چاوپێکەوتنێکی گشتی لەگەڵ نەوا موکرجیدا

حەزت لە چ ڕەنگێکە؟

من هەمیشە یەکەمجار سەیری هونەرمەندێتییەکە دەکەم، نەک ئەو کەرەسەیەی هونەرەکەی پێکراوە. واتە ڕەنگەکان بەهای سەرەکییان نییە لام، تێکەڵکردنی ڕەنگەکان بەهایان هەیە. کەواتە هەموو ڕەنگەکانم لا جوانە بە مەرجێ بزانرێ تێکەڵبکرێن. کە نەشزانرێ تێکەڵبکرێن هیچ ڕەنگێک بەهای نییە! زۆر جار حەزم لە تێکەڵەی خۆڵەمێشی و پەمەیی و شینی کاڵە. هەندێ جار نیلی و زەرد و خۆڵەمێشی. هەندێجار شین و ڕەش. هەندێجار نیلی و ڕەش. ڕەنگێکی دیاریکراو نییە کە لام دڵخوازترین بێ.

خۆشترین خواردنت چییە؟

لە پێ کەوتووم و نەفسم بۆ کەباب دەشنێ وەکو منداڵ! کەباب، هامبەرگر، برنج  و شلەی پەتاتەی کەری. یاپراخی سڵق و گەڵامێویش.

خۆشترین شیرینی بەلاتەوە چییە؟

کاتی خۆی بە هیچ شێوەیەک حەزم لە شیرینی نەبوو. بەڵام ئێستا حەزملێیەتی. بەتایبەتیی بابەتی پاقلاوە. بەڵام هێشتا نازانم کامەم لە هەموو زیاتر حەزلێیە.

خۆشترین وانەی قوتابخانە بەلاتەوە کامە بوو؟

لە ڕاستیدا تەنها حەزم لە گۆرانیبێژان بوو، ئەگەر نەیانهێشتایە گۆرانی ببێژم لە وانەکاندا؛ ئەوا پشووی نێوان وانەکانم لا خۆشتر بوو! بەڵام وانەی گۆرانیبێژان نەبوو (دوور لە ئێستا!)، کەمێک حەزم لە زمانەکان و مێژوو هەبوو. کە ئێستاش تەماشای نمرەکانی ساڵانەم دەکەیتەوە بۆتدەردەکەوێ کە ئەو حەزانەم ڕاست بوون.

هەندێ لە پەڕتووکە دڵخوازەکانت چین؟

لە ئێستادا؟ یولیسیس، یولیسیس، یولیسیس! بە گشتی حەزم لە چیرۆک و هۆنراوەیە، کەچی زۆر سەیرە، زیاتر پەڕتووکی فێرکاری دەخوێنمەوە! حەزم لە ئەفسانە و مێژوو و هۆنراوەش هەیە. تازەبەتازە فێربووم لە کوردییەوە بۆ وێژەی ئینگلیزیش پەلمکێشاوە. لە هۆنراوەدا حەزم لە تۆپەڵەقسە نییە کە بە ناوی هۆنراوەوە بڵاودەکرێنەوە. حەزم لە نووسینێکە هونەرمەندێتیی تێدا بەکارهێنرابێ. حەزم لە بیری ڕووت نییە. بەڵام لە ئێستادا یولیسیس بەهادارترین پەڕتووکە لام، هەروەها ئەو پەڕتووکانەشی لەسەر یولیسیسن، لە پەڕتووکخانەکەمدا تاقێکی جیام بۆ یولیسیس و ڕاڤەنامەکانی هەیە. لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر سەرقاڵی خوێندنەوەی چیرۆک و داستانە یۆنانییە کۆنەکان بووم، لە مێژووشدا زۆربەی بە خوێندنەوەی مێژووی دەوڵەتی ڕۆمانییەوە خەریکبووم، بەتایبەتی شەش بەرگە دانسقەکەی (ئێدوارد گیبن). من ناتوانم لە یەک کاتدا تەنها یەک پەڕتووک بخوێنمەوە، مێشکم باشتر لە ئاڵۆزیدا کاردەکا! بەڵام پێشنیازدەکەم هەموو کەسێک فەرهەنگی لە ماڵی خۆیدا هەبێ، بەتایبەتیش فەرهەنگی ئازادیی دکتۆر حەمەڕەشید قەرەداخی، ئەو کەڵەپیاوە سی ساڵ خەریکی ئەو فەرهەنگە دانسقەیەی بووە و کارێکی ئێجگار پیرۆزی کردووە، من هەموو ڕۆژێک لە لایەن خۆمەوە دروودی بۆ دەنێرم. لە چیرۆکی (چاوپێکەوتن لەگەڵ ئامادەبووی کۆنسێرتێکدا) فڕۆکەخانەکەم بە ناوی ئەوەوە ناوناوە!

هەندێ لە فیلمە دڵخوازەکانت چین؟

زۆربەی فیلمەکانی ئاڵفرێد هیچکۆک. لە ڕاستیدا لیستێکم کردووە لە سەد خۆشترین فیلمەکان بەلامەوە. لەوانەیە لیستێکی تریش بکەم بۆ سەد فیلمی تر. من تا ڕادەیەکی زۆر حەزم لە فیلمە کۆنەکانیش هەیە، وەک بەستەر کیتن و چارلی چاپلن. فیلمەکانی چاپلن هاوڕێیەکی بەنرخی مناڵیمن. بەداخم کە ئێستا زۆر مناڵ نایناسن.

هەندێ لە موزیکە دڵخوازەکانت چین؟

نابێ ئەم پرسیارە لە من بکەی! بە هەزاران موزیک هەن کە خولیامن. هەر نۆ سیمفۆنییەکەی گوستاڤ مالەر. هەر نۆ سیمفۆنییەکەی بێتهۆڤن. هەموو پرێڵیود و فیوگەکانی باخ. زۆرێک لە کارەکانی گوستاڤ هۆڵست. نازانم چیت پێبڵێم. دەتوانم یەک پەڕتووکی گەورەی سەد بەرگی لەسەر موزیکە دڵخوازەکانم بنووسم. بەڵام من ئەوەندەی حەزدەکەم گوێیان لێبگرم ئەوەندە حەزناکەم لەسەریان بنووسم. چونکە بۆ من چێژی ڕاستەقینەکە لە گوێگرتنەکەدایە. بەڵام دەبوو هەموو پارچە موزیکێک لەسەری بنووسرایە و لە ئینتەرنێتدا بڵاوکرابایەتەوە. ئەو ئەرکەش تەنها ناکەوێتە سەر ئەستۆی موزیککاران، دەبێ دەزگای ڕۆشنبیری و کلتوری حکومەت لە پشت ئەوەوە بێ و بودجەی بۆ تەرخان بکرێ. کارێک کراوە کە هونەر بووە بە کارکردن لە خێرخانەدا! کابرای تەماتەفرۆش فلسێک لە تەماتەکەی خۆی خۆشنابێ، کەچی هەمووان دەیانەوێ هونەرمەندان دینارێک پەیدانەکەن! ئێ کاکە هونەریش هەر پیشەیە! بەهەرحاڵ، ئەوە قسەی تر هەڵدەگرێ. دەبوو نووسراو و ڕاڤەکاریی موزیک بە زمانی شیرینی کوردی زۆر هەبوونایە. دەتوانی بڵێی بە گشتی هەموو موزیکی کلاسیک لای من جۆری موزیکی پەسەند و دڵخوازمن. هەمیشە کلاسیک. زۆر دەگمەن گرمەگرم و زرمەزرمی سەردەم گوێلێدەگرم. زیاتریش گوێ لە موزیکی ڕووت دەگرم وەک لە گۆرانی.

ترسناکترین شت چییە تا ئێستا کردبێتت؟

باوەڕ ناکەم جەربەزەییم زۆر هەبووبێ. هەرچەندە لە بینایی زۆر کەسدا کەسێکی پڕکێش و سەرکێشم. بەڵام لەڕاستیدا من زۆر حەز بە تێکچوونی ئارامیی خۆم ناکەم. کاتی هەرزەکاریمی لێدەربکەی، ئەگینا بە دەگمەن کاری پڕکێشانەم کردووە کە بە لای خۆمەوە پڕکێش بووبێتن. چونکە وەک دەوترێ خۆی کەسی بوێر کەسێکە کە شتەکە دەکا و دواتر بیر لە دەرئەنجامەکانی کردەوەکەی دەکاتەوە، بەڵام کەسی نەوێر کەسێکە کە پێشوەخت بیر لە دەرئەنجامی کارەکانی دەکاتەوە. جا من ئەو کەسەم کە هەمیشە پێشتر بیر لە دەرئەنجام دەکەمەوە. بە دەگمەن کارێک دەکەم کە دەرئەنجامەکەم شینەکردبێتەوە. بە واتایەکی تر خۆی نەوێران واتە زیرەکی بۆ ژیانکردن. هەرچەندە من زۆرجاریش پاڵ بە باوەڕی هاوڕێکانم و زیاتریش بە باوەڕەکانی خۆمەوە دەنێم. دەمەوێ بزانم سنووری باوەڕەکان کوێن. بەهەرحاڵ، بۆ وەڵامی پرسیارەکەت بە دیاریکراوی؛ جارێکیان بە مناڵی وایەرێکم بە پرچ لەیەک ئاڵاند و کردم بە کونی سارد و گەرمی پلاکەکەدا بزانم چی دەبێ. شۆرتی کارەباکە پرچەکەی هەڵوەشاند و وایەرەکەی قرتاند و کارەباکەش ناڵەیکرد و سویچەکەی دەرەوە هەستایەوە. کە دایکم پرسی ئەوە چی بوو، خۆملێگێلکرد و وتم هیچ.

هاوسەرداری؟

نەخێر.

کە مناڵ بووی حەزت دەکرد ببی بە چی کە گەورە بووی؟

باوەڕ بکەی یان نا؛ حەزمدەکرد ببم بە گۆرانیبێژ. جارێک لە قوتابخانەی سەرەتایی مامۆستا ئەو پرسیارەی لە هەموومان کرد، هەموویان دەیانوت دکتۆر و ئەندازیار و ماستاوچییەکانیش دەیانوت مامۆستا. بەڵام من وتم گۆرانیبێژ.

چۆن دەستت بە موزیک کرد؟

بە تێروتەسەلی لەسەریم نووسیوە. لە ژیننامە و یاداشتەکانمدا بیخوێنەرەوە.

ئایا ئامۆژگاریی خەڵکانی تر دەکەیت ببن بە موزیککار؟

ئامۆژگارییان دەکەم کەمێک شارەزایی پەیدابکەن. بزانن موزیک چییە. چۆن هاتووە و چۆن گەشەیکردووە و هەندێ زانیاریی گشتییان هەبێ. هەندێ جۆری جیاوازی موزیک بۆ گوێگرتن تاقیبکەنەوە. دەنا تۆ چوزانی حەزت لە ڕۆبیانە ئەگەر هەرگیز ڕۆبیانت نەخواردبێ؟ مرۆڤ کە زۆرتر دەبینێ و دەبیستێ؛ هەلی هەڵبژاردنی زیاتر و باشتری بۆدەڕەخسێ. بەڵام سەبارەت بەوەی خەڵکان ببن بە موزیککار؛ ئەوە تەنها بۆ ئەو کەسانە باشە کە بەڕاستی خولیایان بۆ موزیک هەیە و تێیدا باشن و دەتوانن بەردەوام بن و بەرگەی هەوراز و نشێویی موزیک بگرن. ئەگینا ئەگەر بۆ ناوبانگ و سامان و کەشوفشەکەی موزیک بێ ئەوا باش نییە خەریک بی. بەتایبەتیش لە کوردستاندا خەریکە دەکرێ بە پیشەی سواڵکەر! ئەویش لەبەر نەبوونی ستراتیژییەکی کلتوری و ژیاریی دەسەڵاتی کوردی.

بۆ خۆشیی خۆت چی دەکەی؟

هەموو ژیانم تەنها لە خۆشیدا بەسەردەبەم. موزیک بۆ من خۆشییە. نووسین خۆشییە. خوێندنەوە خۆشییە. فیلم، شانۆ، کارکردن، نوستن… هەموو ئەمانە لای من خۆشین. من هەر زۆر دەمێکە کار بۆئەوە دەکەم کە تەنها ئەو شتانە بکەم و بەو شتانەوە سەرقاڵ بم کە بەلامەوە خۆشن. بۆیە کاتێ تۆ دەڵێی خۆشی تێناگەم. بۆچی خەڵک بەردەوام خەریکی ناخۆشین؟ ئەگەر خەریکی ناخۆشین بۆچی وادەکەن؟ بۆ نایگۆڕن؟ ئەگەر نایگۆڕن؛ کەواتە شایستەی ئەو ناخۆشییەن! من باوەڕم وایە هیچ کەسێک ستەمی لێنەکراوە، هەموو مرۆڤێک شایستەی ئەو ژیانەیە کە تێیدا دەژی. ئەگەر خۆت بە شایستەی ئەوە نازانی، ئەی بۆچی هەوڵنادەی بیگۆڕی؟ لای من ئەوە بێمێشکییە شتێکت بەلاوە ناخۆش بێ و بیکەی. من ئەوپەڕی چێژ لە زۆربەی هەرەزۆری ساتەکانم دەبینم… ئەگەر لێم تێکنەدەن!

حەزت لە گەشت و گەڕان هەیە؟

بەو چەمکەی خەڵک لێوەی دەدوێن و حەزیان لێیە نەخێر.  وەک وتم؛ من زۆر حەز بە تێکچوونی ئارامیی و پلانی ڕۆژانەم ناکەم. حەزم لە کاتکوشتن نییە. تاکە هۆکار کە واملێبکا حەزم لە گەشت و گەڕان بێ ئەوەیە کە زانیاریی نوێ فێرببم. گەڕان لەپێناو گۆڕینی جۆری خواردن یان خواردنەوەدا بەهادار نابینم. حەزدەکەم کە گەڕام شارستانێتیی جیاواز، کەلەپوور و شوێنەواری کۆن ببینم و خەڵکی جیاواز بناسم و شتی زیاتر فێرببم. من مێشک بە بەخشینێکی مەزنی سروشت دەزانم، نامەوێ پڕیبکەم لە پڕۆتینی زانیاریی بێسوود… بۆ نموونە بۆچی بزانم لەسەر سووچی تەقسیم لە ئیستانبول چ جۆرە فەلافلێک دەفرۆشن؟ بۆچی خانەیەکی پڕۆتینی مێشکم بەم زانیارییە هیچەوە بەفیڕۆبچێ؟ بۆیە من بەو تێڕوانینە حەزم لە گەڕان و گەشت نییە و حەزناکەم ئارامیی خۆم تێکبچێ. من هەرگیز لەوانە نیم کە بتوانم بۆ خۆشی شەوێک بچم لەسەر شاخێک بمێنمەوە. ئەگەر بمەوێ لەسەر شاخێک بمێنمەوە دەبێ مێزی کارکردنەکەم و تەوالێت و دووشەکەشم لەگەڵ خۆمدا ببەم. یان هەر بەڕاستی کارێکم هەبێ لەوێ. من زۆر بە دەگمەن بێ هۆکار سەردانی شوێنان دەکەم. بەڵام یەکێ لە فەنتازیاکانی مێشکم ئەوەیە کە بە پێ زۆربەی جیهان بگەڕێم. بەڵام ئەوە دەبێ کاتی خۆی هەبێ و ئێستا ئەرکی ترم لەسەر شانە جێبەجێیان بکەم، دواتر مەگەر وا بکەم.

ئەگەر بتوانی بۆ هەموو شوێنێک بچی، دەتەوێ بۆ کوێ بچی؟

بەلای منەوە یەکێ لە تاوانەکانی ئافراندن ئەوەیە کە لە یەک کاتدا دەبێ لە یەک شوێندا بین. من حەزدەکەم لە هەموو شوێنێک بم. حەزدەکەم هەموو گەردوون بگەڕێم. بەڵام لە ئێستادا کات بۆ ئەو خۆزگانە نییە. بۆیە دەبێ ئێمە کاربکەین کە بەدیهێنانی ئەو خۆزگانە بۆ نەوەکانی ئایندە ئاسانبکەین. من دەمێکە باوەڕم وا دروستکردووە کە مرۆڤ خۆی شوێنی خۆی خۆشدەکا. لای من شوێنی خۆم خۆشە. ئەگەر بشچم بۆ هەر شوێنێکی تر هەوڵدەدەم بۆ خۆمی خۆشبکەم.

کێن ئەو کەسانەی کە حەزدەکەی ڕۆژێک لە ڕۆژان بیانناسیت یان پێیانبگەیت؟

کاتی خۆی خەڵک زۆر بوون. بەڵام ئێستا ئەوەندە حەز بە بینینی خەڵک دەکەم کە ئارامیم تێکنەدەن و دەستنەکەن بە پلاندانان بۆم و من ڕانەکێشنە ناو ژیانە ناخۆشەکانیانەوە. ئێستا ئینتەرنێت دونیای وا ئاسان کردووە کە دەتوانی بێ ئەوەی کەسەکە ببینی بیناسی و لەگەڵیدا دابنیشی. خۆشم مێشکم ئافرێنەرە، بەردەوام مێشکم وێنەم بۆ دروستدەکا و هەر لە مناڵییەوە وێناکردنم ئێجگار فراوانە. بۆیە زۆر پێویستم بەوە نییە بە جەستەیی لەگەڵ زۆر کەسدا بم. هەندێ جار کە هەست بە تەنیایی کوشندە دەکەم (کە هەندێ جار زۆرن!) دەنووسم یان گۆرانییەک دادەنێم یان موزیکێک دادەنێم یان دەژەنم.

ئەگەر کەسێکی نەدیو داوای ئامۆژگارییەکی هەڕەمەکیی بکا پێبڵێی. چیی پێدەڵێی؟

یەکێ لە کێشەکانی مرۆڤایەتیی ئەمڕۆ ئەوەیە کە ئامۆژگاری زۆر زۆرە. زۆربەی خەڵک بە ئامۆژگاریی ناتەواو و نادروست تێکچوون. من هیچ ئامۆژگارییەکی کەس ناکەم. بەڵام ئەگەر وەک تۆ دەڵێی “داوای لێکردم” ئەوا تەنها پێیدەڵێم: “بژی و زیاتر بزانە”.

بۆ خەڵک ناژین؟

زۆربەی ئەو کەسانەی من دەیانبینم مردوون لە پێستی زیندوودا. نەخێر زۆربەی خەڵک هەر ناشزانن ژیان چییە. بەردەوام پێیانوایە ستەمیان لێکراوە و بەردەوام خەریکی پرتەوبۆڵەن و گلەیی و گازندەن! ژیان بەبەردەمیاندا تێدەپەڕێ و پێینازانن، با کەمێک دەستم بەتاڵ بێ ئەو پەڕتووکەی سینیکا هەموو وەردەگێڕم کە سەبارەت بە کورتیی ژیان دەدوێ، ئێجگار دانسقەیە!

چ نەریت یان ڕەفتارێکی خۆتت زۆر بەدڵە؟

کۆڵنەدان، گەشبینی، توانای بیرکرنەوەی کۆمیدی و جەفەنگی. خولیای فێربوونی زانیاریی زیاتری جۆراوجۆر. چێژبینین و پێزانینی شتی زۆر سادە و ساکار.

هەندێ شتمان پێبڵێ کە بەڕاستی دڵخۆشت دەکەن؟

تەواوکردنی کارێک. هیچ هەستێک لە تەواوکردنی کارێکی ئافرێنراوی دەستی خۆت خۆشتر نییە. هەر کەسێک ئەو هەستەی نەکردبێ جێگەی بەزەییە.

هەندێ شتمان پێبڵێ کە بەڕاستی دڵتەنگت دەکەن؟

شت زۆرە. بەتایبەتی خەڵکانی تر؛ نەزانییان، بێباکییان، توندوتیژییان…تد. بەڵام زۆربەی کات هەوڵدەدەم ورەی خۆم بەرزبکەمەوە بەوەی کە خەڵک لە نەزانیدا وادەکەن و پێیانوایە ئەوەی دەیکەن ڕاستەکەیە. زۆربەی خەڵک بەو بەشە زانیارییەی کە خۆی دەیزانێ ڕاستترین هەڵبژاردە هەڵدەبژێرێ. واتە بەپێی ئەوەی کە خۆی دەیزانێ ڕاستترین هەنگاو دەنێ. بۆ نموونە ئەگەر من پێتبڵێم براکەم هات فیشەکێکی نا بە ئەژنۆمەوە. لەوانەیە زۆر پەست ببی. تووڕە ببی و لەوانەشە هەڵبکوتیتە سەر براکەم و مافی منی لێبسەنی. بەڵام ئەگەر پێتبڵێم کە هەفتەیەک پێش ئەوەی ئەو فیشەکەکەم پێوەبنێ من چووم هەموو شتەکانی ماڵەکەیم لە بەلەکۆنەکەیەوە هەڵداوەتە دەرەوە؛ ئەوکات فیشەکەکە زۆر کاریگەریی لەسەرت نابێ. واتە تۆ تەنها بەو هەندە زانیارییەی کە هەتبوو کە براکەم فیشەکی پێوەناوم، خۆت ڕاستترین هەڵبژاردەت هەڵدەبژارد کە مافی من بسەنی. بەڵام ئێستا کە بەشێکی گەورەتری وێنەکە دەبینی؛ ئەوکات هەڵوێستت جیاواز دەبێ. بۆیە زۆر جار کە خەڵک بێزارم دەکەن، یان لەگەڵ خۆیان، یان دەگەڕێمەوە و بە نووسینێک ئەو گفتوگۆیە چارەسەر دەکەم. هۆکاری گەورەی  بەڵاکانی مرۆڤایەتی ئەوەیە کە پەیوەندیکردنمان لە ئاستێکی لاوازدایە. هەموومان پێمانوایە کە “دەزانین”. هێشتا بەرامبەرەکەت قسەکەی تەواو نەکردووە تۆ یەکسەر وا هەڵوێست وەردەگری کە “دەزانی”. زۆربەی جاریش نازانی کەسەکەی بەرامبەرت چی دەڵێ. ژیانیش لای زۆربەی خەڵک بووەتە کردەیەکی ئۆتۆماتیکی. هەموو ڕۆژێک هەمان کارەکەی دوێنێ دووبارەدەکاتەوە بێئەوەی یەک چرکەش گومان بکا کە ئایا ئەوە باشە یان ڕاستە کە دەیکا؟ بۆیە گفتوگۆکردن و مێشکوروژاندن چارەسەرێکی گەورەن بۆ زۆرێک لەو شتانەی دڵتەنگمان دەکەن. ئەگەرناش؛ ئەوا تۆ هەمیشە دەتوانی ئەو شوێنە یان ئەو کەسە بەجێبهێڵی کە دڵتەنگت دەکا. زۆربەی خەڵک خۆیان بەو شوێنەوە دەبەستنەوە کە خۆیانی تێدان. دەنا دەتوانی بستێک دوورتر بکەویتەوە. ڕۆیشتن هەمیشە هەڵبژاردەیە!

ئایا تۆ حەزدەکەی بە وردی نەخشە بۆ شت بکێشی یان ڕاستەوخۆ بچیتە سەر کارەکە؟

نەخشەکێشان، نەخشەکێشان، نەخشەکێشان. هەمیشە.

ئایا بە ئاینەوە پەیوەستی؟

بە هیچ شێوەیەک، نەخێر.

ئەگەر بتوانی بگەڕێیتەوە بۆ مێژوو، حەزدەکەی کێ بناسی؟

حەزدەکەم ڕەگوڕیشەی خێزانەکەی خۆم هەموو بدۆزمەوە. حەزدەکەم تا سەرەتاییترین مرۆڤ بڕۆم. هەموو سەردەمەکانی مێژوو ببینم. حەزدەکەم ماڕکۆس ئۆرەیلیۆس و لوسیوس سینیکا و یۆهان سێباستیان باخ و مۆتسارت و بێتهۆڤن و ڤێردی و نالی و ستانیسڵاڤسکی و جەیمس جۆیس و ئاڕثەر ڕوبنشتاین لە کاتی کارکردن و ژیانی ڕۆژانەیاندا ببینم… لەوانەشە زۆر کەسم بیرچووبێ. بەتایبەت حەزدەکەم بزانم باخ و مناڵەکانی چۆن لە ماڵەکەی خۆیاندا توانیویانە هەموو هەفتەیەک موزیکێکی نیوسەعاتی یان سەعاتیی دانسقە دابنێن و نمایشبکەن! زۆر حەزدەکەم ئەو ماڵەی یۆهان سێباستیان باخ لەکاتی ئەو هەموو کارە زۆرەدا ببینم.

حەزدەکەی زیاتر لەناو شاردا بژیت یان لە دەرەوەی شار؟

حەزدەکەم بە کەلوپەل و ژیار و شارستانێتییەوە لە دەرەوەی شار بژیم.

کێ زۆرترین کاریگەریی لەسەر ژیانت هەبووە؟

لە ئێستادا جەیمس جۆیس. پێشتریش بێتهۆڤن، مالەر، ڤاگنەر، گۆران، شێرکۆ بێکەس، ڤێردی، پوچینی…

حەز لە خواردنی بەهاراتاوی دەکەی؟

بەڵێ، بەڵام ئێجگار زۆر نا. واتە هیندیی هیندی نا.

هەندێ لە ئامانجە مەزنەکانت لە ژیاندا چین؟

لە موزیکدا: دانانی هەندێ سیمفۆنی و ئۆپێرا و چەند پارچە موزیکێک بۆ تاکژەن و دوانینە و سیانینە و چوارینەیەک. هەروەها نووسین و بێژانی چەند گۆرانییەکی خۆم. بێژانەوەی چەند گۆرانی و هەوایەکی ئۆپێرا کە خۆم حەزملێیانە. لە نووسیندا حەزدەکەم چەند چیرۆک و یاداشتێک بڵاوبکەمەوە کە سوود و چێژیان بۆ خوێنەر هەبێ. لە زمانەوانیدا ئامانجم ئەوەیە زمانی کوردی بەرەو ستانداردبوون و پەرەپێدان ببەم و لە مەترسیی لەناوچوونی ڕزگاربکەم. هەر بۆ ئەو مەبەستەش بوو کە دەزگای بوولێڵم دامەزراند و کۆنەخشەکەیم نووسییەوە.

دەتوانی کەمێک باسی دەزگای بوولێڵمان بۆ بکەی؟

بۆچی لە ئایندەدا لە ماڵپەڕەکەمدا بە تێروتەسەلی لەسەری نەنووسم و ئەوکات هەمووی بخوێنیتەوە؟ چونکە قسەکردن لەسەر بوولێڵ خۆی چاوپێکەوتنێکی تری دەوێ.

ئەگەر بتوانی پیشەیەکی تر بۆ ڕۆژێک تاقیبکەیتەوە، حەزدەکەیت چ پیشەیەک بێ؟

ترشاندن و دروستکردنی شەراب. هەوڵیشمداوە فێرببم، بەڵام لە ئێستای ژیانمدا ناکرێ و شەرابسازیش کاری ڕۆژێک نییە!

باشترین بڕیار تا ئێستا دابێتت چی بووە؟

بڕیاری زۆر باشم داوە. بەڵام دەشێ بڵێم باشترین بڕیارم ئەوە بووبێ کە وتبێتم دەبم بە هونەرمەند.

کێ نزیکترین هاوڕێتە؟

ئەو هاوڕێیانەم کە بەرگەی تاقیکردنەوەی کاتیان گرتبێ؛ دانا بێستون عەلی، تابین مستەفا ڕەئوف. لەوانیش نزیکتر تا ئێستا پیانۆ و کۆمپیوتەرەکەمن.

چۆن دەڕوانیتە بیرکردنەوەی خەڵک لە تۆ؟

ئەوە کاتکوشتنە. یەک چرکەم بۆ بیرکردنەوەی خەڵک لە من نییە. من بیر لە خەڵک ناکەمەوە. تەنها تەمەنی خۆمم پێدراوە نەک هیی خەڵک.

تێکڕایی نمرەکانت بە گشتی لە قوتابخانەدا چەند بووە؟

لە سەرەتاییدا هەمیشە لە نێوان 95% بۆ 100%، بەڵام لە ناوەندی و ئامادەییدا هەمیشە لە نێوان 70% بۆ 85%.

ئەگەر بتوانی لێهاتووییەکی تر بە باشی فێرببی، چی دەبێ؟

ئەو بوارانەی پێویستم بێ فێریان بم، فێریانبووم! ڕەنگە لێهاتووییەکی تر لە نێوان بیرکاری یان بەرنامەکاریی کۆمپیوتەر یان گەردوونزانی بێ. بەڕاستی نازانم. ڕەنگە بیرکارییەکە هەڵببژێرم. لە ڕاستیدا چەند پەڕتووکێکی فێرکاریی بیرکاریم لە خۆم کۆکردووەتەوە، هەر کەمێک دەستم بەتاڵ بێ خوویان دەدەمەوە.

کاتی خۆی لە قوتابخانەدا خۆت لە بیرکاریدا باش بووی؟

نەخێر. ڕەنگە لەبەرئەوە بووبێ کە لە سەرەتاییدا مامۆستای بیرکارییەکەمان کە ناوی ست نەسرین بوو زللەیەکی لە لای چەپی سەرم دا کە بەتەواوی گوێی ئازاردام و بەو بۆنەیەوە چەندین ساڵ گوێچکەی چەپم تووشی هەوکردن بوو. هەمیشە ترسم لە وانەی بیرکاری هەبوو. بەڵام ئێستا دەزانم کە من بە سروشتی لە بیرکاریدا باشم.

ئایا تۆ ناخڕووانی یان دەرڕووان؟ Extrovert vs Introvert؟

من ناخڕووانم. تاقیکردنەوەکەی مایەرز و بریگسم کردووە و چەند جارێکی زۆریش لە کاتی جیاوازدا تاقیمکردووەتەوە؛ هەمیشە هەمان ئەنجامە. لە جۆری کەسێتیی (INTJ-A)م.

ئایا پێتوایە کە مرۆڤ دەتوانێ چارەنووسی خۆی دیاریبکا؟

بەڵێ. ئەوەی لە ئێستادا پەیوەندیی بە گەردوونەوە هەیە لە ئێستادا ڕکێف ناکرێن. بەڵام ڕەنگە ڕۆژێک بێت مرۆڤ بتوانێ ڕکێف بکا، یان زیاتر بزانێ. مرۆڤ تا پلەیەکی بەرچاو و زۆر، ئەوەندەی پەیوەندیی بە خۆیەوە هەیە وەک تاک؛ دەتوانێ چارەنووسی خۆی دیاریبکا، یان هیچ نەبێ ئاراستەی بکا، مەرج نییە بگاتە ئەنجامەکە. بەڵام هەوڵدان بۆ ئەنجام گرنگە.

ئایا پێتوایە هیچ جۆرێک لە ژیانی دوای مردن هەیە؟

هیچ شتێک لەو بارەیەوە نازانم. باوەڕم بە هیچ کامێکیش لە ئەفسانە هەڵبەستراوەکان نییە. دەبێ مرۆڤ فێرببێ ڕێز لە نەزانین بگرێ. لە ئێستادا نازانین. کە زانیمان قسەی لەسەر دەکەین. بەڵام نازانم. گوێ لە هیچ کەسێکیش ناگرم کە وا خۆیپیشاندەدا زۆر چاکی لێدەزانێ! ئیتر بە هەر پاساوێک بێ!

ئایا پێتوایە ئەشکەنجەدان سوودی هەبێ؟ ئەگەر بەڵێ؛ ئەوا بۆچی، ئەگەر نەخێر؛ ئەوا بۆچی؟

نازانم، باوەڕناکەم سوودی هەبێ. لەو باوەڕەدام خودی خۆم لەژێر ئەشکەنجەدا دان بە هەموو تاوانێکدا بنێم کە نەمکردووە. نازانم تا ئێستا نەکەوتووشمەتە باری واوە تا زانیاریم لەسەر هەبێ.

ئایا کەسێکی بێتاوان دەکوژی ئەگەر بیربکەیتەوە کە لەوانەیە دوانزە کەسی تر ڕزگار بکەی؟

هەستدەکەم ئەم پرسیارەت لە ئینتەرنێتەوە هێناوە! بیرم لەو شتە نەکردووەتەوە و نەشکەوتوومەتە باری واوە تا ناچارمبکا بیربکەمەوە. پێموابێ کەس ناکوژم، چونکە چۆن بزانم کە ئەو کوشتنە ئەو دوانزە کەسە ڕزگار دەکا؟ ئەی ئەگەر دوانزە کەسەکەی ڕزگار نەکرد چی؟ ناتوانم پێش ڕووداو بکەوم. نازانم.

ئایا گەورەترین گۆڕانکاریی کەسی چی بووە کە کردووتە؟

بە نزیکی هەموو گۆڕانکارییە بچووکەکانی ژیانم دەرئەنجامی گەورەیان هەبووە. بەڵام باشترین گۆڕانکاری ئەوە بووە کە لەناو خۆمدا ئاینم بە هەموو لقەکانییەوە مراندووە.

هەندێک لە دڵخوازترین ماڵپەڕەکانت چین؟

پەیوەستە بەو کاتەی کە شتێک دەکەم. بە گشتی وەک هەموو کەس یوتیوب و ویکیپێدیا و گووگڵ. لەوێوە بەدوای شتی تریشدا دەگەڕێم. بەڵام من ماڵپەڕی فەرهەنگەکانیش زۆر دەکەمەوە. تەنانەت بەپێی ئاماری بڕاوزەرەکەم بێ فەرهەنگەکانی کۆڵینز و میریام-وێبستەر لە یوتیوبیش زیاتر دەکەمەوە.

یەکێک لە شتە یەکەمەکان کە دەیکەیت لە بەیانیاندا چییە؟

چاوم دەکەمەوە! لە ڕاستیدا زۆربەی کات مەرج نییە بەیانیان بێدارببمەوە. زۆربەی کات کاتی نوستن بە گوێرەی ڕۆژەکەم دەبێ. خشتەیەکی توندوتۆڵم بۆ نوستن و هەستان نییە. گرنگ ئەوەیە لە ماوەی ڕۆژەکەمدا کارەکانم جێبەجێبکەم. بەڵام با بڵێین یەکەم شت کە بێداردەبمەوە چییە دەیکەم؛ ئەوا دوای چاوکردنەوە کەمێک لەناو جێگەکەمدا خۆم بۆ ڕۆژەکەم ئامادە دەکەم و هەندێک دەخوێنمەوە و زۆرجاریش گوێ لە موزیکێک دەگرم کاتێ هێشتا هەر لەناو جێگاکەمدا پاڵکەوتووم و هێشتا هەڵنەساوم. هەرگیز لە سەعاتی یەکەمی ڕۆژەکەمدا تەماشای نامە و تەلەفۆنی کەس ناکەم، ئیمەیڵیش بمخوێنێتەوە نایخوێنمەوە! زۆربەی کات کە بێداردەبمەوە، هەر لەناو جێگاکەدا دەنگەژێکانم بە هەندێ پڕۆڤەی دەنگی گەرمدەکەمەوە. پاشان پەنجەکانم و دەستم. هەندێجار پێش ئەوەی نانی ژەمی یەکەم (کە لای ئێوە نانی بەیانییە)، بخۆم کەمێک پیانۆ دەژەنم، یان کەمێک دەنووسم یان کەمێک لەو کارە دەکەم کە دەبێ لە ڕۆژەکەمدا جێبەجێیبکەم. ئەگەر چوونەدەرەوەم هەبێ ئەوا دووشێک دەکەم.

کەواتە لە ژیانتدا کەسێکی نەخشەداڕێژەری؟

ئەی پێمنەوتی؟ من پلانم بۆ هەموو ڕۆژێکی ساڵەکەم هەیە. هەموو ساڵێک لە مانگی دوانزەدا پلانی ساڵی داهاتوو دادەنێم. بە دەگمەن دەتوانم لە پلانی خۆم لابدەم.

بە ئاسانی دەگریت؟

نەخێر.

ئایا حەزت لە قسەکردن هەیە لەسەر تەلەفۆن؟

کەسەکە و بابەتەکە کەوتووە. زۆربەی کات تەلەفۆنەکەم بێدەنگە و لێم دوورە. زۆر بە دابڕاندن پەست دەبم. کاتێک دەمەوێ شتێک لەگەڵ کەسێکدا باس بکەم حەزدەکەم ڕاستەوخۆ ڕووبەڕوو قسەی لەگەڵ بکەم، ئەگەر نا؛ ئەوا بە تەلەفۆن. زۆر بە نامەناردن و چات پەست دەبم. ئەوەندە چاتم لە هەرزەکاریمدا کردووە کە ئێستا بە سێ نامەی چۆنی و چاکی پەست دەبم و داوادەکەم کەسەکەی بەرامبەر بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ بکا یان یەکتر ببینین.

لە هەفتەیەکدا چەند ئیمەیڵت پێدەگا؟

من تەنها یەک ناونیشانی ئیمەیڵم نییە. بۆ هەر کۆمەڵە مەبەستێک ناونیشانێکی ئیمەیڵم هەیە. خۆم بە سروشت حەزناکەم ئیمەیڵم زۆر بۆ بێ و هەر واشە ئیمەیڵم زۆر بۆ نایەت. بە گشتی لە نێوان 10-30 ئیمەیڵ لە هەفتەیەکدا.

یەکێک لە پرسیارە دڵخوازەکانت لە سەرەتای یەکترناسینی کەسێکدا چییە؟

تەنها ڕۆژ و مانگی لەدایکبوونەکەتم پێ بڵێ. ساڵەکە بۆ خۆت.

ئایا هەرگیز ئامادەیت لە فڕۆکەوە یان پردی بەرزەوە خۆت فڕێبدەی؟

پلانم زۆرە. نەخێر. کە پلانم نەما بیریلێدەکەمەوە.

چی دڵخۆشت دەکا؟

پێشتریش پێموتی؛ کە دەبینم لە جێبەجێکردنی پلانی ڕۆژەکەمدا سەرکەوتووم. یان کە بەرهەمی کۆششەکانم دەبینم. هەروەها هونەری دانسقەش. موزیکی باش. چیرۆکی باش.

درێژترین ماوە کە نەنووستبی چەند سەعات بووە؟

گەیشتوومەتە 44 سەعات.

ئایا کەست هەیە بۆ ئامۆژگاریکردنت بچی بۆلای؟

نەخێر. بەڵام هەندێ جار ڕاوێژ بە هاوڕێکانم دەکەم و زانیاری کۆدەکەمەوە.

دڵخوازترین و دڵنەخوازترین وشەت چین؟

دڵخوازترینم هەرچەندە وشە نییە و مۆرفۆسینتاکسە، بەڵام “دەتوانم” دڵخوازترینمە. دڵنەخوازترینیشم دژەواتاکەیەتی، واتە “ناتوانم”.

یادی چ بۆنەیەک دەکەیتەوە؟

بە گشتی هیچ بۆنەیەکی گشتی یادناکەمەوە. بەڵام کاتێک کارێک تەواودەکەم پشوو بە خۆم دەدەم و خۆم خەڵات دەکەم. هەندێجاریش لە بەهاران یان پایزاندا کە ڕۆژەکە زۆر خۆش بێ ئەوا حەزدەکەم بچمە دەرەوە.

کێ پاڵەوانی ژیانی تۆیە؟

بە پلەی یەکەم خۆم.

ئایا زۆرتر فەرهەنگی واتا بەکاردەهێنی یان فەرهەنگی هاوواتا و دژەواتا؟

ڕۆژ نییە چەندین جار فەرهەنگ بەکارنەهێنم. ئەگەرچی هەردووکیان بەکاردەهێنم؛ بەڵام لە ئێستادا زۆرتر هیی واتا بەکاردەهێنم.

ئایا هەرگیز هەنگ پێوەیداوی؟

بەڵێ یەک جار.

ئایا هەرگیز لە مانگات داوە؟

ئەمە چییە؟ هەستدەکەم پرسیاری دوای ئەمە ئەوە دەبێ بپرسی: هەرگیز سوێنت بە تەڵاق خواردووە لە کاتی ژنتەڵاقداندا لە ژووری دادگادا؟ لە دەسەڵات و مرۆڤدیشدا کەمێک باسمکردووە. من هەرگیز ئازاری ئاژەڵانم نەداوە. تەنها مێش و مێشوولە و جاڵجاڵۆکە و قالۆنچە و مارمێلکە نەبێ.

ئایا لە بەرزی دەترسی؟

بەڵێ.

ئایا هەرگیز وانەی سەماکردنت خوێندووە؟

لە یوتیوب و ماڵپەڕی تر بەڵێ، تانگۆ و ڤاڵس کەمێک دەزانم، بەڵام سەماکان پێویستیان بە هاوبەشێک هەیە کە من نەمبووە. بە ئینتەرنێت بەڵێ، بەڵام بە خودی کەسیی خۆم بچم بۆ ستودیۆ؛ نەخێر. بەڵام حەزملێیە.

دڵخوازترین نانی بەیانیانت چییە؟

هەموو ژەمەنانێکی یەکەمم  ناکەوێتە بەیانییەوە. بەڵام با وای ناوبنێین: زۆرجار حەزناکەم هەموو بەیانییەک هەمان جۆری خوان تاقیبکەمەوە. هەندێجار حەزم لە میوەیە. بەڵام دەتوانم بڵێم بە گشتی هێلکەوڕۆن بە سۆسجەوە، لێرە بەیکن نییە، بەڵام بیستوومە بە هێلکەوە زۆر خۆشە.

دڵخوازترین شت کە حەزبکەی پارەی تێدا سەرفبکەی چییە؟

پەیوەندیی بە کاتەوە هەیە. بەڵام زۆربەی کات کێشەم نییە بۆ پارەدان بە پەڕتووک. هەروەها ئەو ئامێرانەی پێویستم پێیانە. بەڵام ئەوەی پێشبڕکێکە دەباتەوە پیانۆیە. حەزدەکەم ئەوەندە پارەم هەبێ کە بتوانم هەموو پیانۆکانی سەر زەوی بکڕم. لە بەهەشتە خەیاڵییەکەی مندا هەموو ژوورێک… بە تەوالێتیشەوە پیانۆیەکی لێیە!

پەرداخەکە نیوەی پڕە یان نیوەی بەتاڵە یان شێوەی پەرداخەکە خۆی؟

نیوەی پڕە بۆ خۆم. نیوەی بەتاڵە بۆ فەرمانبەرێکم یان کەسێک کە کارم بۆ دەکا.

سەرشاخ یان کەنار یان دیمەنەکەیان لە شاشەوە؟

شاشە!

قەرەباڵغی، یان کۆمەڵێکی کەم، یان تەنیایی؟

تەنیایی.

خەڵک پێتدەڵێن لە چ کەسێکی بەناوبانگ دەچی؟

کاتێ ڕیش و قژم درێژ بن؛ ئەوا چێ گیڤارا. حەزیشم لێنییە لە کەس بچم.

تۆ زیاتر لە چ کەسێتییەکی کارتۆنییەوە نزیکی؟

میشیگن جەی. بۆق.

ڕقت لە وەڵامدانەوەی چ پرسیارێکە؟

مووچەکەت چەندە؟ چەند پەیدا دەکەی؟ پارە پارە پارە!

جۆری خوێنت چییە؟

ئۆی کۆ.

ئایا هەرگیز تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووی؟

بەڵێ. بە نیو چرکە لە مردنیش گەڕامەوە. بە تێروتەسەلی لەسەریم نووسیوە.