دیاکۆ و کیاکسار

هەبوو نەبوو، سەردەمی زوو؛

دیاکۆ و کیاکسار دوو پێشمەرگەی کوردستان بوون. لە شەڕی دژ بە سوپای ئەهریمەندا هاوشانی یەک شەڕیاندەکرد. سوپای ئەهریمەن گەلێ بێبەزەیی و دڵڕەق و خاپوورکەر بوون. لە خەستەی شەڕەکەدا، دیاکۆ دەستی لە شەڕ بەردا. پاشان بە پاساوی ئەوەی “ئەمە کەی وڵاتە، لە پێناوی چیدا وابکەم؟“، بەرەو هەندەران ڕۆیشت.

ئێستا: کیاکساری تەنیاباڵ تا ئێستاش لەگەڵ سوپای ئەهریمەندا دەجەنگێ. دیاکۆش زووزوو لە هەندەرانەوە گلەیینامەیەک دەنووسێ و ئاراستەی کیاکساری دەکات.

کۆتایی.

ئەمانەی لێرەوە دەیاننووسم؛ ڕای خودی خۆمن. ڕەنگە هەڵە بن، ناتەواو بن، ساویلکانە، مناڵانە، جوان، ناشرین، پەستکەر یان کۆمیدی و تا دوایی بن. هەرچییەک بن؛ بەڵام با بۆ هەموو هاووڵاتییانی کوردستان ببێتە دەستپێکی دیبەیتێک. درەنگ بێ یان زوو، هەر دەبێ بایی ئەوەندە بوێریمان تێدا بێت گفتوگۆیەکی چارەساز لەسەر ئەم بابەتە ئەنجامبدەین. کەواتە بۆچی ئێستا نەبێ؟

گەر بزانن، یان نەزانن؛ من وەک نەوا، لەوەتەی هەم یەکێکم لەو کەسانەی کە کەمترین هاوشێوە و نموونەم هەیە. هەر بە شێوەیەکی سروشتیش؛ یەکێکم لە پەڕاوێزەکانی کۆمەڵگا. خەریکی کۆمەڵە کارێکیشم کە هەرگیز زۆرینەی خەڵک خۆی لە قەرەیان نادا و زۆرێک لە خەڵکانیش قەشمەرییان بە بیرکردنەوە و بە کارەکانم دێ. بە ئێستاشەوە بۆ بەجێهێشتنی ئێرە جیهانێک هۆکارم هەبووە و هەیە. بەڵام هەرچەند بیردەکەمەوە؛ ناتوانم بە کۆی گشتی بیلۆژیکێنم: من بۆچی ئێرە بەجێبهێڵم؟

ئەگەر ئەوروپا لێرە باشترە؛ خۆ ئەوێ لە ئاسمانەوە نەکەوتۆتە خوارەوە. بەڵکو ڕۆژێک لە ڕۆژان کەسانێک ئەو ئەوروپایەی ئێستایان بونیادیانناوە. ئەی کەواتە من بۆچی نەبم بەو کەسەی کە ئێرە بونیادبنێم؟ ئەگەر مێژووی سەرکەوتنی گەلانی جیهان بخوێنینەوە؛ ئەوا سەرخستن و پێشخستنی ئەم لەتکەوڵاتە دەڵەمەیە ئاسانتر و خێراتر و بەکارتر دەبێ. چونکە لە ئەزموونی شکست و سەرکەوتنی ئەوانی ترەوە کات و وزەمان بۆ دەگەڕێتەوە.

ئەم وڵاتە و ئەم گەلە، بە هەزارەها ڕۆژ و ملیارەها دۆلار سەرفکراوە لە پێناوی ئەوەی هەموومان دەستبەرداری بین. لە پێناوی ئەوەی چیتر وڵاتێک دروست نەبێ ناوی کوردستان بێ. لە پێناوی ئەوەی بە دەستی خۆمان، نەک بە گوللـەی ئەوان، ئەم وڵاتە بۆ زبڵدانی هیواکان تووڕبدەین. بە ملیارەها پیلانی کورتخایەن و درێژخایەنی بۆ داڕێژراوە تا هەرگیز نەکەوێتە سەر پێی خۆی. کە تۆ بەرهەڵستیت نەکرد؛ کەواتە یان بەشداریت لە پیلانەکەی ئەواندا، یان بەرکاری ڕاستەوخۆی پیلانەکەیانیت.بە هەردوو دیودا دەبیتە هۆی سەرکەوتنی پیلانەکەیان. من هەرگیز تۆ سەرزەنشت ناکەم. دڵنیام کە تۆ لە من زیاتر خەونی دروستبوون و پێشکەوتنی ئێرەت هەیە. دڵنیام تۆ بە نییەتی بەشداریکردن لە پیلانەکەی ئەواندا ئەمەت نەکردووە، بەڵکو بوویتەتە بەرکار.

خودی خۆم هەزارەها کەسی فرەڕەنگم دوواندووە کە خواستی جێهێشتنی ئێرەیان هەبووە. یەکێک لە گەورەترین بیانووەکەیان ئەوەبووە کە ئێرە ئازادیی تاکی تێدا نییە. بە بڕوای کۆنکرێتیی من؛ هەر ئەوەندە کەسی کە هاوڕان لەسەر ئەوەی ئێرە ئازادیی تاکی تێدا نییە، گەر کۆببنەوە، دەتوانن ئازادی تاک لە دەستووردا بچەسپێنن. بەڵام نازانم بۆچی سەرابەبیری هەڵهاتن هەمیشە وەک چارەسەر لەبەر چاویاندا خۆی نمایشدەکات؟

ئەگەر کوردستان ناخۆشە، وەرە خۆشی بکەین. گەر دواکەوتووە، وەرە پێشیبخەین. گەر یاسا نییە، وەرە یاسا بچەسپێنین. گەر دادپەروەری نییە، وەرە دادپەروەری بچەسپێنین. گەر خەڵک بێعەقڵن، وەرە هۆشیاریان بکەینەوە. گەر بێهێزە، وەرە بەهێزی بکەین. گەر هەژارە، وەرە دەوڵەمەندی بکەین. گەر خراپە، وەرە باشیبکەین. گەر ئازادیی نییە، وەرە ئازادی بکەین. گەر هونەری نییە، وەرە هونەری بۆ دروستبکەین. گەر تەکنەلۆژیای نییە، وەرە تەکنەلۆژیای بۆ پێشبخەین. گەر مێژووی نییە، وەرە مێژووی بۆ تۆمار بکەین. گەر سەقەتە، وەرە چاکیبکەینەوە.

هەرچییەکی نەرێییە؛ وەرە پێکەوە و هەر یەکەمان لە لایەن خۆمانەوە ئەرێی بکەین. بەڵام مەڕۆ. شەڕی ئەهریمەن بەسەر مندا بەجێمەهێڵە. پشتم بەرمەدە. گەر بەجێشتهێشتم، ئەوا گلەیی کەمعەقڵیی لە من مەکە. چونکە عەقڵی من بە عەقڵی تۆوە درشت بوو، ئێستا نیوەیە.

تا زیندوویت هەل هەیە بۆئەوەی دەست بخەیتە ناو دەستمەوە و ئێرە بۆ نەوەکانی ئایندە شیاوتر بکەین. وابکەین خەڵک پەنامان بۆ بهێنێ، نەک ئێمە پەنا بۆ خەڵکی تر ببەین. تەنهاوتەنها ئەگەر هەڕەشەی کوشتنت لەسەرە، ئەوا بڕۆ گیانی خۆت ڕزگار بکە.

سەرنجی تۆ چییە؟ زۆرم پێخۆشە ئاخاوتن لەسەر ئەم بابەتە هێمنانە درێژببێتەوە.

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.