بانگی شێوان

بانگی شێوان

شۆفێری تەکسییەکە وتی:

– کاکە، بۆ ڕاهی خوا! من بیست و پێنج ساڵە نوێژم نەچووە! چوارەم نوێژ نوێژی شێوانە، پێنجەم نوێژ نوێژی خەوتنانە.

سەرنشینەکە پێیوت:

– نەخێر، خەوتنان و شێوان یەک شتن، هاوناون. هەردووکیان مەبەست نوێژی پێنجەمە.

شۆفێرەکە پێداگرییکرد:

– نا برام: بەیانیانە، نیوەڕوانە، عەسرە، شێوانە، خەوتنانە.

سەرنشینەکە وتی:

– بەیانیانە، نیوەڕوانە، عەسرە، ئێوارەیە، شێوان یان خەوتنانە.

– کاکە شتی وا نییە!

سەرنشینەکە وتی:

– برا، بە عەرەبی بە نوێژی چوارەم دەوترێ “صلاة المغرب”، واتە نوێژی خۆرئاوابوون، ئێ خۆر لە ئێوارەدا ئاوادەبێ. بۆیە نوێژەکەشی پێیدەوترێ نوێژی ئێوارە. بەوەی پێنجەمیش دەوترێ “صلاة العشاء” واتە نوێژی نانخواردنی ئێوارە، ئێ لە زمانی کوردیدا بە نانی ئێوارە دەوترێ: “شێو”، بۆیە نوێژەکەش نوێژی شێوانە.

شۆفێرەکە دیسان پەنای بۆ ئەزموونی بیستوپێنج ساڵ پرسیارنەکردن بردەوە و وتی:

– کاکە، ئاخر من بیستوپێنج ساڵە… بیستوپێنج ساڵە…

سەرنشینەکە ناچار بوو چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێ:

– کاکە، نالی خۆی مەلا بووە. دەڵێ: “لە دوگمەی سوخمە دوێنێ نوێژی شێوان…” لەو هۆنراوەیەدا باسی ئەو دادەیە دەکا کە شەو هاتووەتە خزمەتی و سوننەتی دڵدارییان بەجێهێناوە. ئێ کوڕی باش، ئەگەر نوێژی ئێوارە نوێژی شێوان بووایە؛ ئەوکات ئەو دادەیە کە گوایە ناوی حەبیبە بووە، نەیدەوێرا بۆلای نالی بچێ. چونکە لە نێوان نوێژی چوارەم و پێنجەمدا نزیکەی سەعاتێک دەرفەت هەیە. ئێ کەی مزگەوت چۆڵ بوو؟ کەی نالی گەڕایەوە ژوورەکەی خۆی؟ کەی کچە هات؟ ئێ ئەگەر هاتبێتیش، دەرفەتی هیچ نەدەڕەخسا! چونکە بێگومان پەنجا پەڕۆ و پاتاڵی لەبەردابووە، ئێ هاکازانیشت کاتی نوێژی پێنجەم هات و دیسان خەڵک بۆ مزگەوت هاتنەوە. ئەی ئەو کچە نەدەترسا یەکێ بیبینێ؟ لە ماڵەوە باوکی یان براکەی یان کەسێک نەیوت ئەوە کوا ئەو کچەتیوە؟ لە مزگەوت نێرینەیەک نەیوت ئەو کچەتیوە لێرە چی دەکا؟

شۆفێرەکە گومانێکی بۆ دروستبوو و وتی:

– هم، ئێ؟

سەرنشینەکە وتی:

– ئێ، دوای نوێژی پێنجەم، کە هەمووان چوونەوە ماڵەوە و ئیتر تا بەیانی نوێژی تر نییە و هیچ پیاوێک بە بیانووی نوێژ لە ماڵ نایەتەدەر؛ ئەوکات حەبیبەش بە بیانووی خۆڵڕشتن بۆلای مامە نالی دەچێ و نیوەدێڕەکەی تری هۆنراوەکە دەبێ بە بابەتی سەرەکیی باسەکە کە “بەیانی دا سفیدەی باخی سێوان”ـەکەیە! ئەوکات کچەش بێ پەلەپەل دەتوانێ خزمەتی نالی بکا بێئەوەی چاوە خێلەکانی هەر لەسەر کۆڵانەکە بێ.

شۆفێرەکە پێداگرییەکەی نەما و بە داڵغەوە وتی:

– بڵێم چی! قەت وا بیرملێنەکردبووەوە!

سەرنشینە بێباوەڕەکەش وتی:

– کەواتە نوێژی شێوان پێنجەم نوێژە، چوارەم نوێژیش نوێژی ئێوارەیە.

لەم کاتەدا سەرنشین بەتەواوەتی شۆفێرەکەی هێنایە سەر ئەو باوەڕەی بانگی شێوان پێنجەمە. بەڵام لە مێشکی خۆیدا دێڕەکەی دواتری هۆنراوەکەی بیرکەوتەوە کە دەڵێ: “لە خەوفی تەلعەتی ڕۆژ هەروەکوو شێت، بە ڕووزەردی هەڵات و کەوتە کێوان” کە دیسانەوە ڕیسەکە دەکاتەوە بە خوری، چونکە لە ئێوارەدا خۆر ئاوادەبێ! پاش گومانێکی تر، هۆنراوەکەی گۆرانیشی هاتەوە یاد کە دەڵێ “بانگی شێوان لە ئاسمانی خۆرنشین” کە زانی بابەتەکە پڕاوپڕ گوماناوییە، نقەی نەکرد و وتی با ئەویش خۆی بۆی بگەڕێ.