هۆنوسیاد: پزیشکی چێشتەنگاوێک

پێشەکی[1]

نەوا موکرجی

هۆنوس زۆر جار گێڕەرەوە و کەسێتیی چەقی ئەم چیرۆکانەیە، تا ڕادەیەکی زۆر وێنەی وێژەیی خۆمە. پاشگری -یاد پاشگرێکی گریکیی کۆنە بە واتای داستان، وەک: ئیلیاد، ئەینیاد، ئۆڵۆمپیاد، تیلێماخیاد. زۆربەی ئەم چیرۆکانەم لە کات و ساتی جیاوازدا نووسیوەتەوە و پەیوەندییەکی زۆریان بە یەکەوە نییە، جگە لەوەی چەند کەسێتییەکیان تێدایە و هۆنوس کۆیان دەکاتەوە. زیاتر هەندێ یادداشتی خۆمن و لە کاتی خۆیاندا بە زمانی ئاسایی نووسیومنەتەوە، بەڵام کە زیاتر پڕۆڤەی هونەری نووسینم دەکرد، وردەوردە ئەم نووسینانەم چاک کردووە و زمانێکی وێژەییانەم پێیان بەخشیوە. لە ماوەی ڕابردوودا زۆر هەوڵم داوە ئەم کورتەچیرۆکانە بە یەکەوە بلکێنمەوە و ڕۆمانێکی لێ دروست بکەم، بەڵام لەبەر سەرقاڵی و کەمیی کات نەمتوانیوە. وا لەم پەڕتووکەدا وردەوردە کۆیان دەکەمەوە. هیوادارم خوێنەری بەڕێز چێژیان لێ ببینێ، سوپاس بۆ کات و خوێندنەوەتان.

نەوا


[1] لە ڕێکەوتی ٩ی ئایاری ٢٠٢٠دا نووسراوە.


پزیشکی چێشتەنگاوێک[1]

با هۆنوس خۆی بێ بیگێڕێتەوە،

نەکا ڕووخەرتە بیبیستێتەوە.

ساڵی دوو هەزار و چواردە لەبەر هەر هۆیەک بووبێ چووم بۆ هەولێر. دکتۆر هۆبینی برام، کە دکتۆری پێستە… بەڵێ دکتۆرێکی باش و زیرەکە و نۆڕینگەکەشی لە سلێمانییە، بچن بۆ لای، بەڵام هەلەکە مەقۆزنەوە تەنها بۆ ئەوەی پارەتان لێ وەرنەگرێ بچن پێی بڵێن گوایە برادەری گیانیبەگیانیی هۆنوسین! بەڵێ، بەڵێ، مشتنووقاو هەبووە وای کردووە: تا پارە بمێنێ چرووکیش دەمێنێ!

تا پارە هەبێ، چرووک چەلەنگە

کە پارە نەما، ون و بێڕەنگە

«هۆنوس گیان، کارێکی وەزارەتی تەندروستیم هەیە، بۆت دەکرێ بچی بۆم جێبەجێ بکەی؟» هۆبین وەها دووا. «نۆکەرتم دکتۆر» هۆنوس وەها دووا. لەوانەشە وەهام نەوتبێ، چونکە من دەزانم کە تەنها یەک کەرم، نۆ نیم.

هۆنوسی هونەرمەند لە هەولێری هاتی هەواری هەڵدا و هاریی خۆی تەواو کرد. پاشان بە چاکەت و پانتۆڵی فیت-بەبەر و تەڕپۆشەوە خۆی کرد بە وەزارەتی تەندروستیدا: وەزارەتی تەندروستی و باڵەخانە ناتەندروستەکەی!

بەشێک لە کارەکانم تەواو کرد و ئەرزوحاڵ گەیشتە ژووری یەکێک لە بەڕێوەبەرەکان، ئافەرین، بۆی چووی! ڕێک وایە، قەت نەبووە بەڕێوەبەر لە هیچ فەرمانگەیەکی حکومیدا لەوێ بێ. لەگەڵ زۆر کەسی تردا چاوەڕێمان کرد.

هۆنوسی گوێشل گوێی هەڵخست بۆ خەڵک

بەڵکو ببیستێ دوو نوکتەی بەکەڵک

بەڵام زۆربەیان کەمخوێنەوار بوون

خەڵکی ئاوایی و دەرەوەی شار بوون

هیی پارێزگای تر دووان سیانێ هاتوون

پێش کاروانکوژە لە بەردەرگا بوون

بۆ کاری پێویست چووبوونە ئەوێ

لەبەر کارڕایی نەنووستوون شەوێ

لە ڕێڕەوە تەسکەکەی بەردەم پرسگەکەی ژووری بەڕێوەبەردا کورسییەکی ئەتککراوی هەتەر و مێزۆچکەیەکی لێبوو، پیاوانە لەسەر کورسی دانیشتم و ئانیشکم بەسەر مێزۆچکەکەدا داپەسارد. خەڵک دەهاتن و دەچوون و سۆراخیان لێم دەکرد: «ئەوە ژووری کاک وریا کامەیە؟» وەڵامیانم دەدایەوە و دەموت: «بەم ڕاڕەوەدا، یەک ژوور پێش کۆتایی» یەکێکی تر و یەکێکی تریش…

هونەرمەندە قاچاخچییەکەی وەزارەت،

گێچەڵێکت تووش دەکا ئەم مەیلە هارەت!

ژوورەکان چاک فێر ببووم، چونکە وەک تۆپ لە نێوان ژوورەکاندا پاسپاسێنی چاکم پێ کرابوو.

کوڕێکی گەنجی بیست و دوو ساڵان وەستابوو، لەژێر چاوەوە زووزوو سەیرێکی دەکردم. لەوانەیە گۆرانییەک، چاوپێکەوتنێک یان ڤیدیۆیەکی منی دیبێ، گرنگ نییە. پاش کەمێک سەرم لە گۆشەی باڵ و باسکمدا بەسەر مێزەکەدا لەنگەر کرد و سێ چارەک نوستم.

نییە جوانێ، سەری کاسم بنێمە سەر دڵی نەرمی!

کە هیلاکیی لەشم دەرکا، خەوی سەر باوەشی گەرمی[2]

لەپڕ لە هاتەهاتی خەڵکە چاوەڕێکە ڕابووم، لیکی خەواڵوویی داچۆڕاوی سەر مێزۆچکەکەم سڕی. «بەڕێوەبەر هاتەوە».

هاتەوە با بێتەوە ناسکێ لە حەمامەوە

دەم بە پێکەنین و دەست بە سەتڵ و جامەوە[3]

یەکێک لە خەڵکە چاوەڕێکە دەنگی هەڵبڕی و وتی: «کاکە، ئەو مامەڵەیەی منی بەرێ» یەکێکی تر لە لایەوە وتی: «کاکە، من لە پێش ئەوەوە بووم» یەکێکی تر: «کاکە من لە دارەتووەوە هاتووم، بەیانی پێنج لێرە بووم».

چەند ساتێک پاش چوونەژوورەوەی بەڕێوەبەر، پرسگەوانەکە هاتە بەر لێواری دەرگاکەی و یەکیەک ناوی خەڵکە چاوەڕێکانی دەخوێندەوە. هەمووان ئاپۆرەیان لێی گرت و پشێوی و منمنۆکێیان نایەوە.

  • من من من…
  • ئەی ئەوەی من؟
  • ئەوەی من بخوێنەرەوە من.
  • کاکە ئەی من؟
  • ئا بزانە ناوی من…

تەنها پشوودرێژی هێور، من بووم. تۆ بڵێی مامەڵەکەم بفرۆشنەوە؟ خۆ بۆ کوێ دەچێ؟ هەر سەرەم دێ.

لەوە نەدەچوو پرسگەوانەکە کەسێکی دەشتەکی و بێئەتەکێت بێ، بەڵام هاتەهاتی چواردەور و دەنگی بەرزیان ناچاری کردبوو دەنگ هەڵببڕێ:

  • چەتۆ میرزااااااا.
  • بەرێ.
  • سالار بەهرام خواکەرەەەەەەەم.
  • بەڵێ.

بەهرام خواکەرەم. بەهرام خا کەرەم. بەهرەم خەکەرەم. پەهرەم پەکەرەم. پەرەرەم پەرەرەم پەم پەرەرەم. دم تەک پەرەرەم پەم پەرەرەم…

پرسگەوان لەپڕ دەنگی داگرت و زۆر بە ڕێزەوە وتی: «دکتۆر هۆبین نالار مادزا». براکەم. مامەڵەکەم. زۆر لەسەرخۆیانە وتم: «بەڵێ» پرسگەوانەکە بە ڕێزەوە وتی: «دکتۆر جیان، ئەتوو عەز دەکەی فەرموو وەرە ژۆرێ»، وەڵامم دایەوە: «باشە گیان».

لە بری هۆبین هەڵستام و بۆ پرسگەکە چووم، پرسگەوانەکە بە ڕێزەوە مامەڵەکەی دامەوە و پێی وتم بچم بۆ ژووری فڵان و بێمەوە. منیش وام کرد. پاش ژووری فڵان و هاتنەوە، دووبارە مامەڵەکەم بە پرسگەوانە بەڕێزەکە دایەوە، مامەڵەکە دووبارە پێویستی بە واژۆی بەڕێوەبەر هەبوو، بەڵام لەو دەرفەتەدا ڕۆژنامەنووسێک هاتبوو و لەگەڵ بەڕێوەبەردا لە ژوورەوە چاوپێکەوتنی دەکرد. بۆیە دووبارە کەوتینەوە چاوەڕوانی.

چاوەڕێی مژدەی نەسیمم تا لە گوڵشەن دێتەوە

بەڵکە فەرمایش بکا گوڵ، بولبولم با بێتەوە[4]

دەبینم تەختم تاراج نەکراوە. هەی لەوە! خۆ ئەو کورسییە ئەتککراوە هەتەرە هەر لە خۆیەوە بوو بە تەختم!

بە سایەت وەک هوما تاجم لەسەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟[5]

بێ تاج لەسەر تەختی تاراجنەکراوم دانیشتمەوە.

هۆنو ئەمڕۆ باشپزیشکە بۆیە، دیوانی هەیە![6]

کورسییەک لەبەردەم مێزۆچکەکەمدا زیاد ببوو. لەمەودوا دەربارەکانم لەسەر ئەو کورسییە دادەنێم. دەبینم کوڕە بیست و دوو ساڵانەکە لەسەر ئەم دەربارنیشە نیشتووەتەوە: زۆر دوودڵ و ڕاڕا دیاربوو: هەردوو دەستی دەخستنە ژێر ڕانی و دەریانی دەهێنایەوە؛ زووزوو سەیرێکی دەکردم و دیسان بۆ خەیاڵەکانی خۆی سەری دادەخستەوە؛ بەردەوام کەمێک خۆی شۆڕ دەکردەوە و دەچووەوە دواوە و لە دوودڵیدا جۆلانێی بە خۆی دەکرد. چەند جارێک چورتمی دا. لە کۆتاییدا ئەم گۆمە مەنگە پڕ دوودڵییەی شێواند و وتی: «ئحم…. ئمحح…. ببوورە قوربان، جەنابت دکتۆری؟»

پرسیارەکەی لە مێشکمدا چەند جارێک زرنگایەوە. خەڵکە چاوەڕێکە، جگە لە پەستییان لە بەڕێوەبەر و ڕۆژنامەنووسە کاتنەناسەکە، هەمووان دوای بیستنی ئەم پرسیارە چاویان تێم زەقاند، چاوەڕێی وەڵامم بوون. پرسیارەکەی لە مێشکمدا: جەنابت دکتۆری؟

سەرنجم دا سێ چاوەڕێکەری نوێ هاتبوونە ناو ئاپۆراکەوە، چاکەتوپانتۆڵ-لەبەر بوون. دکتۆر نەبن! جەنابت دکتۆری؟ جەنابتان دکتۆرن؟

بێ دکتۆر دەوا و دەرمان

شێتت کردم سەرگەردان[7]

بڵێم دکتۆرم؟ درۆ دەکەم. بڵێم دکتۆر نیم؟ ئەمانە لە بەیانییەوە مناڵێکی لووسی وەک من دەبینن لێرەدا دانیشتووم، ڕێزم دەگرن، لە دەربارمدا بە پێوە وەستاون، کورسییەکەم بە دە خولەک بە جێ دەهێڵم کەس ناوێرێ لەسەری دابنیشێ. ئێستا بڵێم دکتۆر نیم یەکسەر لە بەرچاویاندا دادەڕمێم و وەک حیز سەیرم دەکەن. کوڕە دە دەی، چی نەبووە با ببێ. دڵنیای؟ نا… بەڵام خۆ بەم درۆیەم کوردستان لە چوار پارچەوە نابێ بە هەشت! بۆیە چی دەبێ با ببێ.

زۆر بە ئەسپایی وتم: «بەڵێ گیان، دکتۆرم!» وەهای فەرموو هۆنوسی هونەرمەند.

پاش وچانۆچکەیەک، کوڕە پرسی: «ئحم… دکتۆری چی؟» بێ دوودڵی وتم: «پێست»، چونکە وەک وترا، هۆبینی برام دکتۆری پێستە، خۆ ناتوانم لەمەدا درۆ بکەم.

سڵاو، من دکتۆرم. دکتۆر گیان دەرزییەکمان لێ بدە. ئەوە کاری یاریدەدەری پزیشکییە، من دکتۆرم دکتۆر. بەڵام خۆ دەزانی دەرزی لێبدەی، وانا؟ نەخێر، من هەر پزیشک نیم، دکتۆری شتێکی ترم. دکتۆری چیت؟ هیی جیۆپۆلیتیک. هیی چی؟ جیۆپۆلیتیک. چییە ئەو شتە؟ بوارێکە پەیوەندیی بە دەرزیلێدانەوە نییە. جۆ چی؟ جیۆپۆلیتیک. بمنێرن بۆ شنروێ شەش ساڵ شەڕ دەکەم، بەڵام ناوی ئەو دکتۆرییەی تۆم پێ لەبەر ناکرێ.

کاتێ کە فەرمووم: «پێست»، کوڕە کەوتەوە خەیاڵەکانی خۆی، بەڵام پاش چەند خولەکێک وتی: «ئحم… باشە دکتۆر گیان دەتوانم پرسیارێکی پزیشکییانە بکەم؟» وتم: «ئەی بۆ نایکەی؟» وتی: «ئاخر عەیب نابێ؟» منی بێئاگا، بە متمانەوە وەڵامم دایەوە: «نا دڵەکەم، شەرم لە شەرع و پزیشکیدا نییە!»

شەرع و شەرم و شەڕ و شەو و شەوارە و شەممە و شەونم و شەوبۆ و شەواشینک و شنروێ و شەمشەمە و شەمی شەوان. چلچرای شەوان. تینتارەرەران. ئەی ژیانی من. تیرارەرەران. ئەی ڕۆحی ڕەوان، ئەی گلێنەکەی دیدی بێخەوان. تینتارەرەران. لەزمە. کە ڕقم لێیە! تینتارەرەران. بەڵام گۆرانییەکی خۆش، دەنگێکی دانسقەش.

کوڕە پرسی: «ئەها… دکتۆر گیان، ئەوە دەڵێم ئەم چاڵوچۆڵی و ئاوڵانەی دەموچاوم چۆن چاک دەبێ؟» چی؟ چەلەنگ بەرەوە گۆبەنچی، تۆ ئەمڕۆ دکتۆری دکتۆر! من لەو کاتەوە لە چاوی مرۆڤێکی ئاسایی هونەرمەندەوە دونیام دەبینی، ئەم کوڕەش لەو چاوە بەدەر نەبوو. واتە کە سەیری ئەوم دەکرد، مرۆڤێکم دەدی، نەک نەخۆشێک. بەڵام دوای مشتەکۆڵەی ئەم پرسیارە، ئینجا بە چاوی کڕیارێکی نۆڕینگەکەمەوە (کە نیمە) سەیرێکی دەموچاویم کرد: ئەه برا! خۆ ئەم ژانگرتووە دەڵێی تاپڕیان بە دەموچاویدا تەقاندووە و پاشان دەموچاویان نەتر کردووە! هۆنوس ئەفەندی ئەم شەکرەت بۆ شكاند؟ وەک شکاندیشت با پێش ئەوە سەیرێکی دەموچاویت بکردایە. تینتارەرەران. کەودەن، هەموو خەڵک کێشەی دەموچاویان هەیە، کەس لە ڕوخساری خۆی ڕازی نییە، کە خەڵک دکتۆری پێست دەبینن، بە تایبەتیش لە دەرەوەی نۆڕینگەکەی خۆی، واتە بە خۆڕایی، وەک وایە کووپەڵە ئاڵتوونیان لەناو دیواردا دۆزیبێتەوە. دەبوو خۆت بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئامادە بکردایە. ستۆییەکان دەفەرمن کە دەبێ بەو شێوەیە تەماشای ژیان بکەی کە خۆی هەیە، نەک بەو شێوەیەی تۆ دەتەوێ هەبێ. ئەم هەموو سەرزەنشتەت لە ئێستادا چ یارمەتییەکم دەدا؟ خۆم ئامادە نەکردبوو، بەڵام ئێستا خۆم ئامادە دەکەم.

هێورانە، وریایانە، پشکنینئاسایانە بە دەموچاویدا چاوم گێڕا. پاشان تینێکم بەبەر خۆم دا و وتم: «هیچ نییە، دڵەکەم. کێشەت نییە»، وتی: «ئەی دکتۆر، ئەو چاڵوچۆڵییە چییە؟» بۆ خۆقوتارکردن لە کورتی بڕیمەوە و وتم: «ئاساییە. کێشە نییە». کوڕەی سوور لەسەر مەبەست پرسی: «ئاخر دکتۆر من دەمەوێ دەموچاوم ساف بێ، چیی لێ بدەم ساف دەبێ؟» مەگەر دووبارە لە دایک ببیتەوە! ئەگینا بە چی ساف دەبیتەوە؟

هەبوو نەبوو، سەردەمی زوو،

هۆنوس مادزا زۆر لە خوێندن دواکەوتبوو،

بیست و یەک ساڵی تەواو بوو

کاتێ کە گەیشتە زانکۆ،

هاوڕێیەکی بۆ دروست بوو،

سێ ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو،

ناوی کۆروش نیپووری بوو،

بە هۆی تەمەن یان سروشتیان،

یەک زیپکەیان پێوە نەبوو بە هەردووکیان.

هەرزەیەکی خۆبەشتزان،

ڕوو وەک هەنار سوور و وێران،

هات بۆ لایان،

دەیویست ئەمیش وەکو ئەوان،

پێستی ساف بێ؛

بۆیە پرسی چۆن وای لێ بێ؟

چی لە پێستی بدا شەوان،

تا تێی بورووکێن کچان؟

هاوڕێ نوێکەی هۆنوس وتی:

نەوتی لێ بدە بەڕووتی.

بیری نەوتەکەی کۆروشی هاوڕێم کەوتبووەوە کە بەو هاوپۆلەمانی وت. پرمەیەکی قەبەی پێکەنین لە پشت کاسەسەرمەوە گڕی گرتبوو، دەیەویست بۆ دەرەوە بپرژێ، بەڵام دەبوو ئەوپەڕی کۆششم بخەمە گەڕ، چونکە خەڵکەکە هەمووان تێم زەقابوون و چاوەڕێی وەڵامێکمیان دەکرد: وەڵامێکی خۆڕایی پزیشکێک بەشکم سوودێکی بۆ ئەوانیش هەبێ.

ئەو چاکەتوپانتۆڵلەبەرانە زیاتر سەریان هێنایە پێشەوە. تۆ تەماشا چۆن بێدەنگ لێم ورد بوونەتەوە. تەواوە، دکتۆرن! چاوەڕێی هەڵهێنانەوەی ئەلفێکی هەڵەن لە منەوە تا حکومەت جوێنباران بکەن کە کێی بۆ کردوون بە دکتۆر!

سەرم لە هیرۆشیماکەی کوڕەکە نزیکتر کردەوە، وام پیشان دا کە پشکنینێکی تەواو بۆ دەموچاوی دەکەم: چەناگەیم گرت و بە خاوی ئەمدیو و ئەودیوێکم بە سەری کرد. دەمویست زیاتر کات بە خۆم بدەم تا قوتارگەیەک بدۆزمەوە.

یەکێک لە چاوەڕێکەرە کەمخوێندەوارەکان وتی: «ئاخر بڵێ ئەمە کەی کاتی تەلەفیزوێن و ڕادوێ و مادوێیە؟ بۆ دوای کار ناچی پرسیاری لێ بکەی؟ ئەم خەڵکە هەموو وەستاون… ئاخر وا نییە؟» تەنیشتەکەی بە تووڕەییەوە قسەکەی پەسەند کرد: «بەخوای وەیە برام. برێ هەی خۆڕی ئەمە کەنگی وەختی عەمەیە؟ شوغڵی خۆمم بە جێ هێشتییە و هاتویمەتێ ئێروکانێ، وا سێ سەحاتانە خەریکی ئەمەیمە. خۆڕی ئەرەوەڵا خۆڕی». «ئاخر خەتای بەڕێوەبەریشە، دەنا پێی دەوت کە دوایی بێ. ئەی وا نییە؟ خۆ کات نەبڕاوە». «پەکوو، ئەتوو دەرێی چ؟! ئەم بیگییانە بەس کامیرەی بخەنە بەردەمیان عەموو دنیایان ڕاست لە فکر دەچی. هەر ئەوەی دەزانن لەبەر کامیرەی قسان بکەن». چاوەڕێکەرێکی تر وتی: «ئەها، بەخوا لە پێنجی بەیانییەوە لێرەم، نوێژی بەیانیم لێرە کردووە». یەکێکی تر خۆی تێ هەڵقورتاند و وتی: «حەوبرا، من دووی شەو لە زەڕایەنەوە دەرچووم. دووی شەو بە ڕێ کەوتووم ئەرەوەڵا. خوای گەورە شکور کردی بە سەلامەتی گەیشتین و نوێژی بەیانیم کرد. ئینجا تۆم بینی هاتی». پیاوە زووهاتووەکەی تریش وەڵامی دایەوە: «وا بوو… ڕاست دەکەی… کە هاتم دیمی. وا بوو».

دکتۆر هۆنوسی پیشەگەر هەر خەریکی دەموچاو-پشکنینە. پرسیم: «دەخورێ؟» کوڕە تێنەگەیشت، پرسی: «گیان؟» لێیم پرسییەوە: «دەموچاوت. دەخورێ؟» وەڵامی دایەوە: «هەندێ جار». نەڵێی بیخۆ. پرسیم: «قەت وای لێ هاتووە ئەوەندە بخورێ کە سوور ببێتەوە؟» پاش بیرکردنەوەیەکی کورت، وەڵامی دامەوە:

  • نەوەڵا…
  • بەس… هەندێ جار دەخورێ.

نەڵێی بیخۆ. نا مەیخۆ، بیخەرە چێشتەوە. کاتی خۆی دەموچاوم وشک ببووەوە. سپی دەبوو. ئادەی بپرسە. پرسیم: «سپی دەبێ؟» کوڕە پرسی: «مەبەستت چۆنە؟» پرسیم: «واتە هەست دەکەی پێست هەڵبدا و سپی بێ و وشک ببێتەوە؟» کوڕە گەنجەکە گەشایەوە و گەشکەیەکی گوم گەرموگوڕانە گرتی، وتی: «ئارەوەڵا… ئارەوەڵا زۆر جار سپی سپی دەبێ. منیش چەوری دەکەم».

ئەم کوڕە لەو کاتەوە لە دوودڵی سیخناخ بووە. تۆ بڵێی ئەم لوسکە تەڕپۆشە دکتۆرێکی باش بێ؟ بەڵام بە پرسیارەکانم ڕەوییەوە.

سێ چاکەتوپانتۆڵلەبەرە زاڵەکە جوان گوێیان شل کردووە. کەوکوژانە بۆم دانیشتوون و گوێ دەگرن.

سوڵتان مێهمەتی شەشەم بە تۆ نەبێ! دەستت پێ کردەوە؟

بوێریم ڕاپسکاند و وتم: «تازەترین زانستی سەردەم دەڵێ کە دەبێ بۆ سروشت بگەڕێینەوە، سروشت چارەی زۆر نەخۆشیی تێدایە. زانستی نوێ داوا دەکا بە پێی پێویست لە بەکارهێنانی زۆری مادەی کیمیایی دوور بکەوینەوە. ئێستا من دەتوانم مەڵحەمێکت بۆ بنووسم، بەڵام مادەی کیمیایی تێدایە و لە مەودای درێژخایەندا باش نییە. بە قسەم بکە، زۆر خوو مەدەرە دەموچاوت، ئەمە پەیوەندی بە گۆشەنیگاوە هەیە: تۆ بیرکردنەوەی خۆتت وا ڕاهێناوە کە دەموچاوت نەنگیی تێدایە، بەڵام دەتوانی ئەم بیرۆکە خراپە لەناو مێشکتدا بگۆڕی». کوڕە وتی: «ئاخر دکتۆر من دەمەوێ مەڵحەمم بۆ بنووسی!» نامەی دڵداریت بۆ دەنووسم! مەڵحەمی چی؟! لەسەر تاتە-سەهۆڵێک ناوی ڤیاگرات بە کێرسف بۆ دەنووسم، تا دەیبەیتە دەرمانخانەکە تواوەتەوە.

کە میوانداریی بەفرت کرد، مەهێڵە گەرمای بێ، نەبادا ماڵەکەت ئاو بیبا[8].

چاوەڕێی وەڵامێکە. داناییەکی تری پێ بڵێ. وتم: «دڵەکەم، ئەمە هەمووی خەیاڵکردە، ڕەنگە کەمتەرخەمیی خۆشتی تێدا بێ: تۆ زۆر خووت داوەتێ، بەڵام مەرج نییە خووپێدانە زۆرەکەت بناغەیەکی ڕاست و تەندروستی هەبێ». کاتی خۆی هەرچەند بە سابوون دەموچاوم دەشت ڕوومەتم سپی دەبوو. پێی بڵێ: «لەمەودوا بە سابوون دەموچاوت مەشۆ، سابوون بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە». پرسی: «ئەی بە چی بیشۆم؟» بە تەلی حاجەت! بە من چی بە چی دەموچاوت دەشۆی؟ بەهەرحاڵ، وتم: «تەنها بە ئاو، جوان گوێ بگرە: تەنها ئاو!»

ئاوی سارد لە ئاوی گەرم باشترە. پێی بڵێ: «ئەویش تەنها ئاوی سارد. ئاوی گەرم بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە». وتی: «وەڵا دکتۆر، من بە ئاوی لەکوڵ دەموچاوم دەشۆم». کەواتە کتلی لە ماڵیاندا بەر کەس ناکەوێ. دەبێ چەند کتلییان هەبێ؟ ئەی چەن عەلادینیان هەیە؟ بە هاوین چی دەکەن؟ دەنگی کتلیی کوڵاو: فشکککلوورر… ئەمەندە گوێی لە فشکککلوورر بووە مێشکی بە هەڵم بووە. بە سەیرلێهاتنەوە پرسیم: «چی؟ بۆچی بە ئاوی لەکوڵ؟» وتی: «دەڵێم ڕەنگە ئاوە گەرمەکە زیبکەکان بتوێنێتەوە». ئارنۆڵدی تێرمینەیتەر. ئەی بۆ خۆت هەڵنادەیتە ئاگرێکی گەورەوە و دیسان بە سافی دروست ببیتەوە؟ ئاگرەکەی بلە. نا بەکەڵک نایە. ساردە. شیشێک کەبابی لەسەر نابرژێ. وتم: «کوڕە شتی وا ناکەی بە هیچ شێوەیەک!» پرسی: «باشە دکتۆر بۆچی ئاوی سارد باشترە؟» بەڕاست کێ وتی ئاوی سارد باشترە؟ ئۆف، من وام وت. دە فەرموو بۆیشی بسەلمێنە بۆچی باشترە. هێور بە. قسەی هێورانە سەنگی خۆی هەیە. وتم: «ئاوی گەرم دەموچاو چرچ دەکا، بەڵام ئاوی سارد یارمەتیی دەموچاو دەدا زیاتر بمێنێتەوە. ئەی نابینی ئێمە شت دەخەینە فریزەرەوە؟»

کوڕە و گوێگرە کەوکوژەکان بۆ کاتێکی کەم کشومات کشانەوە. هۆنوسی دانا. هۆنوسی سۆفیا. هۆنوسی ئاسینایی. هۆنوسی ستاگیرایی کە ئەم چرکە پاڵەوانێتییەی درک پێ کرد، سەرکەوتووانە و شانازانە وتی: «ئەی چۆن!»

هۆنوسی دووەم و هۆنوسی سێیەم لە لەشی هۆنوسی یەکەم، هۆنوسی ماک جیا بوونەوە و بەرانبەری دانیشتن، سەرسامانە دەستیان خستە ژێرچەنەیانەوە و ئێستا ئەوان چاویان لە هۆنوسی ماک زەقاند. هۆنوسی دووەم سەرسامانە وتی: «هەی!… هەی!… هەی لەو…! ئەوە خۆ هەر بەڕاست خۆی لە کوڕەی داماو کرد بە پزیشک. خۆڕی ئەرەوەڵا خۆڕی!» هۆنوسی سێیەم وتی: «کوڕە حەمەهۆنوس لێی بگەڕێ، کێ ناڵێ ڕاست ناکا؟» هۆنوسی دووەم، وەک هەمیشە تووڕەوتڕۆ و ناپاراو، بەڵام مەبەستدار، وتی: «کوڕە قەوچەت نەیەت! ڕاستی چی دەکا؟ لە خۆیەوە قسە دەکا ئەو درۆزنە». هۆنوسی سێیەم، بێوەیانە وتی: «لێی بگەڕێ، با یارمەتیی بدەین لەم گۆبەنەی بۆ خۆی نایەوە ڕزگاری بکەین. تۆ تەماشای ئەو چاکەتوپانتۆڵلەبەرانە بکە بزانە چۆن بەرانبەر ئەو قسانەی دەیانکا پیش دەخۆنەوە. بسرەوە با تووشی کارەساتی نەکەین».

کوڕەی دەموچاوئاوڵاویی ڕووخەرتە بە وەڵامەکانی هۆنوسی ماک سەرسام و گەشاوەتر بوو. وتی: «دکتۆر، تا ئێستا کەس شتی وای پێ نەوتووم! ئامۆژگارییەکەشت زۆر بەجێیە. بە قسەت دەکەم». هۆنوسی ماک هەموو وشەیەک بۆ وتن بە دە پێودانگدا تێدەپەڕێنێ، توند خۆی گرتووە نەکا هیچ ورتەیەکی لار لە دەمی دەربچێ. بەقسەی چیم دەکەی؟ لەخۆمەوە قسەدەکەم. هۆنوسی دووەم، خێرا هەڵقورتا: «بەڵێ، لە خۆتەو قسە دەکەی». هۆنوسی سێیەم هێورانە وتی: «بەشێک ڕاستیی تێدایە». هۆنوسی دووەم، وتی: «هانی مەدە». دوو هۆنوسەکەی تر کەوتنە دەمەقاڵێ، هۆنوسی سێیەم پێی وت:

  • چاوەڕێی چی دەکەی؟ کوڕە بۆچی ناچێ بۆ نۆڕینگەی پزیشکێکی ڕاستی؟
  • لەوانەیە پارەی پێ نەبێ.
  • خەستەخانەی حکومەت بە خۆڕاییە.
  • خەستەخانەی حکومەت باش نییە.
  • وا نییە، ئەم قسەیەت دروشمی کەسانێکی ترە کە نان و کەبابیان پێوە خواردووە. تۆ لە بری کەبابەکەی ئەوان دروشمەکەیان دەجوویتەوە.
  • وا نییە.
  • وایە. ئەگینا ڕۆژی خۆرگیرانەکە لە خەستەخانەی حکومەت نەشتەرگەریی ڕیخۆڵەکوێرە کراین و زۆر سەرکەوتووش بوو. بۆ سەلماندنی باشیی خۆت پێویست ناکا بەرانبەرەکەت دابڕمێنی.

لە کاتی ئەم دەمەقاڵێیەی دوو هۆنوسەکەی تردا هۆنوسی ماک کەوتەوە خەیاڵی خۆی. دۆزەخ پڕە لە ئافرەت! کەچی یەک ئافرەت لێرە نییە! وەڵامی خۆتت دایەوە. لە دۆزەخن! یەکێ نەزانێ ئێرە دۆزەخ نییە! باشە بە ڕاست خۆ دەڵێن هێشتا ڕۆژی لێپرسینەوە نەهاتووە، ئەو ئافرەتانە کێ بوون لە دۆزەخدا؟ بێدەنگییەکە گەیشتە پلەی ناقۆڵایی. شتێک بڵێ.

هۆنوسی ماک نیودیش دەمی کردەوە و وتی: «چاکە» و خێرا دەمی داخستەوە. کوڕە پرسی: «دکتۆر، دکتۆری باش لە هەولێردا کێ هەیە؟» دکتۆر فەرهاد پیرباڵ! چوزانم. وتم: «نازانم، لە هەولێر نازانم». کوڕە وتی: «چۆن دەبێ؟ ئەی ئێوەی دکتۆر دەبێ یەک بناسن». یەک و نیو دەناسین. وتم: «ئاخر من لێرە نەبووم، لە دەرەوە بووم، دەمخوێند». خێرا پرسی: «لە کوێ خوێندووتە؟» لەسەر چڵی بەر پەنجەرەی یار.

میوەی گەیشتووی زەرد و سووری باخ

جریوە و جووکەی دارستانی شاخ،

لە گەرووی شمشاڵ، لە تەلی کەمان،

گەلێ هەڵساوە ئاوازەی جوانجوان[9]

کوڕە دووبارە پرسییەوە: «لە کوێ خوێندووتە؟» نەدەبوو وەڵامی ئەم پرسیارە دوا بخەی، ئێستا وا دەزانن درۆ دەکەی. وەڵامم دایەوە: «لە کینگس کۆلێج، لە بەریتانیا». هۆبین. لەوێ. پرسی: «ئەها، ئەی نۆڕینگەت لێرە هەیە؟» هەمە؟ نیمە. هۆبین هەیەتی. من هۆنوس نیم، هۆبینم. کەواتە: «بەڵێ». پرسی: «لە کوێیە؟» وەیش! گەیشتینە ئەو جێگەیەی ئێستا بە یەک وشە دەتوانم خۆمت لێ داببڕێنم. وتم: «سلێمانی». کەچی وتی: «دە کەواتە بۆ لای تۆ دێم. لە کوێی سلێمانییە؟» خۆ کردی بە ڕاست! وازم لێ بێنە. هۆبینی داماو بیست ساڵە دەخوێنێ و هەمیشە یەکەمە، خۆی دەکوژێ و دەبڕێ بە هەزار شەڕەشەق نەخۆشێک ڕووی تێ دەکا. منیش چوار قسەم کرد وا خەریکە کڕیارێکی هەمیشەیی پەیدا دەکەم.

هۆنوسی دووەم وتی: «کەواتە بۆچی تۆش وەکو کابرا نۆڕینگەیەک دانانێی؟ خۆ تەنها بەکرێگرتنی شوێنێکی تێدەچێ، لەگەڵ تۆزێ منگەمنگکردن بە عەرەبی بەڵام بە تۆنەوە. تۆ خۆت لە تۆنبازیدا باشی». هۆنوسی سێیەم وتی: «ئێستا تێگەیشتن دونیا چۆن کار دەکا؟ حەمەهۆنوس، بۆچوونەکانت هەمیشە پشت بە ڕاستیی ڕووت دەبەستن. بەڵام دونیا تەنها بە ڕاستیی ڕووت کار ناکا. تۆ کێشەیەکی تریشت هەیە کە هەموو ڕاستییە ڕووتەکانت بە تووڕەیی دەردەبڕی. ڕەنگە ئەگەر هەموو ئەوانەی ڕاستیی ڕووت دەزانن بە هێوری و بێوەییانە بدوێن ژیان زۆر خۆشتر بێ».

هۆنوسی دووەم وتی: «واتە دونیا وایە؟ خەڵک متمانە بە پزیشکی ڕاستەقینە ناکەن، بەڵام بە منگەمنگچییەکی دەکەن؟» هۆنوسی سێیەم وتی: «مرۆڤ بوونەوەرێکی بپرس و زانینخوازە. ژیر و ناژیر هەر وان. جیاوازیی ژیر و ناژیر تەنها ئەوەیە کە ناژیر وەڵامی خێرا و کۆنکرێتیی دەوێ، بەڵام ژیر دەزانێ کە بۆ ئەو وەڵامانە جارێ ماومانە». هۆنوسی دووەم هێشتا لە گوتاری قسەکانی سێیەم تێنەگەیشت، پرسی: «ئێ؟» هۆنوسی سێیەم بەردەوام بوو: «بە بۆنەی ئەم سروشتەی مرۆڤەوە، هەزاران ساڵە بە زانیاریی بێبنەما و بەڵێنی درۆیینە مرۆڤ گەمژێنراوە. ڕاستکردنەوەی ئەم گەمژاندنە بەو پشووکورتی و تووڕەییەی تۆ نابێ، دەبێ هێورتر بی». هۆنوسی دووەم تووڕەتر بوو، کەوتە هەڕەشە: «تۆ زۆر مەڵێ. دووانی وەک ئێوە ساویلکە ئایندەیان تێکداوین. هۆنوسەفەنی، ئەوە پێت دەڵێم ها، ورتەت نەبیستم! دەمت دەشکێنم!»

هۆنوسی ماک وەڵامی نەدایەوە، وەڵامی دایەوە: «مەبەستم ئەوەیە لە پارێزگای سلێمانییە، نەک ناوشاری سلێمانی». کوڕەی ژانگرتوو یەکسەر پرسی: «ئێ قەیچێکە؟ لە کوێیە هەر دێم. تەکسییەک دەگرم یان لەگەڵ یەکێکدا دێم. بە ڕاستی ئەم مەعمولاتانە زۆر بە کەڵکم دێن». مەعمولات نا، مەعلومات. مەعلوماتیش نا، زانیاری. زانیاریش نەبوون، لەوانەشە زانیاری بووبێتن، بەڵام من سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو نیم، لە خۆمەوە قسە دەکەم. هۆنوسی دووەم وتی: «کەواتە کوڕە تەواوی وت: مەعمولاتە، مەعمولات هەوڵێکی نەگەیشتووە بە مەعلومات، لە لایەن کەسانێکی ناپسپۆڕەوە دەردەفیچقێن. سەرلەبەری ئەم میللەتەمان کوشتەی مەعمولاتن». دکتۆر هۆنوس وتی: «نۆڕینگەکەم لە سەیدسادقە». لەوە زیاتر نەپرسی، بپرسی لە کوێی سەیدسادقە پێت دەڵێم لە پشتی تراکتۆرێکدایە. هۆنوسی دووەم وتی: «ئەی ئەگەر بۆ ئەوێش هات؟» ئەگەر ئەوەنە کەر بێ، لە بری نۆڕینگە بێتە پشتی تراکتۆرەوە، ئەوا خۆم دەزانم چۆن دەیکەم بە پەند. ئەگەر نەوتم پێ دەرخوارد نەدا گلەییم لێ بکە. هۆنوسی دووەم وتی: «کەواتە لەگەڵ ئەو کابرایەدا جیاوازیت چی دەبێ کە لە بری دەرمان میز دەرخواردی خەڵک دەدا؟» یاسا گێل ناپارێزێ. «تۆ دەڵێی من هونەرمەندم، هونەرمەندی وا دەبێ؟» هەزار پزیشک و دانساز بۆ گەرمکردنی بازاڕی نۆڕینگەکانیان خۆیان کردووە بە هونەرمەند، قەیچێکە هونەرمەندێکیش خۆی بکا بە پزیشک؟ هۆنوسی دووەم هەڵچووەوە: «هونەرمەند دەبێ لە ئازار و سۆزی خەڵک تێبگا؛ هونەرمەند کلیلی هەموو دڵێکی پێیە، کە کلیلت پێبێ بۆچی بۆ چوونەژوورەوە دەرگا دەشکێنی؟ بۆیە خەڵک خۆی بە هونەردا هەڵدەواسێ، چونکە هونەر بەرزترین شاکاری مرۆڤایەتییە، هیچ شتێک لە سەروو هونەرەوە نییە، بۆیە هونەرمەند پێویست ناکا خۆی بە بواری تردا هەڵبواسێ. هەموو کەسێک مافی زانینی ڕاستیی ڕووتی هەیە، بەڵام تۆومانان لەترسی ئەوەی خەڵک نەزانێ چ کانزایەکی قەڵبن لە خۆتانەوە زانیاری دەدەن». هۆنوسی ماک وتی:

  • لە خۆمەوە زانیاریم نەداوە، خۆم بە سەرم هاتووە.
  • ئەوەت بە سەر نەهاتووە، تۆ تەنها دەموچاوت سپی دەبوو.
  • هەندێ زانیاریی گشتیم پێی دا.
  • ئەو پێویستی بە زانیاری و چارەی پسپۆڕانە هەیە.
  • با بچێ بۆ لای کەسە پسپۆڕەکە.
  • تۆ خۆتت لێی کرد بە پسپۆڕ.
  • ئەو منی کرد بە پسپۆڕ.
  • بتوتایە پسپۆڕ نیم.
  • بە شەق لەسەر کورسییەکەم هەڵیاندەستانم.
  • ئینجا چییە؟ با بە پێوە بوەستایتایە.
  • بۆچی؟
  • وەک ئەو خەڵکە.
  • ئەو خەڵکە هەڵەن.
  • تۆش هەڵەی.
  • ئێستا کورسییەک لەوێدا هەبوو، چاوەڕێی دانیشتنی کەسێکی دەکرد، من کەسەکە بووم. لەم کۆمەڵگایەدا هەندێ نەریتی هەڵە هەن، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە پیران هەر لە خۆوە گەنجان بە خوێڕی دەزانن. ئەمە هەڵەیە، ناکرێ ئەو کەسەی ئایندەی دونیای پێ دەبەخشی ئەمڕۆ لەکەداری بکەی و کەسێتیی بشکێنی. ئێمە دەبێ نەوەی ئایندە لە ڕووی دەروونی و زانیاریشەوە بۆ بەڕێوەبردنی سبەینێ ئامادە بکەین. من بە بەردەوامی لەو پیرە نابەرپرسانە ڕادەکەم کە کەسێتیم دەڕووخێنن. من یەک پارچەی تەواوم لە سەرزەنشتی نەوەی پێشوو. هێشتا نەهاتوومەتە دونیاوە ئەوان لەسەر شکستی من گرەویان کردووە.
  • هەوڵ مەدە بچیتە سووچی بەرگریکردنەوە.
  • مافی تەواوی خۆمە بەرانبەر ئەم هەموو تووڕەییەی تۆ و نەریتی هەڵەی نەوەی ڕابردوو بەرگری لە خۆم بکەم. بێمێشکە قژڕەشەکانی ئەمڕۆ بێمێشکە سەرسپییەکانی سبەینێن. تەنها لەبەرئەوەی کەسێک سەری سپییە واتای ئەوە نییە دانایە. ئەم سەرسپیانەی کە ڕێز لە هیچ گەنجێکی ئەمڕۆ ناگرن، بێمێشکە قژڕەشەکانی دوێنێ بوون، تەنها چاوەڕێی هەلی تەمەنیان کردووە سەریان سپی بکا بۆ ئەوەی من بچەوسێننەوە. من لە نەریتی هەڵەی نەوەی پێش خۆم بەرگری دەکەم، کەواتە هەم! کورسییەک و کەشخەیی و ڕوخسارە خانەدان-دیارەکەم منی کرد بە پزیشک، من داوای ئەمەم نەکردبوو.
  • بتوتایە مامەڵەکە هیی براکەمە.
  • نەمویست زانیاریی زیادە بدەم. بۆچی خەڵک بە زانیاریی زۆروبۆر سیخناخ بکەم؟
  • زانیاریی زۆروبۆر نا، زانیاریی تەواو.
  • پێویست نەبوو.
  • ڕاستگۆ بوویتایە.

هۆنوسی سێیەم وتی: «ڕاستگۆیی هەموو کاتێک ڕاست نییە». هۆنوسی دووەم وتی: «کەواتە چ جیاوازییەکتان هەیە لەگەڵ ئەو مەلایانەی کە دەڵێن ئەگەر دوو جار لەسەر یەک دەستنوێژ بگری و بچی پشکنینی ئیکۆ بکەی، لەتاو نوووووووری ناو دڵتان ئامێری ئیکۆکە دەسووتێ!؟» هۆنوسی سێیەم وتی: «لەمەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە زۆر جار ڕووتەوپووتە ڕانەری نەزان دروست دەکەن».

  • ئێ ئەم ئەفەنییە نەزان نییە! خەڵکی گەمژێنراو ژیر دەکرێ، بەڵام بەم شێوەیە نا.
  • تۆ ئێستا دەتوانی بەم تووڕەییەت ئەم کوڕە گەمژێنراوە ژیر بکەی؟
  • من دەستم لەمەدا نییە.
  • بەڵام چاودێری.
  • چاودێری ئێوەم. ئەم ئیگۆیەی ئێوە گەمژێنراو گەمژێنراوتر دەکا. زانست و زانین ئیگۆی تێدا نییە، مەبن بەو مردووی گۆڕستانانەی کە دەڵێن کار بە ئێمە نەبێ ناڕوا.
  • مردووی گۆڕستان نادوێ.
  • ئەوە پەندە.
  • لە نێوان ئیگۆشکێنەکانی نەوەی ڕابردوو و زانست و چاکسازیدا گیرمان خواردووە. بۆ سەندنی داروەکاز[10] لە نەوەی شانشکێنی ڕابردوو کەمێک ئیگۆ پێویستە.

هۆنوسی یەکەم مشتومڕەکەی پێیان بڕی و وتی: «ئێوە دەبینن؟ هەر کە وتم نۆڕینگەکەم لە سەیدسادقە لەبەرچاویدا سووک بووم! لەبەر مشتومڕەکەتان گوێتان لێ نەبوو کە وتی: «ئەهااا!» ئەهااا چییە؟ واتە ئەگەر پزیشکێک لە سەیدسادق بوو ئیتر بێتوانا و بێئاستە؟ واتە پزیشک هەر دەبێ لە ناوشاردا بێ تا بە دانا بزانرێ؟ هۆنوسی دووەم وەڵامی دایەوە: «بەس بڵێ! ئەو شتانەی باسیان دەکەی کێشەی پزیشکان خۆیانە نەک هیی تۆ، تۆ پزیشک نیت، خەمی هونەرەکەی خۆت بخۆ نەک هیی پزیشکان. نان بۆ نانەوا…» هۆنوسی سێیەم پەندەکەی ناوبڕ کرد و وتی: «تووڕەییش بۆ تۆ». لێسسێ لاخت پووخ لێز-اختیست[11].

پرسگەوانەکە دیسان بە دەر کەوت.

لەمێوە ئەشک و ئاهی ئێمە سەرکەوت[12]

چاوەڕێکەرەکان هەمووان نمایشی هۆنوسی پزیشکیان لە بیر چووەوە، وەک بڵێی هەر نەبووبێ. دیسان خۆیان هەڵدایەوە بەردەم پرسگەوان. پرسگەوان یەکەم کەس ناوی هۆنوس… ببوورن، ناوی هۆبینی خوێندەوە، هۆنوس مامەڵەکەی وەرگرتەوە و بەپەلە و بێ ماڵئاوایی بۆ ژووری دەرچوو ڕایکرد، نووسراوەکەی دەرچوو کرد و بەو چێشتەنگاوە پێنج هەنگاوی کرد بە یەک و بە خێرایی و ڕەزمی مارسی گوستاڤ هۆڵست[13] بۆ دەرەوەی باڵەخانە تەندروستە پڕ لە سەردانکەری ناتەندروستەکەی وەزارەتی تەندروستی ڕایکرد. لەو ڕۆڵە درۆیینە کارەساتاوییەی دکتۆر هۆبین دەرچوو و کەوتەوە ڕۆڵی هۆنوسی هونەرمەند. هۆنوسی ماک. هەناسەیەکی خۆشبەختانەی هەڵمژی و وتی:

چ نازێکە،

چ میهرێکە،

چ بەختەوەرییە خۆبوون!


[1] لە ڕێکەوتی ٢٦ی ئازاری ٢٠١٥دا نووسراوە، دواتر بە چەند پڕۆسەیەکی چاککردندا ڕۆیشتووە تا لە ٢٥ی تەممووزی ٢٠١٩دا تەواو کراوە. لە ٢١ی ئابی ٢٠٢١ و دواتر لە ١ی شوباتی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەم بۆی کردووە.

[2] هۆنراوەی ڕازی تەنیاییی ئەحمەد هەردی.

[3] گۆرانیی هاتەوە با بێتەوەی حەسەن زیرەک.

[4] هۆنراوەی چاوەڕێی مژدەی نەسیممی مەلا ساڵحی حەریق.

[5] هۆنراوەی ئەڕۆی ئۆغری گۆران.

[6] دەسکاریکراوی نیوەدێڕێکی هۆنراوەی عاشقی بێ دڵ دەناڵێی نالی.

[7] گۆرانیی بێ دکتۆر دەوا و دەرمانی حەسەن زیرەک.

[8] هەشتەم ڕشتە-پەندی دەربەندی پەپوولەی شێرکۆ بێکەس.

[9] هۆنراوەی ئافرەت و جوانیی گۆران.

[10] پیشتر وشەی «ڕاندەستەک»م بەکارهێنابوو، بەڵام کە داروەکازم ناسی، خستمە بری. بڕوانە واتای داروەکاز لە بەشی فەرهەنگۆکدا.

[11] وتەیەکی فەڕەنسییە، (Laissez l’art pour Les artistes)، واتە: «لە هونەر بگەڕێ بۆ هونەرمەندان» هەمان واتای پەندی کوردیی: «نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب»ی هەیە.

[12] هۆنراوەی وەکو ڕۆژ ئەو مەهەی مەحوی.

[13] گوستاڤ هۆڵست (١٨٧٤-١٩٣٤): موزیکدانەرێکی ئینگلییە، یەکێک لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی ناوی هەسارەکانە. هەسارەی مارس موزیکێکی تایبەتی خۆی هەیە کە بە ڕەزمێکی لەنگی پێنج-چوار نووسراوە.


فەرهەنگۆک

ئاڕنۆڵدی تێرمینەیتەر: کەسێتیی فیلمی تێرمینەیتەری دەرهێنەر جەیمس کامیرۆنە. ڕۆبۆتێکە لە شێوەی مرۆڤدا هاتووە تا خانمێک بکوژێ. ئارنۆڵد شوارتزینگەر ڕۆڵی ئەم کەسێتییە دەبینێ.

ئاسینایی: واتە کەسێک خەڵکی ئەسینای پایتەختی وڵاتی گریک بێ، لە پزیشکی چێشتەنگاوێکدا مەبەست لە ئەسینای دێرینی سەردەمی زێڕینی فەلسەفەی گریکییە.

ئیگۆ: زاراوەیەکی دەروونناسییە، بە واتای کەسێتیی خودی دەروونیی مرۆڤە. لە بنەچەدا وشەیەکی لاتینییە، بە واتای (من)، بەڵام ئەم منە منێکی دەروونییە. لە پزیشکی چێشتەنگاوێکدا مەبەست لێی ئیگۆیەکی بەرزە، واتە کەسێتییەکە ئەوەندە فیزی ناوەکیی هەیە و خۆی بە شت دەزانێ کە لە ئاستی ئاسایی زیاترە.

تاراج: وشەیەکی فارسییە، بە واتای تاڵان.

چورتم: سەخڵەتی و دەردەسەری، کارەسات، نووچبردنی کەسێک.

چەلەنگ: چالاک، توندوتۆڵ، ئازا.

دەربار: دیوەخانی پاشا.

دەربارنیش: وشەیەکی دروستکراوە، واتە شوێنێک کە کەسێتییەکانی دەرباری پاشا لەسەری دابنیشێ.

داروەکاز: گۆچانێکی زێڕینی بە مووروو و خشڵ ڕازێنراوەیە، سەرێکی وەک خاچ، یان تۆپ، یان نوشتاوەی هەیە، ئوسقوفەکان بە دەستیانەوە دەیگرن وەک هێمایەکی پێگەکەیان. لە زمانی خۆمانەییدا بە ناوە عەرەبییەکەی کە (سەوڵەجان – صَوْلَجانُ)ە ناسراوە. پێشتر لە بری ئەم وشەیە وشەی ڕاندەستەکم لێکدابوو کە لە (ڕان) و (دەستەک) پێکهێنراوە، ڕان بە واتای ڕاندن، واتە فەرمانڕەوایی، دەستەک واتە گۆچان. ئەم وشەیەم لابرد و بڕیارم دا چیتر بە کاری نەهێنم.

ڕانەر: کەسێک کە خەڵک بە ڕێوە ببا.

خەرتە: زەویی دوو جار کێڵراو، ڕووخەرتە، واتە یەکێک ڕووی وەک زەوی دوو جار کێڵرابێ.

ڕەزم: ڕیتم. ئیقاع.

ستاگیرایی: شارێکی دێرینی گریکییە، ئەریستۆ خەڵکی ئەوێ بووە.

ستۆییەکان: قوتابخانەیەکی فەلسەفییە، کرۆکی پەیامەکەی ئەوەیە کە دەڵێ: دەبێ بەو شێوەیە بەرەوڕووی ژیان بچی کە خۆی هەیە، نەک بەو شێوەیەی تۆ دەتەوێ ببێ، تۆ دەسەڵاتت بەسەر هەور و باران و ساماڵدا نییە، تووڕەیی تۆ هیچ لە بارانبارینەکە ناگۆڕێ، باشترە خۆت لەگەڵ سروشتدا ئاشت بکەیتەوە، چونکە تۆ بەشێکی لە سروشت.

سوڵتان مێهمەت: دواهەمین سوڵتانی عوسمانییەکان بوو.

سۆفیا: وشەیەکی گریکییە، واتا دانایی.

شانشکێن: کەسێک شان بشکێنێ.

شەوارە: ئەگەرچی لە پزیشکی چێشتەنگاوێکدا لەبەر واتاکەی بە کار نەهێنراوە، بەڵکو لەبەر دەنگەکەی و بۆ دووبارەکردنەوەی پیتی (ش) بە کار هێنراوە، بەڵام جۆرە تەکنیکێکە بۆ ڕاوی ئاژەڵ، ئاژەڵەکە دەخرێتە بەر ڕوناکیی زۆر، لە ئەنجامدا ناتوانێ هیچ ببینێ و دەگیرێ.

شەواشینک: ئەگەرچی لە پزیشکی چێشتەنگاوێکدا لەبەر واتاکەی بە کار نەهێنراوە، بەڵکو لەبەر دەنگەکەی و بۆ دووبارەکردنەوەی پیتی (ش) بە کار هێنراوە، بەڵام بەری دارێکە وەک بادام وایە.

کارڕایی: ڕاییبوونی کار.

کاروانکوژە: ئەستێرەی بەرەبەیان.

لەزمە: لە موزیکدا موزیکێکی زۆر کورتە کە لە پاش کۆپلەیەکی گۆرانیدا دێ، وەک «تینتارەران»ەکەی دوای «ئەی شەمی شەوان» کە هەر ئەوەشە کە هۆنوس بیری لێ دەکاتەوە.

ماک: واتە نەژاد، بناغەیی، ئەسڵ. لە سێ هۆنوسەکە (ماک) یەکەمیانە، ئەو کەسەیانە کە هەمیشە بەر خەڵک دەکەوێ و قسە دەکا.

مشتنووقاو: کەسێک مشتی نووقاو بێ کەسێکی پارەپیس و ڕەزیلە.

مێزۆچکە: لە مێز و پاشگری –ۆچکە پێکهێنراوە، واتە مێزێکی بچووک.

نۆڕینگە: عیادە.

هیرۆشیما: شارێکی وڵاتی ژاپۆنە، ئەمەریکا بە چەکی ئەتۆمی پەلاماری دا.

هەتەر: واتە کەسێکی سوور لەسەر مەبەست.

وچانۆچکە: وچان وەستانێکی کورتە، وچانۆچکە وەستانێکی کورتترە.