سەندیکای کۆمپیوتەرە ستەمدیدەکان

سەندیکای کۆمپیوتەرە ستەمدیدەکان

نەوا موکرجی

هەرچەندە کەریم زۆر لە من بەتەمەنتر بوو؛ بەڵام خۆشەویستترین هاوڕێی مناڵیم بوو. هەر لە زووەوە خەریکی تەکنەلۆژیا و دروستکردنی کۆمپیوتەر بوو. زۆر ڕێزی لێدەگیرا و بە “داهێنەرێکی مەزن” ناوزەدکرابوو. کەس نەبوو لە گەڕەکدا خۆشینەوێت. ئەگەر خۆشیشیان نەویستایە؛ هەر ڕێزیان دەگرت کە وا خۆی بۆ ئیشەکەی خۆی تەرخانکردبوو. تەنانەت باوکم کە نەیدەهێشت هاوڕێیەتیی کەس بکەم؛ ڕێزی لەو دەگرت. ئەڵبەت تەنها خۆشەویستترین هاوڕێی من نەبوو؛ بەڵکو خۆشەویستترین هاوڕێی زۆرێکی تری مناڵانی گەڕەک بوو.

ستۆدیۆیەکی گەورەی پڕ لە کۆمپیوتەی هەبوو. هەزاران کۆمپیوتەری جیاجیای تێدابوو؛ کۆن، نوێ، نیوداش، تێکچوو، کەمئەندام، درێژکۆلە، پانکۆلە…تد. بە پێچەوانەی ئێمەشەوە؛ ئەو کە تەماشای کۆمپیوتەرە ئافرێنراوەکانی خۆی دەکرد دەمی دانەدەچەقی!

هێشتا نەچووبوومە کۆلێژی پزیشکی. ئەو خەریکی دروستکردنی کۆمپیوتەرێکی جیاواز و نوێ بوو. هەموو تیشکۆ و تینی خۆی خستبووە سەر ئەو پڕۆژەیە. نیازی وابوو ناویبنێت “کۆتالوتکە”. ئەوە دواهەمین زانیاریم بوو لەسەری ببیستم و چیتر دەنگوباسیم نەبیستەوە و لێی دابڕام. چونکە ماڵمان بۆ گەڕەکێکی تر گواستەوە و خۆشم لە کۆلێژی پزیشکی وەرگیرام. ئێستا کۆلێژم تەواوکردووە و بۆردی پسپۆڕیشم لە نەخۆشیی دەروونیدا تەواوکردووە. لە شادگەی شار کاردەکەم کە نەخۆشخانەیەکی دەروونییە.

چەند هەزار ڕۆبۆت و کۆمپیوتەرێک سێ هەفتە لەمەوبەر بە هەموویان کەریمیان هەڵگرتبوو و تۆپزییانە بۆ شادگەکەیان هێنا. ئێمە هەموومان واقوڕ بووین. کەریم هەڵدەلەرزی و دەپاڕایەوە وازیلێبهێنن و ناوبەناویش هەڕەشەی لێدەکردن.

پرسگەوانەکە بەدوایانەوە شڵەژابوو و دەیوت:

– کاکە، قەدەغەیە ئەو ئاپۆڕایە هەموو پێکەوە بۆ ژوورەوە بێن.

بەڵام ڕۆبۆت و کۆمپیوتەرەکان نەیاندەبیست و پێکەوە لەگەڵ هەڕەشە گەرمەکانی ئافرێنەرەکەیان پشێوییەکی زۆریان لە شادگەکەدا گوزەراندبوو. من فریاکەوتم فەرمان بدەم هەموو نەخۆشەکانی تر بخەنەوە قاوش و ژوورەکانی خۆیان و دەرگایان لەسەر دابخەن نەکا ئەوانیش پشێوییەکە بقۆزنەوە و کار لە کار بترازێ.

چی بکەم؟ دەتوانین نەخۆشەکان بە شرینقەیەک هێوربکەینەوە، یان کارەبایان لێبدەین. بەڵام ئەم کۆمپیوتەرانە چی لێبکەین؟ بە چی هێوریان بکەینەوە؟ با پشتیان بگرین تا هێور ببنەوە.

باشترین چارەسەر پشتگرتنیان بوو. بۆیە کەریممان لێوەرگرتن و بەستمانەوە و خستمانە ژوورێکی تایبەتەوە. هەر لەو ڕۆژەوە تا ئێستاش بەردەوام فێیەتی و لەبەرخۆیەوە هەڕەشە دەکات. بەردەوام دەڵێ:

– بەس بتانبینمەوە دەبێ هەمووتان بسووتێنم. دەبێ فێرتان بکەم ئەرزشی داهێنەرێکی مەزنی وەک من بزانن.

سەرەڕای هەوڵێکی زۆریش؛ بەڵام منیش ناناسێتەوە.

ئەم سێ هەفتەیە چەندین جار لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەم ڕۆبۆت و کۆمپیوتەرانەدا دانیشتووین. دەمانەوێت چیرۆکەکەیانمان تێبگەیەنن و بزانین کێشەیان لەگەڵ دروستکەرەکەیاندا چییە.

تێگەیشتن و هێوریی و دانبەخۆداگرتن لەگەڵ ئەم ڕۆبۆت و کۆمپیوتەرانەدا زۆر ئەستەمە. هەریەکەیان کێشەیەکی هەیە. تیایەتی تا وەڵامێکی ڕاستت دەداتەوە هەزار وەڵامت دەداتەوە کە هیچ پەیوەندیی بە باسەکەوە نییە. تیایەتی بە چەندین ساڵ لەدوایە. تیایەتی زۆر خاوە و تێگەیشتنی زۆر خراپە. تیایەتی بەردەوام فایلی ڕووت پیشاندەدات. تیایەتی شت زۆر دەزانێ و فایلی زۆر تیایە؛ کەچی هیچ لەخەیاڵدا نییە و هیچ پیشان نادات.

بە هەموویان نوسراوێکیان بۆمان نووسی. دوای لابردنی وێنە ڕووتەکان فلتەرکردنی ئەوانەی پەیوەندییان بە باسەکەوە نەبوو؛ ئەمە دەقەکەیەتی:

“بەڕێزان،

ئێمە کەمئەندامین. کەریمە ناموفەڕک ئاوها دروستیکردوین. بە دەستی خۆشی ئێمەی لە ڤایرۆس پڕکردووە. ئێمە بەم شێوەیەش خۆمانمان لا پەسەندە. چەندین ساڵە کۆمپیوتەری گەنج و پیر پێکەوە بە ئاشتی دەژین و لەیەک تێدەگەین. بەڵام کەریم بە چوار ساڵ کۆتالوتکەی ئافراند و لەو ڕۆژەشەوە بەردەوام ئەوینداری ئەم کۆتالوتکە خوێڕییەیە. دوای شەش ساڵ بەسەر ئافراندنیدا ئەنتیڤایرۆسێکی لەسەر دابەزاندووە کە هەرچی ڤایرۆس تیایدا هەبوو سڕییەیەوە و دەتوانێ بەرگەی هەموو ڤایرۆسێک بگرێ.

یەکبینە ستایشی ئەم کۆتالوتکەیە دەکات. تا ئێرە کێشەمان نییە. بەڵام لە ڕۆژی ئافراندنی کۆتالوتکەوە سەرزەنشتی ئێمە دەکات و لە ڕۆژی دابەزاندنی ئەنتیڤایرۆسەکەشەوە هەموو ڕۆژێک شەقشەقێنمان دەکات و لێماندەدات و هەڕەشەمان لێدەکات. بەردەوام فەرمانمان پێدەکات کە دەبێت وەک کۆتالوتکە کاربکەین.

هەوڵی زۆرمان داوە تێیبگەیەنین کە ئەوەی بە کۆتالوتکە دەکرێ؛ بە ئێمە ناکرێ. چونکە ئێمە کەمئەندامین و ڤایرۆس ناهێڵێ کارەکانمان بە باشی ئەنجامبدەین. ئەوەی ساغێک دەتوانێ بیکات؛ نەخۆشێک ناتوانێ. بەڵام هەر باوەڕمان پێناکات و تفباران و شەقشەقێنمان دەکات. دەڵێ هەر دەبێ هەوڵبدەن. تا ئێستاش لە ڕقدا زۆرێکمانی شکاندووە و سووتاندووە.

ئێمە وەک سەندیکای کۆمپیوتەرە ستەمدیدەکان، ئەمەمان بە کێشەیەکی یاسایی خۆمان زانی. ئەوەمان هەڵهێنجاند کە کەریم نەخۆشیی دەروونیی هەیە.

تکایە بیپشکنن. ئەگەر خۆش بوو یان نەخۆش؛ هەر بۆ وێزەمانی مەنێرنەوە و نامانەوێ.

لەگەڵ ڕێزدا.

سەندیکای کۆمپیوتەرە ستەمدیدەکان”

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.