هۆنوسیاد: مانسی دیاس

هۆنوسیاد

نەوا موکرجی

هۆنوس زۆر جار گێڕەرەوە و کەسێتیی چەقی ئەم چیرۆکانەیە. تا ڕادەیەکی زۆر وێنەی وێژەیی خۆمە. پاشگری (-یاد) پاشگرێکی یۆنانیی کۆنە کە واتای (داستان) دەسازێنێ، وەک (ئیلیاد، ئەینیاد، ئۆڵۆمپیاد، تیلێماخیاد…تد). ئەم چیرۆکانە زۆربەیانم لە کات و ساتی جیاوازدا نووسیوەتەوە و پەیوەندییەکی زۆریان بەیەکەوە نییە. زیاتر هەندێ یاداشتی خۆمن و لە کاتی خۆیاندا بە زمانی ئاسایی نووسیومنەتەوە. بەڵام کە زیاتر پڕۆڤەی هونەری نووسینم دەکرد؛ وردەوردە ئەم نووسینانەم چاککردووە و زمانێکی وێژەییانەم پێبەخشیون. لە ماوەی ڕابردوودا زۆر هەوڵمداوە ئەم کورتەچیرۆکانە بەیەکەوە بلکێنمەوە و ڕۆمانێکی لێدروستبکەم. بەڵام لەبەر سەرقاڵی و کەمیی کات نەمتوانیوە. لە ئێستادا ئاوها پارچەپارچە لەم ماڵپەڕەم بڵاویاندەکەمەوە. کە کاتم هەبوو؛ بێگومان بەیەکیانەوە دەلکێنمەوە و دەیانکەم بەو ڕۆمانەی لەخەیاڵمدان. هیوادارم خوێنەری بەڕێز چێژیان لێببینێ. سوپاس بۆ کات و خوێندنەوەتان.

نەوا

9 ئایار 2020

ئەگەر دەتەوێ ئەم چیرۆکە بە پی دی ئێف داببەزێنی؛ لێرە کلیک بکە.

مانسی دیاس

20/ Aug/ 2015

دیاسی بەئاکار بەئاکارانە گێڕایەوە:

یادی شاد بێ؛ نەنکم شەوێک کچەکەمی دەنوواند. ویستی چیرۆکێکی بۆ بگێڕێتەوە، وتی:

  • هەبوو نەبوو…

بەڵام بوەستن با باسێکی کچەکەمتان بۆ بکەم. لە گۆشەگیریی خۆمدا کاتی خۆی لە ئێم ئێس ئێن چات کچێکی ئەمەریکیم ناسی. ناوی کاتۆری بوو. بە بنەچە ئەمەریکیی نەژاد بوو. کەوتینە ئەوینی یەکەوە. دوای دە ساڵ ئەم ئەوینە هەر نەبڕایەوە. بە هاوکاریی ئەو بۆ ئەمەریکا چووم. کاتۆریم خواست و هەر زوو کچێکمان بوو، ناوماننا: (مانسی).

مانسی کوردی و ئینگلیزییەکی باش دەزانێ. بەڵام لەبەرئەوەی لێرە نەژیاوە؛ گێڕ و مەکینەکەی بە گاز و ڕۆنی ئێرە ڕانەهاتووە…

سەرخێڵ وتی:

  • تۆ سەرنجتداوە هەرچەند لەم سلێمانییەدا سواری ئوتومبێل دەبی؛ ماشێنێکی گاز بەردەمت دەگرن و بە دڵی خۆیان بە دەموچاوتدا تڕلێدەدەن و تا نیمچە مردووت نەکەن لاناچن؟

هۆنوسی دووەم هۆنوسی یەکەمی ئاگادارکردەوە:

  • لێیبگەڕێن دیاس چیرۆکەکەی بگێڕێتەوە.

ئاهەنگی تازە دەزگیرانی سەرخێل وتی:

  • بەڵێ، هەموو ئەو ئوتومبێلانەی کە زۆر دووکەڵ دەکەن خێراش دەڕۆن.

سەرخێڵ وتی:

  • ئا، بۆئەوەی پێشیان نەکەوی و هەر دوکەڵەکەیان هەڵبمژی!

ئاهەنگ وتی:

  • ئاخر! شەوێکیان لەگەڵ براکەمدا لە هەولێرەوە بەرەو سلێمانی دەهاتینەوە. ئەوکات…

سەرخێڵ وتی:

  • ئەو برایەت کە ئێستا قسەت لەگەڵی نییە؟

ئاهەنگ وتی:

  • ئینجا ئاساییە. تۆش بی هەر وا دەکەی. ئەوەتا هۆنوس و دیاس زۆربەی کات هاوڕێیەتی کەس ناکەن. جارێ هۆنوس هەر تاقەتی کەسی نییە! یەکێک لەسەر مێزەکەی دابنیشێ هۆنوس دەریدەکا.

هۆنوس وتی:

  • کە هەرزەکار بووم وابووم. ئێستا خۆم لەسەر ئەو مێزانە دەردەکەم کە بەدڵم نین.

(هێرا)ی دایکی سەرخێڵ لە موبەقەوە دەنگی هەڵبڕی:

  • خەباتیش وابوو!

هۆنوس پرسی:

  • خەبات کێیە؟

سەرخێڵ وتی:

  • باسی ئەو خوێڕییە مەکەن!

هێرا هاتە ناودەرگای ژووری دانیشتنەکەوە و وتی:

  • خەبات، خەبات…

سەرخێڵ کەمێک دەنگی هەڵبڕی و وتی:

  • باسی ئەو خوێڕییە مەکەن!

ئاهەنگ وتی:

  • بۆچی خوێڕییە؟ خۆ تۆ تا دوێنێ بوو برای باوکت بوو. بیستوچوار سەعات پێکەوە بوون!

سەرخێڵ دەستی ڕاستی بە شاقووڵی بە پەنا شەویلگەی ڕاستیدا ڕاگرت. شەویلگەی ژێرەوەی بەرەو لای دەستە شاقوڵ هەڵبڕراوەکەی برد و بێمننەتانە وتی:

  • ئەو خوێڕییە هەر لە هەموو شوێنێک لەپێمکردووە!
  • بۆچی؟

سەرخێڵ وتی:

  • تا لێی نزیک نەبیتەوە نازانی چەند خوێڕییە. تا ڕسوا و بێکەسە کوڕی چاکە. بەڵام هەر کە دینارێکی بینی یەکەم خوێڕییە!

خەبات. سەیرە.  وەک خەباتی گەلی کورد. تا ڕسوا و بێپارە و بێکەسە کوڕی چاکە. هەموو ڕۆژێ بەلای خۆیدا سەرنجت ڕادەکێشێ. تا واتلێدێ سوێندی پێدەخۆی. کەچی کە پارە و دەسەڵات دەبینێ یەکسەر دیوە ڕاستەقینەکەی خۆیت پیشان دەدا.

هێرا وتی:

  • کوڕم تۆش لەگەڵ کەسدا ڕێکناکەوی؟!

هۆنوس بیریخستنەوە:

  • هاوڕێیان، دیاس چیرۆکێکی بۆ دەگێڕاینەوە.

سەرخێڵ کەرتڕانە تڕا:

  • ئا. باسی چەتیوەکەی بۆدەکردین.

ئاهەنگ یەکسەر پرسی:

  • کام چەتیو؟

سەرخێڵ وەڵامیدایەوە:

  • چەتیوەکەی دیاس.

هۆنوس وتی:

  • ببوورە دیاس گیان. ئەم جووتە هیوایەتیان باسکردنی پاشملەیە.

سەرخێڵ وتی:

  • جا لە پاشملەباسی خۆشتر هەیە؟

هۆنوس وتی:

  • ئاخر دەڵێن کاری پیاو نییە.

هەموو بۆ چەند چرکەیەک بێدەنگ بوون. سەرخێڵ خەریکبوو تووڕە ببێ. کە هۆنوس زانی لە ماڵی ئەواندان و دەبێ باسەکە هێوربکرێتەوە و سەرخێڵ خۆشی بە باسی خەبات تێکچوو. یەکسەر بزەیەکی کرد و بە بزەیەکی فراوانەوە وتی:

  • خۆی کە پاشملەباسی دەکڕی؛ وەکو وسمە لەسەر کیسەکەی نووسراوە: بۆ ژنان!

هەمووان پێکەنین. سەرخێڵ هێوربووەوە.

هۆنوس هێورترانە وتی:

  • با دیاس چیرۆکەکەی بگێڕێتەوە.

هەمووان ڕوویانکردەوە دیاس. دیاس کەوتەوە گێڕانەوە:

  • …لە کوێدا بووم؟

هۆنوس وتی:

  • نەنکت کچەکەتی دەنوواند.

هێرا وتی:

  • نا، نا. باسی هەولێرەکەی کرد کە بۆ سلێمانی دەهاتەوە…

سەرخێڵ وتی:

  • نا، ئەوە ئاهەنگ بوو. کە باسی گازەکە کرا.

ئاهەنگ وتی:

  • ئەها، ئەها، وابوو. ڕاستدەکەن. ئوتومبێلێک لە پێشمانەوە بوو هەر دووکەڵی بەسەرماندا دەکرد. هەر خێراترمان دەکرد و ئەویش هەر لەگەڵماندا پێیپێدادەنا.

سەرخێڵ وتی:

  • ئاخر ئێوە کچتان لەگەڵ بووە بۆیە.

ئاهەنگ وتی:

  • نا، کچمان لەگەڵ نەبوو.

سەرخێڵ وتی:

  • ئەی خۆت چی بووی؟ دەزانم! چاوباشقاڵیشت لەگەڵیدا کردووە بۆیە وا کلکەقنەی داون.

ئاهەنگ وتی:

  • جارێکی تر قسەی وا نەکەیتەوە!

هێرا وتی:

  • دەی شەڕێک بنێنەوە. ئاهەنگ گیان گوێیلێمەگرە، پێمان بڵێ چی بوو؟

پاش وچانێکی ناقۆڵا، ئاهەنگ هێورانە کەوتەوە گێڕانەوە:

  • خاومان دەکردەوە؛ ئەویش خاویدەکردەوە. لە کۆتاییدا لە پردێ نیو سەعاتێک ڕامانگرت تا بڕوا ملی بشکێنێ. ئینجا کەوتینەوە ڕێ. باش بوو وا ڕزگارمان بوو. چاوباشقاڵیشمان لەگەڵ نەکردووە!

هۆنوس بەئارامی وتی:

  • ئەوە پەیوەندیی چی بوو بە کچەکەی دیاسەوە؟

ئاهەنگ وتی:

  • چۆن پەیوەندیی نییە؟ تۆ تەماشایەکی ئەم سلێمانییەت کردووە؟ بە چرکە شار نابینی دووکەڵ لە شوێنێکی بەرز نەبێتەوە. مۆلیدەکەمان یەک چەڕەدوکەڵ دەکا هەر مەپرسە! ئینجا بۆ نەگبەتی؛ ڕاستەوڕاست پشتی بە ئێمەوەیە. کە مۆلیدەکە ئیشدەکا ناتوانین بۆ یەک چرکەش بچینە بەلەکۆنەکە. ناتوانین یەک پەنجەرە بکەینەوە. گاز دەتخنکێنێ. سەرخێڵ چوو…

سەرخێڵ جڵەوی گێڕانەوەکەی لەدەست وەرگرت:

  • ئا. چوین بە خاوەن و شتەکەیمان وت کاکە ڕەحمێ، خنکاین! بەخوا گەر چاکی نەکەی دەچین لای حکومەت سکاڵات لەسەر دەکەین. کەچی وتی کاکە حکومەت…

ئاهەنگ جڵەوی گێڕانەوەکەی لێوەرگرتەوە:

  • ئا. وتی حکومەت خۆی ئەو گازە سەقەتەمان دەداتێ کە ئەوەندە دوکەڵ دەکا.

سەرخێڵ وتی:

  • وابوو. وتیشی: بۆ کاکە ئێوە وادەزانن خۆمان نەخنکاوین؟ بەڵام حکومەت خۆی کەسە خراپەکەیە. بڕوابکەن ئێمە نین!

تا ئێستاش نازانم ئەمە پەیوەندیی بە کچەکەی دیاسەوە چی بوو. تەنها کێشەی ئەم جووتە ئەوەیە ناتوانن خۆیان گەورەترین نەبن! تەنها لەبەرئەوەی دیاس… ئەم پێبڕینەیان پێببڕە.

هۆنوس وتی:

  • سەرخێڵ و ئاهەنگ تکایە! دیاس باسی گێڕ و مەکینەی کچەکەی دەکرد…

دیاس کەوتەوە گێڕانەوە:

  • بەڵێ، ئێستا بیرمکەوتەوە، سوپاس هۆنوس گیان. ویستم باسی مانسی بکەم کە گاز و ڕۆنی ئێرەی زۆر پێناکەوێ. جا چی پێیبکەوێ! ئەوەتا ئەوان دەڵێن مۆلیدە بەو زلییەی خۆیەوە گاز و ڕۆنی کوردیی پێناکەوێ.

هێرا لەوێوە وتی:

  • جا وەرە ئەو کچە پەنیرییەی تۆ!

دیاس وتی:

  • ئەم کچەم کە قسە دەکا چواری کوردییە و سیانی ئینگلیزییە. بۆ نموونە دەڵێ: “ئۆڵڕێدی ستەدیم کردوە، کەواتە؟ وای شودنت ئای پلەی؟“. ئەوەی لە دڵیدا بێ بێ سێ و دوو دەیڵێ.

سەرخێڵ وتی:

  • کوڕە فێری کوردی و موردیی مەکەن!

ئاهەنگ پشتیگرت و وتی:

  • ڕاستدەکا، با هەر فێرنەبێ.

بۆچی نەنگییە ئەگەر کوردی بزانێ؟

هۆنوس وتی:

  • بۆچی کوردی نەزانێ؟

ئاهەنگ یەکسەر کەمێک هەڵچووانە وتی:

  • هەرچی حیزبچی و هەواڵچی و سیاسەتچی و ئەمانە هەن هەر کوردی دەزانن و هەر بە کوردی ئەم هەموو هەواڵە هیچ هیچ و ئەم هەموو بڕیار و لێدوانانە پەخشدەکەن.

سەرخێڵ وتی:

  • با کچەکەتان بە زمانێک قسە نەکا کە دیکتاتۆرییەتی پێ نوسرابێتەوە!

هۆنوس زانی باسەکە بەرەو کوێ دەچێ، گفتوگۆکەی بە ئاقارە ڕاستەکەی خۆیدا ئاراستەکرد.

  • دیاس گیان، تکایە پێمانبڵێ کچەکەت… چیرۆکەکە…

دیاس وتی:

  • نەنکم دەیویست بینوێنێ. بەڵام لەولاوە تەلەفیزیۆنەکە کرابووەوە و چاودێرێکی ڕامیاری هەر دەیوت: “دەبێ یاسا هەمواربکرێتەوە. دەبێ یاسا لە پێناوی خۆشبەختیی خەڵکدا بێ“. هەواڵچییەکە لێیپرسی: “تۆ <خۆشبەختی> چۆن پێناسە دەکەی؟” چاودێرەکەش وتی: “بۆچی شەڕ دروستببێ؟ بۆچی ڕۆڵەی کورد بکوژرێ؟ ئێستا ئێمە یەک سەرۆکی تاهەتاییمان دەوێ. ئێمە بەزەییمان بەو میللەتەدا دێتەوە. نامانەوێ لەناوبچن. ئاخر بۆچی دووبارە دایک جەرگسووتاو بکرێ؟ ئێمە یاسا هەمواردەکەینەوە و سەرۆکی تاهەتایی دیاریدەکەین. یاسا لە پێناوی ئاشتیدا نەبێ بۆچی چاکە؟ ئیتر ئاوا کەسیش ناکوژرێ!”

ئەو کەسە کەسە…

سەرخێڵ بابەتەکەی بەدڵ بوو، هەڵەشانە وتی:

  • ئێ، ئێ؟ ئافەرم دیاس.

ئاهەنگ وتی:

  • ئەوە واتای چی بوو؟

سەرخێڵ وتی:

  • ئەوە واتا ئەوەی کە تێیگەیشتی. واتا کێشەیان نییە زۆر شتیش بکەن. خۆیەتی. ئێ؟ تەواویبکە، وسبن کەس قسە نەکا. نەنکت چیی کرد؟

دیاس وتی:

  • کە دەستیکردەوە بە چیرۆکگێڕانەوەکەی؛ ئەو چاودێرە ئەوەندەی وت، نەنکم لە دەمی دەرچوو وتی: “هەبوو نەبوو کەس لە یاسا گەورەتر نەبوو” مانسی وتی: “نۆ نەنە، وانییە! ئەوە نییە پرێزیدێنت لە یاسا گەورەترە و هەموو تریکێک یوز دەکا بۆیی ئەنتای یاسا بێ؟”

هەمووان بۆ وچانێک بێدەنگ بوون. دیاس بەردەوام بوو:

  • لە هەمووی خۆشتر ئەوە بوو کە نەنکم هیچ تێنەگەیشت و وتی: “دە تۆ بهێڵە چیرۆکەکەت بۆ بگێڕمەوە! هەبوو نەبوو…” مانسی وتی: “بەسە نەنە، نامەوێ… ئۆڵڕێدی گێڕاتەوە… نایتنایت! گڵۆپەکە مەکوژێنەرەوە تا دەنووم. ئای لەڤ یو…”

پاش وچانێکی پڕ بیرکردنەوە و لێکدانەوە، هێرا هەڵیدایە و وتی:

  • ڕاستدەکا. ئێوە نازانن. خەڵکانێکی زۆر هەن بە زۆری زۆرداری شەڕ هەڵدەگیرسێنن.

سەرخێڵ وتی:

  • مەبەستی ئەوەیە سەرۆک لە یاسا گەورەترە. چۆن دەبێ؟

هێرا وتی:

  • ئاساییە، لە زۆر شوێن وایە.

هۆنوس وتی:

  • پێموابێ ئێجگار بەو شێوەیەش نییە. ئەم سەر زەوییە ملیاران ساڵە هەیە. ئێمە و سەرۆکیشی تێدا نەبووین و هەر کاری خۆی کردووە و هەر دەیکا. واتە گرنگ نییە سەروەریی هەموو جیهان لە کەسێکدا خەستبکرێتەوە.

هێرا وتی:

  • شووتی قاشدەکەم.

هەمووان وەستان. هۆنوس دوای وچانێک وتی:

  • واتە مەبەستم ئەوەیە ئێمە نابێ تاکە نەفەر بپەرستین، چونکە ئەو تاکەنەفەرەش وەک هەموو کەسێکی تر دەمرێ. ئێ کە مرد هەموو سیستمەکە دادەڕمێ.

هێرا وتی:

  • شووتی قاشدەکەم.

سەرخێڵ بە پێکەنینەوە وتی:

  • واتە سەرم مەیەشێنە.

هێرا وتی:

  • نەخێر، واتە شووتیتان بۆ قاشدەکەم بۆتان دەهێنم بیخۆن. ئێوە وادەزانن ئەو شووتییە لەخۆیەوە هاتووە؟ نەخێر! ئەو شووتییە بە پارەیەک کڕراوە. ئەو پارەیە لە چاوی سەرۆک دەبینم. سەرۆک هۆی ئەو شووتییەیە کە ئێستا ئێوە دەیخۆن.

دیاس بە پێکەنینەوە وتی:

  • ئێ خۆ شووتییەکەش نەخۆین هەر دەبێ! خۆ لەسەر شووتی پەکمان نەکەوتووە. مرۆڤ هەر نانێکی سەربەرزانە دەبێ بیخوا.

هێرا قیژاندی:

  • شووتییەکە نانی سەربەرزییە! ئەم ماڵە ماڵی منە و پارەکەی بە هۆی سەرۆکەوە پەیداکراوە. سەرۆک نەبووایە ئێوە چی بوون بێن لەم ماڵەدا دابنیشن؟ ئەگەر نایخۆن فەرموون هەستن خۆتان و دانایی کچە ئەمەریکییەکەتان بچنە دەرەوە.

ئارامییەکە شڵەقا. هەستە. دیاس ببە.

هۆنوس خێرا قۆڵی دیاسی واقوڕماوی گرت و بێدەنگ بەرەو دەرگاکە چوون و پێڵاوەکانیان لەپێکردەوە و چوونە دەرەوە. لە دوای خۆیان هۆنوس دەرگاکەی هێورانە داخست.