەم؟ چۆن دەبێ مناڵ لە گەورە بپرسێ؟ چۆن بە گەورەتر لە خۆت دەڵێی چۆنی؟ دەبێ هەمیشە ئەو لێت بپرسێ چۆنی! دونیا وەهایە و بیکە بە ئەڵقە و بیکە بە گوێتەوە. لە پەروەردەکەی مناڵیمەوە، هەمیشە هەوری قێزکردنەوە لە مرۆڤی پرسیارکەر بەسەر ئاسمانی هەرزەکارییمەوە بوو. ئەوەندە تۆقینم لە پرسیار هەبوو کە ئەگەر پرسیاریان لە خۆشم بکردایە نەمدەوێرا هەر پرسیارەکەش ببیستم، خۆم لێکەڕدەکرد. نەبادا پرسیار وەک گڕکان بپرژێ و گڕکاناوەکەیم بەربکەوێ و منیش داخبکا.

زۆر زۆری ویست تا ئەم کۆرپە نەفرەتییەم لە ناخمدا خنکاند. ئێستاش سێبەری بێشکە پیسەکەی لە دڵ و مێشکمدا ماون و وا کارێک دەکەم سێبەرەکەشی فڕێبدەم. بەڵام ترسە هەرەگەورەکە ئەوەیە کە برا و باوک و مام و خاڵ و باپیر و باوەگەورانی ئەم کۆرپەیە هەمووان بە چواردەورمەوەن. تا ئێستاش نەموێراوە بڵێم کۆرپەکەتانم کوشت و چیتر ناهێڵم دڵ و مێشکی من ببێ بە لانکە و پێگەی بەرهەمە قێزەونەکانی ئێوە. چیتر بۆتان نییە دەروونی من بۆ درێژکردنەوەی دۆگماکانتان بەکاربهێنن. چیتر ئەم دەروونەمتان نادەمێ ژەهری باوەڕە چەقبەستووەکەتانی تێدا هەڵبگرن.

ئەگەر ئێمە پرسیار بکەین لە بێڕێزییدا نییە، بەڵکو دەزانین کە نازانین و دەمانەوێ بزانین. ئەی کە گەورەکان دەزانن ئێمە نەزانین، بۆچی تووڕە دەبن؟ چ مێشکێک خۆی هەموو زانیارییەکی تێدایە کە دێتە دونیاوە؟ هەموو مێشکێک هەر بە پاکیی نایە و چواردەور ژەهراویی دەکەن؟ چۆن دەبێ گەورە لە نەزانیی بچووک تووڕە ببێ؟ چۆن دەبێ دانا لە ساویلکەیی نادان تووڕە ببێ؟ ئایا بەڕاستی ترس و تۆقین و خۆشەویستی پێکەوە کاردەکەن؟ پێکەوە دەژین؟ کوا خۆشەویستی و تۆقین پێکەوە دەژین؟ چۆن دەبێ بەهێز، کە دەزانێ بەهێزە، مانۆڕی بەهێزییەکەی بەرانبەر بێهێزان بکا؟ چۆن دەبێ ڕوناکی لە تاریکی بترسێ؟ هەمیشە نادان لە دانا و هەمیشەش تاریکی لە ڕوناکی و هەمیشەش بێهێز لە بەهێز ترساون. بەڵام تۆ ئەی بەدبەخت، ئەی خوێندکارە بپرسە چاونەترسە ئێسکگرانەکەی دەبێ لە هەموو شوێنێک بوون و ئامادەیی خۆت بێ ویستی خۆت نمایشبکەی. تۆ ئەی ئەو کەسەی بە ڕوواڵەت هیچ پرسیارێکت سەبارەت بە گەردوون و دۆگما و باوەڕ نییە و لە ناخیشتدا بناغەی هەموو زانیارییەکت نیشانەیەکی پرسیارە. تۆ ئەی ئەو کەسەی بە ڕوخسار زۆر سەنگین دیاری و لە ناخیشدا ئەوینداری پێکەنینێکی هەمیشەییت. تۆ ئەو کەسەی بە ڕوخسار ڕقت لە هەموو گۆرانییەکە و لە ناخیشتدا هەزاران گۆرانیت ئەزبەرکردووە. فەرموو مامۆستاکەت پرسیاری لێکردی، چۆن گەیشتی بەم دەرئەنجامە. بۆی ڕوونبکەرەوە.

لە ڕاستیدا لەو ڕۆژانەی مامۆستا ئەو قسەیەی کرد، بابەتێکی تری وەها سەرنجی ڕاکێشابووم و چەند ڕۆژێک بیرملێکردبووەوە. بۆیە ئەم بابەتەم لەگەڵ مامۆستاکەمدا بەشکرد:

  • مامۆستا، لەم ڕۆژانەدا خزمێکم وتی: “موهیمترین دەنگ هیی ئیبراهیم تاتڵسە، لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، بەخوا، داویانە لە کۆمپیوتەر! تاتڵس تەبەقەیەک لە قورگیدایە کە کەسی تر نییەتی. دەڵێن تەنها سەی عەلی ئەسغەر ئەو تەبەقەیەی هەبووە، بەڵام ئەویش مردووە.” دوو سێ شەو هەر بیرم لەو قسەیە دەکردەوە. ئێ کوا، خۆ دەنگی من لە کۆمپیوتەر نەدراوە و بە تەنیشت هیی تاتڵساسەوە دانرابێ تا لە بەراوردکارییدا بزانرێ دەنگی ئەو “موهیمترین”ـە. بۆیە بڕواناکەم ئەم زانیارییانە تەندروست بن.

باشە بۆچی هەمیشە ئەفسانەکان کۆن و دوورن؟ هەموو پەڕجووەکان[4] کۆن و دوورن؟ بۆچی ئەفسانەی نوێ و نزیک نین؟ پەڕجووی نوێ و نزیک نین؟ بۆچی دەبێ هەر دەزووی چیرۆکێک کە نەچوو بە کونی دەرزیی لۆژیکدا هەمیشە دێرین بێ؟ ئەم دەزووە ڕزیوە هیچ قوماشێک پێکەوە گرێنادا! هیچ بەرگێک دروستناکا! تووڕیدەن!

مامۆستا وتی:

  • نا وانییە باوکی من، تۆ هەڵە تێگەیشتووی… خۆی کە توێژینەوە لە شتێکدا دەکرێ…. ژممامدمررمبەمخممهممدمم…

مامۆستا کۆمەڵێ شتی زۆری وت. بەڵام لەناکاو کۆمەڵگا توواوەکەی ناخم بێداربووەوە و لە ناخمدا کەوتمە گێژاوی لێپێچینەوەیەکی گەورەوە، چۆن وێرام وا بکەم؟ بۆچی ئەم قسەیەم کرد؟ تۆ کێی قسە بکەی؟ چۆن لەخۆتەوە هەڵەوەڕیی دەکەی؟ چۆن دەبێ بە مامۆستا بڵێی وانییە؟ ئەوە بۆچی هەمووان تەماشامدەکەن؟ ئێستا مامۆستا لێمدەدا! تۆبڵێی دەرمنەکەن؟ دوایی دەڵێن باوکت بهێنە. باوکم نییە. خوێندکارەکانی چواردەورم بە پێکەنینێکی شادی و گاڵتەجاڕییەوە تەماشایاندەکردم، کوڕێک لە پێشمەوە وتی:

  • هەی لە تاتڵساس! وریابە نەتفڕێنن…

هەندێک خوێندکاری تریش هەندێ شتی تریان وت. بەڵام من لەتاو دڵەڕاوکێ ناوەکییەکەم نەمتوانی بە ئاسوودەیی دەروونم بگەم تا بتوانم گوێیان لێبگرم. دڵنیاش بووم مامۆستا هەر بۆی ڕووندەکردمەوە کە چۆن هەڵەم، بەڵام نەمدەتوانی ببیستم، تەنها دەمجووڵانم دەبینی. نەمدەزانی چۆن کۆتایی بەم گفتوگۆ نەخوازراوەم بدەم و سەرم لێهاتبووەوە یەک. لەناکاو بەخێرایی دەستم هەڵبڕی و مامۆستاش فەرمووی لێکردم، وتم:

  • مامۆستا دەتوانم بچم بۆ تەوالێت؟

هەموو پۆلەکە لە پرمەی پێکەنینیان دا. خوێندکارێک وتی:

  • دەچێ بۆ تەوالێتەکە گۆرانی دەڵێ و پشتی برایم تاتڵس دەشکێنێ!

یەکێکی تر وتی:

  • کوڕە لە تەوالێتەکە ئەوەندە گوو هەستاوە دەنگ دەنگناداتەوە، لەوێش دەنگی خۆش نییە!

هەمووان بە گاڵتەجاڕییەوە تێر پێم پێکەنین و مامۆستاش بزەیەکی کرد و پاش وچانێک وتی:

  • بڕۆ.

مامۆستا ڕێگەیدام و لە ڕاستیدا کە بەرەو تەوالێتەکە دەچووم، دەمزانی ئامانجم چوون بۆ تەوالێت نییە. چونکە هەستیارییم بە بەکارهێنانی تەوالێتی تر هەیە جگە لە تەوالێتی خۆم. ئەوەندەی بیرمبێ لە هەموو تەمەنمدا لەوەناچێ دە تەوالێتی جیاوازم تاقیکربێتەوە، بەڵام چوونم بۆ تەوالێت تەنها پاساوێک بوو بۆ خۆدزینەوە لە بوێرییە هەڵچووەکەم و ئامۆژگارییەکانی مامۆستا و گاڵتەپێکردنی هاوپۆلەکانم، کە هیچیان هاوڕێم نەبوون. لەبەردەم تەوالێتەکەدا تەماشایەکی چواردەورم کرد و چوومە پشت تەوالێتەکە و بەدزییەوە جگەرەیەکم کێشا. من پانزە ساڵی ڕەبەق لە قۆناغی پێش زانکۆ خوێندکار بووم، باڵەخانەی چوار قوتابخانەم لە سلێمانی و هەولێر گۆڕیوە و هەرگیز بێزمنەدەهات تەوالێتەکانیان بەکاربهێنم. چونکە زۆربەی هەرەزۆری گەلی کورد فێرنەکراون تەوالێت بەکاربهێنن و داوای دەوڵەتیش دەکەن. زۆرینەی خەڵکی ئەم نیشتمانە کە دەچن بۆ تەوالێت وادەزانن ئیتر ئەوە دواهەمین جارە ئەو تەوالێتە بەکاردەهێنرێ، باکیان نییە بیشیتەقێننەوە. هەر لەخۆیەوە سیفۆن لەژێریاندا دەشکێ! من ئەگەر هەوڵیش بدەم ناتوانم سیفۆن بشکێنم. تا ئێستاش ئەو پرسیارەم هەیە کە: هەموو مرۆڤێک دەبێ ڕۆژانە لانیکەم جارێک بۆ تەوالێت بچێ. ڕۆژ نییە بۆ تەوالێت نەچی. ئێ هەر شتێک کە هەموو ڕۆژێک بیکەی، بە شێوەیەکی سروشتی، دەبێ تیایدا باش بی. کەچی گەلێک لەو کارەدا شکستیان هێناوە کە هەموو ڕۆژ دەبێ بیکەن. ئیتر چۆن متمانە بەو کەسانە دەکەی لەم ژیانەدا کارێکیان پێبسپێری یان دەوڵەت دروستبکەن یان هەر شتێکی کەمێک گرنگ بکەن؟ گەلێک نەزانن تەوالێت بەکاربهێنن، کە هەموو ڕۆژێک ناچارن بەکاریبهێنن، چۆن دەتوانن خوێندکارێکی بپرس و زانینخواز پەرەپێبدەن؟


[1] دەستکاریکراوی دێڕێکی هۆنراوەی (یادگاری شیرین)ی هێمن موکریانی.

[2] دێڕێکی هۆنراوەی (یادگاری شیرین)ی هێمن موکریانی.

[3] کڵۆم: قفڵ.

[4] پەڕجوو: موعجیزە.