کەریم و کۆمپیوتەرەکانی

کەریم و کۆمپیوتەرەکانی

هەرچەندە کەریم زۆر لە من بەتەمەنتر بوو، بەڵام خۆشەویستترین هاوڕێی مناڵیم بوو.

هەر لە زوەوە خەریکی تەکنەلۆژیا و دروستکردنی کۆمپیوتەر و شت بوو. زۆر ڕێزی لێدەگیرا و هەمیشە پێیاندەوت “داهێنەرێکی مەزنە”.

کەس نەبوو لە گەڕەکدا کەریمی خۆشنەوێت، ئەگەر خۆشیشیان نەویستایە هەر ڕێزیان دەگرت کە ئەوەندە خۆی بۆ ئیشەکەی خۆی تەرخانکردبوو، تەنانەت باوکم، ئەو کابرایەی نەیدەهێشت هاوڕێیەتیی کەس بکەم ڕێزی لە کەریم دەگرت.

ئەڵبەت بەتەنها خۆشەویستترین هاوڕێی من نەبوو، بەڵکو خۆشەویستترین هاوڕێی زۆرێکی تر لە مناڵانی گەڕەک بوو .

ستۆدیۆیەکی گەورەی هەبوو، پڕپڕبوو لە کۆمپیوتەر.

لە هەزار شێوە کۆمپیوتەری هەبوو، کۆمپیوتەری کۆن، تازە، نیوداش، سەقەت و سقووت…تد.

کەریم بەپێچەوانەی ئێمەوە، کە تەماشای کۆمپیوتەرەکانی خۆی دەکرد دەمی دانەدەچەقی!

بیرمدێ، ئەوکات هێشتا نەچووبوومە کۆلێژی پزیشکیی. کەریم خەریکی دروستکردنی کۆمپیوتەرێکی نوێ بوو، هەموو تەرکیزی خۆی خستبوە سەر ئەو پڕۆژەیە. نیازی وابوو ناوی بنێت “کۆتالوتکە”

ئیتر پاش ئەوە لە کۆلێژی پزیشکیی وەرگیرام، ئەو چەند ساڵە خەریکی خوێندن بووم و هاوکات ژیان زۆر سەرقاڵی کردبووم و عاشقیش بووم و ماڵیشمان گواستەوە بۆ گەڕەکێکی تر. ئیتر دەنگوباسی کەریمم نەبیستەوە.

ئێستا من لە خەستەخانەی دەروونیی شار ئیشدەکەم. چەند ڕۆژی ڕابردوو هەموومان واقمان وڕما کە چەند هەزار کۆمپیوتەرێک کەریمیان هەڵگرتبوو و دەیانهێنایە ژوورەوە.

بەرەوڕووی ڕۆیشتم. کەریم هەڵئەلەرزی لە ترسا و هەر لێیان ئەپاڕایەوە وازیلێبهێنن و لە پڕێکیشا هەڕەشەیەکی لێئەکردن.

کا حەسەنی پرسگەش بەدوایاندا هاتبوو هەر ئەیوت کاکە مەمنووعە ئەو عالەمە بێنە ژوورەوە. ئەوانیش تا بە فایلێک وەڵامیان دەدایەوە هەزار فایلی جیاوازیان دەکردەوە کە پەیوەندیی بە وەڵامی کا حەسەنەوە نەبوو. بە کوردییەکەی سەریان لە عالەم شێواندبوو.

ئەوە نزیکەی سێ هەفتەیە کەریممان لە ژوورێکدا داناوە، وەزعی لە باش ناچێت، هەر لەبەرخۆیەوە هەڕەشە دەکات، بەردەوام ئەڵێ بەس بتانبینمەوە ئەبێ هەمووتان بسووتێنم و فێرتان بکەم قەدری داهێنەرێکی وەک من بزانن. بەهەرحاڵ منیش ناناسێتەوە، هەوڵم زۆر دا لەگەڵی.

بەدرێژایی ئەم سێ هەفتەیەش لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەم کۆمپیوتەرانەدا دانیشتووین و دەمانەوێت تێمان بگەیەنن چیرۆکەکەیان چییە لەگەڵ کەریمی داماودا.

زۆر زەحمەتە لەگەڵ ئەم کۆمپیوتەرانەدا دان بەخۆتا بگریت و تووڕە نەبیت. هەر یەکەیان کێشەیەکی هەیە، تیایەتی هەتا وەڵامێکی ڕاستت دەداتەوە هەزار وەڵامت دەداتەوە کە ئەسڵەن هیچ پەیوەندیی بە مەسەلەکەوە نییە. تیایەتی بە چەندین ساڵ لەدوایە

تیایەتی زۆر خاوە و تێگەیشتنی زۆر خراپە

تیایەتی بەردەوام فایلی ڕووت پیشاندەدات

تیایەتی هەست دەکەیت شت زۆر دەزانێ و فایلی زۆر تیایە، بەڵام هیچی لەخەیاڵدا نییە و هیچ پیشان نادات

بەهەرحاڵ. بە هەموویان نوسراوێکیان بۆ نووسین، دوای فلتەرکردنی ئەوانەی پەیوەندییان بە مەسەلەکەوە نییە و لابردنی وێنە ڕووتەکان لە نوسراوەکەدا، ئەمە دەقەکەیەتی:

“بەڕێزان، ئێمە هەموومان کەمئەندامین، ئەم کەریمە ناموبارەکە دروستیکردوین، بە دەستی خۆشی ئێمەی پڕکردوە لە ڤایرۆس. بەڵام ئێمە بەم شێوەیە خۆمانمان قبوڵکردوە و چەندین ساڵیشە کۆمپیوتەری گەنج و پیر بەیەکەوە دەژین و لەیەک تێدەگەین هەتا بە ملی شکاوی دوای شەش ساڵ بەسەر تێپەڕبوونی دروستکردنی کۆتالوتکەوە، ئەنتیڤایرۆسێکی حیزی لێدا هەرچی ڤایرۆس هەبوو تیایدا سڕییەیەوە و بەردەوام خەریکی ئەم کۆتالوتکە خوێڕییەیە. تا ئێرەش کێشە نییە. بەڵام لەوکاتەوە هەموو ڕۆژێک شەق لە ئێمە هەڵئەدات و هەڕەشەمان لێئەکات کە ئەبێت ئێمە وەک کۆتالوتکە ئیشبکەین. چەنێک هەوڵماندا تێیبگەیەنین کە ئەوە بە ئێمە ناکرێ چونکە ئەو ئەنتیڤایرۆسەمان نییە و ئەوەی ساغێک ئەتوانێ بیکات نەخۆشێک ناتوانێ. بەڵام هەر باوەڕمان پێناکات و هەر ئەڵێت ئەبێ هەوڵبدەن. سەرەڕای ئەمەش تفباران و شەقبارانمان دەکات و تا ئێستاش لە ڕقا زۆرێکمانی شکاندوە و سووتاندوە.

ئێمە وەک سەندیکای کۆمپیوتەرەکانی کەریم، ئەمەمان بە کێشەیەکی یاسایی خۆمان زانی کە ئەوە هەڵبهێنجێنین کە کەریم نەخۆشیی دەروونیی هەیە و ئێمە دەمانەوێت جەنابتان بیپشکنن.

تکایە ئەگەر نەخۆشیی هەبوو یان نەیبوو، مەینێرنەوە بۆ وێزەی ئێمە.

ڕێزمان قبوڵبفەرموون.

سەندیکای کۆمپیوتەرەکانی کەریم”

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *