دەربارەی کورتیی ژیان

دەربارەی کورتیی ژیان

نووسینی: لووسیۆس ئەنێیوس سینیکا (4پ.ز – 65ز)

وەرگێڕانی لە لاتینییەوە بۆ ئینگلیزی: گاریث دی. ویڵیەمس.

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: نەوا موکرجی.

یەکەم

زۆربەی مرۆڤەکان، پاولینوس*، دژ بە خراپیی سروشت سکاڵادەکەن. چونکە ڕادەی بۆبڕراوەی ژیانمان زۆر کورتە. یان ئەم کاتەی پێماندراوە زۆر خێرا دەڕوا، ئەوەندە بەپەلە، ئەوەندە خێرا کە هەندێ کەسی کەمی لێبەدەربێ، ئەگینا ژیان زۆربەمان لە کاتی تەنگانەدا، یان ڕێک لەو کاتەدا کە خۆمان بۆ ژیانکردن ئامادەدەکەین جێدەهێڵێ. جا ئەوە بە تەنها خەڵک و جەماوەرە بیرنەکەرەوەکە نین کە وا سکاڵادەکەن و ژیان بە بەدکارێکی گەردوونی تێگەیشتوون؛ بەڵکو هەمان هەست وا لە کەسانێکی لێهاتووش دەکا کە سکاڵابکەن. هەر لەبەر ئەمەیە کە مەزنترینی پزیشکەکان ئەو پەندە بەناوبانگەی وتووە کە دەڵێ “ژیان کورتە، هونەر درێژە*“. سکاڵاکەی ئەرستۆش هەر لەبەرئەمەیە، نەشیاوترین وتەی فەیلەسووفێکە، کاتێک سروشت بەوە سەرزەنشتدەکا کە کاتێکی زۆری بە ئاژەڵان بەخشیوە کە پێنج یان دە ئەوەندەی هیی مرۆڤ زیاترە، کەچی زۆر لەوە کەمتری بۆ مرۆڤ بڕیوەتەوە، ئەگەرچی مرۆڤ بۆ بەجێهێنانی کاری زۆر مەزنیش ئافرێنراوە.

بەڵام ئەوە نەبێ کە ئێمە کاتێکی کەممان بۆ ژیانکردن هەبێ، بەڵکو ئێمە بەشێکی زۆری لێ بەفیڕۆدەدەین. ژیان بەشی خۆی درێژە. ئەگەر هەمووی بە باشی وەبەربهێنین ئەوا تا ڕادەیەکی بەخشندانەش بۆ بەجێهێنانی مەزنترین شتەکان پێمان بەخشراوە. بەڵام کە کاتی ژیان لە ژیانێکی بێباکانە و بوودەڵانەدا بەفیڕۆ بدرێ، یان لە هەوڵی بێبەهادا بەسەرببرێ؛ مردن لە کۆتاییدا فشاردەهێنێ و درک بەوە دەکەین کە ئەو ژیانەی سەرنجی تێپەڕینەکەیمان نەدەدا: تێپەڕی. بۆیە وایە: ئەو ژیانەی پێماندراوە کورت نییە؛ بەڵکو ئێمە وایلێدەکەین کورت بێ.

کەمتەرخەمی لە بەشپێدانماندا نەکراوە؛ بەڵکو ئێمە ژیان بەفیڕۆدەدەین. هەروەک چۆن سامانی شاهانە و سەرنجڕاکێش ئەگەر بدرێتە دەست بەڕێوەبەرێکی خراپ ئەوا لە چرکەساتێکدا بەفیڕۆدەدرێ. بەڵام کاتێک بە خەمخۆرێکی خۆبەبەرپرسزان دەسپێررێ؛ ئەوا لە ڕێگەی دابەشکردنی وریایانەوە مامناوەندییانە گەشەدەکا. کاتی ژیان بوارێکی فراوان دەبەخشێ بەو کەسەی کە بە باشی نەخشەی بۆ دادەڕێژێ.

سێیەم

هەرچەندە هەموو ئەو مێشکە پرشنگدارانەی کە بە درێژایی سەردەمەکان درەوشاونەتەوە لەسەر ئەم خاڵە کۆکن، بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوە سەرسامیی خۆیان بەرامبەر ئەم تەمومژە تۆخەی ناو مێشکی مرۆڤ بە وردودرشتی دەرببڕن. هیچ کەسێک ڕێگە بە هیچ کەسێک نادا دەست بەسەر موڵکەکانیدا بگرێ. ئەگەر ناکۆکییەکی بێبایەخیش لەسەر هێڵی سنوورەکانیان سەرهەڵبدا، ئەوا پەنادەبرێتە بەر بەرد و بازوو؛ کەچی خەڵک ڕێگەدەدا ئەوانی تر پەرژین بشکێننە سەر بوونیان – یان لەوەش زیاتر ئەو کەسانەی دەست بەسەر ژیانیاندا دەگرن بانگهێشتدەکەن. هیچ کەسێک نادۆزیتەوە کە بییەوێ پارەکانی خۆی دابەشبکا؛ کەچی هەریەکێک لە ئێمە ژیانی خۆی لەگەڵ چەندین کەسی تردا دابەشکردووە! مرۆڤ لە پاراستنی موڵکە تایبەتییەکانیدا گیرە؛ کەچی کە دێتە سەر کاتبەفیڕۆدان، زۆر دەستبڵاون لە تاکە شمەکێکیاندا کە ئەگەر بۆی چاوبرسی ببی جێگەی ڕێزە.

جا دەمەوێ یەکێک لە پیرترین خەڵکەکان بەگیربهێنم و پێیبڵێم: “دەبینم تۆ گەیشتوویتەتە سنووری کۆتایی تەمەنی مرۆڤێک، وا بەرەو سەدەمین ساڵ یان زیاتری تەمەنت هەڵدەکشێی. وەرە، ژیانت بخەرە بەردەم وردبینین و پێداچوونەوە. با بیژمێرین چەنێک لە کاتت لە لایەن قەرزدەرێکەوە لێ ڕۆیشتووە، چەنێکت لە لایەن دۆستێکتەوە، چەنێکت لە لایەن بەندێکی ئازادکراوتەوە، چەنێکت لە لایەن کڕیارێکتەوە، چەنێکت بە دەمەقاڵێکردن لەگەڵ ژنەکەتدا، بە سزادانی بەندەکانت، لە سووڕانەوە بە شارەکەتدا بۆ بەجێهێنانی کارێکی کۆمەڵایەتی لێبەفیڕۆچووە. ئەو کاتانەشی بخەرە سەر کە تووشی نەخۆشی بووی، ئەو کاتانەش کە بێهوودە ڕۆیشتوون: دەبینیت کە ساڵانێکی کەمترت بۆ دەمێنێتەوە لەوەی کە ژماردبووتن. ئاوڕبدەرەوە و خۆت بیربهێنەرەوە کە هەر کاتێک کە لە ئامانجەکانت دڵنیابووبێتی؛ ئەو ڕۆژە کەمانەی وا بەنیاز بووی بشکێنەوە چۆن شکاونەتەوە؟ چەنێک لە کامی ڕکێفی خۆتدا بووی؟ چەنێک ڕوخسارت دەربڕینی خودی خۆی نمایشکردووە؟ چەنێک مێشکت لە نائاسوودەییدا نەبووە؟ لە ژیانێکی وا درێژتدا دەتوانی بە چ بەرهەمێکتەوە بنازێی؟ چەند کەس تۆیان لە بوونی خۆت تاڵان کردووە بێ ئەوەی تۆ ئاگادار بووبێتی کە چیت لێبراوە؟! چەنێک کاتت بە خەمخواردنی بێبنەماوە، لە ڕابواردنی بێسووددا، لە حەزی چاوچنۆکانەدا، لە جادووەکانی کۆمەڵگادا بەفیڕۆ چووە؟ دەبینی چەند کەم کاتت لە ئەنباری کاتەکانتدا بۆ خۆت ماوەتەوە. بۆت دەردەکەوێ کە تۆ هێشتاش پێش وادەی خۆت دەمری!”.

* پاولینوس: پۆمپەییوس پاولینوس، سوارەیەک بووە خەڵکی شاری (ئارل)ی فەڕەنسای ئێستا ىووە، بەرپرسی دابەشکردنی دانەوێڵە بووە لە  شاری ڕۆمادا لەنێوان ساڵەکانی 48-55ی زاینیدا.

* ژیان کورتە، هونەر درێژە: پەندێکە لە لایەن (هیپۆکرات)ـەوە نووسراوە. لە پەڕتووکی (پرسە توسکولانییەکان)ی (سیسرۆ)دا، سیسرۆ وتەیەکی هاوشێوە دەخاتەپاڵ (تیۆفراستوس)ی قوتابیی (ئەریستۆ)، کە پاشان شوێنی ئەریستۆشی گرتەوە لە قوتابخانەکەیدا. ئەمە یان هەڵەیە، یان بڕیارێکی بەئاگای سینیکا بووە کە پزیشکێکی بەناوبانگی وەک (هیپۆکرات)ی لە بەرانبەر فەیلەسووفێکی هاوپلەی وەک (ئەریستۆ)دا داناوە.