سەمەرەخەونی چوارەم: تەلەفۆنەکەی ڕامۆس

(سێرخیۆ ڕامۆس) تەلەفۆنی بۆ کردم. وتی:

  • نەوا گیان، پەڕتووکێکی کوردیم دەوێ. بزانە بۆم پەیداناکەی.

منیش وەڵاممدایەوە:

  • بەسەرچاو سێرخی گیان.

ئەویش وتی:

  • بەڵام بەساقەوبم، کە پەیدات کرد بۆ ئینگلیزیش بۆم وەربگێڕە.
  • باوەڕ بکە، ڕامۆس گیان من لە وەرگێڕاندا خراپم.
  • ئاخر نەوا گیان باوەڕبکە بۆ ئەو پەڕتووکە پەکمکەوتووە.
  • دەی باشە بزانم هەوڵێکت بۆ دەدەم.

دوای کەمێک تەلەفۆنم بۆکردەوە:

  • ڕامۆس گیان، ئەوە بۆم پەیداکردیت و بۆشموەرگێڕایت.
  • ئەگ بەقوربانی برای خۆم بم! بەڵام نەوا گیان یەک ئەرکی تریشت پێ ڕادەسپێرم. بزانە ناتوانی بۆم بکەیت بە پەڕتووکی دەنگی. بەقوربانت بم، چەنیشی تێچوو؛ بەسەرچاو.

منیش بیرێکم کردەوە؛ کابرا خۆی باسی پارەی وروژاند. بۆیە وتم:

  • ئاخر تێیدەچێ ها!
  • چەند؟
  • ئاوا دە دۆلار… پەنجا… سەد دۆلارێک!
  • ئێ بەسەرچاو!

بیرێکی ترم کردەوە؛ سەد دۆلاری چی؟ زۆر زیاتری تێدەچێ!

  • ئەلوو؟ ڕامۆس گیان، نا نا، زیاتریشی تێدەچێ.
  • چەند؟
  • سێسەد، چوارسەد… نۆسەد دۆلارێکی تێدەچێ
  • هیچ کێشە نابێ.
  • بەسەرچاو!

بیرێکی ترم کردەوە؛ ئەرێ من نە هاندەری ڕیاڵمەدریدم نە ئەم کابرایە برای باوکمە. لە پێناوی چیدا ئەم هەموو ئەرکە گرانگرانانەی بۆ جێبەجێ بکەم؟ مافی خۆمە دەسمزی خۆمی لێوەربگرم.

  • ئەڵێم، ڕامۆس.
  • بڵێ.
  • ئەوە بیرمکردەوە؛ زیاتریشی تێدەچێ.
  • چەند؟
  • ئیتر ئاوا سێ هەزار… پەنجا هەزار… نەوەد هەزار دۆلارێکی تێدەچێ!
  • کاکە، چەندی تێچوو من کێشەم نییە. بەڵام بەقوربانت بم لە ماوەی دە ڕۆژدا تەواویبکە و بۆم بنێرە.

ئەرێ ئەم کابرایە هەر زۆر بەڕاست بۆ ئەم پەڕتووکە دۆشداماوە. دیارە زۆر پێویستییەتی. داوای زیاتر بکەم؟ نا نا کوڕە هەلەکە مەقۆزەرەوە، جوان نییە! با بۆی بکەم.

ویستم تەلەفۆنەکە دابخەمەوە، بێداربوومەوە، کاتژمێر یانزە و نیوی نیوەڕۆ بوو.

ئاخر بڵێ؛ خەون نەبێ کەی خەڵک لەگەڵ مندا ئەوەندە دەستودڵیان باش بووە؟!

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.