پەلەپەل

تۆ کابرایەکی تەممەڵیت! وەرە بە فلاشباک ئەچینەوە بۆ سەدەی پێشتر…

ساڵێک گەورەکرایت بۆیی زوو فریای مەکتەب بکەوی. لە نۆزدە ساڵییەوە مێشکی سەری ماڵەوەت بردوە شووبکەیت یان ژنبهێنیت، لە کۆتاییا دایکوباوکت ناچار لە بیستویەک ساڵییدا یان پێشتریش دایانیت بە شوو یان ژنیان بۆ هێنایت. ئەگەر بە زانکۆ گەیشتبی، لە مانگی یەکەوە ئەچووی بۆ سەیرانی نەورۆز و لە مانگی دوەوە ئەچووی بۆ “حەفلەی تەخەروج”!. ئەمەنە پەلەت بوو خێرا مناڵێکت خستەوە. لای تۆ وەکو بڵێی لەم سەر عەرزەیا بەس ئیش لای حکومەتە، هەموو ڕۆژێ واستەیەکت ئەکرد بۆئەوەی تەعین ببیت، ئێ لە ئەخیرا بوی بە مۆزەفی حکومەت. ئەو کاتەی بووشی بە مۆزەفی حکومەت بە درۆوە نوخشەت لە یەک دوو خزمی خۆشتان کرد

تۆ وەک مۆزەفێکی حکومەت لە بێ ئەزموونیی و بێ خەونیی و بێ ئامانجیی و بێ هیوایی و بێ عەقڵیتا بووی بە مۆزەفی حکومەت. ئەزانی بۆ؟ بەیانیان بە هەزار شەڕەشەق ئەچی بۆ دەوام. خەڵک لەسەر ڕەقەم ئیهانە ئەکەیت، ڕۆحی خەڵک دەرئەهێنیت ئەمە چییە جنسییەیەکی سەخیفی عێڕاقیی بیرچوە یان نییەتی. پیرێژن و پیرەمێرد بە ڕەتڵ لە سەرەیا ڕائەگریت و دوایش ئیشەکەیان بۆ ناکەیت. ئەوەی واستەی نەبێ پێی ئەڵێی بڕۆ مانگی دوانزە وەرەوە. دڵی خەڵک برینار ئەکەی. ئەشیڕێنی بەسەر خەڵکا. خەڵک ئیهانە ئەکەی ئەمە چییە ئیشێکی کەوتۆتە پۆستەکەی تۆ. هیوایەتت ئەوەیە بڵێی “ناکرێ، نابێ، کاکە ئەمە بەسەرچوە، کاکە ئەمە لە بەغاوە ئەکرێ، کاکە ئەمە ئیزبارەی ئەوێ، کاکە ئەمە تەئیدی موختاری ئەوێ، کاکە ئەمە ئەبێ خوا پێغەممەری تازە بنێرێ و ئایەتێکمان بۆ بنێرێ پێمان بڵێ ئەمە بکەن…”

هەر لەو دەوامیلکەیەی لە حکومەتا ئەیکەی، سەعات نۆ ژەمێک نان ئەخۆی پاش چارەکێک دوای گەیشتنت، سەعات دە تۆزێ گوڵەبەڕۆژە ئەخۆی، سەعات یانزە چایەک ئەخۆی بە نیوسەعات حیلکەحیلکەوە، سەعات دوانزە پیاو ناوێرێ سەربکا بە ژوورەکەتا بۆنی پیاز ئیمانی پیاو دەرئەهێنێ، سەعات دوانزە و نیو بە خەڵک ئەڵێی دەوام تەواو بوو، سەعات یەک لە ماڵەوەی، ئیتر بە سەماح بێ، بە تیمساح بێ بە هەر شتێک بێ.

تۆ کە بوویت بە مۆزەفی حکومەت بۆئەوە بوویت کە “بەخوا کاکە هەر ئەوە موستەقبەلەکەی باشە، سبەینێ کە پیر بووی تەقاعودییەکت بۆ ئەبڕنەوە و پارە وەرئەگریت”

قوربان کەواتە کورت و پوخت، تۆ لە پێناوی ئەمڕۆتا ئەم ئیشەت نەکردوە، ئێ ئیتر خێرە ئەمڕۆ هاتوویتەتە سەر جادە؟ ئەگینا کاکە تۆ لە ئەزەلەوە بیرت لەوە نەکردۆتەوە جگە لەو ئیشەی بێ بیرکردنەوە ئەیکەیت هیچ شتێکی تر لە هاوکێشەی ژیانی خۆشت و ئەم گەردوونەدا بگۆڕیت.

قوربان، یەک هەزار کۆمپانیا و ڕێکخراو و کەرتی تایبەت هەیە، تۆزێ خۆت هیلاک بکە و خۆت فێری شتی نوێ بکە و ئەتوانیت ئیشێک بدۆزیتەوە.

بەڵام تۆ ئەتەوێ لە بیاباندا لەبەر سێبەردا بیت و دارێکیشی تیا نەچێنی. تۆ ئەتەوێ تەقاعودیی وەربگری. ئەرێ خاڵە بیرت لەوە نەکردۆتەوە تەقاعودییەکەش بە هەزار هەلاکەت و فەلاکەت وەرئەگری چونکە لەوێش دوو مۆزەفی تری وەکو تۆ چاولەدەستی لێیە؟

وەرن ئامارێک بکەن، لە کۆی هەموو مۆزەفەکانی حکوومەت بزانن چەند دانەیان زمانێکی تر جگە لە کوردی ئەزانێ (کە زووزوو ئەشڵێ: “بابە خۆی ئەم زمانی کوردییە سەقەتە!”) ئادەی بزانە چەن مۆزەفی حکوومەت لە ئۆفیس ئەزانێ، چەن مۆزەفی حکومەت لە کۆمپیوتەر ئەزانێ، هەر بۆ خۆشییش پرسیار بکە چ مۆزەفێکی حکوومەت دوای دەوامیلکەکەی خەریکی هیوایەتێکی خۆیەتی.

ئەها ئێستا ئەم بەشە تێگەیشتی؟ زۆر چاکە، ئەی تۆ وا ئەزانی حکومەت کێیە؟ حکومەت تۆیەکی ترە لە پلەیەکی بەرزتردا، بگرە لە تۆش خراپتر، ئەو تا دوێنێ لە خێڵی حەمەدا خەڵکی کوشتوە ئەمڕۆ بە هەمان کوالیتیی و ستراتیژییەتی عەقڵی تۆوە کردویانە بە وەزیر یان پەرلەمانتار.

کاکە بەیانی تۆش بکەن بە وەزیر هەروا ئەبێ، ئەزانی بۆ؟ لەبەرئەوەی دنیا خۆهیلاککردنی ئەوێ، ئەو وەزیرەی کە ئێستا ئەیبینی، ئەویش وەک تۆ بۆ ئەوە هاتوە تەقاعودییەکی باش وەربگرێ و سەرە واو لە مەعیدەیا نییە.

تەقاعودییەکەت بەپەلەپەل پیرۆزبێت.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *