هۆنوسیاد: میهرەبانەکان

هۆنوسیاد

نەوا موکرجی

هۆنوس زۆر جار گێڕەرەوە و کەسێتیی چەقی ئەم چیرۆکانەیە. تا ڕادەیەکی زۆر وێنەی وێژەیی خۆمە. پاشگری (-یاد) پاشگرێکی یۆنانیی کۆنە کە واتای (داستان) دەسازێنێ، وەک (ئیلیاد، ئەینیاد، ئۆڵۆمپیاد، تیلێماخیاد…تد). ئەم چیرۆکانە زۆربەیانم لە کات و ساتی جیاوازدا نووسیوەتەوە و پەیوەندییەکی زۆریان بەیەکەوە نییە. زیاتر هەندێ یاداشتی خۆمن و لە کاتی خۆیاندا بە زمانی ئاسایی نووسیومنەتەوە. بەڵام کە زیاتر پڕۆڤەی هونەری نووسینم دەکرد؛ وردەوردە ئەم نووسینانەم چاککردووە و زمانێکی وێژەییانەم پێبەخشیون. لە ماوەی ڕابردوودا زۆر هەوڵمداوە ئەم کورتەچیرۆکانە بەیەکەوە بلکێنمەوە و ڕۆمانێکی لێدروستبکەم. بەڵام لەبەر سەرقاڵی و کەمیی کات نەمتوانیوە. لە ئێستادا ئاوها پارچەپارچە لەم ماڵپەڕەم بڵاویاندەکەمەوە. کە کاتم هەبوو؛ بێگومان بەیەکیانەوە دەلکێنمەوە و دەیانکەم بەو ڕۆمانەی لەخەیاڵمدان. هیوادارم خوێنەری بەڕێز چێژیان لێببینێ. سوپاس بۆ کات و خوێندنەوەتان.

نەوا

9 ئایار 2020

ئەم ئەڵقەیە پێشکەشە بە هەموو کەسێک کە ڕۆژێک لە ڕۆژان کردەوەیەکی بچووکی میهرەبانانەیان بەرانبەر کەسێکی نەناس نوواندبێ، بەتایبەتی بەرانبەر مناڵێکی پەڕەوازە. ڕەنگە لای تۆ تەنها کردەوەیەکی سادە بووبێ، بەڵام لای ئەو بۆ تاتایە وێنەی میهرەبانی لە یادگەیدا هەڵدەکۆڵرێ. چونکە لەوانەیە ئەو کەسەی بەرانبەرت تا ئەو چرکەیە نەیزانیبێ میهرەبانی بە کردەوە چییە، کە تۆ پیشانتدا؛ دەرگای بەهەشتێکی دەروونیی پیشاندەدەی کە هەر لەم سەر زەوییەیە و زۆر نزیکی خۆی بووە، بەڵام لەبەر چەڕەدووکەڵ و تەپوتۆزی هەڵساوی بن پێی شەڕخوازەکانی دەوروبەر نەیدیوە. بەم شێوەیە لێیبڕوانە: تۆ تەنها پارچەیەک قوڕی دەستکرد بە مناڵێک دەدەی، ئەو دەیکا بە مرۆڤ، بە ئاژەڵ، بە درەخت، ماڵ، ئوتومبێل…تد. تۆ میهرەبانیی خۆت پەخشبکە و لێبگەڕێ خۆی کاری خۆی بکا.

میهرەبانی ئەوە نییە کە زۆربەی خەڵک تێیگەیشتووە؛ پارە بە هەژارێک یان مناڵێک بدەی. ئەوە خراپترین جۆری میهرەبانییە، چونکە هیچ هەژارێک بە پارەی خێر لە هەژاری ڕزگاری نابێ، بەڵکو زیاتر ڕۆدەچێتە لیتاوی هەژارییەوە. ئەگەر بەرانبەر مناڵێکیش وابکەی ئەوا وایلێدەکەی هەر بە پەڕەوازەیی لە ژیاندا بمێنێتەوە. پارەدان بە هەژار چارەیەکی زۆر کاتیی کێشەیەکی زۆر بەردەوامە. میهرەبانییەک بنوێنە کاریگەریی قووڵی هەبێ، گۆڕانکاری لە بەرانبەرەکەتدا دروستبکا، کەمێک کاتی خۆت بەو کەسە ببەخشە، بزەیەکی دروستکەر، تەماشایەک، زانیارییەک کە لە مەودای درێژخایەندا ڕزگاریبکا. بشزانە: تەنها هەژار و بێ مووچە پێویستی بە میهرەبانی نییە؛ هەموو مرۆڤێک، چەنێک دەوڵەمەند و زەنگینیش بێ؛ هەر پێویستی بە میهرەبانییە. لە ڕاستیدا بەم شێوەیەیە؛ زۆربەمان دووراودوور وادەزانین ئەو کەسە تەنها لەبەرئەوەی دەسەڵاتێک یان سامانێک یان پیشەیەک یان مووچەیەکی هەیە؛ ئیتر پێویستی بە میهرەبانی نییە، بۆیە هەمووان بە لایدا تێدەپەڕین و هیچ میهرەبانییەکی لەگەڵدا نانوێنن. بەڵام تۆ نەتزانیبوو، ئەویش بەدەر نییە و تینووی میهرەبانییە. بۆیە، تکایە دووراودوور بڕیارمەدە کێ پێویستی بە میهرەبانی نییە و کێ پێویستی پێی هەیە. تکایە لە پەخشکردنی میهرەبانی بەردەوام بن.

پێشتر ئەم ئەڵقەیە ناوی (پیاوە میهرەبانەکەی بەر تەلاری عەتاڕ) بوو، بەڵام ئەمڕۆ بڕیارمدا ناوەکەی بگۆڕم بە (میهرەبانەکان). چونکە لەم چیرۆکەدا تەنها ئەو پیاوەی بەر تەلاری عەتاڕ میهرەبان نییە، ئەم چیرۆکە سەبارەت بە یەک پاڵەوانی میهرەبانیش نییە، بەڵکو سەبارەت بە خودی چەمکی میهرەبانییە. بزەکەی مامۆستا جەمال شادان، سڵاوەکەی مامۆستا جەمال عەبدول، بزە داڵغاوییەکەی مامۆستا شێرکۆ بێکەس، پۆلیسی هاتوچۆ بەئەمەکەکە و شۆفێری کرۆناکە، ئەو مامۆستایانەی کاتی خۆی بۆ چەند چرکەیەک لێگەراون هۆنوس خۆی بێ و گۆرانی ببێژێ… هەموویان میهرەبانن و هەموو میهرەبانین لە شێوەی جۆراوجۆردا.

نەوا

10 حوزەیران 2020

ئەگەر دەتەوێ ئەم چیرۆکە بە پی دی ئێف داببەزێنی؛ لێرە کلیک بکە.


16-21ی ئایار 2019، پاکنووس: 10ی حوزەیران 2020

ئەم ئەڵقەیە پێشکەشە بە هەر کەسێک کە ڕۆژێک لە ڕۆژان کردەوەیەکی بچووکی میهرەبانانەی بەرانبەر کەسێکی نەناس نوواندبێ، بەتایبەتی بەرانبەر مناڵێکی پەڕەوازە. ڕەنگە لای تۆ تەنها کردەوەیەکی سادە بووبێ، بەڵام لای ئەو بۆ تاتایە وێنەی میهرەبانی لە یادگەیدا هەڵدەکۆڵرێ. چونکە لەوانەیە ئەو کەسەی بەرانبەرت تا ئەو چرکەیە نەیزانیبێ میهرەبانی بە کردەوە چییە، کە تۆ پیشانتدا؛ دەرگای بەهەشتێکی دەروونیی پیشاندەدەی کە هەر لەم سەر زەوییەیە و زۆر نزیکی خۆی بووە، بەڵام لەبەر چەڕەدووکەڵ و تەپوتۆزی هەڵساوی بن پێی شەڕخوازەکانی دەوروبەر نەیدیوە. بەم شێوەیە لێیبڕوانە: تۆ تەنها پارچەیەک قوڕی دەستکرد بە مناڵێک دەدەی، ئەو دەیکا بە مرۆڤ، بە ئاژەڵ، بە درەخت، بە ماڵ، ئوتومبێل…تد. تۆ میهرەبانیی خۆت پەخشبکە و لێبگەڕێ خۆی کاری خۆی بکا.

میهرەبانی ئەوە نییە کە زۆربەی خەڵک تێیگەیشتووە؛ پارە بە هەژارێک یان مناڵێک بدەی. ئەگەر میهرەبانی جۆری هەبێ؛ ئەوە خراپترین جۆری میهرەبانییە، چونکە هیچ هەژارێک بە پارەی خێر لە هەژاری ڕزگاری نابێ، بەڵکو زیاتر ڕۆدەچێتە لیتاوی هەژارییەوە. ئەگەر بەرانبەر مناڵێکیش وابکەی ئەوا وایلێدەکەی هەر بە پەڕەوازەیی لە ژیاندا بمێنێتەوە. پارەدان بە هەژار چارەیەکی زۆر کاتیی کێشەیەکی بەردەوامە. میهرەبانییەک بنوێنە کاریگەریی قووڵی هەبێ، گۆڕانکاری لە بەرانبەرەکەتدا دروستبکا، کەمێک کاتی خۆت بەو کەسە ببەخشە، بزەیەکی دروستکەر، تەماشایەک، زانیارییەک کە لە مەودای درێژخایەندا ڕزگاریبکا. بشزانە: تەنها هەژار و بێ مووچە پێویستی بە میهرەبانی نییە؛ هەموو مرۆڤێک، چەنێک دەوڵەمەند و زەنگینیش بێ؛ هەر پێویستی بە میهرەبانییە. لە ڕاستیدا بەم شێوەیەیە؛ زۆربەمان وادەزانین ئەو کەسە تەنها لەبەرئەوەی دەسەڵاتێک یان سامانێک یان پیشەیەک یان مووچەیەکی هەیە؛ ئیتر پێویستی بە میهرەبانی نییە، بۆیە هەمووان بە لایدا تێدەپەڕین و هیچ میهرەبانییەکی لەگەڵدا نانوێنن. بەڵام تۆ نەتزانیبوو، ئەویش بەدەر نییە و تینووی میهرەبانییە. بۆیە، تکایە دووراودوور بڕیارمەدە کێ پێویستی بە میهرەبانی نییە و کێ پێویستی پێی هەیە. تکایە لە پەخشکردنی میهرەبانی بەردەوام بن.

پێشتر ئەم ئەڵقەیە ناوی (پیاوە میهرەبانەکەی بەر تەلاری عەتاڕ) بوو، بەڵام ئەمڕۆ بڕیارمدا ناوەکەی بگۆڕم بە (میهرەبانەکان). چونکە لەم چیرۆکەدا تەنها ئەو پیاوەی بەر تەلاری عەتاڕ میهرەبان نییە، ئەم چیرۆکە سەبارەت بە یەک پاڵەوانی میهرەبانیش نییە، بەڵکو سەبارەت بە خودی چەمکی میهرەبانییە. بزەکەی مامۆستا جەمال شادان، سڵاوەکەی مامۆستا جەمال عەبدول، بزە داڵغاوییەکەی مامۆستا شێرکۆ بێکەس، پۆلیسی هاتوچۆ بەئەمەکەکە و شۆفێری کرۆناکە، ئەو مامۆستایانەی کاتی خۆی بۆ چەند چرکەیەک لێگەراون هۆنوس خۆی بێ و گۆرانی ببێژێ… هەموویان میهرەبانن و هەموو میهرەبانین لە شێوەی جۆراوجۆردا.

نەوا

10 حوزەیران 2020

 

میهرەبانەکان

16-21/ May/ 2019

هۆنوسی سێیەم کە هۆنوسە فریشتەکەیە، کەوتە دووان:

من لە بری هۆنوسی ماک، هۆنوسی هۆننووس، بۆ ئێوەی جوان

ڕاستوڕەوان، بێ پێوەنان؛ دێمە دووان

ساڵی دووهەزار؛ هۆنوس سیانزە ساڵ بوو. تازە چووبووە پۆلی یەکەمی ناوەندیی قوتابخانەی شۆڕشی کوڕان. ژیانی بە وەرچەرخانێکی مەزندا تێدەپەڕی. ئەم ناسکۆڵەی دایەیە شەش ساڵە لە قوتابخانەی سەرەتایی تێکەڵاوی کوردییە. هەموو ڕۆژێک، لە هەر پێنج وانەکاندا داوای لە مامۆستا جۆراوجۆرەکانی دەکرد ڕێگەیبدەن گۆرانی ببێژێ.

هۆنوس شوومە، زۆر بەدوومە،

با دانیشێ، نامانەوێ، با دانیشێ

هۆنوس لە هیچ کامێک لە یارییە کوڕانەکاندا باش نەبوو. هەموو ڕەسمڕەسمێنێک قلووچ دەکرا. هەموو هەڵماتێنێک دوای چینێک گاڵتەپێکران بە دەستە خوارەکەی؛ مایەپووچ دەکرا. هەموو چاڵچاڵێنێک دەسمینرا. هەموو گەنمگرتیجۆبڕایەک شەقشەقێنی کۆڵانی پێدەکرا. هەموو دووگۆڵییەک دەبووە هۆی دۆڕانی تیپەکەی. هیچ مناڵێکی کۆڵان لە تیپەکەی خۆیدا هۆنوسی نەدەویست. بە بیانووی ئەوەی گوایە “لە جێمی دووەمدا” هەڵیبستێنن؛ دایاندەنیشاند.

سێر (فێرگوسن[1]) ئەوەتا لە بەردەرگای ماڵانا

جێمی دووەم کامەتا لە فەرهەنگی کۆڵانا؟

هەرکەسێ لە کۆڵان یاریی کردبێ دەزانێ کە یاریی کۆڵان زۆر بە دەگمەن “جێمی دووەم”ی تێدەکەوت. تا تۆپ دەتەقی هەر جێمی یەکەم بوو. یان تا دایکی مناڵی خاوەنتۆپەکە کوڕەی بانگدەکردەوە. یان تا بانگی ئێوارە کۆتایی بە یارییەکە دەهێنا. یان هەندێ جار تا ماڵێک دەهاتنە دەرەوە و لە بەرانبەر ئەو هەموو هاتوهاوارەی لە کۆڵانەکەدا ناویانەتەوە چینێک هەمووانیان سەرکۆنە دەکرد. ئەم سەرکۆنەیەش لە گەورەکانەوە بۆ پچووکەکان دەستیپێدەکرد.

هۆنوسمان ناوێ، یاری نازانێ، قاچ تاکەوتاکە

کەری گێژووێژ لە تیپدا هەر بۆ دەرکردن چاکە

لە ناوچەوانت نووسراوە دۆڕان

بچۆ ژوورەوە، مەیەرە کۆڵان

ئەم هاوسەرگیرییەی هۆنوس و دۆڕان وایکردبوو لە هیچ کۆمەڵێکدا بەخێرهاتنلێکراو نەبێ. بۆیە ناچار زۆرتر تێکەڵاوی کچەکان دەبوو. ئەوان کەمتر سەرزەنشتی یارینەزانەکانیان دەکرد و زۆرتر چێژیان لە خودی کاتبەسەربردنەکە دەبینی، نەک ئامانجپێکانەکە. بۆیە هۆنوس لە کۆڵانیش و لە قوتابخانە سەرەتاییەکەی، زۆربەی هاوڕێکانی کچ بوون. لە هەموو یارییە بێسەرزەنشتکردنە کچانەکاندا باش بوو؛ خەتخەتێن، هێلاهۆپ، مامۆستایێنە، ماڵەباجێنە…تد.

هۆنوسی هۆننووس، دڵی کچانە

لەگەڵ پیاو و ژن نەرمونیانە

هۆنوسی دڵی کچان، لەبەرئەوەی مناڵێکی بێوەی بوو، بوێر و جیاوازیش بوو؛ مامۆستاکان خۆشیاندەویست و دڵیان نەدەشکاند. لە پۆلاندا هەڵدەستا و لە بەردەم هەموواندا گۆرانیدەبێژا. بەڵام هۆنوسی ئالوودەی گۆرانی؛ هۆنوسی گۆرانیۆس؛ لە سووچێکی حەوشەکەی ماڵی خۆیاندا ئەوەندەی گۆرانی بێژابوو کە مناڵانی گەڕەک و برایەکی بەتایبەتی تەواو لە گۆرانییە نەبڕاوەکانی وەڕسببوون. زووزوو دەنگێکی بێڕەنگ هاوارێکی دەکرد:

  • دە بەسە مێشکمان چوو.

ئێستا بۆ قوتابخانەی ناوەندی چووە. قوتابخانەی شۆڕشی کوڕان. دوای شەش ساڵ خوێندنی کوردی، ماڵەوەیان لە ترسی ئەوەی کە سبەینێ فێری عەرەبی نابێ و هاوکات لە زانکۆش خوێندن بە کوردی نییە و ناتوانێ کارێک بدۆزێتەوە؛ ناردبوویانە بەشە عەرەبییەکەی قوتابخانەی شۆڕش.

هۆنوسی عەرەب، لە قوتابخانە خەو دەیباتەوە،

“زارَ”ی عەرەبی و (زارا) خانی کورد جیا ناکاتەوە!

وەک بڵێی کۆچکردن لە قوتابخانەی سەرەتایی تێکەڵاوەوە بۆ قوتابخانەی ناوەندیی کوڕان وەرچەرخانێکی ئەوەندە کەمبەهایە. ئێستا هۆنوس دەبێ لەگەڵ عەرەبیشدا هەڵبکا. کە هیچ شتێکی سەبارەت بە عەرەبی نەدەزانی. مامۆستای مێژوو و جوگرافییەکەیان یەک مامۆستا بوو. کە دەهاتە ژوورەوە و بە عەرەبی دەستیپێدەکرد. ئەگەر نەخشەی بکێشایە؛ ئەوا هۆنوس دەیزانی کە وانەی جوگرافیایە. ئەگەر تا کۆتایی وانەکە نەخشەی نەکێشایە؛ هۆنوس بۆیدەردەکەوت کە لەوانەیە وانەی مێژوو بووبێ. لەوانەیە!

“میللەتی کورد و عەرەب هەردویەکە تەفرەقە بوون

لە جەفا و میحەنی موڵکی سەبا و یەمەنی[2]

لە قوتابخانەی ناوەندی؛ سەردەمی گۆرانیبێژان و ھاوڕێی کچ و جانتای پەڕتووک و خۆقۆزکردن نەما. ئێستا کراسێکی سپی و پانتۆڵێکی ڕەش دەپۆشی و پەڕتوکەکان بە باران و ھەتاو دەخەیتە ژێر دەستتەوە. زۆربەیان خۆیان گەورەتر لە خۆیان پیشاندەدەن. دوێنێ گوێملێبوو ئەو کوڕە دەنگی خۆی بۆڵاندبوو و بۆڵبۆڵ دەیگرماند، بۆئەوەی وا پیشانبدا کە دەنگی گڕ بووە. من دەنگم گڕنەبووە. لە چاویاندا بەبەم. ئەو ڕۆژە مامۆستا کاوە دەستی لە لووتی من و ئەو کوڕەی ترەوە دا وتی:

  • ئادەی بزانم؟

دۆشاومژەی خستە سەر تۆپی دامێنی لووتمان و بازنەییانە پەنجەی بادا. ئەوە بەدوای چیدا دەگەڕا؟ دوایی بەو کوڕەی تری وت:

  • تەواو باڵق بووی!

بەڵام ڕوویەکی کردە من و وتی:

  • بەڵام تۆ جارێ ماوتە!

ماومە بۆ چی؟ باڵقبوون چییە؟ دەنگگڕبوون؟ تۆبڵێی هیی ئەوە بێ باوکم نییە؟ من وەکو ئەو کوڕەی بەشە کوردییەکە ڕیش و سمێڵم ناتاشم. تۆبڵێی ئەو باڵق بووبێ؟ من جارێ ماومە. گەورەبوون چۆنە؟ پەڕتووکەکانم باران لێیاندەدا. من حەزم لە جانتایە. باشە ئەمانە بۆچی حەزیان لە جانتا نییە؟ دەڵێن جانتا هیی کچانە. جانتا باشە، من حەزم لە جانتایە. وسبە. خۆت لە کاروانەکە دامەبڕێنە. ڕۆژ نییە پێتنەڵێن ھێلکەی قازی نەک مراوی. نەکەی جیاواز بی.

“لە پێ کەوتووم و نەفسم بۆ ھەوا دەشنێ وەکو منداڵ

لە بەر پیری سەرم خۆی ناگرێت و تازە پێ دەگرم[3]

هۆنوس لە پێ نەکەوتووە، بەڵام نەفسی بۆ یارییە کچانەکان دەشنێ. بۆ هاوڕێ کچەکانم. باڵق. بیریاندەکەم. عەیبە.

تەمەن و بەختی؛ سیانزە نووسراوە

هۆنوس گەورەیە، بۆ ئیش نێرراوە

بێوەژنەکەی دایکی هۆنوس، کە دایکی هەشت مناڵی زیندوو و دووانی مردوو بوو؛ کابانێکی سەرقاڵ بوو. لە پێش لەدایکبوونی هۆنوسەوە مێردەکەی مردبوو. واتە، هۆنوس هەرگیز باوکی نەدیوە و نازانێ باوک و باوکێتی چییە. بەڵام با نێوانی خۆمان بێ، وابزانم هەر لەبەر ئەمەیە کە من و حەمەهۆنوسی دووەم زۆربەی کات لەگەڵیداین، ئەوەندەی بۆمان کرابێ شوێنی باوکیمان بۆ گرتووەتەوە. بەتایبەتی هۆنوسی دووەم کە بەردەوام تووڕەیە و ئامۆژگاریمان دەکا! بێینەوە سەر (ئایۆ خان)ی دایکی هۆنوس، ئەم ژنە هەر ئەوەندە فریادەکەوت جلی ئەم هەموو مناڵە بشوا و خواردنیان بۆ ئامادەبکا. تا ئەوەندەی خۆی ئەرکەکانی بەجێبگەیاندایە کارزان و سەلار بوو. بەڵام کە سەرپەرشتیی یەکێکی تری دەکرد کارێک بکا، لە ئەرک پێسپاردندا زۆر بێبەهرە بوو. زۆر جار بۆ پەرداخێک ئاو سێ مناڵی دەنارد. ڕۆژێک بۆ ئەرکێک، کە منیش و هۆنوس خۆشی بیرمان نایە چی بوو، (چونکە ئێمە زیاتر هەستمان بیردێتەوە وەک لە چییەتی شتەکان) هۆنوسی بەرەو گەڕەکی ڕزگاری نارد. دە دیناری پێدا:

دوو دیناری بۆ پاس

سێ دیناری بۆ خۆی

پێنج دیناریش بۆ تێچووی ئەرکە پێسپێرراوەکە.

پاش چواربارە و پێنجبارەکردنەوەی دایکی. هۆنوس کەوتەڕێ.

“لە دەریاوە قەتاری هەوری بارشت کەوتە دووی پێشەنگ،

بەسەر سنگی چیادا چۆکی داداوە، کش و بێدەنگ…[4]

بۆ ئەرکی دایکی، هۆنوس کەوتە ڕێ،

خوا بکا پلانی دایکی نەگۆڕێ

ھۆنوسی ناباڵق دەرگای حەوشەی کردەوە و لەسەر سێ قادرمەکەی بەردەرگا لەژێر سێبەری دارتووەکەدا ڕاوەستا. سەرە بەفرینەکەی (جەمال شادان) لە دەرگا تابووتییەکەی دواوەی مزگەوتی حاجی جەمالەوە هاتە دەرەوە. پیاوە ڕووخۆشەکە. تیشکدانەوەی چاویلکەکەی شادان ڕوویکردە هۆنوس و بە بزەیەکی هەنگوینییەوە سڵاوێکی گەرمی بۆ کرد. ئەم پیاوە هەمیشە بزەدەکا. هەمیشەش سڵاو دەکا. دەمناسێ؟ هۆنوس بە شەرمێکی مناڵانە و بزەیەکی ڕێز و پێزانینەوە بە دوو جاری خێرا دەستی بەرزکردەوە و وەڵامی سڵاوەکەی دایەوە. شادان بەرەو یەکێتیی ژنانی کوردستان لە سەری ڕۆژئاوای کۆڵانەکە و هۆنوسیش بەرەو سەری ڕۆژهەڵات کەوتنەڕێ. ھەر ئەوەندەی هۆنوس لە سەرسووچی کۆڵانەکەیان چووە ئەودیو دیوارە بەردەنەقاڕییەکەی نوێژگەکەی مزگەوتی حاجی جەمالەوە و چاوی دایکیی لەسەر نەما؛ یەکودوو پلانەکەی دایکی لە مێشکی خۆیدا گۆڕی. بەم شێوەیە:

پێنج دینار بۆ تەکسی،

پێنجەکەی تریش بۆ ئەرکەکە،

بە پێ هاتنەوە بۆ ماڵەوە.

هۆکاری بە پێ هاتنەوەشی ئەوەبوو کە بەشکو تۆزێ دەرفەتی بۆ بڕەخسێ و دوور لە سەرزەنشتی “بەسە مێشکمان چوو” بەدەم ڕێوە کەمێک گۆرانی ببێژێ. لەسەر سووچی بەرزەڕێکەی مزگەوتی حاجی جەمالەوە چووە سەر شەقامی سالم و بەرەو ڕۆژهەڵات کەمێک هەنگاوی نا تا دڵنیا بکاتەوە لەوەی چاوی دایکی لەسەر نییە. لە سەرسووچەکەی شەقامی عەلی ناجی، لەبەردەم ماڵی شێخ ڕەئوف، کە (نووسینگەی دەریا بۆ تەلەفۆن و فاکسی جیهانی)ی تێدا بوو؛ بە دزییەوە کەمێک چاوەڕێی تەکسییەکی کرد. مارسیدسەکەی (شێرکۆ بێکەس) لە سەهۆڵەکەوە هات و لە بەردەم هۆنوسدا هێمای پێچکردنەوەی بە دەستی ڕاستدا داگیرساند و خاویکردەوە تا بە کۆڵانە بەرزەڕێکەدا سەربکەوێ. مامۆستا شێرکۆ خۆی لە دواوە دانیشتبوو. بە چواردەوری خۆیدا لە پەنجەرەکەیەوە بە داڵغەیەکی قووڵەوە تەماشای هەموو شاری دەکرد وەکبڵێی بۆ شتێکی زۆر بەنرخ دەگەڕا. بۆ کەمێک نیگای کەوتە سەر هۆنوس. پاش وردبوونەوەیەکی کورت، نیوبزەی بۆ کرد و دیسان کەوتەوە سۆراخی نقێم و مرواریی هۆنراوەکانی مێشکی خۆی. لادایەکی تەکسی هات. هۆنوس دەستی لێڕاگرت و شوێنی مەبەستی پێوت. بەو شێوەیەی پێشبینیکردبوو، بە پێنج دینار ڕێککەوتن. سەرکەوت. دەرگاکەی دوای خۆی داخست و قیت لەسەر قەنەفەی سەرنشین دانیشت. یەکسەر پارەکەی بدەمێ؟ پاس وایە، پێشەکی دەیدەی. تەکسی پێچەوانەی پاسە، کەواتە دەبێ پێچەوانە بێ.

“شۆفێر ماشێنت ئۆدرپۆستە

پووڵم داوە لێبخوڕە مەوەستە

زوو بگەرە ئا ئەو چاومەستە

چاوباز و ئەبرۆ پەیوەستە

بمکوژێ حەقی بەدەستە

یەڵڵە شۆفێر یەڵڵە دە بگە یارم یەڵڵە[5]

شۆفێر ماشێنت نە لاندڕۆڤێرە، نە ئۆدرپۆستە، نە شۆڤەرلێتە… نە هۆنوسیش بەداخەوە دەچێتە لای چاومەست و ئەبرۆ پەیوەست. بەڵام تکایە لێبخوڕە و بیگەیەنە شوێنی مەبەست.

لادا بە شەقامی چۆڵی سالمدا بەرەو خۆرئاوا کەوتە ڕێ. لەوبەرەوە شۆفێری هارتۆپەکەی (مامۆستا جەمال عەبدول) دەهاتەوە و لە فیلکەی ئیڤڵە هەڵگەڕاوەکەی بەردەم ماڵی پارێزگاردا بە دێوری وەستا تا لاداکە و کۆستەرێک و لە پشتیشیانەوە بەڕازیلییەک تێپەڕین. مامۆستا جەمالیشی لەگەڵدا بوو.

خوایە نەمبینێ. نەکا دوایی دایکم بیبیستێتەوە کە پارەکەم بە تەکسی داوە. مناڵێکی وەکو من چییە سواری تەکسی ببێ؟ تۆبڵێی نەپرسن؟

لادا تێپەڕی و مامۆستا جەمال سڵاوینەکرد. تەواو، مادەم سڵاوی نەکرد کەواتە نەیدیوم. ئەو هەمیشە سڵاوم لێدەکا. تۆبڵێی بمناسێ؟ تەکسیگێڕەکە هەر ئەوەندەی لە فیلکەکە لایدا؛ نیگایەکی گومانی گرتە هۆنوس کە قیتوقنج دانیشتبوو. یەکسەر پرسی:

  • کوا؟ پارەت پێیە؟

هۆنوس، بە ڕێزێکی مناڵانەوە لە گەورەی خۆی، یەکسەر دە دینارە چوارقەدەکەی ناو مشتی ناو گیرفانی ڕاستی پانتۆڵەکەی دەرهێنا و بە تەکسیگێڕەکەی دا. ئەویش لێیوەرگرت و دیسانەوە نیگایەکی گوماناویی تری تێگرت و کەمێک شێوە و قەد و باڵای پشکنی. هۆنوسی بەئاگا لەم نیگایەی تەکسیگێڕەکە، نە ملی، نە چاوی بە هیچ شێوەیەک بۆ لانەدایەوە، قیتوقنج لە جامی پێشەوەی ئوتومبێلەکەوە کە چەندین هێڵەدرزی درێژبووەوە و سێ تۆڕی مەزنی جاڵجاڵۆکە درزی تێدا بوو تەماشای لە دیمەنی دەرەوە چەقاند. تەکسیگێڕەکە دەستیکرد بە گیرفانی ناوەوەی سەر دڵی، پێنج دینارییەکی دەرهێنا و دایە دەستی.

هۆنوس وەریگرتەوە و چیتر ترسی مامەڵەکەی لە دڵدا نەما کە نەکا تەکسیگێڕەکە هەڵیبخڵەتێنێ و پارەکەی لێبسەنێ و نەیبا. چینێکیشی تێهەڵبدا و دواتریش لە ماڵەوە تێر سەرزەنشت بکرێ. ئیتر تەواوی قورسایی خۆی و دوودڵییەکانی لەسەر شانی ڕاستی خۆی بە دەرگاکەدا هەڵپەسارد و کەوتە قووڵایی خەیاڵەوە.

بێ قسە و بێ نقە تەکسی ڕۆیشت. مزگەوتی حاجی حەسەنی لۆکەی تێپەڕاند. هەر ئەوەندەی یەک و دوو، چووە ترافیکەکەی بەر تراییەکە، کە دەبوو لەوێوە پێچ بکاتەوە. لە دوورەوە گڵۆپی سەوزی ترافیکلایتەکە بانگیدەکردن. لە بەختی تەکسیگێڕ و لە بەدبەختیی هۆنوس؛ ترافیک زەرد بوو. تەکسیگێڕەکە بۆئەوەی فریابکەوێ بڕوا؛ خێرایکرد و وەک دواهەمین ئوتومبێلی سایدەکە یەکسەر لەبەردەم ترافیکەکە دێوریکردەوە. لە دوای لاداکە پۆلیسی هاتوچۆکە بە فیکەیەک و باڵێکی هەڵبڕراوی ئەو سایدەی ئەوانی وەستاند. لەوەدا بوو سایدی بەرانبەر ڕێبدا؛ لە خەستەی دێورەکەدا بە لای چەپدا کە قورسایی ئوتومبێلەکە بەسەر لای ڕاستدا شکایەوە، دەرگای لادا لەخۆوە کرایەوە و هۆنوسی خۆهەڵپەسێریش لە ناوەڕاستی مەیدانەکەدا بەسەر ئانیشکیدا لە لاداکەوە یەکەم جار بە گازەرەی پشتدا کەوتە خوارەوە پاشان دوو سێ تەقلەی لێدایە سەر جادە قیرەکە. بۆ چەند چرکەیەک دەرگای سەرنشینی لاداکە جۆلانێیەکی کرد. پۆلیسی هاتوچۆ ئاگادارەکە خێرا بە چەند فیکەیەکی ئاماژەپێدەر، هەموو ئوتومبێلەکانی سایدەکانی تری ڕاگرت و بەپەلە بەدەم هۆنوسەوە هات. تەکسیگێڕەکە بە شڵەژان و شپرزەییەکی ناکاوەوە هەر بە دەرگا کراوەیی بێ هۆکارێکی دیاریکراو هۆڕنێکی لێدا. لە ناوەڕاستی سایدی پێچەوانەدا ڕایگرت و لە پەنجەرەکەیەوە سەری دەرهێنا و دەستیکرد بە سەرکۆنە:

  • ئەوە تۆ بەشەری لەخۆتەوە دەرگا دەکەیتەوە؟

هۆنوس هەناسەی وەستابوو… ئایا هەناسە دەدەم؟ لەوەناچێ. وابزانم چیتر هەناسە نادەم. تەواو. تۆبڵێی ئەگەر بمرم لێم تووڕە نەبن؟ با. وابزانم تووڕە دەبن. دەڵێن بۆ مردی؟ پۆلیسی هاتوچۆکە دوو جار کێشای بە پشتیدا، سێ جاریش بەسەر سنگیدا. لەم کاتەدا لە سایدی بەرانبەرەوە شۆفێرێکی کرۆنای هەشتا لە ئوتومبێلەکەی ترافیکە وەستێنراوەکەیەوە دابەزی و بەپەلە هات. پۆلیسی هاتوچۆکە سەرنجی هەناسەنەدانی هۆنوسی دا و بیرۆکەی ئەوە تۆقاندی کە لەوانەیە ئەم دیمەنی لەباوەشگرتنی تەرمی نەوجەوانە ببێتە گرنگترین هەواڵی ڕۆژەکەی و بۆ تاتایە چاوە ڕەشە تەواوکراوەکانی هۆنوسی مردووی باوەشی خۆی لە بەرچاوی یادگەیدا کاڵنەبێتەوە. تەواو، هەناسە نەما. شششششششششششش. هۆنوس لە دواهەمین چرکەکانی ژیانیدا بوو. پۆلیسی هاتوچۆکە چەند جارێکی تر لە باوەشیدا ڕایوەشاند و بە دەستێکی کێشای بە سنگیدا. شۆفێری کرۆناکە گەیشت و یەکسەر تێگەیشت کە هۆنوس هەناسەی لێبڕاوە، بەهەڵەداوان چەند زللەیەکی خێرای لە هۆنوس دا. بە پۆلیسی هاتوچۆکەی وت:

  • پاڵیخە… پاڵیخە.

پۆلیسی هاتوچۆکە وایکرد و شۆفێری کرۆناکەش دەستی خستە ژێر ملی هۆنوس و چەند جارێک بە خێرایی سەر و نیوەی سەرەوەی قەدی هۆنوسی هەڵبڕی و نوشتاندییەوە و پاڵیخستەوە. پۆلیسی هاتوچۆکەش یەک دوو جار کێشای بەسەر سنگی هۆنوسدا. دواجار هۆنوس هەناسەیەکی قووڵی پەلەی هەڵمژی و خێرا کەوتەوە هەناسەدان. هئهئهئهئهئهئهئهئهئهئهئهئ. شۆفێری کرۆناکە و پۆلیسی هاتوچۆکە ئاهێکی ئۆخەیان پێداهاتەوە و بە هەردووکیان هۆنوسیان بۆ سەر شۆستەکە بردەوە. تەکسیگێڕەکە دەنگبەرزتر نەڕاندی:

  • کەری؟ بۆ دەرگا دەکەیتەوە؟ چۆن دەبێ دەرگا بکەیتەوە؟

پۆلیسی هاتوچۆکە بە نەرمی پرسی:

  • بۆ دەرگاکەت کردەوە؟

هۆنوس بە هەناسەبڕکێوە وتی:

  • هئهئهئهئهئهئ دەرگام نەکردەوە، هئهئ خۆی کرایەوە. پاڵم پیادابووەوە.

پۆلیسی هاتوچۆکە بە شۆفێری تەکسییە دانەبەزیوەکەی وت:

  • نەیکردووەتەوە، دەرگاکەت خۆی کراوەتەوە. بزانە قفڵ…

تەکسیگێڕەکە یەکسەر خۆی تووڕە کرد و نەڕاندی:

  • درۆ دەکا. دەرگای من عەیبی نییە. ئەو خوێڕییە دەیەوێ خۆیم بەسەردا ساغبکاتەوە. من ئەمانە چاک دەناسم چین! خوێڕی.

بە تووڕەییەوە دابەزی و بە دەوری ئوتومبێلەکەیدا ڕۆیشتە بەردەم دەرگا کراوەکەی سەرنشین و دوای پێنج شەش کۆشش، دایخست. بە پرتەوبۆڵەوە سواربووەوە و تفێکی لە پەنجەرەکەیەوە کرد و دەستیکردەوە بە لێخوڕین. هەمووان بۆ چەند چرکەیەک تەماشای لایتە خێلەکانی پشتی لاداکەیان کرد و لە هەڵوێستی تەکسیگێڕەکە سەریان سووڕما. وردەوردە وێنەی تەکسییەکە لە بەرچاوی بینەرەکانیدا پچووکدەبووەوە. لەناکاو دەرگای سەرنشینەکەی دیسان کرایەوە. بەڵام شۆفێرەکەی هەر پێیلێنا و ڕۆیشت. لە پێلێنانەکەدا دەرگای سەرنشینەکەی دیسان داخرایەوە. پۆلیسی هاتوچۆکە لەبەرخۆیەوە وتی:

  • ئەوە خۆ… ڕاستیکرد… دەرگاکەی ئەوەتا…

شۆفێری کرۆناکەش کە ئەبڵەق بە دیار وێنە دوورکەوتووەکەی لاداکەوە وەستابوو، لەبەرخۆیەوە وتی:

  • هەی لەو… دەرگاکەی… ژمارەکەی بگرە…

پۆلیسی هاتوچۆکە دەستی بە گیرفانیدا کرد:

  • پاکەتە جگەرەکەم… قەڵەمەکەم پێیە…

شۆفێری کرۆناکە بەپەلە وتی:

  • بیگرە، ژمارەکەی، من نایبینم… بۆم ناخوێنرێتەوە.

پۆلیسی هاتووچۆکە پرسی:

  • تۆ پاکەتی جگەرەت پێیە؟
  • نا، من جگەرە ناکێشم. جگەرەت بۆچییە؟
  • جگەرەم ناوێ، سیمەکەیم دەوێ ژمارەکەی لەسەر بنووسم.
  • ناوەڵا…

هەردووکیان تەماشایەکی پرسیارئامێزیان گرتە هۆنوسی دەست مێروولەکردووی زریکەکردووی تازە ژیاوە. بەڵام هەردووکیان پرسیارەکانیان گەڕاندەوە و نەیانکرد. دوای چەند چرکەیەکی نائومێدی پۆلیسی هاتوچۆکە تەماشا دووربینەکەی بە سەرلەقانێک کۆتایی پێهێنا و لەبەرخۆیەوە وتی:

  • خوا بۆت بنێرێ!

شۆفێری کرۆناکەش دوای هەناسەدانەوەیەکی ساردی نائومێدی وتی:

  • ئامین!

لە دوورەوە دوو کۆستەر و مازدایەک و بەڕازیلییەک و داتسۆنێک و لادایەک دەستیانکرد بە هۆڕنلێدان بۆ پۆلیسی هاتوچۆکە تا ڕێگەیان بدا. شۆفێری کرۆناکە دەستێکی هاوسۆزی بە سەری هۆنوسدا هێنا و گەڕایەوە بۆ ئوتومبێلە دەرگا کراوەکەی. پۆلیسی هاتوچۆکەش بە ئەمەکەوە کەوتەوە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی خۆی و سایدەکانی ڕێپێدا. کرۆناکە دواهەمین ئوتومبێل فریاکەوت بڕوا. هەمووان کە بە لای هۆنوسدا تێدەپەڕین خاویان دەکردەوە و تەماشایەکیان دەکرد.

هۆنوس هەڵسایەوە سەرپێ. دەتوانم هەڵسم. بەرەو خۆرهەڵات بە شەلەشەل و قۆڵی ڕاست لە ئامێزی قۆڵی چەپیدا لۆژاندی. چەند کەسێک کە لە دوورەوە بۆنکەری ڕووداوەکە بوون، تەماشای پرسیارئامێزیان دەگرتە هۆنوس. بەڵام کەس هیچی لێنەپرسی. تا هۆنوس دوورتر دەکەوتەوە، تەماشای پرسیاراویی خەڵکیش کاڵتر دەبوونەوە.

بە ئانیشکی بریندار و شەقشەق لەرزیوەوە، چاوبەفرمێسک، دەرکراو لە تەکسیی لادا، ڕۆیشت تا گەیشتە بەردەم تەلاری عەتاڕ. هۆنوسی هۆننووس هۆنهۆن دەگریا و نەشیدەویست خۆیدەربخا. بەڵام زریکەی ئازارەکەی ئانیشکی ئەوەندە بەسوێ بوو کە فرمێسکی لەناو چاویدا بۆ دەستەمۆ نەدەکرا. وردەوردەش هەنگاوەکانی قورستر دەبوون. لەبەردەم سەرتاشخانەی کوردستانی نوێدا پیاوێکی بینی، پیاوەکەش ئەوی دی. هێزێکی موگناتیسیی شاراوە سۆزی هەردووکیانی لێکئاڵاند. پیاوەکە میهرەبانانە بەرەو ڕووی هات و دەستیکردە ملی و دڵیدایەوە، وتی:

  • کوڕم چی بووە؟

هۆنوس لەبەردەم قاپیی پیاوێکی بەسۆز کە بە تۆنێکی بەسۆزەوە نەقیزەی پرسیاری بەسۆزی ئاژنییە هەستە تێکەڵاوەکانییەوە؛ یەکسەر لە پرمەی گریانی دا و سکاڵائاسا چیرۆکەکەی بۆ گێڕایەوە. پیاوە میهرەبانەکە بە پەستییەکی میهرەبانانەوە تچکێکی پەژارەی لە دەمییەوە دەربڕی و باوەشێکی کرد بە هۆنوسدا و وتی:

  • تچکم، کوڕم، قەیناکە گوێیمەدەرێ.

پاش کەمێک، بە پانتایی هەردوو پەنجەگەورەکانی فرمێسکەکانی سەر گۆنای هۆنوسی سڕی. هۆنوسیش هەنسکی گەورەی پاش ڕیزێک هەنسکی پچووکی دەردەبڕی. بۆ چەند چرکەیەک، کە دەتوانم بڵێم خولەک زیاتریش کاتەکە هەر وا ڕۆیشت. پیاوە میهرەبانەکە دواتر وتی:

  • کوڕم ژیربەرەوە. قەیناکە.

“تۆ وەکو چیای ئاگری

لە بەر تەوژم و با و تۆفان

سەخت و ڕەق و پێداگری

لە ئاست ئەم داخ و دەردانە

بەهیممەت و خۆڕاگری[6]

دوای چەند هۆنراوە هەنسکێکی هۆنوسی تازە هەرزەکار، پیاوە میهرەبانەکە میهرەبانانە وتی:

  • کوڕم تۆ پیاوی نابێ بگریت!

تۆ پیاوی. نابێ بیری کچ بکەی. نابێ کەس بزانێ کە بیری کچەکانی هاوڕێت دەکەی. نابێ کەس بزانێ لە ناخدا چەند هەست بە تەنیایی و پەڕەوازەیی دەکەی. نابێ کەس بزانێ وەک ئەوان نیت. تۆ پیاوی. دەبێ وا پیشانبدەی وەک هەموویان وای.

پیاوە میهرەبانەکە دەست لە ملی هۆنوسدا، بەرەو تەنیشت دوکانە مەڕمەڕە پرتەقاڵییە گراندیارەکەی بەیار پێشڕەویکرد. لەوێدا لەسەر قادرمەیەک هۆنوسی دانیشاند و خۆشی لە تەنیشتییەوە دانیشت و دەستیکردە ملی. پێیوت:

  • مەگری سەرخڕ گیان، تۆ سەیری ئەم قژە خاوە جوانە. خۆزگە کوڕەکەشم وەک تۆ قژی خاو و جوان بووایە. کوڕەکەم قژی لوولە، ئەوە ئێستا لە سەرتاشخانەکەیە، سەری بۆ دەتاشن، ئینجا هارتر دەبێ. کوڕی من بوویتایە قەد نەمدەبردی بۆلای دەلاک. تۆ وەک مناڵانی تر کە قژت بۆ دەتاشن هار دەبی؟

هۆنوس بە بزەیەکی تێکەڵ بە دوودڵی و شەرمەوە وتی:

  • منیش حەزدەکەم قژم درێژ بێ.

پیاوەکە پێیوت:

  • ئێ مەیتاشە، بە باوکت بڵێ با نەتبا بۆلای دەلاک.

هۆنوس پێیوت:

  • باوکم نییە.

پیاوەکە بێدەنگ بوو و بۆ چەند چرکەیەک هیچی تری نەوت و نەپرسی. پاشان هەستا و بۆ بەر دوکانی وشکەفرۆشییە پچکۆلەکەی تەنیشت دوکانە مەڕمەڕەکەی بەیار ڕۆیشت. بە هۆنوسی وت:

  • شتێکت بۆ دەکڕم. حەزت لە چییە؟

هۆنوس خێرا ویستەکانی خۆی قووتدایەوە و وتی:

  • سوپاس. هیچ!
  • نابێ! نەستەلەیەکت بۆ دەکڕم.

هۆنوس شەرمنانە و هێورانە وەڵامیدایەوە:

  • نا، سوپاس.

پیاوەکە دیسان پێداگریی کرد:

  • نا، شتێکت هەر بۆ دەکڕم. ساردییەکت بۆ دەکڕم.
  • نا، سوپاس.

پیاوەکە وتی:

  • ساردی یان نەستەلە؟ کامیان؟ دەبێ یەکێکیان هەڵبژێری.
  • نا سوپاس بەخوا.

پیاوەکە بە بزەیەکەوە وتی:

  • دە خێرا پێمبڵێ، با کوڕەکەم نەیەت و پێیبزانێ، دوایی ناهێڵێ. ساردی یان نەستەلە؟

هۆنوسی بەردەم دوو بەرداشی یەک لە یەک شیرینتر، پاش بیرکردنەوەیەکی خێرا، بە دەنگێکی زۆر نزمی شەرمنانەوە وتی:

  • ..اردی

پیاوەکە پرسی:

  • چی؟ ساردی؟
  • بەڵێ.

پیاوە میهرەبانەکە چوو ساردییەکی هەڵپچڕاوی لە دوکانەکەوە بۆ هێنا و دای بە هۆنوس. هۆنوس بە ساردی لە ساردیی سارد قومیدا.

دایکم بمبینێ تووڕە دەبێ. نابێ کەس شتم بۆ بکڕێ. چۆن ڕازیبووم؟ بزانە سەری شووشەکە نەقرنجاوە؟ دەڵێن قرنجابێ نابێ بیخۆیتەوە. نا نەقرنجاوە. میهرەبانییەکەی لە هیی کاک ژیلوانی دراوسێمان دەچێ. خێرا بیخۆرەوە. نا. خێرا نا. دوایی دەڵێن بۆ ساردی گریاوە. خاو بیخۆرەوە.

هۆنوس چەند کورتەقومێکی تری لە پیپسیکۆلاکە دا.

کات بۆ ناڕوا؟ پیاوەکە چاوەڕێمدەکا تەواوببم. چی بکەم؟ خێرا قومی لێبدە. تۆبڵێی بیر لە چی بکاتەوە؟

یەک دوو قومی خێرای لێدا.

قوڕگم بەستی. ئای. وا خۆت پیشان مەدە کە ئەوەندە ناسکی. ئەو کوڕەی کۆڵانی پشتەوەم دی پیپسییەکی هەڵپچڕی و بێ دەملێبەردان هەمووی خواردەوە. ئەو هەر خۆی لەشی تۆکمە و بەهێزە. من وانیم. هەموو گیانم ئێسقانە. من بەهێز نیم. وابزانم ئەگەر باوکت هەبێ بەهێز دەبی. وایە؟ زۆربەی مناڵان کە دەبینم یەکسەر دەزانم باوکیان هەیە یان نا. یان شەڕانین و دەیانەوێ لێتبدەن، یان زۆر بەڕەوشت دیارن. زۆربەیان بیر لەو قسەیە دەکەنەوە کە دەیڵێن، بەڕێزتر قسە دەکەن. لە ترسدایە؟ هەموو کاتێکیش نایەنە دەرەوە.

پیاوە میهرەبانەکە لای سەرتاشخانەکەوە لە لایەن ژنەکەیەوە بانگکرا. شەتەکێکیدا. گەڕایەوە. دەستێکی کردەوە ملی هۆنوس و وتی:

  • من دەڕۆم، دەبێ بڕۆم. ئەوە ژنەکەم و کچەکەم و کوڕەکەمن. دیارە کوڕەکەم تەواو بووە. دەبێ بڕۆم. کەس پێیوتووی لە ژاپۆنی دەچی؟

هۆنوس بزەیەکی کرد و بە شەرمەوە پێیوت:

  • هەموو کەس.

جۆگەلە داچۆڕاوەکەی فرمێسکەکەی بە ڕوومەتییەوە دیار بوو. پیاوەکە وتی:

  • فرمێسکەکانت بسڕە با کچەکەم بە گریانەوە نەتبینێ. کە ساردییەکەشت تەواو کرد هەر شووشەکەی بخەرەوە ناو ئەو سنووقە. پارەکەیم داوەتێ. مەگری بەقوربان. تۆ پیاوی.

تۆ پیاوی. بۆ کچ مەگری. زۆر ناقۆڵایە بە تەنیا لە شوێنێکی دوور لە ماڵی خۆتان دابنیشی و پیپسیکۆلا بخۆیتەوە. سوپاسی بکە.

  • زۆر سوپاس.

بۆ پیپسیکۆلاکەش.

  • بۆ پیپسیکۆلاکەش.

پیاوە میهرەبانەکە میهرەبانانە بە بزەیەکی شیرینەوە وەڵامیدایەوە:

  • سوپاسی ناوێ بەقوربان. دەی تەوقەکەمان.

دەستی بۆ تەوقە هێنا. دەستی ڕاست. بریندارە. قەیناکە. هۆنوس دەستە بریندارەکەی بە ڕاڕایی بۆ پیاوەکە درێژکرد و ئەویش کە دەیزانی ئەو قۆڵەی ئازاری هەیە، بە نەرمونیانی تەوقەی لەگەڵ کرد، پیاوە میهرەبانەکە بزەیەکی کرد و وتی:

  • ئادەی پێبکەنە؟

هۆنوس سەری شەرمنی داخست.

  • دەی پێبکەنە.

هۆنوس بە سەرداخراوی بزەیەکی کرد. بەڵام شاردییەوە. پیاوە میهرەبانەکە ئاگادار لە بزەکەی، دەستێکی بۆ چەناگەی هۆنوس برد و کەمێک ڕوخساری هۆنوسی بەرزکردەوە. بزەی هۆنوس دەرکەوت. هەردووک بزەیان گۆڕییەوە.

“زەردەخەنەی مانگ دەرکەوت بە ڕوونی؛

تا گەشبینم کا پێش ئاوابوونی[7]

هەنسک؟ کوایت؟ نابێ بەس بزەبکەم. دەبێ گریانەکەم پێوە دیار بێ. نا وتی تۆ پیاوی. با کچەکەی نەتبینێ. مەگری بۆ ئانیشکت. مەگری بۆ ئازار. مەگری بۆ کچ. بزە بکەم؟ پێبکەنم؟ نا زۆر نا، مەهێڵە دانت دەربکەوێ، با کەس نەزانێ لە کەروێشک دەچیت. تۆبڵێی ئەمیش گاڵتەم پێبکا لەسەر دانە کەروێشکییەکەم؟

هۆنوس بزەیەکی فراوانتری کرد و دانە کەروێشکئاساییەکانی دەرکەوت. پیاوە میهرەبانەکەش بزەیەکی شیرینی کرد و دەستێکی میهرەبانی هێنا بە ڕوومەتیدا و پێیوت:

  • دانیشت زۆر جوانە. سەرنجمدا دەیشاریتەوە، مەیشارەوە، خۆزگە دانی من وەک هیی تۆ جوان بووایە. خواحافیز.

هۆنوس بە شەرمەوە و لەژێر زمانەوە وتی:

  • خوا’افی…

پیاوەکە بەرەو کچەکەی و ژن و کوڕە قژلوولەکەی ڕۆیشت.

خۆزگە برام بووایە.

پاش تەواوکردنی پیپسیکۆلاکە، هۆنوس شوشەکەی خستە ناو سنووقی پیپسییەکەی بەردەم دوکانەکە، بۆ چرکەیەک نیگایەکی گومانی گرتە خاوەنی دوکانەکە، ئەویش تەماشایەکی کرد و سەرێکی (کێشە نییە)ی بۆ لەقاند، پاشان بەرەو گۆڕەپانی پاسەکانی مەسڵەحە کەوتەڕێ.

خەڵک دەزانن قۆڵم بریندارە؟ چۆنت زانی بریندارە؟ با، هەست بە خوێن دەکەم لەناو ئانیشکی کراسەکەمدا. ئێستا بەیەکیشەوە دەنووسێ. دوایی ئازاری دێ، کراسەکە لێینابێتەوە. ئەی قاچم؟ نازانم. لەوانە نییە. با، ئەوەتا ئەویش پێوەی نووساوە. شوختێکی تر دەکەوێتە سەر ئەژنۆم. باشە من وەکو چلوورەفرۆشەکە شوختەکانم لە دەموچاومدا نییە. شوخت نیشانەی هارییە. چلوورەفرۆشەکە هارە؟ ئێمەی زۆر خۆشدەوێ. تەنها کەسە لە کۆڵاندا کە ڕێگەم لێناگرێ یاری بکەم. چونکە خۆی خەڵکی کۆڵانی ئێمە نییە. بچمەوە بۆ ماڵەوە؟ یان بچم ئەرکەکەی دایکم جێبەجێبکەم؟ ئەرکەکە.

“هەڵسە ئەی لاوی نیشتمانیی کورد!

سەردەمی هەڵسان هەرکەسێ نووست، مرد!

پێویستی پیرۆز، بەڵام سەخت و ورد

چاوەڕوانتە.. هەڵسە دەستوبرد![8]

هۆنوس، هۆننوس، پاڵەوانە ناسکەکەمان، بۆ ئەو ئەرکەی دایکی پێیسپاردبوو چوو و ئەنجامیدا. دواتریش بەدەم گۆرانیبێژانەوە وەک خۆی دەیویست، بۆ ماڵەوە گەڕایەوە. لە ماڵەوە پێیزانی کە دایکی برایەکی تریشی بۆ هەمان ئەرک ناردووە. بەڵام باش بوو ئەو بیریچووبووەوە و نەیکردبوو. هۆنوس هەرگیز نەیهێشت دایکی و براکانی و خوشکەکەی بەم بەسەرهاتە بزانن.

دوایی دەڵێن بۆچی دەرگاکەت کردەوە.

 [1] ئەلێکس فێرگوسن: 1941- ڕاهێنەری بەناوبانگی پێشووی یانەی مانچستەر یونایتدی تۆپی پێ.

 [2] هۆنراوەی ” قەدری من چەندە لە لای دەوڵەتی دنیایی دەنی”ی نالی.

 [3]هۆنراوەی ” لە ناکەس کارییا، خاکم بە سەر، ڕۆیی بە با عومرم “ی مەحوی.

 [4]هۆنراوەی “هەوری پایز”ی گۆران.

 [5]گۆرانیی “یەڵڵە شۆفێر”ی حەسەن زیرەک.

 [6]هۆنراوەی “گریانی رونوو”ی هێمن موکریانی.

 [7]هۆنراوەی “جیهانی جوانی“ی نەوا موکرجی.

[8] هۆنراوەی “بەری بەیانە”ی گۆران.