هۆنوسیاد: من سپیم و تۆش هەر دەبێ سپی بی

هۆنوسیاد

نەوا موکرجی

هۆنوس زۆر جار گێڕەرەوە و کەسێتیی چەقی ئەم چیرۆکانەیە. تا ڕادەیەکی زۆر وێنەی وێژەیی خۆمە. پاشگری (-یاد) پاشگرێکی یۆنانیی کۆنە کە واتای (داستان) دەسازێنێ، وەک (ئیلیاد، ئەینیاد، ئۆڵۆمپیاد، تیلێماخیاد…تد). ئەم چیرۆکانە زۆربەیانم لە کات و ساتی جیاوازدا نووسیوەتەوە و پەیوەندییەکی زۆریان بەیەکەوە نییە. زیاتر هەندێ یاداشتی خۆمن و لە کاتی خۆیاندا بە زمانی ئاسایی نووسیومنەتەوە. بەڵام کە زیاتر پڕۆڤەی هونەری نووسینم دەکرد؛ وردەوردە ئەم نووسینانەم چاککردووە و زمانێکی وێژەییانەم پێبەخشیون. لە ماوەی ڕابردوودا زۆر هەوڵمداوە ئەم کورتەچیرۆکانە بەیەکەوە بلکێنمەوە و ڕۆمانێکی لێدروستبکەم. بەڵام لەبەر سەرقاڵی و کەمیی کات نەمتوانیوە. لە ئێستادا ئاوها پارچەپارچە لەم ماڵپەڕەم بڵاویاندەکەمەوە. کە کاتم هەبوو؛ بێگومان بەیەکیانەوە دەلکێنمەوە و دەیانکەم بەو ڕۆمانەی لەخەیاڵمدان. هیوادارم خوێنەری بەڕێز چێژیان لێببینێ. سوپاس بۆ کات و خوێندنەوەتان.

 

نەوا

 

9 ئایار 2020

ئەگەر دەتەوێ ئەم چیرۆکە بە پی دی ئێف داببەزێنی؛ لێرە کلیک بکە.

من سپیم و تۆش هەر دەبێ سپی بی

17/ Jul/ 2015

هۆنوس دواهەمین شەوی ڕەمەزان لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانییەوە بۆ گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی دەچوو. تەکسییەکی ڕاگرت و لەگەڵیدا مامەڵەیکرد. هەرچەندە مامەڵەکەی بەدڵنەبوو، بەڵام لەبەرئەوەی کە دەبوو زوو بەجێبگا؛ سەرکەوت.

دێم و ناترسم لە پەرژینی بەزی

هەر پەری سەرکەوت و دێوەزمە بەزی[1]

هەر پاش چەند چرکەیەک شۆفێرەکە کەوتە لێکۆڵینەوە و پرسی:

  • ماڵتان لەکوێیە؟

هۆنوس بۆئەوەی تەکسیگێڕ تێبگا کە پرسیاری تایبەتیی پێخۆش نییە؛ وچانێکی دا. پاشان وتی:

  • بۆچی؟
  • هەروا.
  • لە شوێنێکە.
  • ئەی کارت چییە؟
  • بۆچی؟
  • ئەرێ ئەوە چییە؟! تۆ زۆر لە خۆت ئەترسی!
  • نا لە خۆم ناترسم. بەڵام دەمەوێ تێبگەم بۆچی ئەم پرسیارانە دەکەی؟
  • هەروا…

هۆنوس هیچ وەڵامێکی نەدایەوە. کە تەکسیگێڕەکە زانی وەڵام نییە ویستی بوێری و مەردێتی و شەرەفی ڕۆتین و باوی هۆنوس تاقیبکاتەوە، پرسی:

  • چییە ناوێری بڵێی کارم چییە؟
  • با دەوێرم. بەڵام نازانم بۆچی ئەوەندە بەلاتەوە گرنگە کە کار و ماڵی من بزانی.
  • ژنت هێناوە؟

ئۆهۆ! جا ئەمە ناوەستێ! وەڵامی مەدەرەوە.

هۆنوس وەڵامی نەدایەوە. تەکسیگێڕ بەردەوامبوو:

  • نا، نا دیارە ژنت نییە!
  • بە چیدا دیارە؟
  • هیلاک دیار نیت.
  • مەگەر ئەوەی ژنی هەیە هیلاکە؟
  • ئای.

هۆنوس تەنها همەی هماندنێکی بۆ هماند و هێور و هێمن بوو. تەکسیگێڕ زیاتر کەوتە هەڵکۆڵین:

  • ئەی چەن ساڵی؟

هۆنوس هەر وەڵامی نەدایەوە.

  • چییە ناوێری ئەوەش بڵێی؟
  • کاکە، تۆ کچم دەدەیتێ یان تەکسیت پێیە و بە پێنج هەزار چوار بست لێدەخوڕی و دامدەگری و ئیتر یەکتر نابینینەوە؟
  • کاکە وانییە، خۆشە دوو قسە بکەین.
  • دوو قسە؟ ئێ باسی شتێکی تر بکە. باسی بۆنیت و چەمەلەغی ئوتومبێلەکەتم بۆ بکە. ئەمانە قسەن، نەک پرسیاری تایبەخۆیی.

بەلای دوکانی مەیفرۆشێکدا تێپەڕین. تەکسیگێڕ یەکسەر هەڵیدایە:

  • ئەهـ! دە فەرموو دەی! ئەوە ئەویش کردییەوە.
  • چی؟
  • دوکانی مەشرووبەکە.
  • پێت ناخۆشە؟
  • ئەی چی! با ئەمشەویش نەبووایە و لە بەیانی جەژنەوە بیکردایەتەوە خۆ چی دەبوو؟
  • قوربان، ئەویش وەک من و تۆ کاردەکا. مانگێکە فلسێکی پەیدانەکردووە. خۆی هەر نەدەبوو دابخرایە تا ئێستا بکرێتەوە!
  • چی؟ ئەوە تۆ چی دەڵێی؟
  • چی دەڵێم چی؟ نەدەبوو دابخرایە. ئەمە کەی ڕۆژوو و باوەڕە کە تۆ هەموو دەرگایەکی خواردن و خواردنەوەت لێدابخەن و بڵێن دە فەرموو بەڕۆژوو بە؟ باوەڕ و ڕۆژوو ئەوەیە لەناو هەزار کەسدا بیت و هیچیان باوەڕیان بەوەی تۆ نەبێ و تۆ ئەوە بکەی کە خۆت باوەڕت پێیەتی.
  • نا، ئاخر دەبێ ئەویش دایبخا.
  • بۆچی؟
  • لەبەر ڕێزی ئێمە!
  • تۆ ئامادەی مانگێک هیچ کارێک نەکەی، لەبەر ڕێزی ئێزدییەک؟
  • نا.
  • ئەی بۆچی بۆ ئەو پێتخۆشە مانگێک کار نەکا؟
  • ئاخر کارەکەی من حەڵاڵە. تەکسی و دوکانی مەشرووب جیایە.
  • نەخێر جیا نین. هەردوکیان بۆ بژێوی پەیداکردنن. لەوانەیە تۆ تەکسییەکە هیی خۆت بێ. ئەو داماوە دەشێ دوکانەکە هیی خۆشی نەبێ و لەسەری شاگرد بێ.
  • ئێ کێشەی خۆیەتی. ئەوەی ئێمە ڕاستە.
  • ئەی تۆ بیرت لەوە نەکردووەتەوە کە ئەویش لە مێشکی خۆیدا خۆی بەڕاست دەزانێ؟
  • نا ئەو ڕاست نییە.
  • تۆ دەتەوێ ئەویش وەک تۆ بیربکاتەوە؟
  • بەڵێ.
  • ئێ ئەوکات ئەویش وەک تۆ دەبوو بە تەکسیگێڕ. ئەگەر هەموومان وەک تۆ بیربکەینەوە هەموومان دەبین بە تەکسیگێڕ و لە کۆتاییدا بە هەموومان بۆ یەک سەرنشین وێڵ دەبین!

تەکسیگێڕستان. گێڕستان.

  • ئێستا تۆ بۆچی بەرگریی لێدەکەی؟
  • ئەی تۆ بۆچی هێرش دەکەیتە سەری؟ ئەو هیچ خراپەیەکی بۆ تۆ هەبووە؟
  • ئەی چۆن! زیان لە ئاینەکەم دەدا. من موسوڵمانم!
  • توو هەرچی پیرۆز هەیە لات؛ تا ئێستا یەک جار لەمسەر بۆ ئەوسەر قورئانت خوێندووەتەوە؟
  • کاکە، ئەوە بابەتەکە نییە.
  • پرسیارێکی ئاسانم لێکردوی: خوێندووتەتەوە؟
  • وەڵا کەم.
  • لەمسەر بۆ ئەوسەر؟
  • نەوەڵا.
  • نوێژ دەکەی؟
  • ئەلحەمدولیلا.
  • دوای ڕەمەزانیش؟
  • وەڵا کەم.
  • چۆن کەم؟ خۆ نوێژ ئۆکسجین نییە بە پلە بۆت دابنێن! یان نوێژ دەکەی یان نایکەی!
  • نەوەڵا بە باشی نا.
  • کەواتە تۆ بە پێودانگی ئیسلامی بێ لەسەدا دوو نیو موسوڵمانی. ئیتر بۆچی هەڵدەکوتیتە سەر داماوێک کە وەکو تۆ لە شوێنێکی تردا بژێوی ژیانی دابیندەکا؟ یان بە ڕای تۆ دەبێ هەموو ئەوانەی بیستووتە حەرامن نەهێڵرێن ئینجا دڵت بە باوەڕەکەت خۆش دەبێ؟
  • چۆن؟
  • دەزانی مەبەستم چییە؟ دەزانی پیاوی مەرد و بەتوانا کامەیە؟
  • کامە؟
  • ئەوەی سوور دەزانێ دوژمن لەوێدا هەیە، بەڵام هەر دەچێ شەڕ دەکا.
  • ئێ ئەمە پەیوەندیی بە بابەتەکەی ئێمەوە چی بوو؟
  • پەیوەندیی زۆرە! تۆ دەتەوێ هەموو دوژمنەکانت بۆ لەناوببەن و گۆڕەپانەکەت لە دوژمن و بارووت بۆ پاکتاوبکەن؛ ئینجا تفەنگێک بە شانتدا دەدەی و سنگدەردەپەڕێنی و دەڵێی من بوێرم و وا بەرگری لە خاک و نیشتیمانم دەکەم!
  • تێناگەم چ پەیوەندییەکی بە بابەتەکەی ئێمەوە هەیە.
  • شاگردی چێشتخانەیەک کە بەڕۆژووە و خواردن بۆ خەڵک دادەنێ؛ زۆر زیاتر لە تۆ باوەڕی بەهێزترە کە دەتەوێ هەرچی پێیبوترێ خواردن و خواردنەوە بۆت لاببەن و دڵت خۆشبکەی بەڕۆژووی.

تەکسیگێڕ هیچی نەوت. پاش چەند چرکەیەک بێدەنگی گەیشتنە ڕاپەڕین بۆ ئەو شوێنەی هۆنوس دەیەویست بچێ. هۆنوس پێنج هەزاری لە گیرفانی بۆ دەرهێنا و پێیدا و وتی:

  • فەرموو ئەمە پێنج هەزارەکەی کە دەبوو سێ هەزار بووایە و تۆ زیاترت داواکرد.
  • چی؟ بێنە هەزاری ترم بەرێ!
  • چی؟ هەزاری تریش؟ شەش هەزار؟ بۆچی چییە؟!
  • ڕاپەڕین دوورە!
  • ڕاستدەکەی. ئەگەر لە هەولێرەوە بچی بۆ ڕاپەڕین لە سلێمانی؛ بەڵێ دوورە. بەڵام لە بەکرەجۆوە دوور نییە!
  • دە بێنە هەزاری ترم بەرێ.
  • مامەڵەمان کرد. بۆ ئەو بستە ڕێگایە وتت پێنج هەزار و زۆر چاک پێموتی بۆ کوێ دەچم. شایەنی سێ هەزار بوو، تۆ بە چواریش دانەمرکایتەوە.
  • ئاخر دەریناهێنێ.
  • با دەریدەهێنێ

هۆنوس بزەیگرت و بەردەوام بوو:

  • مانگێکە کار دەکەی! ئەو مەیفرۆشە داماوە مانگێکە کاری نەکردووە، هێشتاش فلسێک زیاتری نەخستووەتە سەر نرخی بیرەیەک. تۆزێ ویژدانت هەبێ!

تەکسیگێڕی باوەڕباغە پێکەنینێکی باغەیی بۆ هۆنوس کرد و وتی:

  • هاهاهاها دەی ئەوە لەبەر تۆ!
  • بیگرە و بڵێ خوا نەیبڕێ. دوو هەزاریشی زیادە! بڵێ خوانەیبڕێ.

هۆنوس دابەزی و شۆفێرەکە وتی:

  • ئەوە ئێستا بەدواتا دێم بزانم کارت چییە و ماڵتان لەکوێیە.
  • ئەوە هەر لە دڵت دەرنەچووە؟

هۆنوس دەرگاکەی بە هێمنی داخستەوە و ڕۆیشت.

لەبەر تۆ! لەبەر من! مننەتت بە نەعلەکانم! لەبەر من! یەکێ نەزانێ پێکەوە پێشمەرگە بوین وا پێمدەڵێ؛ دەی ئەوە لەبەر تۆ!

هۆنوسی سێیەم وتی:

  • کاک هێرش هەمیشە بۆ پێکەنین دەڵێ: “هەموو ئەفەریقا بێئەخلاقن!” کە هەمووان دەوەستن و بە چاوی پرسیار و گومان و وردبوونەوەوە تەماشایدەکەن دەڵێ: “ئێ خۆ دەزانم مرۆڤی باشیشی تێدایە، بەڵام خۆ ناچم یەک قوڕنەی گەورە بگەڕێم، ملیارێک کەس بپشکنم بزانم کامیان باشن و کامیان خراپن! بۆیە دەڵێم بێئەخلاقن!”

کەواتە دەڵێی گوایە هەموو تەکسیگێڕێک بێئەخلاقن؟

هۆنوسی سێیەم وتی:

  • نا، دەمەوێ بڵێم هەموو ئاینزایەک بە ڕێژەی کەموزۆر تیرۆریست و زۆرسەپێنن. بەڵێ دەزانم خۆ مرۆڤی چاکیشیان تێدایە. بەڵام خۆ ناچم هەر هەموویان بپشکنم بزانم کامیان مرۆڤە چاکەکەیە!

تەکسیگێڕ. خۆ مرۆڤی چاکیشیان تێدایە. بەڵام خۆ ناچم هەموویان بپشکنم بزانم کامیان مرۆڤە چاکەکەیە.

[1] هۆنراوەی (ناڵەی جودایی)ی هێمن موکریانی.