پوورە پیرەکەم

وەک هەموو هەفتەیەکی تر؛ ئەمڕۆش سەردانی پوورە هەشتاوپێنج ساڵە ڕەبەنە تەنیاکەمم کرد. لەناو خۆمدا بڕیارمدا ئەمڕۆ لە ڕۆژانی پێشوو زیاتر لەگەڵیدا دابنیشم. بەشکم هەندێ قسەوباسی کۆنی لەگەڵدا بکەمەوە و هەندێ نهێنیی کۆنم پێبڵێ. بۆ نموونە؛ بۆچی شووی نەکردووە؟ حەزی لە کەس نەکردووە؟ چۆن هەر وا مایەوە؟

بەڵام وردەوردە بۆمدەرکەوت کە شتێک نییە ناوی قسەکردن بێ لەگەڵ پووری پیری تەنیادا. بەڵکو تەنها ئەرکە جێبەجێنەکراوەکانی ماڵەکەیت پێدەکات. دوای پاککردنەوەی گڵۆپە شیرییەکان و دەرهێنانی سەرەپلاکێکی سووتاوی ناو سویچێک و چەورکردنی هەموو دەرگاکانی. لەناکاو بیرمکەوتەوە هەندێ ئیمەیڵی کارەکەم هێشتا نەناردووە. بەرامبەری دانیشتمەوە و لاپتۆپم دەرهێنا. هەرئەوەندەی داگیرسا، ژنەکەم لە سکایپ بە قسەوە گرتمی. بوو بە دەمەبۆڵەمان. دەمەبۆڵەکەش لەسەر ئەوە بوو کە ئەو دوێنێ لەگەڵ خوشکەکەیدا چووبوو بۆ شاری یاری و درەنگانێک هاتۆتەوە ماڵەوە؛ بۆچی من ئەوەندە بێهەست بووم کە لێم نەپرسیوە چۆن بوو و چی ڕوویدا و هەستی چۆنە؟ یان بۆچی کە پێرێ و بەسرپێرێ لای دایکی بوو، من تەنها یەک جار تەلەفۆنم بۆ کردووە و زیاتر هەواڵیم نەپرسیوە. واتە بۆچی من گرنگیم پێنەداوە؟

پوورم وتی:

  • مادەم هەینیی داهاتوو کارت نییە، وەرە سەتەلایتەکەم بۆ چاکبکە.

منیش پێموت:

  • ئاخر لە سەتەلایت نازانم.
  • چۆن نایزانی؟ ئەی ئەم شتە چییە بیستوچوار سەعات لە ناوگەڵتایە و توت توت توت توت خەریکییت؟

ئەڵبەت دەمزانی کە کەمێک گوێگرانە و منیش بە ئەنقەست بە دەنگێکی نزم وتم:

  • دەرپێیە!
  • چییە؟
  • لاپتۆپە.
  • ئێ دە سەتەلایتەکەی منیش چاکبکە!
  • لاپتۆپ و سەتەلایت زۆر جیاوازن. لە سەتەلایت نازانم.
  • بۆ نایزانی؟ چیت لە کچەکەی گێسیا خان کەمترە؟ لە هەموو شتێک دەزانێ. لە شەشی ئامادەییە، نەوەد و نۆی هێناوە و چاوەڕێی کۆلێژی پزیشکییە. ئەو ڕۆژە هات قژیشمی بۆ بڕیم و بۆی بۆیە کردم. یەک پەنجەشی پێدا نا سەتەلایتەکەشی بۆ چاککردم.
  • ئێ بەو بڵێ.
  • سەرقاڵە! خەریکی پڕکردنەوەی ئەم فۆڕم و شتەیە بۆئەوەی بچێتە کۆلێژی پزیشکی.
  • نەوەد و نۆ فۆڕمی بۆچییە؟ هەر کۆلێژێکی بوێ تەنها لە بۆشایی یەکەمدا ناوەکەی بنووسێ بە هیی پزیشکیشەوە یەکسەر وەریدەگرێ. سەرقاڵیی ناوێ!
  • چی؟
  • دەڵێم کە فۆڕمەکەی پڕکردەوە و جەلایی کرد پێی بڵێ بێت “پەنجەیەکی پێدا بنێ” یەکسەر چاکیبکاتەوە.
  • وەڵا دەیکا! بۆ نایکا! لە هەموو شتێک دەزانێ! یەک کێک دروستدەکات دڵت نایەت بیخۆی.

بیرێکم لەوە کردەوە کە من هەفتەیەکە یەک پیاڵە چام لە ماڵەوە نەخواردۆتەوە. وتم:

  • بۆچی ئافرەت تا پێش ئەوەی شوو بکات لە هەموو شتێک دەزانێ و هەر ئەوەندەی شووشی کرد ئیتر ناوسکت دەخوا؟

نەدەبوو ئەم قسانەم بکردایە! ئێستا زیاتر دەپرسێ.

  • شەربەتی سێوم لەکوێ بوو؟!

ئەگ کە باشە! گوێگرانی بەخشینە! بەڵام داخەکەم ناتوانی بە چاتی سکایپ خۆت گوێگران پیشانبدەی.