دەسەڵات و مرۆڤ

هەندێجار بەیانییان بۆ ڕاکردن دەچم.

  • بۆچی نەوا گیان قەرزاری؟

مەبەستم وەرزشکردنە. لەولا ماڵی خۆمانەوە تا گڵەزەردە دەشتاییەکی فراوانە و لەوێ ڕادەکەم. هەندێجار تووشی بەزمی سەیر دەبم. بەیانییەک زۆر ڕامکرد و کەمێک وەستام و لە ئاسمان وردبوومەوە، مانگ تابان بوو و هێشتا بە ئاسمانەوە مابوو. بە مۆبایلەکەم وێنەیەکی خۆم و مانگم گرت و بەڕێکەوتمەوە. لەو ناوەدا بنکەیەکی لێیە کە نازانم چییە، بەڵام هەندێ یاساوڵ بە جلی سەربازییەوە دەبینم. بەڵام بە جۆرێتیی باڵەخانە داڕماو و کۆنەکەیان و جلوبەرگی سەربازە هەژاردیارەکانیاندا دیارە کە شوێنێکی ئەوەندە ستراتیژی نییە. منیش دوای وێنەکەم گەڕامەوە و یەکێک لەو یاساوڵانە چاوەڕێی گەڕانەوەمی دەکرد و لەسەر ڕێکە بۆم وەستابوو. هەر نزیکبوومەوە یەکسەر وتی:

  • کاکە ئەوە چی بوو لەوێدا مۆبایلت دەرهێنا؟ وێنەت گرت؟
  • بەڵێ.
  • کاکە قەدەغەیە!
  • چی؟
  • وێنەگرتن.
  • بۆچی؟
  • کاکە ئەمە پەیوەندیی بە ئاسایشەوە هەیە. خۆت دەزانی ئێستا ئەوە شەڕ هەیە و داعش هەیە و تیرۆریست هەیە.
  • قوربان، ئەگەر سەرنجێکی شێوەم بدەی کە بە شۆرت و کالە و تیشێرتێکەوەم و هێدفۆنێکم لەگوێدایە و ڕادەکەم، پێموابێ هەموو کەس بمبینێ دەزانێ کە بۆ وەرزش هاتووم. ئینجا قوربان تەماشایەکم بکە، لە تیرۆریست دەچم؟ لە داعش دەچم؟
  • نا کاکە، مەبەستم ئەوە نەبوو کە تۆ تیرۆریستی.
  • قوربان، یان من کوردییەکەم باش نییە، یان جەنابت مەبەستت ئەوە بوو.
  • نا، کاکە، من ویستم بڵێم وێنەگرتن لەوێدا قەدەغەیە.
  • قوربان گیان، وێنەیەکی مانگ و خۆمم گرت. جا ئەگەر هەر کامێک لە مانگ یان من موڵکی بەڕێزتین ئەوا پێمبڵێ با داوای لێبوردنت لێبکەم و هەر ئێستاش وێنەکان بسڕمەوە.
  • نا، کاکە، بەڵام ئێمە پێمانوتراوە کە وێنەگرتن لەو دەشتاییەدا قەدەغەیە.
  • قوربان، ئا ئەویا دەبینی؟

لەمسەر بۆئەوسەری مەودوای بینینی هەردووکمان دەستم ڕاکێشا.

  • بەڵێ دەیبینم.
  • قوربان، ئەوە پانزە دۆنمی هیی منە. من هەر لەناو زەویی خۆمدا وێنەم گرتووە!

بێدەنگ بوو. منیش بێدەنگییەکەم قۆستەوە کە کەمێکی تر دۆخی دەروونە وروژاوەکەی هێوربکەمەوە:

  • ئەوەش ماڵمانە لەو شوقانە. هەر کێشەیەکیش بە بۆنەی منەوە ڕوویدا وەرن هەر بە مشتەکۆڵە بۆ ئاسایشم ببەن.

هەر بێدەنگ بوو.

  • قوربان خزمەتێکت پێویست نییە؟
  • نا براکەم.
  • ڕێزت هەیە. بەیانییەکی خۆش.

من کەسێکی ئاژەڵدۆست نیم. ڕاستت بوێ؛ کاتی خۆی لە مزگەوتدا فێریانکردم کە ئەگەر ئافرەتێک بەلامدا تێپەڕی و قاچی ڕووت بوو؛ من بە شرینقە تێزاب بە قاچیدا بکەم. لە ئاینداریدا ئێرە خاڵی وەرچەرخانی بیری من بوو. باشە بۆچی تێزاب بە قاچی خەڵکدا بکەم؟ جللەبەرکردنی خەڵک کەی پەیوەندیی بە منەوە هەیە؟ باشە تێزاب پرژاندن بە قاچی خەڵکدا حوکمدان و سزادان نییە؟ ئەی ناڵێن خوا هەیە و خۆی لێپرسینەوە دەکات و لە ئێمە زاناتر و داناترە و بە لێزانیی خۆی سزا یان پاداشتی خەڵکان دەکا؟ ئەی کەواتە من کێم لەخۆمەوە لەسەر زەوی ڕۆڵی خوا ببینم و سزای ئافرەتێک بدەم؟ من چوزانم ئەو ئافرەتە کێیە و چییە و چیرۆک و نهێنی و بیروبۆچوون و نییەتەکانی چین؟ من بۆچی ببم بە خوا؟ ئەوکات پێموابوو ئەمە خۆهەڵقورتاندنە لە کاری خوادا. خوا لە من باشتر دەزانێ کێ سزا دەدات و کێش پاداشت دەکات. باشتر وایە لێبگەڕێم خۆم و خەڵک بە ئاشتی بژین و لێپرسینەوەش بۆ خوا بەجێبهێڵم.

خۆشبەختانە هەرگیز کاری وام نەکرد. وردوردەش باوەڕم لاواز دەبوو. چونکە ئەم پرسیارە منی خستە پرسیاری ترەوە بەرامبەر لایەنە لاواز و نالۆژیکی و دژیەکەکانی تری ئاین کە لە مناڵیماندا زەفەرمان پێبرابوو و لە مێشکماندا وەک باوەڕی کوێرانە چەسپێنرابوو. ئەگەر چاوی ماڵەوەم لەسەر نەبووایە نوێژم نەدەکرد. ئەگەر ئاگادار نەبوونایە بە بێ دەستنوێژ نوێژم دەکرد. ئەگەر دایکم لە ژوورەکەی ئەودیوەوە پێیبوتمایە نوێژ بکە؛ ئەوا ڕیکعاتم لە نوێژەکە کەمدەکردەوە و هیچ سوورەت و ئایەتێکم نەدەخوێند. هەروەکو فاتیحای پرسەگێڕان تا بیستوپێنجم دەبژارد و ئەڵلاهوئەکبەر. ئاوا نوێژەکەم تەواودەکرد. تا ڕۆژێک وتم ئەمەی من دەیکەم خۆخڵەتاندنە! بڕیارمدا نوێژ نەکەم.

  • نەوا بۆچی ناچی بۆ نوێژ؟
  • چونکە نایکەم!
  • چییییییی؟
  • گوێبگرن! یەک کەس پێمنەڵێ نوێژ بکە و مەیکە، تێگەیشتن؟ چیتر لە کەسی قبوڵناکەم ئامۆژگاریم بکات و ڕێگام بۆ دابنێ. من لەمەودوا خۆم ڕێگەی ژیانی خۆم دەگرم. دەشچمە گۆڕی خۆمەوە.

دوای چەند مانگێک دووبارەبوونەوەی ئەم باسە ناخۆشە، ئیتر پێیاننەوتمەوە چی دەکەم و چی ناکەم.

لێرەدا مەبەستم خاڵی وەرچەرخانی ئاینداریم نەبوو، بەڵام لەبەرئەوەی باسی بابەتێکی هەستیارمکرد؛ بۆیە درێژەم پێدا. بەڵکو مەبەست ئەو پەروەردە جوانکیلەیە بوو کە من هەمبووە. ئێمە فێرکرابووین ڕقمان لە هەموو ئاژەڵێکی تر بێت، بەتایبەتی ئەو جۆرەی ئاژەڵ کە ناوی مرۆڤە! تا ئێستاش ناتوانم ئاژەڵم هەبێت. ناتوانم پشیلەیەک بەخێوبکەم. تەنانەت کاتێک هاوڕێیەک سەگێکی پێبێت هەوڵدەدەم دووربکەومەوە تا سەگەکە بەلامدا نەیەت. ئەمە گرێیەکی مناڵییە و تا ئێستا بۆم نەکراوەتەوە. بەڵام هەوڵیشمداوە ئەم گرێیە بکەمەوە وەک لەو وێنەیەدا دەیبینن کە نازانم چۆن دەستبدەمە ئەو پشیلە بەسزمانە! ئاژەڵدۆست نیم، بەڵام دوژمنیشیان نیم. لە هەموو ژیانمدا بەردێکم نەگرتۆتە پشیلەیەک و شانازیشم پێوەی.

شەوێک مناڵانی گەڕەک کۆبوونەوە و بۆقێکیان بە زیندوویی سووتاند. ئەو قیڕەقیڕەی ئەو بۆقە داماوە لە ئاویلکەدا دەیکرد تا ئێستاش لە مێشکمدا دەزرنگێتەوە. ئەوکات کە مناڵیش بووم لەو دۆزەخەدا بەشداریم نەکرد کە بۆ بۆقەکەیان سازدا. کە گەورەش بووم ئەو دێڕەی (بایۆنی بۆریسثێنس)م خوێندەوە کە دەڵێ: “هەرچەندە مناڵەکان بۆ خۆشی و گاڵتە بەردیان دەگرتە بۆقەکان، کەچی بۆقەکان بە گاڵتە و خۆشییەوە نەدەمردن، بەڵکو بەجۆشەوە دەمردن” چونکە ئەو وێنەیە لە مناڵیی خۆمدا هەبوو، زۆر سەرنجی ڕاکێشام.

کە مناڵ بووین، پشیلەیەک فێری ماڵمان ببوو. من و براکەم ویستمان دەستەمۆی بکەین. بەڵام دایکم نەیهێشت. دواتر هەموو خزمان دەیانوت “کاکە پشیلەی چی؟! هەر ئەمەمان مابوو! بابە پشیلە پیسە، سپڵەیە!”. ئێمەش بەدزییەوە گۆشتمان بە پشیلەکە دەدا و خزمەتماندەکرد. تا ڕۆژێک ئاشکرابووین و چینێکی چاک سەرزەنشتکراین. ئیتر هەرگیز پشیلەمان ڕانەگرتەوە.

ئینجا سەگ سروشتێکی زۆر کەرانەی هەیە؛ هەر کە دەبینێ تۆ ڕادەکەی، ئەویش بەدواتا ڕادەکا! ئێ من قەرزارم ڕادەکەم، تۆ چی؟

بەیانییەک سەگەلێکی زۆر گەلەکۆمەکییان کردبوو. من بۆ ڕاکردن گوێ لە جووڵەی چوارەمی سیمفۆنیی حەوتی بێتهۆڤن دەگرم. ڕیتمەکەی بۆ نەرمەڕاکردن زۆر گونجاوە و کاتەکەشی بەشی فەڕڕەیەکی تەواوی ڕاکردن دەکات. دەتوانی خۆشت تاقیبکەیتەوە. بەسەر ئەم موزیکەدا گوێم لە دەنگی سەگەکان بوو. هێدفۆنەکەم لابرد. تووتکەیەکی زۆر جوان دوامکەوتبوو. ئەوپەڕی تەمەنی بیست ڕۆژ دەبوو. وەڕینەکەی زۆر هەتەرانە وەرگرتبوو، دەتوت بۆ مزگەوتی دەکات، خەریکبوو قوڕگی دەردەهات. منیش بۆی وەستام و کەمێک قسەم لەگەڵ کرد، ئەویش نەرمونیان بووەوە و لێم نزیکبۆوە. بڕیارمدا لە ڕیتمی ڕاکردنەکەم وازبهێنم. لەگەڵیدا نیو سەعاتێک یاریمکرد، ئەوەندە ماندوو بوو کە لێم دوورکەوتەوە و دانیشت.

سەرنجمدا ئەو تووتکە پچکۆلە نازدارە هەردوو گوێی بڕرابوو. زۆرم پێناخۆش بوو. باشە دەبێ چ ویژدانێ دەستی چووبێتە ئەو تووتکە پچکۆلە و بێدەسەڵاتە؟! نێوان خۆمان بێ، ئەوە تا ئێستاش لە دڵمدا دەرنەچووە بۆیە ئەم نووسینەشم نووسی.

ڕاستییەکەی ئەوەیە مرۆڤی پەروەردەنەکراو بوونەوەرێکی زۆر ترسناکە. بە سروشتیش پرسیاری گەورەی زۆربەی مرۆڤەکان (دەسەڵات)ـە و بە بەردەوامی بە خولگەی دەسەڵاتدا دەسووڕێنەوە. بەداخەوە کە لە مناڵیشەوە ئەم دەسەڵاتە لەبەردەم مناڵاندا نمایشدەکرێ. هەر لە مناڵییەوە دایکوباوکە بێپەروەردەکان هەموو ڕۆژێک دەسەڵاتی قێزەونی خۆیان بۆ مناڵەکانیان نمایشدەکەن. لێیاندەدەن. سزای جەستەییان دەدەن. مناڵەکانیش کە چاوی ئەوانیان بەسەرەوە نابێ هەمان ڕەفتار لەگەڵ خوار خۆیاندا دەنوێنن.

بۆیە کاتێک ئەم جۆرە مرۆڤانە دەسەڵاتیان بەسەر شتێکدا دەشکێتەوە ئەتکی دەکەن. ئەگینا ئەگەر وانییە، کاکی گوێبڕ فەرموو گوێی شێرێک ببڕە. یان تۆ چاک دەزانی کە ئەم تووتکە داماوە هیچ دەسەڵاتی نییە بۆیە دەتەوێ دەسەڵاتی خۆتی بەسەردا مانۆڕ بکەیت. ئەگەر بزانی کەسێک داماوە و شەڕ نازانێ؛ تێیهەڵدەدەی. دە پاڵەوان ئەگەر ڕاست دەکەیت فەرموو پەلاماری پشتێنڕەشێکی کۆنگفو بدە. پەروەردەی ئەو جۆرە مرۆڤانە دووچاری هەڵگرتنی دروشمێکی ترسناکی کردوون. ئەویش ئەوەیە کە “گەر دەسەڵاتم بەسەریدا شکایەوە ئەتکیدەکەم، گەر نەشکایەوە مەرایی دەکەم

تا ئەو دروشمە و ئەو جۆرە ڕەفتارانە چارە نەکرێن؛ ئەوا نابێ چاوەڕێی حکومەت و دەسەڵاتێکی باشتر بکرێ. چونکە حکومەت و دەسەڵاتیش هەر لە دوو کەسی تری وەک تۆ دروستبووە. بۆ چاککردنی حکومەت و دەسەڵات؛ یەکەم جار خۆت چاک بکە.