ئیشا-ئوپانیشاد

ئوپانیشادەکان

دوێنێ دەستمکرد بە خوێندنەوەی ئەم پەڕتووکە، ئەگەرچی چوار بەشە، بەڵام تەنها بەشی یەکەمیم خوێندەوە. لەبەرئەوەی دەقەکانی ئاڵۆز بوون و بە ئاسانی نەمدەتوانی تێیانبگەم، ناچار دەقەکانم دەکرد بە کوردی تا زیاتر لە هەر وشەیەک ڕابمێنم و لە ئەنجامدا لە مەبەستەکە تێبگەم. بۆیە تەنها دەقی هۆنراوەکانم لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی وەرگێڕا نەک ڕاڤەکانیان. ئەمەش ئەنجامەکەیە. لە دەرفەتێکی تردا ڕاڤەکانیشی وەردەگێڕم. بەڵام با هیچ نەبێ ئەمەندە هەبێ.

بەشی یەکەم:  ئیشا-ئوپانیشاد

وەرگێڕانی: نەوا موکرجی

4-5 تەممووز  2020

سروودی ئاشتی

ئۆنگ! ئەو (ڕەها نادیارەکە) گشتییەتییە، گشتییەتی (دیاردەییە دیارەکە) ئەمەیە: لە گشتییەتیی نادیارەوە گشتییەتیی دیار دێتەبوون. ئەگەرچی گشتییەتییە دیارەکە لە گشتییەتییە نادیارەکەوە پەیدابووە، بەڵام گشتییەتییە نادیارەکە بە نەگۆڕیی دەمێنێتەوە.

ئۆنگ! ئاشتی! ئاشتی! ئاشتی!

یەکەم

هەموو ئەمانە، هەر شتێک لە گەردووندا بوونی هەبوو؛ دەبێ لە لایەن خوداوە بپارێزرێ، کە دەستبەرداری ناڕاستی بووی، چێژ لە ڕاستی ببینە. بێزوو بە سامانی کەسەوە مەکە.

دووەم

گەر کەسێک ئارەزوودەکا سەد ساڵ لەم جیهانەدا بژی؛ ئەوا دەبێ کارما (کردەوەی چاک) بکا. دەبێ ئاوها بژیت، هیچ ڕێگایەکی تر نییە. بە کردنی ئەمە کارما (کاردانەوە و بەری کردەوەکانت) گڵاوت ناکا.

سێیەم

ئەوانەی خودیان لەناوبردبێ، پاش جێهێشتنی لەشیان، دەچنە جیهانی (ئەسورا)کانەوە، کە بە نەزانی و نەخوێنەوارییەکی کوێرکەر داپۆشراوە.

چوارەم

ئەو، ئەگەرچی بێجووڵەیە، بەڵام لە ئاوەز خێراترە. هەستەوەرەکان هەرگیز ناتوانن پێشیبدەنەوە. چونکە ئەو هەمیشە پێشدەکەوێ. ئەگەرچی ناجووڵێ، بەڵام لەوانەش خێراتر گەشتدەکا کە ڕادەکەن. هەوای گشتگیر هەر بە ئەو هەموو بوونەوەران بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.

پێنجەم

دەجوڵێ و ناشجووڵێ. دوورە و نزیکیشە. لەناو هەموو شتێکدایە و بێ هەموو شتێکیشە.

شەشەم

ئەو کەسەی هەمووان لەناو خوددا دەبینێ و خودیش لەناو هەموواندا دەبینێ، هەرگیز لە خود لانادا.

حەوتەم

ئەو کەسەی هەموو بوونەوەران وەک خود دەبینێ و تێدەگا، چۆن تووشی فریوخواردن و خەمخواردن دەبێ، کاتێ ئەو یەکییەتییە لە هەموو شوێنێک دەبینێ؟

هەشتەم

خود ئابڵووقەدەری هەموو شتێکە، درەوشاوەیە، بێلەشە، بێخەوشە، بێ ماسولکەژێیە، پوختە، دەستی گوناهی بەرنەکەوتووە، هەموو شت دەبینێ، هەموو شت دەزانێ، سەراسیمەکەرە، خۆخۆبەدیهێنەرە، هەموو شتێکی بەجوانی لەپێناو ساڵانی تاتاییدا بەخشیوە.

نۆیەم

ئەوانەی نەزانی/کار دەپەرستن دەکەونە جیهانی تاریکییەکی کوێرانەوە، ئەوانەی زانین/باوەڕ دەپەرستن، بە شێوەیەک دەکەون، وەکبڵێی دەکەونە تاریکییەکی مەزنترەوە.

دەیەم

بە زانین/باوەڕ سەرێک بەدەستدێ، بە نەزانین/کار سەرەکەی تر. ئاوها لە دانایانەوە بیستوومانە کە ئەمەمان فێردەکەن.

یانزەیەم

ئەو کەسەی هاوکاتی یەک زانین/باوەڕ و نەزانین/کار دەزانێ، لەڕێی نەزانین/کارەوە بەسەر مردندا دەپەڕێتەوە و لەڕێی زانین/باوەڕەوە بە نەمریی دەگا.

دوانزەیەم

ئەوانەی دەرنەکەوتوو دەپەرستن دەکەونە جیهانی تاریکییەکی کوێرانەوە، ئەوانەشی دەرکەوتوو دەپەرستن، بە شێوەیەک دەکەون، وەکبڵێی دەکەونە تاریکییەکی مەزنترەوە.

سیانزەیەم

بە پەرستنی دەرنەکەوتوو سەرێک بەدەستدێ، بە پەرستنی دەرکەوتوو سەرەکەی تر. ئاوها لە دانایانەوە بیستوومانە کە ئەمەمان فێردەکەن.

چواردەیەم

ئەو کەسەی هاوکاتی یەک دەرنەکەوتوو و دەرکەوتوو (یان ئەوەی دەکرێ لەناوببرێ) دەزانێ، لەڕێی زانینی ئەوەیانەوە کە دەکرێ لەناوببرێ (دەرکەوتوو) بەسەر مردندا دەپەڕێتەوە و لەڕێی زانینی هۆکاری یەکەمەوە (دەرنەکەوتوو) بە نەمریی دەگا.

پانزەیەم

ڕوخساری ڕاستی بە خەپلەیەکی زێڕین شارراوەتەوە. ئەی پوشان (خودای درەوشاوە) ڕووت وەدەربخە، بۆئەوەی منی ڕاستی-پەرست بتبینم.

شانزەیەم

ئەی پوشان! ئەی خۆر، تاقە گەڕیدەکەی ئاسمانەکان، ڕکێفکەری هەمووان، کوڕی پراجەپاتی، تیشکەکانت ڕابکێشەرەوە و درەوشانەوە سووتێنەرەکەت کۆبکەرەوە. ئێستا لەڕێی میهرەبانییتەوە تەماشای بەخشندەیی و شکۆداریی شێوەکەت دەکەم. من ئەو پوروشایەم (بریسکە) کە لەناو تۆدایە.

حەڤدەیەم

با هەناسەی ژیانم بۆ پرانای نەمر و گشتگیر بێ، با ئەم لەشەش تا دەبێ بە خۆڵەمێش بسووتێ. ئۆنگ! ئەی ئاوەز، کردەوەکانت بهێنەوە یاد! ئەی ئاوەز، بیهێنەوە یاد، کردەوەکانت بهێنەوە یاد! بیهێنەوە یادت!

هەژدەیەم

ئەی ئاگنی! لە ڕێگە ڕاستەکەوە بەرەو کامەرانیمان ببە. ئەی خودایە! تۆ بە هەموو کردەوەکانمان دەزانی، هەموو خراپەیەک و فریودانێکمان لەسەر هەڵبگرە. دووبارە و دووبارە کڕنووش و نزاکانمان پێشکەشی تۆ دەکەین.

****

لێرەدا ئەم ئوپانیشادە تەواودەبێ.