مەرگی سیخوڕێکی تیرۆریست

مەرگی سیخوڕێکی تیرۆریست

١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، سێشەممە

بەیانی زوو بە زەنگی هۆشیارکەرەوەی تەلەفۆنە دەستییەکەم ڕابووم، بەیانییەکی سارد و هێمن و بێدەنگ و ساماڵ، مشتێک ئەلەندی خۆری تازەهەڵهاتووی پرتەقاڵی لە درزێکی پەردەی پەنجەرەکەوە ژوورەکەمی زێڕکەش کردبوو.

لەبەر ئەوەی شەو، وەک هەموو شەوێکی تر، نەمتوانی زوو بنووم، چون کێشەی بێخەویم هەیە، ئەگەرچی لە خەو ڕاببووم، بەڵام هێشتا مێشکم لە خەو ڕانەببوو، بەڵام دەبوو دەستوبرد بکەم و وا بکەم هەرچی زووە چالاکیی مێشکیشم ڕاببێت، چون دەبوو کەمێکی تر بچمە سەر کار. بۆیە دەستییەکەمم هێنایە لای خۆمەوە تا هەم زەنگی هۆشیارکەرەوەکە بێدەنگ بکەم و هەم بیخەمە سەر گۆرانییەکی ماملێ، تا وزەی ڕۆژێک کارکردنی نوێم بداتێ. من لەو جۆرە کەسە «ڕاقی»یانە نیم کە بەیانیان گوێ لە گۆرانیی عەرەبی و فارسی و تورکی دەگرن و چیتر زمان و هونەری ئەوان تێکەڵی یادگارییەکانم ناکەم، چون دەمەوێت یادگارییەکانیشم هەر وەک خۆم و نەتەوەکەم تەنیا و بێکەس بن. زووزوو پارچەیەک لە کۆی یادگارییەکانم دێتە لام، هەر پارچەیە و هەر جارەی لە شێوەی کەسێکی پایەبەرزدا دەردەکەوێت، دوایین جار لە شێوەی پێشەوادا هاتە لام و پێمی وت: «کەسێک بەوە ببێت بە کەسم کە من لەگەڵ گێڕانەوەی چیرۆکەکانمدا گۆرانیی فارسی و عەرەبی و تورکیی بۆ بخەمە سەر، ئەو کەسەم هەر ناوێت، با وەک مێژووم، وەک ئێستام، وەک خەمەکانم، وەک تۆ هەر تەنیا بم»، ئیتر منیش ئەم وتەیەم وەرگرتووە و با کەسی وەها نەبێتە هاوەڵی ڕۆژەکانم، چون من کوردم و بە کوردی دەژیم و دەمرم. جا گۆرانیی «هەی ناکەم ناکەم»ی ماملێ وزەیەکی زۆرم بۆ کارکردن دەداتێ، بە تایبەتی لە بەیانییەکدا بەرەوڕووی کاری زۆر بڕۆم. ویستم ئەم بەیانییەش بیخەمە سەر ئەو گۆرانییە، بەڵام بینیم چەند نامەیەکم لە دەستییەکەمدا بۆ هاتووە، سەرنجم خستە سەر سیانیان، یەکێکیان هەواڵێکی کوردی بوو، یەکێکیان بەیاننامەی سوپایەک بوو بە فارسی، ئەوی تر ڤیدیۆیەک. وتم جارێ تا بیناییم تیژتر دەبێتەوە و ئاسانتر دەتوانم بخوێنمەوە با سەیری ڤیدیۆکە بکەم، دوایی نووسینەکان دەخوێنمەوە.

کەوتمە سەیرکردنی ڤیدیۆکە: شەوە، کەسانێک بە کوردی دەنگیان دێت و ڕەنگیان نییە، لە نێو پاشماوەی ڕووخاو و داروپەردوو و شیشدا شتێکی خۆڵاوییان لێوە دیارە کە نیوەی شتە خۆڵاوییەکە لە نێو وێرانە و شیش و داروپەردووەکەدا گیری خواردووە و نیوەکەی تری لە ئامێزی نەرمونیانی پیاوێکی کوردی هاوسۆز و هاوخەمدایە، کە خاپوورییەکەیان لەسەر بەشە گیرخواردووەکەی شتە خۆڵاوییەکە لابرد، وا دیار بوو شتێکی نەرمە، ئیتر کە بیناییم ڕوونتر بووەوە و هەمووی دەرکەوت، لەو کاتەشدا کامێراکەیان لێی هێنایە پێشەوە، دەبینم منداڵێکە، ئەوپەڕی تەمەنی ساڵ و نیوێکە و لەژێر ئەو داروپەردووەدا زیندووێتی بۆ تاتایە چاوشارکێی لەگەڵدا کردووە و خۆی لێی شاردووەتەوە. منداڵی لە-زیندوێتی-زەوتکراو نەرم نەرم لە باوەشی پیاوێکی میهرەبانی نادیاردایە، ئیتر ڤیدیۆکە تەواو بوو. نەمویست جارێکی تر تەماشای ئەم ڤیدیۆیە بکەمەوە، چون ڕۆژێکی درێژی کارکردنم لە پێشە و ئاوها ناتوانم کار بکەم.

پاش کەمێک سڕبوونی تەواوی بیرکردنەوە و ناخم، خەمۆک خەمۆک بیرم لە هەموو ئەو منداڵانە دەکردەوە کە هی ئازیزانمن و لەو تەمەنەدان، زووزووش بە خۆمم دەوت: «هەزار جار نەخوازە، هەزار جار نەخوازە، نا، دوور با، هەزار جار دوور با». پاشان بیرم لە خۆم کردەوە لەو تەمەنەدا، داخۆ لە کوێ بووبم؟ ئەو کاتەی تەمەنم بووە کە ڕژێمی بەعس و برا چاوڕەشەکانمان دایکمیان لە زیندانێکی باشووری عێڕاقدا دەستبەسەر کردبوو و منیش لە ماڵەوە لەگەڵ نەنکمدا بووم و یاریم بە سەرقاپی مەنجەڵێک کردووە. پاشان بەوەی کە خەمڵاندم تەمەنی ئەم منداڵەی ئێستا دیم ئەوپەڕی ساڵ و نیوێکە، ڕۆژەکانی تەمەنیم ژمارد: سێ سەد و شەست و پێنج، جاران یەک و نیو، ئەوپەڕی دوو: لەوێ پێنج سەد و شتێک، لەولاش حەوت سەد و دە… پانزە… بیست… سی، ئەوپەڕی حەوت سەد و سی ڕۆژ تەمەنیەتی. ئینجا بیرم لە نزیکەی دوو ساڵ بەر لە ئێستای خۆم دەکردەوە کە لە ڕۆژی لەدایکبوونی ئەو منداڵەدا لە کوێ بووم و هەستم چۆن بووە. ئەگەرچی هەرگیز ئەو منداڵەم نەناسیوە، بەڵام تەنها بەراوردێکی هەمان دوو کاتەکە بوو کە هەردووکمان لەسەر ئەم هەسارەیە زیندوو بووین، کاتێک من زیندوو بووم و ئەویش بۆ یەکەم جار زیندوێتی باوەشی پێیدا کرد و بوونە هاوڕێی گیانیبەگیانی، تا ئەمشەو. ئیتر ئاوا کەمێک بە گەڕەکە هێشتا ڕووناکەکانی دوو ساڵ و ساڵ و نیوێک بەر لە ئێستای یادەوەرییەکانمدا چوومەوە.

پاشان خەمۆک خەمۆک دانیشتم و هەواڵە کوردییەکەم خوێندەوە، کە بە کورتی دەیوت: ئەمشەو ئەم ماڵە لە هەولێر کراوەتە ئامانج و دایک و باوکی ئەو منداڵە، کە تەمەنی ئەوپەڕی ساڵ و نیوێکە، لەگەڵ هەندێک ئەندامی تری ئەو خێزانەش گیانیان لە دەست داوە (کە لە مێشکی خۆمدا وتم: لە دەستیان نەداوە، لە دەستیان دزراوە، گیان لە دەستیان دزراوە، لەدەستدان تاوان نییە، ڕەنگە هەڵە بێت، بەڵام تاوان نییە، بەڵام لەدەستدزین تاوانە). بەهەرحاڵ، هەواڵەکە وتی کە برینداریش هەیە، بەڵام پشیلەی خەیاڵم لێرەشدا ڕەوتەکەی لێ تێکچوو و کەوتەوە بیرکردنەوە: بیرم لەوە کردەوە داخۆ چەند بەژان و بەسوێ و بەئازارتر دەبوو ئەگەر ئەو دایکە، یان ئەو باوکە ئەگەر زیندوو بمایەتەوە و ئەو منداڵەی خۆی ئاوها بدیایە، من نایناسم و ئینجا ئاسوودەییمی پارچەپارچە کرد، جا وەرە بمناسییایە!

ئینجا خەمۆک خەمۆک چوومە سەر نووسینە فارسییەکە و خوێندمەوە: ڕاگەیەنراوی سوپایەک بوو بە فارسی، کە بە بیسمیللاهیڕڕەحمانیڕڕەحیم دەستی پێ دەکرد. من هەرچەند بیسمیللا دەبینم بیری هۆنراوەکەی حەمدیم دەکەوێتەوە کە دەڵێت: «با بە بیسمیللاهیڕڕەحمانیڕڕەحیم دەس پێ بکەم چونکە تینووی ڕەحمەتم دڵئاگرینم، ڕەحمەتێ»، بە خۆمم وت: «ئەرێ، بەم بەیانییە ساردەی زستان دڵئاگرینم، ڕەحمەتێ!» و کەوتمەوە خوێندنەوە، نووسینەکە دەیوت: «ئەمشەو بارەگای سیخوڕ و تیرۆریستانمان کردە ئامانج و پێکامان» و ئیتر بڕێک ستایشی خودی خۆیان و بەشانیخۆداهەڵدان و ئاوها. ئیتر مێشکیشم ناوەرۆکی بینراو و خوێنراوەکانی بە یەکەوە بەستەوە و بۆم دەرکەوت ئەو منداڵە تەمەن ساڵ و نیوە سیخوڕ و تیرۆریست بووە و ئەو جێیەش کە تیایدا بووە بارەگاکەی بووە، ئەمە بۆیە!

ئیتر کەوتمە بیرکردنەوە لە تیرۆر و کارە سیخوڕییەکانی ئەو منداڵە، کە بە گوێرەی نووسراوەکان سیخوڕیی بۆ مۆساد و ئیسرائیل کردووە. ئیتر کارە تیرۆریستییەکانی منداڵەکەم هێنایە پێش چاوم: کاتێک لەپڕ و بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک لەوپەڕی بێدەنگیی هەموواندا نزگەرەیەک دەکات؛ کاتێک لەپڕ و بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک قاپێک سریلاک بەسەر فەرشی ماڵەکەدا دەڕێژێت؛ کاتێک لەپڕ و بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک بێ بەستنی دایبی خۆی و ماڵەکەش پیس دەکات و دەبێتە هۆی ناڕەحەتیی دایکەکە و بۆنێکی ناخۆشیش بە ژوورەکەدا بڵاو دەکاتەوە؛ کاتێک لەپڕ و بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک پەنجە بە هەموو دوگمەکانی ماڵەکەدا دەنێت و داروبەرد پێکەوە دادەگیرسێنێت. ئینجا بیرم لە پەیامە نهێنییەکانی کردەوە کە بۆ ئیسرائیلی ناردووە، کە لەوانەیە هەموویان بە سیستمی دووانەیی (باینەری) بووبن: بابابا، دادادا، کاکاکا، غاغاغا. لێرەدا بیرم کردەوە کە دەشێت سیستمی سیانەییش (تێرنەری) بە کار هاتبێت: پتیپتیپتی، پڕڕپڕڕپڕڕ. ئیتر مۆساد و ئیسرائیل، لەوانەشە ئەمەریکاش، خۆیان لەم هەواڵە نهێنی و پەرلەییانە تێدەگەن و ڕێکاری خۆیان دەگرنە بەر و ئامادە دەبن بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو.

ئینجا بیرم لەوە کردەوە باشە خۆ ئەگەر ئامانج پێکانی مۆساد بێت، ڕەنگە هەر لە گووگڵ بگەڕێیت بارەگای مۆساد لە ئیسرائیل بدۆزیتەوە، بۆ ناینێیت بە ئەوێوە؟ بۆ ئەم ماڵە و ئەم سیخوڕە ساڵ و نیوەی مۆساد دەکەیتە ئامانج؟

ئینجا بیرم لە بێکەسیی ئەم نەتەوەیە کردەوە، ئەو منداڵە ساڵ و نیوە سیخوڕە تیرۆریستە کوردە ئەگەر منداڵێکی ساڵ و نیوی سیخوڕی فەڵەستینی بووایە ئێستا هەموو جیهان، لە ئەوروپاوە بیگرە تا ئەمەریکا و کەنەدا، بە سەرجەم چەپەکانی ناویانەوە خۆپیشاندانی سەد هەزارییان دەکرد و هوتافیان دەکێشا و ئاڵای فەڵەستینیان لە مل دەکرد و بەرز دەکردەوە، ئیتر لە بەردەرکی سەرای شارە گەورەکانی جیهان سەفیان دەبەست کۆمۆنیست و پۆپۆلیست، ئیسلامی و دژەسامی، لیبراڵ و ڕەزاتاڵ؛ لە پێش هەموویانەوە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەکانی جیهان، کە ئیسلامییەکان بە خوێنی سەریان تینوون، بەڵام شانبەشانی ئیسلامییەکان یەکدەنگ هوتاف دەکێشن بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامیی تر و ڕووخاندنی ڕژێمە سەرکوتکەرەکانی خۆیان، کە مافی هاوسەرگیریی هاوڕەگەزانی پێیان داوە، هەموو پێکەوە هاواریان دەکرد: «فەڵەستین، فەڵەستین». بەڵام ئەم منداڵە ساڵ و نیوە سیخوڕە تیرۆریستە کوردەش بێکەس بێکەس لەژێر ئەو داروپەردوو و شیشانەدا دەردەهێنرێت و سبەی هەموو ئەو جیهانە لە ئاستیدا بێدەنگ بێدەنگ دەبن و دژەکوردەکانی لای خۆشمان یەکسەر ئۆباڵەکە دەخەنە ملی «جووتبنەماڵە» و دەست دەکەنەوە بە سەرکۆنەکردنی کورد و جنێودان بە کورد و دەکەونەوە گوێگرتن لە گۆرانییە فارسی و عەرەبی و تورکییەکانی خۆیان و ئاوها ژیان، بێ ئەو منداڵە و تۆڵەی و دادپەروەری، بەردەوام دەبێت. بێگومان مۆسادیش نکۆڵی لە بوونی هەر پەیوەندییەک دەکات لەگەڵ سیخوڕە تەمەن ساڵ و نیوە کوردەکەی خۆیاندا، دەنا دەبێت سەرلەبەری نامە نهێنییەکانی منداڵەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن، هەر لە «بابابا»وە بیگرە تا «دادادا، کاکاکا، غاغاغا، پتیپتیپتی، پڕڕپڕڕپڕڕ»، جیهانیش ئەگەر ئەم زانیارییانە ببیستێت ڕەنگە گوێیان لەمەی ئێستایان کەڕتر بێت و ئیتر کەس پارێزراو نەبێت! بۆیە دەبێت بە هەر نرخێک بووە ئەم نامە نهێنییانە بپارێزرێن! بەڵێ، ئازادیخوازانی جیهان ئەوەندە ستەمکارن کە تەنانەت هەڵاواردن لە نێوان منداڵی ساڵ و نیوی سیخوڕی تیرۆریستی کورد و منداڵی ساڵ و نیوی سیخوڕی تیرۆریستی فەڵەستینیشدا دەکەن. منداڵی تەمەن ساڵ و نیوی کورد تەنها کاتێک بەدبەخت نییە کە بێتاوان بێت، بەڵکو ئەو کاتەش هەر بەدبەختە ئەگەر سیخوڕ و تیرۆریست بێت؛ منداڵی تەمەن ساڵ و نیوی کورد تەنها کاتێک بەدبەخت نییە کە لە خێزانێکی هەژار بێت، بەڵکو ئەو کاتەش هەر بەدبەختە ئەگەر لە خێزانێکی دەوڵەمەند بێت؛ منداڵی تەمەن ساڵ و نیوی کورد تەنها کاتێک بەدبەخت نییە کە ئاگرپەرست بێت، بەڵکو ئەو کاتەش هەر بەدبەختە ئەگەر موسوڵمان بێت. هۆی سەرەکیی بەدبەختی و بێکەسییەکەش تەنهاوتەنها هەر ئەوەیە کە دەوڵەتانی جیهان و ئازادیخواز و کۆیلەییخوازەکانی ناویان ناتوانن بیبیستن: ئەویش ئەوەیە کە کوردە!

ئێستا دەبێت دەست بکەم بە کار و ئەم چیرۆکە لێرەدا بە جێ بهێڵم، وێنەی ئەو منداڵەش بە گەورەیی لەبەر بیناییمدا هەڵواسراوە و فرمێسکێکیش لە پشت چاومەوە لە ئامادەباشیدایە، گریانێکیش لەسەر سنگ و لە قوڕگمدا دەستەوئەژنۆ ڕاوەستاوە و تکا دەکات ڕێی بدەم و منیش ڕێی نادەم، بەڵکو بە نوێنەریی ئەو ئاهێکی سارد دەنێرمە نێو هەوا و تۆڵەکەم بە هیوا دەسپێرم. خوازیارم ئەو کوردانەی باوەڕدارن لەمەوە فێر ببن کە دەشێت نووسراوێک بە فارسی بێت و درۆش بێت، بە بیسمیللا دەست پێ بکات و درۆش بێت، ئیتر بە هێمای دینیی داگیرکەر هەڵنەخڵەتێن. هیوام خواست ئەو کوردانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کۆمێنتی: «دەستیان خۆش بێ» و «جەزاکەڵڵا» بۆ هەموو کارێکی تیرۆریستی دەنێرن، ئەم جارە بە ئاگا بێنەوە و دەستخۆشی لە کاری وا نەکەن.