ڕۆژی بڵووم پیرۆز بێ

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ساڵی 1904دا ڕۆماننووسی بەناوبانگی ئێرلەندی (جەیمس جۆیس) (نۆرا بارنیکڵ)ی ناسی. پاشان ھاوسەرگیرییان کرد و تا کۆتایی تەمەنیان پێکەوە ژیان. جۆیس بڕیاریدا ئەم ڕۆژە بە نەمری لە وێژەی ئەوروپا و جیھاندا بھێڵێتەوە. بۆیە ڕۆمانی (یولیسیس) دەنووسێت.

سەرتاپای ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە لە شاری (دەبڵین)ی پایتەختی ئێرلەندادا و لە ڕۆژی 16 ی حوزەیرانی 1904دا ڕوودەدەن. ڕۆمانەکە بە ئاڵۆزترین ڕۆمانی ئینگلیزی دادەنرێ. باسی سێ کەسێتیی سەرەکی دەکات کە ئەوانیش (میستەر لیۆپۆڵد بڵووم) و (ستیفن دیدەڵس) و (مۆڵی بڵووم)ن.

میستەر لیۆپۆڵد بلووم پیاوێکی سی و ھەشت ساڵانە و جوولەکە بوون و کاتی خۆی بوون بە گاور. لە ڕۆژنامەیەکی ئێرلەندیدا خامسازە، واتە شوێن و دیزاینی ڕیکلام لە ڕۆژنامەکەدا بە کڕیاران دەفرۆشێتەوە. کچێکی پانزە ساڵانی ھەیە کە تازە بەجێیھێشتوون و بە تەنھا دەژی و خەریکی کاری فۆتۆگرافییە. کاتی خۆی کوڕێکیشیان بووە کە ناوی (ڕودی) بووە. دە ڕۆژ دوای لەدایکبوونی مردووە. لە ڕۆژی مردنی ئەو کوڕەوە برینێکی گەورە لە دڵی لیۆپۆڵد و ژنەکەیدا دروستدەبێت کە کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکەشیان دەبێت. لە دوای مردنی ئەو کوڕەوە ھەرگیز پەیوەندییە قووڵەکانی ئەم ژنومێردە ئاسایی نابێتەوە.

ھاوکات ستیفن دیدەڵس کوڕێکی گەنجە، لە قوتابخانەیەکدا مامۆستایەکی کاتییە. تازە دایکی مردووە. باوکیشی لە بەخێوکردنی مناڵەکانیدا کە ستیفن و دەستەخوشکێکن کەسێکی کەمتەرخەمە. ناچارن بۆ بەدەستھێنانی پارەی شۆربا و سەموونی ڕۆژانە پەڕتووکەکانی ستیفن بفرۆشنەوە.

مۆڵی بڵووم کە ژنی میستەر بڵوومە گۆرانیبێژی ئۆپێرایە. بەدزییەوە پەیوەندییەکی سەرجێیی لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانیدا بەستووە کە ناوی (بڵەیزس بۆیڵەن)ە. مێردەکەشی گومانی بەم پەیوەندییە بردووە.

ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی پڕ لە کارە بۆ میستەر لیۆپۆڵد بڵووم و ستیفن دیدەڵسیش. ھەردووکیان بە شەقام و شوێنەکانی دەبڵیندا دەڕۆن و لەشوێناندا ڕادەوەستن. جۆیس زۆر بە درشتی وێنەی ھەموو شوێن و شەقامەکانی دەبڵینی بە وشە کێشاوە کە وایکردووە خوێنەر وا ھەست بکات ئێستا لەگەڵ کەسێتییەکانی ناو ڕۆمانەکەدایە.

باوکی ستیفن کە ناوی (سایمن دیدەڵس)ـە لە ھەمان ئەو ڕۆژنامەیەدا کاردەکات کە میستەر لیۆپۆڵد بڵووم تێیدا کاردەکات و ھاوڕێی میستەر لیۆپۆڵد بڵووم و ژنەکەشییەتی. جارجار گۆرانی دەبێژێ و لە ڕابردووشدا لەگەڵ مۆڵیدا لە کۆنسێرتدا پێکەوە گۆرانییان بێژاوە.

لە کۆتاییدا میستەر لیۆپۆڵد بڵووم و ستیفن دیدەڵس لە مەیخانەیەکی شاردا یەکدەگرن. برادەرەکانی ستیفن دەرمانیان بۆ خستۆتە خواردنەوەکەیەوە کە وادەکات ستیفن زۆر سەرخۆش بێت. کە میستەر لیۆپۆڵد بڵووم دەبینێ کوڕە بێنازەکەی ھاوکارەکەی شوێنێکی نییە شەو بەو سەرخۆشییە تیایدا بنوێ؛ بڕیار دەدات لەگەڵ خۆیدا بۆ ماڵی خۆی بیباتەوە و ئەو شەوە لەوێ دەنوون.

ئەم ڕۆمانە بە شێوازی وێژەی بەراورد لەسەر داستانی (ئۆدیسا)ی (ھۆمەر) نووسراوە. لە ئۆدیسیادا (تێڵەماکەس)ی کوڕی (ئۆدیسیۆس) تەمەنی بووە بە بیست ساڵ و باوکیشی بیست ساڵە لە شەڕی تەڕوادەوە دیارنەماوە و کەس نازانێ ماوە یان مردووە. نزیکەی پەنجا خوازبێنیکەر بەدرێژایی ئەو ساڵانەی ئۆدیسیۆس دیار نییە لە ماڵەكەیدا خوازبێنیی (پێنەڵەپێ)ی ژنی ئۆدیسیۆس دەکەن. تێڵەماکەس تەواو بەمە ھەراسان بووە. لەولاشەوە ئۆدیسیۆس دوای گەشتێکی درێژ و پڕ لە بەسەرھات دەگەڕێتەوە شارەکەی و بە ھاوکاریی تێڵەماکەسی کوڕی و (ئەسینا)ی بانووخواوەند ھەموو خوازبێنیکەرەکان دەکوژن و دەگەڕێتەوە باوەشی ژنە دڵسۆزەکەی کە چەندین ساڵە ھەر باوەڕی بە مردنی ئۆدیسیۆسی مێردی نەکردووە.

لە یولیسیسی جەیمس جۆیسدا ئەم داستانە بە شێوەیەک چووێنراوە کە لیۆپۆڵد بڵووم وێنەیەکی ڕیالیزمییانەی ئۆدیسیۆس بێت و ستیفن دیدەڵس وێنەیەکی ڕیالیزمییانەی تێڵەماکەسی کوڕی ئۆدیسیۆس بێت و مۆڵی بڵوومیش وێنەیەکی ڕیالیزمییانەی پێنەڵەپێی ژنی ئۆدیسیۆس بێت. تەنھا جیاوازی ئەوەیە مۆڵی وەکو پێنەڵەپێ دڵسۆزی مێردەکەی نییە و خیانەتی ھاوسەرگیریی کردووە.

خودی وشەی یولیسیس ناوە ڕۆمانییەکەی ئۆدیسیۆسە. واتە کە پاشتر ڕۆمانییەکان ئەم داستانە وەردەگێڕن؛ ناوی زۆربەی خواوەندەکان دەکەن بە ڕۆمانی. بۆ نموونە ئەسینا بووە بە (مینێرڤا)، (زوس) بووە بە (جوپیتەر) …تد. ئۆدیسیۆسیش بووە بە یولیسیس.

ئەم ڕۆژە لە جیھاندا بە (ڕۆژی بڵووم) ناسراوە. لە شاری دەبڵیندا خەڵکان سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن کە میستەر لیۆپۆڵد بڵووم و ستیفن دیدەڵس لە ڕۆمانەکەدا سەردانیانیان کردوون.

ئەم ڕۆمانە بەسەر ھەژدە ئەڵقەدا دابەشکراوە. لە ئەڵقەی چوارەمدا کەسێتییە سەرەکییەکەی ڕۆمانەکە کە میستەر لیۆپۆڵد بڵوومە بەمشێوەیە دەناسین:

میستەر (لیۆپۆڵد بڵووم) ئەندامەکانی ناوەوەی ئاژەڵ و باڵندەی بە چێژ و خۆشییەوە خوارد. شلەی سیقەتۆرەی ئەستوور، جیقڵدانەی پڕگوێز، دڵی ئاخنراوی برژاو، توێژاڵی جگەری سوورکراوەی لە هاڕاوەی قەتماغەنان سواغدراو، گەرای سوورکراوەی ماگادۆسی حەزلێبوو[1].  لە هەموویان زیاتر، حەزی لە گورچیلەی برژاوی مەڕ بوو کە تامێکی چاکی کزەبۆنی میزی بە مەڵاشووی دەدا.

کە بە مووبەقەکەدا بە هێمنی هاتوچۆیدەکرد، گورچیلەی لە خەیاڵدا بوو، شمەکی بەرچایی (مۆڵی)ی لەسەر سینییە کۆپارەییەکە ڕێکدەخست. هەوا و ڕوناکییەکی بەستوو لە مووبەقەکەدا بوون بەڵام لە دەرەوە لە هەموو شوێنێکەوە بەیانییەکی هێمنی هاوین بوو. وایلێکرد کەمێک هەست بە برسێتی بکات.

‎خەڵووزەکان سوورهەڵگەڕابوون.

لەتێک نانی تر و کەرە: سێ، چوار: تەواوە. حەزی لەوە نەبوو قاپەکەی پڕبێت. تەواوە. لە سینییەکەوە بایدایەوە، کتلییەکی لەسەر چنگەبرژەکە بەرزکردەوە و لەسەر ئاگرەکە خستییە سەر لا. کتلییەکە لەویادا دانیشت، سست و هەڵتروشکاو، لوولەکەی بۆ دەرەوە دەرپۆقیوە. کووپی چا هەر ئێستا. باشە. دەم وشک. پشیلەکە بە دەوری قاچێکی مێزەکەدا بە کلکە هەڵبڕراوەکەیەوە بە قنجی سووڕایەوە

  • مکگناو!

‎میستەر بڵووم لای ئاگرەکەوە بایدایەوە و وتی:

  • هەی، ئەوەتای.

‎پشیلەکە لە وەڵامدا میاواندی و دیسان بە دەوری قاچێکی مێزەکەدا بە قنجی ڕاکوڕما، دەیمیاواند. هەر وەک چۆن لەسەر مێزی نووسینەکەم ڕادەکوڕمێ. پوڕڕ سەرم بخورێنە. پوڕڕ.

میستەر بڵووم زانینخوازانە و میهرەبانانە تەماشای شێوە ڕەشە جیڕەکەی کرد. بۆ بینین پاکە: بریقەی کەوڵە لووسەکەی، قۆپچە سپییەکەی ژێر کۆتایی کلکی، چاوە سەوزە بریسکەدارەکانی. بۆی نوشتایەوە، دەستەکانی لەسەر ئەژنۆی. وتی:

  • شیر بۆ پشەکە.

‎پشیلەکە شیڕاندی

  • مرکگناو!

‎پێیاندەڵێن دەبەنگ. لەوەی ئێمە دەیڵێین باشتر تێدەگەن وەک لەوەی ئێمە لەوان تێدەگەین. هەموو ئەوانەی خۆی بییەوێن تێیاندەگات. قیناوییشن. تۆبڵێی من لەچاوی ئەوەوە چۆن بم. بەرزیی قەڵایەک؟ نا، دەتوانێ بەسەرمدا بازهەڵبدات.

[1] ماگادۆس: مێیەی جۆری ماسی (گادۆس)ە.

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.