چاوپێکەوتن لەگەڵ ئامادەبووی کۆنسێرتێکدا

پ/ کەی؟

و/ 8ی ئێوارەی دوێنێ شەو.

پ/ کوێ؟

و/ باڵەخانە بەناوبانگەکەی خانەی ئۆپێرای ڕۆژئاوای سلێمانیی نوێ.

پ/ بە ناوی کێوە ناونراوە؟

و/ قادر دیلان. پەیکەرێکی حەفتا مەتریی قادر دیلان و عەبدوڵڵا گۆرانیش لەمبەر و ئەوبەری دەروازە مەزنەکەیدایە، بەخێرهاتنی میوانەکان دەکەن.

پ/ ئەو باڵەخانەیە بە چی بەناوبانگە؟

و/ بە ئەکوستیک و دیزاینە سەرنجڕاکێشەکەی.

پ/ لەکوێیە و ئەکوستیکەکەی چۆنە؟

و/ ئەوبەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دکتۆر حەمەڕەشید قەرەداخییە، لە دەرەوە ئەو هەموو فڕۆکەیە هەڵدەفڕن و دەنیشنەوە، کەچی لە ژوورەوە بە موو گوێت لە دەنگی دەرەوە نییە. دەنگی دەرزییەکی ناو هۆڵەکە دەبیستی گەر بکەوێتە سەر زەوی. لە هۆڵی کۆنسێرتەکەدا لە دووریی کیلۆمەترێکەوە دەنگی گۆرانیبێژەکە دەبیستی کە بێ مایکرۆفۆن گۆرانی دەبێژێ.

پ/ دیزاینەکەی چۆنە؟

و/ لە ناوەوە لە هەزار چەشنە پرشنگی ناو تەم. لە دەرەوە لەسەر شێوەی باڵندەی (هوما) دروستکراوە.

پ/ هیی چ ئۆرکێسترایەکە؟

و/ هیی ئۆرکێسترای فولهاڕمۆنیی سلێمانییە.

پ/ چەند ژەنیارن؟

و/ نزیکەی سەد و پەنجا.

پ/ هەموویان کوردن؟

و/ نا، کوردی هەموو ناوچەکانی تێدایە، بەڵام ژەنیاری بێگانەشی تێدایە.

پ/ کێ پاڵپشتیانە؟

و/ بە پلەی یەکەم خۆیان. هەر کۆنسێرتێک سازدەدرێ بە سەدان هەزار خەڵکی هونەردۆستی شاری سلێمانی و شارەکانی تر و وڵاتانی جیهانیش دێن و بلیت دەکڕن و بێ هێنانی مناڵی شیرەخۆرە و ساوا و گوڵەبەڕۆژە ئامادەی کۆنسێرتەکانیان دەبن و چێژوەردەگرن. دوای هەموو کۆنسێرتێکیش چەندین دانە لە موزیکە تۆمارکراوەکانیان بە جیهاندا دەفرۆشرێنەوە. بەڵام لە لایەن حکومەتی ناوەندیشەوە بودجەیەکی زەبەلاحی ساڵانەشیان بۆ تەرخانکراوە. چونکە ئەم باڵەخانەیە هاوکات باڵەخانەی زانکۆی مێدیای موزیکیشە. ساڵانە سەدان خوێندکاری کورد و بێگانە لەم زانکۆیە موزیک دەخوێنن و دەردەچن. یەکێکە لە مەزنترین زانکۆ موزیکییەکانی جیهان.

پ/ دوێنێ کاتژمێر 8ی ئێوارە چیی ژەنرا؟

و/ سیمفۆنیی یانزەیەمی کوردۆ کاردوخ و دواتریش شاشایادی نەوا موکرجی.

پ/ هەست و ئەزموونی گوێگرتنەکەت چۆن بوو؟

و/ باوەڕم بە گوێی خۆم نەدەکرد، دەموت درۆیە ئەو ژەنیارانە بەڕاستی ناژەنن، ئەو هەموو خەڵکەشی هاتبوون هیچیان مرۆڤی ڕاستەقینە نین!

پ/ بۆچی؟

و/ ژەنیارەکان: چونکە ئەوەندە تۆنیان پاک بوو و ئەوەندە ئەو موزیکەیان بێگەرد دەژەند، لە هیی ئەوە نەدەچوو کە لەبەردەمتدا بیژەنن. خەڵکەکەش: لەبەرئەوەی نزیکەی سەد و حەوت هەزار کەسی لێبوو، گوێت لە هەناسەی یەک کەس نەدەبوو، یەک کەست نەدەدی لە ماوەی هەر سێ سەعاتەکەدا جووڵەیەک بکا!

پ/ ڕا و کاردانەوەی خەڵک بۆ موزیکەکان چۆن بوون؟

و/ ئەوەی کاردوخ زۆر ستایشکرا، نزیکەی بیست خولەک هەموو ئامادەبووان هەستانە سەرپێ و چەپڵەڕێزانیان کرد. هەر ئەمڕۆش بە ملیۆنان دانە لە موزیکە تۆمارکراوەکە لە جیهاندا فرۆشرا. ئەگەرچی ژەندنی شاشایادی نەوا موکرجیش هەر ستایشکرا، بەڵام وەک خودی بەرهەمی موزیکدانەرەکە زۆر بەبایەخ نەبوو. ئۆرکێستراکە تەنهاوتەنها لەبەر ڕێزی ئەوەی کە موزیکدانەرەکە خۆی خەڵکی سلێمانی بووە و وەک پێزانینێک بۆ هەوڵ و کۆششی یەکێ لە هونەرمەندە دێرینەکانی شارەکە جارجار ئەو بەرهەمانەی بەیادی خەڵک دەهێننەوە. ئەگینا جۆشوخرۆشێکی وا بە ڕوخساری خەڵکەکەوە نەبوو.

پ/ باشە، ڕەخنە لە حکومەت ناگیرێ کە ئەوەندە هاوکاریی خانەی هونەری و هونەرمەندان دەکا؟

و/ با، ماوەیەک لەمەوبەر هەندێ لە ئەندامانی حیزبەکانی (مەڵۆی یەکانە زۆڵەکان) کە بە (م.ی.ز) ناسراون و و حیزبی (گایەلی وڕێنەچی و وێرانخوازان) کە بە (گ.و.و) ناسراون و هەندێ لە ئەندامە توندڕەوەکانی (کۆمەڵەی خوشکان و برایانی ئەفسانەخوازان) کە بە (کخبا) ناسراون خۆپیشاندانیان سازدا و داواکرا حکومەت هاوکاریی هونەرمەندان و زانایان و وێژەوانان بوەستێنێ و ئەو سەرمایە زەبەلاحەی بۆ ئەوان تەرخاندەکرێ لە بەرهەمهێنانی هەندێ بەرهەمی بەسووددا سەرفبکرێ وەک میزی قتوو و دروستکردنی توول و دارلاستیک و ئامێری بڵندکەری دەنگی هاتوهاوار و هووها.

پ/ ژمارەیان چەند خۆپیشاندەر دەبوو؟

و/ دوای سەد و چل و چوار ڕۆژ بە هەر سێ حیزبەکە گەیشتنە بیستوپێنج کەس.

پ/ کاردانەوەی حکومەت چی بوو؟

و/ سەرۆکی حکومەت بە کوردییەکی پەتی و جوان وەڵامێکی توندی دانەوە و وتی: “ئەگەر بەرگی هونەر و زانست و وێژە لەبەرمان دابکەنن ئاوەڕووت دەبین و هیچمان نامێنێتەوە! ئێمە لەو سێ بوارەدا پێشەنگی جیهانین. لەبەر ئەو پاڵپشتییەی ئێمەش بوو کە لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا لە یەکێ لە دواکەوتووترین گەلەکانی جیهانەوە بووینە هێزی باڵا و یەکێک لە شکۆدارترین وڵاتە ئازادەکانی جیهان. چۆن بەقسەی هەندێ تاریکخوازی وەک ئەوان دەکەین؟”

پ/ ئەی کاردانەوەی خەڵک چی بوو لە دەرئەنجامی وتەکەی خاوەنشکۆیان؟

و/ خەڵکی کوردستان فشارێکی زۆریان خستە سەر حکومەت بۆ گەڕاندنەوەی خۆپیشاندەرەکان بۆ زێدەکەی خۆیان. بۆیە حکومەت لەگەڵ باڵوێزخانەی توونەکستاندا ڕێککەوت کە بیانگەڕێننەوە بۆ زێدی خۆیان و لەکۆڵ خەڵکی کردنەوە و پشێوییەکەش هێوربووەوە.

منیش هاتمەوە هیچیان نەدامێ.

نەوا موکرجی.

تێبینی: دەتوانی بە ئارەزووی خۆت ئەم ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە کۆپی بکەیت و لە هەر شوێنێکدا جگە لە مێدیای ئەو سێ حیزبەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێدراوە [(مەڵۆی یەکانە زۆڵەکان) کە بە (م.ی.ز) ناسراون، (گایەلی وڕێنەچی و وێرانخوازان) کە بە (گ.و.و) ناسراون، (کۆمەڵەی خوشکان و برایانی ئەفسانەخوازان) کە بە (کخبا)] ناسراون بڵاویبکەیتەوە.