پێکهاتەی کیمیایی مرۆڤ

پێکهاتەی کیمایی مرۆڤ

نووسینی: فۆلکلۆر

وەرگێڕانی: نادیار پەیامهێن

مرۆڤ

ئەو تەنەی پێیدەوترێ: «مرۆڤ» بە گشتی لەسەر هەسارەی زەوی هەیە و بە بەرگی وشکانییەکەیەوە نووساون. تەنها دوو جۆریان هەیە: جۆری یەکەمیان پێیدەوترێ: «ڕووتەوپووتە»، جۆری دووەمیان پێیدەوترێ: «سەنگین».

یەکەم: ڕووتەوپووتە (Bm3N2Q1)

ڕووتەوپووتە، یان بە زمانی خۆمانەیی هەرکامێک لەمانەی پێدەوترێ: «خەڵک، عەلەوجەلە، ڕەشوڕووت، چڵیتوپڵیت، هەرچیوپەرچی» و زۆر ناوی تر، کە ئەم توێژینەوە زانستییە بە شوێنی ئەوە نازانین بچینە وردەکاریی زمانەوانییەوە، بۆیە ئەوەیان بۆ زمانناسان و فەرهەنگوانان جێدەهێڵین. هێما کیمیاییەکەی ئەم جۆرەی مرۆڤ (Bm3N2Q1)ە. ئاوێتەیەکی کیمیاییە:

  • لەوپەڕی ئاسوودەییدا: ڕەفتاری ناشرینە، بێمێشکە.
  • لە دۆخی ئاساییدا: ڕەفتاری ناشرینە، بێمێشکە.
  • لە دۆخی لێقەوماندا: ڕەفتاری قێزەونە، بێمێشکە.

بۆیە پێکهاتەی کیمایی ڕووتەوپووتە یەکسانە بە سێ جار بێمێشک، دوو جار ناشرین، جارێک قێزەون، واتە: بێمێشک3ناشرین2قێزەون1. بەم شێوەیە هێما کیمیاییەکەی لە خشتەی خولییدا دەبێ بە (Bm3N2Q1). ئەم جۆرە مرۆڤە بە گشتی تەنێکی قورسە، بەڵام ڕەفتارەکانی ئەوەندە ناسەنگین و سووکن لە چاوتروکاندا بە ئاسماندا تەرەدەبن و لە هەوادا وندەبن. ناوکێکیان هەیە پێیدەوترێ: «هەستوسۆز»، یان بە زمانی خۆمانەیی پێیدەڵێن: «ڕەمەک – غەریزە»، سێ ئەلیکترۆنی بەدەورەوەیە، ئەوانیش ئەلیکترۆنەکانی: کوێری، کەڕی، کەرێتین کە لە ناو کیمیاناساندا بە سێ کەکەThe three Ks ناسراون، چونکە سەرەپیتی هەریەکێکیان بە پیتی ک دەستپێدەکا. یەکێ لە ئەدگارە هەرە سەیرەکانی ئەم ئاوێتە کیمیاییە ئەوەیە کە لە کاتی تەنگژە و تەنگانەدا ئەلیکترۆنەکانیان چالاکتر و بارگاویتر دەبن.

دووەم: سەنگین

ئەگەر لە ناونیشانەکەوە سەرنج بدەی، ئەم جۆرەی مرۆڤ هێمای کیمایی بۆ دانەنرا، چونکە هێشتا زانایان لەسەر هێمای کیمیایی ئەم جۆرە ڕێکنەکەوتوون، لەوانەشە ڕێککەوتبن، بەڵام مێدیاکان لەبەرئەوەی لە ڕووتەوپووتە پێکهاتوون، جارێ بواریان بۆ ڕووماڵکردنی هێمای کیمیایی ئەم جۆرەی مرۆڤ نییە.

بەهەرحاڵ، مرۆڤی سەنگین، کە زمانی خۆمانەیی سەری دای لە بەرد ناوی نوێ لەم ئاوێتەیەیان دەنێ، جۆری دووەمی مرۆڤە، کە زۆر دەگمەنن. ئەم جۆرە لە شێوەدا تا ڕادەیەک لە ڕووتەوپووتە دەچن، بەڵام لە کرۆکدا جیاوازن. ئەم ئاوێتەیەیان ناوکەکەی لە دوو تەن پێکدێ، ئەوانیش: «هەستوسۆز» بە ڕێژەی ٢٦% و «لۆژیک» بە ڕێژەی ٧٦%. ئەم دوو تەنە پێکهێنەرە هەندێ جار کەم و زیا دەکەن، بەڵام بە تێکڕاییەکی گشتی لە ڕێژەی ئاماژەبۆدراودان. چوار ئەلیکترۆنیان هەیە، ئەوانیش ئەلیکترۆنەکانی: بیرکردنەوە، ڕامان، شیکردنەوە، وردبوونەوەن. جۆرێکی هەرە شازیان هەیە کە هەر چوار ئەلیکترۆنیان هەیە، بەڵام ناوکەکانیان بە ڕێژەی ١٠٠% لە لۆژیک پێکهاتووە، کە لەناو کیمیاناساندا بە «لۆژیکی پوخت» بەناوبانگە، بەڵام ئەم جۆرە هەر زۆر دەگمەنن.

لەمڕۆی مرۆڤایەتیدا و لەم کاتە ناهەموارەی بڵاوبوونەوەی پەتای جیهانیی کۆرۆنادا، مرۆڤە سەنگینەکان لە ماڵەوە دانیشتوون و بۆ مردن و ژیان نەبێ ناچنە دەرەوە. ڕووتەوپووتەکانیش لە ماڵەوە خۆیان ناگرن و هەر لە دەرەوە ئەلکترۆنەکانیان لەوپەڕی جۆشوخرۆشدان، خەریکە سەری خۆیان و سەنگینەکانیش بە قوڕدا دەکەن.