ڕۆژی بڵووم 2020

ڕۆژی بڵووم

ڕۆژی بڵووم

ئەمڕۆ لە لایەن هەوادارانی ڕۆمانی یولیسیسی جەیمس جۆیس بە ڕۆژی بڵووم ناسراوە. مەبەست لە (بڵووم) کەسێتییە سەرەکییەکەی ڕۆمانەکەیە کە ناوی میستەر (لیۆپۆڵد بڵووم)ـە. بۆ زایاریی زیاتر دەتوانی لێرە کلیک بکەی بۆئەوەی وتاری ساڵی ڕابردووم ببینی سەبارەت بە جەیمس جۆیس و یولیسیس و ئەم کەسێتییە.

ئەم ڕۆمانە بە شاکاری سەدەی بیستەم دەناسرێ و ئێجگار ئاڵۆزە. لە ساڵی 2009-2010دا لە کۆلێژی زمان لە وانەی ڕۆماندا مامۆستاکەمان دکتۆر میران جەلال محەممەد وەک نموونەی وێژەی بەراورد و ڕۆمانی تەوژمی هۆش کەمێک باسی ئەم ڕۆمانەی بۆکردین و بووە هۆی ئاشنایی سەرەتایی من و ئەم ڕۆمانە. ڕۆمانە ئینگلیزییەکە نزیکەی 265000 (دووسەد و شەست و پێنج هەزار) وشەیە کە نزیکەی 33000 (سی و سێ هەزار) وشەی ئەم ڕۆمانە نادووبارەن. ئەم فرەوشەییە یەکێکە لەو چەند هۆکارانەی وادەکا ئەم ڕۆمانە لای خوێنەرەکەی قورسبکا، چونکە دەبێ زووزوو پەنا ببەیتە بەر فەرهەنگ. هەموو ڕۆمانەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە، بەشی یەکەم سێ ئەڵقەیە، بەشی دووەم دوانزە ئەڵقەیە، بەشی سێیەم سێ ئەڵقەیە، واتە بە هەموویان هەژدە ئەڵقەن.

خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بۆ ماوەیەکی زۆر یەکێ بوو لەو ئەرکانەی بەردەوام دوامدەخست، بەڵام دواجار دەستمکرد بە خوێندنەوەی و دەتوانم بڵێم یەکێکە لەو کارانەی ئاراستەی ژیان و بیرکردنەوە و زۆر شتت دەگۆڕێ. لە ڕۆژی بڵوومی پاردا لاپەڕەیەکی بەکوردیکراوی ئەم ڕۆمانەم هەر لەم ماڵپەڕە بڵاوکردەوە، کە لە ڕۆمانەکەدا لاپەڕەی یەکەمی ئەڵقەی چوارەمییەتی. ئەمساڵیش لاپەڕەیەکی بەکوردیکراوتان پێشکەشدەکەم کە بە ڤیدیۆش تۆمارمکردووە. ئەم لاپەڕەیە لە ئەڵقەی پێنجەمدایە.

            لاچی دارێم لا مانۆ

            لا لا لالا لا لا

بۆ ناو شەقامی [کەمبەرلاند] وەرچەرخا و چەند هەنگاوێک ڕۆیشت، لە پەنا دیواری وێستگەکەدا ڕاوەستا. کەس. حەوشەی دارخانەکەی [مییەید]. کۆتەرەداری هەڵپەسێرراو. کەلاوەکان و خانووە هەژارنشینەکان. بەسەر خانەکانی خەتخەتێنێکدا[1] کە توولەکەی بەجێمابوو بە پێکوتانی وریایانەوە تێپەڕی. هەڵەم نەکرد. نزیک حەوشەی دارخانەکە مناڵێکی هەڵتروشکاو بە تەنیا هەڵماتێنی دەکرد. بە پیلکە دەسکەلاکەی دەهاویشت. گورپەیەکی دانا، سفەنکسێکی[2] چاوداگرەوە، لە چێوە گەرمەکەیەوە تەماشایکرد. گوناهە هەراسان بکرێن. محەممەد پارچەیەکی لە عەباکەی خۆی دادڕی بۆئەوەی بێدارینەکاتەوە. بیکەرەوە. کە چووشمە قوتابخانەکەی ئەو پیرێژنەوە جارێک هەڵماتێنم کرد. حەزی لە پیژگ[3] بوو. میسز (ئیڵایز) و میستەر؟ نامەکەی لەنێو ڕۆژنامەکەدا کردەوە.

گوڵ. وابزانم لە جۆری. گوڵێکی زەردە و پەڕەکانی پانبوونەتەوە. کەواتە تووڕە نەبووە. چی دەڵێ؟

هێنریی ئازیز،

دوایین نامەتم پێگەیشت کە بۆت نووسیبووم و زۆر سوپاست دەکەم. داوای لێبوردن دەکەم کە دواهەمین نامەمت بەدڵنەبوو. بۆچی پوولەکانت کردبوونە ناو نامەوانەکەوە؟ من زۆر لێت تووڕەم. خۆزگە بمتوانیبایە لەسەر ئەوە سزاتبدەم. بە کوڕی لاسار ناومبردی چونکە حەزم لەو وژەیەی[4] تر نییە. تکایە پێمبلێ واتای ڕاستەقینەی ئەو وشەیە چییە؟ لە ماڵەوە دڵت خۆش نییە ئەی کوڕی لاساری بەسزمان؟ خۆزگە بمتوانیبایە شتێکت بۆ بکەم. تکایە پێمبڵێ چۆن بیر لە منی بەسزمان دەکەیتەوە. هەندێ جار بیر لەو ناوە خۆشەت دەکەمەوە کە هەتە. هێنریی ئازیز، کەی یەک دەبینین؟ ئەوەندە بیر لەو ناوە خۆشەت دەکەمەوە هەر باوەڕناکەی. هەرگیز ئەوەندە هەستم بە پەلکێشانی خۆم بۆ هیچ پیاوێک نەکردووە ئەوەندەی بۆ تۆ وام. ئێجگار پەرێشانم. تکایە نامەیەکی درێژم بۆ بنووسە و زۆرترم پێبلێ. بیرتبێ ئەگەر وا نەکەی سزاتدەدەم. کەواتە ئێستا دەزانی ئەگەر نەنووسی چیت لێدەکەم ئەی کوڕە لاسارەکە. ئای چەند تامەزرۆی بینینتم. هێنریی ئازیز. داواکارییەکەم ڕەتمەکەرەوە پێش ئەوەی ئارامییم لێببڕێ. ئەوکات هەموو شتێکت پێدەڵێم. ئێستا ماڵئاوا، ئازیزە لاسارەکەم، سەرئێشەیەکی زۆر خراپم هەیە. ئەمڕۆ. ئینجا بە پۆستەی خێرادا نامە بۆ ئەو کەسە بنووسە کە پەرۆشتە.

(ماڕثا).

تێبینی: تکایە پێمبڵێ ژنەکەت چ جۆرە بۆنێک بەکاردەهێنێ. دەمەوێ بزانم.


[1] خەتخەتێن، بە ئینگلیزی (hopscotch): یارییەکی مناڵانەیە، زیاتر کچان دەیکەن. چەند خانەیەک دەکێشرێ و هەریەکە و ژمارەیەکی هەیە. بە پارچەبەردێکی پان یاریدەکرێ کە پێیدەوترێ “توول”. توولەکە هەڵدەدرێتە سەر خانەیەک و یاریکەرەکە دەبێ بە هەڵقونان تا ئەوسەری خانەکان بڕوا و بگەڕێتەوە و توولەکە هەڵبگرێتەوە. ~ن.م.

[2] سفەنکس، بە ئینگلیزی (sphinx): دەعبایەکی باڵداری مێیە لە ئەفسانەی یۆنانیدا. سەری ژن و لەشی شێری هەیە، بەوە بەناوبانگە کە هەرکەسێک دەکوژێ کە وەڵامی مەتەڵێک نەزانێ. لە شاری بابل لە عێڕاق لە بەردەم دەرکی عەشتاردا سفەنکسێک هەبووە کە بە (لاماسو) بەناوبانگە. ~ن.م.

[3] پیژگ، بە ئینگلیزی (mignonette) یان (Reseda): گیایەکی سەوزی قەدباریک و گوڵزەردە. لە گەڵاکەی خومی زەرد دروستدەکرێ. ناوەکە لە فەرهەنگی ڕووەکناسیی کوردستانەوە هێنراوە. ~ن.م.

[4] وژە: لێرەدا (ماڕثا: نووسەری نامەکە) هەڵەیەکی ڕێنووسی کردووە کە لە بری (وشە) نووسیویەتی (وژە). وادیارە لە نامەی پێشوودا میستەر بڵووم لە نامەکەدا وشەیەکی دیاریکراوی پێوتووە و ئەو حەزی لەو وشەیە نەبووە، بەڵام (لاسار)ی پێباشترە. ~ن.م.