گۆکول چاند موکرجی

گۆکول چاند موکرجی کێ بووە؟

گۆکول چاند موکرجی

گۆکول چاند موکرجی

گۆکول-چاند سەنکەر-چاند موکرجی، باپیرمە. لە ساڵی ١٨٩٤ لە ناوچەی مانیکگۆنج لە دەککا لەدایکبووە. ئەگەرچی لە ناوچەی ناوبراودا شارۆچکەیەک هەیە هەر بە ناوی (مانیکگۆنج)ـەوە، بەڵام ئایا باپیرم لە شارۆچکەی مانیکگۆنج یان ناوچەکە کامیان لەدایکبووە؟ ئەمەیان نازانم. ئەوکات دەککا سەر بە هیندستان بووە و لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا بووە. ئێستا دەککا پایتەختی بەنگلادیشە. من خودی خۆم باپیرمم نەدیوە. پێموابێ هەموو زانیارییەکانیشی هەر لە زاری خۆیەوە وەرگیراون، چ ڕاستەوخۆ بووبێ، چ لەڕێی باوکم (کەمال موکرجی)یەوە بووبێ. من چەند جارێک لەگەڵ پوورمدا (شوکرییە موکرجی) دانیشتووم و سەبارەت بە باپیرم پرسیارم لێکردووە. تەنانەت جارێکیان ویستم چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بکەم و بە کامێرەش تۆماریبکەین. بەڵام ئەمە هەرگیز ڕووینەدا و پوورم لە ١٨/١١/٢٠١٨دا لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

دەمێکە زانینی ڕەگوڕیشەی خۆمان خولیام بووە و حەزمکردووە زیاتر بزانم. تەنانەت بیرۆکەی ئەوەشمان هەبووە کە بۆ هیندستان و بەنگلادیش و پاکستان بگەڕێمەوە و بەدوای زانیاریی ڕەگوڕیشە و کەسوکارماندا بگەڕێم، تەنانەت لەگەڵ هاوڕێیەکدا بڕیار وابوو ئەمە بکەین و هەمووشی بە فیلم تۆماربکەین تا لە کۆتاییدا ببێ بە فیلمێکی بەڵگەنامەیی. بەڵام تا ئێستا ڕێکنەکەوتووە.

لە ساڵانی ڕابردوودا هەموو وێنە و بەڵگەنامە و دۆسێکانی خێزانی خۆمانم کۆکردەوە، لە بەڵگەنامە ڕەسمییەکان و پێکەوەنانەوەی چیرۆکەکانی ناو خێزانەکەمانەوە بەشی ئەوەندە زانیاریم کۆکردەوە کە ڕاپۆرتێک لەسەر باوکم و باپیریشم کۆبکەینەوە. هاوڕێی خۆشەویستم دانا گیان لەم کارانەدا لەگەڵمدا گەلێ ماندوو بوو و دواتریش داواملێکرد خۆی بڵاویانبکاتەوە.

سەرەتای ژیانی موکرجی

گۆکول چاند موکرجی

گۆکول چاند موکرجی

لە ساڵی ١٨٩٤دا لە مانیکگۆنج لەدایکبووە. ڕۆژ و مانگی لەدایکبوونی تا ئێستا نەزانراوە. ئەم زانیارییە لەسەر زۆربەی بەڵگەنامە ڕەسمییەکانی هەیە کە هەموویانم لەم ماڵپەڕەدا بڵاوکردووەتەوە و لە خوارەوە دەتوانی هەموویان ببینی. دایکی ناوی (سوگنی سادە) یان (سوگنی سادی) بووە و لە ساڵی ١٨٥٠دا لەدایکبووە. ئەم زانیارییەش هەر لەسەر زۆرێک لە بەڵگەنامەکانی هەیە. باوکی ناوی سەنکەر-چاند موکرجییە. ئەگەرچی بە ڕێنووسە عەرەبییەکە هەمیشە دەنووسرێ (جاند) بەڵام بە دەسخەتی خۆی بە ئینگلیزی و لەڕێی نووسراوە ئینگلیزییەکان و تەنانەت واژۆکەی خۆشییەوە دەتوانین بزانین کە (چاند)ـە نەک (جاند).

ئەوەندەی باوکم زانیویەتی: باوکی کارمەندی پۆلیس بووە و بە هۆی کارەکەیەوە بۆ شاری (گایا) لە هەرێمی (بیهار) لە هیندستان گواستراوەتەوە و هەر لەم شارە خوێندنی سەرەتایی خوێندووە. گۆکول چاند گوایە نۆیەمین مناڵی خێزانەکەی بووە و لە هەمووان بچووکتر بووە. حەوت برا و خوشکێکی هەبووە. ئەگەر چی من لەم زانیارییە هیچ دڵنیا نیم، هۆکاری نادڵنیاییەکەشم ئەوەیە کە ئێمە خۆشمان حەوت برا و خوشکێکین (جگە لە گوڵاڵە کە هەر بە مردوویی لەدایکبووە)،  وەلێ دەشێ باپیریشم هەمان چیرۆک بێ، بەڵام من هەر لە خۆمەوە گومانم لێی هەیە. بەڵام ئەمە تا ئێستا تەنها گێڕانەوەیە و با تا ڕۆژێک پشتڕاستدەکرێتەوە هەر وا بمێنێتەوە. گوایە لە ساڵانی مناڵیدا نەخۆشیی تاعوون لە شاری گایا بڵاوبووەتەوە و هەموو کەسوکارەکەی لەدەستداوە. لە گەڕانم بەدوای ڕاستیودروستیی ئەم ڕووداوەدا بەپێی (گەزەتەی تەندروستیی هیندی – The Indian Medical Gazzette)ی ڕێکەوتی ئەیلوولی ١٩٤٩ لە لاپەڕە ٤٠٨دا ڕاپۆرتێک لە لایەن پڕۆفیسۆر (ئێس. سی. سیڵ)ـەوە نووسراوە کە پڕۆفیسۆری پەتاناسی بووە، دەڵێ “شارۆچکەکە لە ساڵەکانی ١٩٠٠-١٩٠٣، ١٩٠٧-١٩٠٨، ١٩١١ و ١٩١٧-١٩١٨دا بە خراپی دووچاری تاعوون بووەتەوە“. واتە ڕووداوەکە ڕوویداوە، بەڵام تا چەند دەتوانین پشتڕاستیبکەینەوە کە لە خێزانی باپیرم ڕوویداوە و هەموو ئەندامەکانی خێزانەکەی کوشتووە؛ ئەمەیان نازانم و لێکۆڵینەوەی پێویستە. من چەند جارێک لە پوورە شوکرییەمم پرسیوە (کە ئێمە و زۆربەی خەڵکان تەنها پێماندەوت “باجی”). چەندین جار ئەم چیرۆکەی وەک خۆی بۆ دووبارەکردوومەتەوە. بەڵام نێوانی خۆمان بێ، من زۆر لە زانیارییەکانی ئەویش دڵنیا نەبووم، هەندێ جار هەستمدەکرد زانیارییەکانی ئۆتۆماتیکییانە و بێ پرسیار وەرگرتووە. چونکە دەیوت: “خۆی دوو خێزان هەبوون، مەکارجی و سەکارجی…” ئینجا من هەمیشە پێکەنینم بەم قسەیە دەهات، بیرمدەکردەوە هیندستان ملیارێک خەڵکی تیایە، دوو خێزانی چی؟! بەڵام وابزانم لاماژەی مەبەست ئەوەیە کە دەشێ مانیکگۆنج لەوکاتەدا وابووبێ، یان ئەو شارۆچکەیەی تیایدا لەدایکبووە وابووبێ. پاشتر ئەم زانیارییانە لە لایەن مامۆستا (عەبدوڵڵا کەریم)ـەوە هەموو کۆکرانەوە و لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێدا بڵاوکرانەوە کە هەر لە خوارەوە کوردی و عەرەبییەکەشم بڵاوکردووەتەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێ “تاعوون باوک و دایکی و چەند برایەکی کوشتووە”. چەند برای؟ چەندیان مان؟ ئەی خوشکەکەی؟ ئەمانە زانراو نین. ئەڵبەت من چاک دەزانم کە ئەم زانیارییانە لە پوورمەوە سەرچاوەیان گرتووە و مامۆستا عەبدوڵڵا لەخۆیەوە ئەم زانیارییانەی نەداوە. چونکە پوورم ئەم شتەی بە خودی خۆشم وتووە.

پاش مردنی دایکوباوک و “چەند برایەکی” ڕۆیشتووەتە شاری پەتنا هەر لە هەمان هەرێمی (بیهار). گوایە لە ماڵی خزمێکیان دەمێنێتەوە کە ئەوانیش هەر زۆر هەژار بوون. بۆیە ناچاربووە هەر لە تەمەنێکی مناڵییەوە دەستبکا بە کارکردن. یەکەم کاری ئەوە بووە لە فەرمانگەیەکدا بووە بە چاودێر، چ فەرمانگەیەک؟ نازانم. پاشان لەبەردەم پۆستەخانەی ناوەندیی شارەکەدا دەبێ بە سکاڵانووس. پاشان دەبێ بە جابیی ترام. تا ئێستا هیچ کامێک لەم زانیارییانە ناتوانم پشتڕاستبکەمەوە. بەڵام لە ئایندەدا هەوڵدەدەم.

سوپای بەریتانی و عێڕاق

گۆکول چاند موکرجی لەگەڵ پێشمەرگەکانی شێخ مەحمووددا

گۆکول چاند موکرجی لەگەڵ پێشمەرگەکانی شێخ مەحمووددا

موکرجی لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا و لە ڕێکەوتی ٥ی شوباتی ١٩١٨دا پەیوەندی بە سوپای بەریتانییەوە دەکا. هەر دوای پەیوەندیکردنەکەی لە شاری ڕاولپیندی (کە ئێستا پاکستانە) دەخرێتە خولی ئامادەکارییەوە و میکانیک و فیتەری دەخوێنێ. پاشان بۆ عێڕاق دەنێررێ. گوایە یەکەم جار بۆ بەسڕە نێرراوە. بەڵام لە ئێستادا ئەمەیانم بۆ پشتڕاستناکرێتەوە. بەڵام لە مووچەنامەکەیدا نووسراوە کە لە ٥ی ئازاری ١٩١٩ لە بەغدا مووچەکەی وەرگرتووە. لە ١ی ئایاری هەمان ساڵ لە کەرکووک وەریگرتووە. پاشان لە ئابدا لە بەغدا. پاشان بۆ ساڵی دواتر لە ٣ی ئابدا مووچەکەی لە سلێمانی وەرگرتووە. واتە ئەمە دەیسەلمێنێ کە شوێنکارەکانی: بەغدا، کەرکوک، بەغدا، سلێمانی بووە. نازانم ڕێکەوتی دیاریکراوی یەکەم ڕۆژی هاتنی بۆ سلێمانی کەی بووە، بەڵام بەپێی پەسننامەکانی سەرکارەکانی بێ لە ئازاری ١٩١٩ تا ئەیلوولی ١٩٢٢ لە سلێمانی شۆفێری سەرەکیی ئەفسەری ڕامیاریی ئینگلیز بووە لە سلێمانی.

بەشێک لەم یادنامانە ڕاستەوخۆ لە خۆی و باوکم وەرگیراوە و لە پەڕتووکی (شاری سلێمانی)ی ئەکرەمی مەحموودی ساڵحی ڕەشە بە ئاگاداریی باوکم بڵاویکردووەتەوە. لە ٦/١/١٩١٩دا بووە بە شۆفێری سەربازی نێوان سەربازگەی ڕەشید کە پێیوتراوە (ئۆردوگای هیندییە) یان (بابولموعەززەم). لێرەدا دەقی نووسراوەکەی ناو پەڕتووکی ناوبراو دەهێنمەوە و وەک خۆی دایدەنێمەوە بە هەموو هەڵەی ڕێنووسەکەیەوە:

لە ساڵی ١٩١٩ی زاینیدا ھەروەکو باسمانکرد مێجەڕسۆن بوو بە حاکمی سیاسی لە سلێمانیدا. ئەمیش دوو شۆفێری ھیندیی لەگەڵا بوو.. لەبەرئەوەی ئەم دوو شۆفێرە ئۆتۆمبیلەکانیان بە شکاوی لای تاسلوجە و کەندەکەوەوە بەجێ ھێشتووە نەیانزانیبوو چاکی بکەنەوە ھەردوکیانی بە دەست بەسەری ناردنەوە بۆ بەغدا وەداوای لێکردبوون کە ئۆتومبێل چییەکی زۆر باشی بۆ بنێرن بەمەرجێک میکانیکییەکی باش بێت وە ھەروەھا ئینگلیزییەکی چاکیش بزانێت.

ھەر لەم کاتەدا لاوێکی ھیندی میکانیکی زان ھاتبوە بەغداوە ھەموو ڕۆژێک بە فەرمانی عەسکەری لە ئوردوگای ھیندییەوە واتە (معسکر ڕشید) بە ئوتومبیلە عەسکەرییەکەیەوە دەچوو بۆ (باب المعظم). لەبەر ئەوەی کە ئەم لاوە زۆر بەڕەحم بوە لە رێگای خۆیدا ھەرچی پیرو مناڵ و ئافرەتێکی بەدی بکردایە، سواری دەکردن لەسەر ئەم کردارە لێپرسراوەکەی کە باش چاوەشێکی ئینگلیزی دڵڕەق دەبێت. ڕقی لێ ھەڵ دەگرێت. کەداواکەی مێجەرسۆن دێتە لایان. ئەم ئینگلیزە دڵڕەقە ئەو لاوە ھیندییە بانگ دەکات و پێی دەڵێت: ئەوا ناوی تۆی بەڕەحم درا بەو کاربەدەستانە کەبت نێرن بۆلای بێ ڕەحمێکی زۆر توند کە حاکمی شارێکە کە زۆر دوورە لە بەغداوە٫ ھەر بەم جۆرە پاش چەند ڕۆژێک (گۆگۆل جان مکورجی) دەکەوێتە ڕێ لە بەغداوە بەرەو شاری سلێمانی ئەو شارەی کە خۆشی ویست٫ ھەرگیز بەجێی نەھێشت٫ وەلەو رۆژەوەی کە ھات کە لە مانگی مارتی ١٩١٩ز یەوە مایەوە ھەتاکو رۆژی پێنجشەممەی ڕێکەوتی ١٨/١٢/١٩٨٠ کە وەفاتی کرد وە لە خاکی پاکی گردی سەیوان نێژرا…

ئینجا با باسی گەشتەکەی بکەین بۆ سلێمانی: بۆ ڕۆژی دووەم لە گەیشتنی کاک مکورجی بۆ سلێمانی (میجەرسۆن) گوێی لە ڤڕەڤڕی ئوتومبێلێک دەبێ وە لە پەنجەرەی ژووری دائیرەوە سەر دەردێنێت، یەکێک لە دوو ئوتومبێلەکەی خۆی دەبینێ سەری سوڕ دەمێنێت. دەنێرێت بەدوای مکورجیدا.. (مکورجی لەقەبی خێزانەکەیانە لە بەنکال) پێی دەڵێت: چۆنت ئەم ئوتومبێلە چاک کردەوە؟ پارچەکانیت لەکوێ بووە؟ لە وەڵامدا موکرجی دەڵێت لە پارچەی ئەویان ئەمیانم تەواوکردووە بەمیان ئەوی تریانم ڕاکێشا هەتا گەیشتمە مهندس خانە پاشان بە شێنەیی ئەویشیان چاک دەکەم.

سۆن – بەم وەڵامە زۆر دڵخۆش دەبێت فەرمان دەدا کە ڕێوشوێنێکی زۆرچاکی بۆ تەرخان بکەن. زۆر ڕێزی لێ دەگرێت.. بە هۆی توانایی مکورجی یەوە لەسەر فەرمانی حاکمی ناو براو بڕیار دەدرێت بە کردنەوەی دەورەیەکی شۆفێری بۆ یەکەمجار لە شاری سلێمانی لە بەهاری ساڵی ١٩٢٠ ز هەر بۆ ئەم مەبەستە جاڕ دەدرێت وە لە ڕۆژنامەی ئەو ڕۆژەی سلێمانی دا بڵاودەکرێتەوە. وردەوردە لاوانی شار خۆیان ناونووس دەکەن، روو دەکەنەمەڵبەندی دەورەکە لە لە مهندسخانە بوو…

ئەوەی بەپێی بەڵگەنامەکان دەردەکەوێ ئەوەیە کە وادیارە لە کۆتایی ساڵی ١٩٢٠دا لە تەمەنی ٢٧ ساڵیدا بڕیاری نەگەڕانەوەی بۆ هیندستان دابێ و لە خزمەتی سەربازی دەرچووە. بەپێی بەڵگەنامەی دەرچوون لە خزمەتی سەربازییەکەی وادەردەکەوێ کە خۆی لەسەر داوای خۆی داوایکردووە لە خزمەتی سەربازی دەربچێ کە ئەمەش هەر  لەسەر بەڵگەنامەکە نووسراوە کە ڕێگریی لێدەکا لەوەی لەژێر سایە و تێچوونی سوپای بەریتانییەوە بۆ هیندستان بگەڕێنرێتەوە. وا دیارە پەیوەندیی بە بەشی شارستانیی سوپاوە کردووە، چونکە بەڵگەنامەیەکی تریشمان بەدەستەوەیە کە لەوکاتەی بەریتانییەکان سلێمانی جێدەهێڵن ناچارن کەمکردنەوە لە کارمەندەکانیاندا بکەن و بەم شێوەیە گۆکول چاندیش بەرکەوتووە و ناچاربووە دەستلەکاربکێشێتەوە. هەردوو ئەم بەڵگەنامانە لە خوارەوە هاوپێچ کراون.

ئوتومبێلی تازەی کڕیوە و لە هێڵی سلێمانی-کەرکوک و کەرکوک-هەولێر و کەرکوک-کفری خستوونییەتیە کارەوە. هەر لەم ماوەیەدا بووەتە ئاشنای شێخ مەحمودی حەفید و حەپسەخانی نەقیب. خۆشیانویستووە و ڕێزیان لێگرتووە. چیرۆکە باوەکە بەو شێوەیەیە کە باپیرم ئوتومبێلەکەی خۆی پیشکەشی شێخ مەحموود کردووە و ئەویش پارەکەی داوەتەوە، دواتریش هەر خۆی بووە بە شۆفێری شێخ مەحمود. شێخ مەحمود کە لێیپرسیوە ناوت چییە و بیهێنە بەرچاوت پیاوێکی هیندی بە شێوەی گۆکردنی هیندی ناوی خۆی بڵێ (گۆکول چاند سەنکەر چاند موکرجی)، شێخ مەحموودیش چەند جارێک لێی دووبارەکردووەتەوە و وتوویەتی ئەم ناوە بۆ من قورسە و تۆ لەمەودوا ناوت غەفوور هیندییە! هەندێ جار پێیانوتووە غەفوورە ڕەش.  بەڵام کە بە دیوێکدا بیر لەم چیرۆکە دەکەیتەوە؛ پیاوێکی بێگانە لە وڵاتێکی بێگانە بەتەنیا جیهێڵراوە و پاشای ناوچەکەش چەند هەنگاوێک لێیدوورە و ئوتومبێلی نییە و شۆفێر و فیتەری لە خۆی زیرەکتریش نییە، بەپێی ئەوپەسننامانەی هەڵیگرتوون بە گەواهینامەی ئەفسەرنی ئینگلیز موکرجی “شۆفێر و فیتەری پلە نایاب و پلە یەک” بووە. بۆیە ئەم دەستپێشخەرییە دەکا بۆئەوەی کار بدۆزێتەوە و پلانەکەشی ڕێکوڕەوان سەریگرتووە و بووە بە شۆفێری پاشا!

لە ساڵی ١٩٣٢دا بڕوانامەی تەجەنوس وەردەگرێ کە لە خوارەوە هاوپێچکراوە. پاشان لە ٢٩ی نیسانی ١٩٣٦دا دەبێتە خاوەنی ڕەگەزنامەی عێڕاقی. لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٨ دا داوانامەیەک پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ دەکا کە لە خوارەوە پیشاندراوە، تیایدا لەبەر بەساڵاچوون و نەتوانین داوایکردووە مۆڵەتی شۆفێریی لێوەربگیرێتەوە و بەم شێوەیە لە کار وازیهێناوە.

ئاین

لەسەر هەموو بەڵگەنامە عێڕاقییەکانی نووسراوە گوایە موسوڵمان بووە. هیچ کەسێک لە خێزانەکەماندا هەرگیز باپیرمانی نەدیوە هیچ نەریتێکی ئیسلامی جێبەجێ بکا. من بەتایبەتی بە هیچ شێوەیەک باوەڕناکەم باپیرم بە موسوڵمانی بۆ عێڕاق هاتبێ، بەڵکو هیندۆس بووە. بەڵگەکانیشم هەر لە خودی ناوی خۆیدایە. چ گۆکول و چ چاند و چ سەنکەر و چ موکرجی هەموویان ناوی هیندۆسیین. گۆکول ناوی ئەو شوێنەیە کە خودا (کریشنا) لێی گەورەبووە. چاند هەر هیندۆسییە و واتە تابان، مانگەشەو، مانگ. دیارە (گۆکول چاند) واتە تابانی گۆکول یان مانگی گۆکول. سەنکەر (نەک سەنگەری کوردی) ناوێکی هیندۆسییە، ناوی خواوەندی هیندۆسی (شیڤا)یە، بە واتای “چاکەکار” دێ. موکرجی کە بە ئینگلیزی چەندین ڕێنووسی هەیە، ئەویش نازناوێکی هیندۆسیی (کولین براهمین)ییە کە لە بنەچەدا وشەیەکی سانسکریتییە بە واتای (مامۆستا، سەرکار) دێ. هەموو خێزانی موکرجییەکانیش لە بنەچەدا سەر بە هەرێمی بەنگال و وڵاتی بەنگلادیشن. براکانم هەموویان دەنووسن (مکورجی)، باوکم نووسیویەتی (مکرجی)، لەسەر پێناسی باری شارستانییەکانیشمان هەر (مکرجی)یە. بەڵام من لە ساڵی ٢٠١٩وە بە ڕەسمی کردم بە موکرجی و لە دوای ئەو ڕێکەوتەوە هەرگیز (مکورجی) بەکارناهێنم، چونکە پێموایە هەڵەیە.

بەڵام بێگومان خەیرییە خانی سێیەم هاوسەری و نەنکی من موسوڵمان بووە و باوکم و پوورم (باجی) موسوڵمان بوون و ئێمەش بە موسوڵمانی لەدایکبووین. من پێموایە باپیرم کەسێکی خۆخۆشەویستکەر بووە و لەسەر بیروباوەڕ دژایەتیی کەسی نەکردووە و هیچیش بەلایەوە گرنگ نەبووە بە موسوڵمان لەقەڵەمبدرێ یان بە هیندۆسی. کە تەماشای هەمووانی کردووە موسوڵمانن؛ ئەویش لەگەڵ ئاینی باوی خەڵکدا ڕۆیشتووە و بۆی گرنگ نەبووە. تەنانەت هیچ لای گرنگ نەبووە خەڵک بە ناوی خۆشییەوە بانگینەکەن، هیچ کێشەیەکی نەبووە کە شێخ مەحموود ناوی بە (غەفوور هیندی) گۆڕیوە. تەنانەت کە بیرملێکردووەتەوە؛ باپیرم کەسێکی زۆر ئاشتیخواز بووە، ئەو لە ناوەڕاستی هەموو شەڕکەر و تەواوی جەنگی جیهانییەکاندا بووە، کەچی تفەنگی لە دژی کەس هەڵنەگرتووە و شەڕی بۆ هیچ کەسێکیش نەکردووە، لە سوپای بەریتانیدا شۆفێر و فیتەر بووە. نە شەڕی بۆ هیندستان کردووە، نە بۆ بەریتانیا، نە بۆ عێڕاق نە بۆ کوردستان. من پێموایە باپیرم بە هەموو شێوەیەک دژی شەڕ بووە. حەزێکی زۆری لە خزمەتکردنی خەڵک هەبووە. دڵسۆزی هەموو ئەوانە بووە کە کاری بۆکردوون و لێنەگەڕاوە ئەم دڵسۆزییەش هەر وا بێ تۆمارکردن بڕوا. ئەوەتا لەو سەردەمەدا پەسننامەی (نامەی پشتگیری و گەواهیدان)ی بە زۆربەی سەرکارەکانی خۆی نووسیوە. جارێکیان کاک ئاسۆی عومەر سوارە وتی: “کە شەڕی دەربەندی بازیان بووە شێخ مەحموود نەیتوانیوە دەستی بە ماڵەوەی بگا. باپیرت (گۆکول چاند موکرجی) چووە و هەموویانی هەڵگرتووە و بۆلای شێخی هێناون. تەنانەت شێخ مەحموود وتوویەتی: لەم هەموو کەللەزلەی لەگەڵمدان کەسێکتان نەبوو خەمێکی ماڵومناڵەکەم بخوا کابرایەکی هیندی نەبێ کە لەوسەری دونیاوە هاتووە؟

جارێکیان خۆم پرسیاری ئاینم لە باجی کرد، وتی ئێ خۆ لەسەر ڕەگەزنامەکەی نووسراوە کە موسوڵمانە، وتم دەزانم، بەڵام ئایا هەر بەڕاستی موسوڵمان بوو؟ تۆ قەت دیوتە نەریتێکی ئیسلامی بنوێنێ؟ بەڵام ئەو بە باسێکی تر وەڵامیدامەوە. وتی: جارێکیان بە کاری چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە بۆ قوتابخانەیەک چووم. بەڕێوەبەرەکە کە ناوی باوکمی بیستبوو و دەیزانی هیندییە، لێیپرسیم: “ست شوکرییە، ئەوە باوکت خەتەنە کراوە؟” منیش زۆرم پێناخۆش بوو، سەرزەنشتمکرد و وتم مامۆستا زۆر ناشرینە بۆ تۆ ئەو پرسیارە دەکەی و شەرم لە خۆت بکە. ئینجا هاتمە دەرەوە و زۆر دڵم تەنگ بوو و زۆرم پێناخۆش بوو کە ئەو مامۆستایە ئەوەندە بێئەدەب بوو، خۆم نەگرت بۆ ست (…)ی هاوڕێم گێڕایەوە، ئەویش وتی: “جا پێتبوتایە من چوزانم خەتەنە کراوە یان نا، لە ژنەکەت بپرسە، ئەو ڕەنگە بزانێ“.

خێزان و کەسێتی

گۆکول چاند موکرجی و خێزانەکەی

لە ڕاستەوە بۆ چەپ: شوکرییە موکرجی، خەیرییە ئەیوب غەیوب، کەمال موکرجی، گۆکول چاند موکرجی، عەتێ فەرەج مەحموود
مناڵەکە: ئاسۆ کەمال موکرجی لە 16 کانوونی یەەکەم 1967ە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ئاسۆیە. شوێنەکە خانووەکەی سابوونکەرانە.

باپیرم سێ جار هاوسەرگیریی کردووە. ژنی یەکەمی ناوی (حەبە خان) بووە و هیچ زانیارییەکی وام نەدۆزیوەتەوە هیچ سەبارەت بەم خانمە بزانم. کێ بووە؟ خەڵکی کوێ بووە؟ گرێبەستی هاوسەرگیری؟ لەناو دۆسێکانیشدا هیچ بەڵگەنامەیەک لەسەر ئەم خانمە نییە. ژنی دووەمی ناوی (ئامینە) خان بووە. کچێکیان بووە ناوی (سەبیحە) بووە. لەگەڵ ئامینە خاندا جیابوونەتەوە. پاشتر ئامینەخان شوو بە پیاوێکی تر دەکا کە ئەو پیاوە سەبیحە دەخاتە سەر ناوی خۆی. واتە پوورە سەبیحم بە ڕەسمی کچی باپیرم نییە، بەڵام لە ڕاستیدا کچی باپیرمە.

ژنی سێیەمی باپیرم کە نەنکی منە ناوی (خەیرییە ئەیوب غەییوب)ـە. ئەگەرچی لەسەر پێناسەکەی نووسراوە (کەرکوک) بەڵام گوایە خەڵکی کفری بووە. لە ٢٥ی ئابی ١٩٢٥دا لە کفری مارەیکردووە. نەنە خەیرییە لەسەر پێناسەکەی نووسراوە کە لە ساڵی ١٩١٣ لەدایکبووە. ئەگەر وابێ، کەواتە بە دوانزە یان سیانزە ساڵی شوویکردووە. بۆیە لەو باوەڕەدام هەڵەیەک لە ساڵی لەدایکبوونەکەیدا هەبێ. هەموو لاماژەکان ئەوە دەردەخەن نەنە خەیرییە تورکمان بووبێ. تەنها کەس کە ئەم زانیارییەی پشتڕاست نەدەکردەوە پوورم بوو. دایکم و هەموو کەسوکارەکە دەڵێن کە نەنکم و پوورم تەنها بە تورکمانی قسەیان لەگەڵ یەک کردووە. بەڵام چەند جارێک لە باجیم پرسیوە (نەنە کورد بوو یان تورکمان؟) دەیوت (کورد بوو!) تەنانەت جارێکیان زۆرملێکرد بڵێ تورکمان بوو، هەر نەیوت. ئێ ئەگەر تورکمان نەبوون بۆچی بە تورکمانی قسەتان دەکرد؟ من خۆم چاک باجیم بیردێتەوە کە تورکمانییەکی ڕەوان قسەیدەکرد، باجی عەرەبییەکی ڕەوان و کوردییەکی ڕەوانیشی دەزانی. ئەگەر بتوتایە (دەخەوم) زۆری پێناخۆش دەبوو، دەیوت (ئەوە تۆ دۆمی دەڵێی دەخەوم؟ بڵێ دەنووم!). باوکیشم هەر تورکمانیی زانیوە. جارێکیان ئەم باسەم لەگەڵ کاک نزاری برامدا باسکرد. ئەو تێڕوانینێکی سەرنجڕاکێشی هەبوو ئەویش ئەوەیە: “تورکمانی چی؟ تورکمان چیی کردووە لەو کاتەدا؟ ئەم کەسانە چینی ژێرەوەی کۆمەڵگا بوون کە شەڕ و ناخۆشییان نەویستووە. لەگەڵ باوی خەڵکدا ژیاون. کە زانراوە تورکمان لەگەڵ عوسمانلیدا کێشەی نییە ئەوانیش خۆیان لە کێشە بەدوورگرتووە و وتوویانە تورکمانین.” وەلێ من هەر پێموایە تورکمان بووبێ، باوەڕناکەم کورد هەروا ئاسان کچێکیان بە پیاوێکی بێگانەی هیندی دابێ. لە ساڵی ١٩٣١دا شوکرییە (باجی) لەدایکدەبێ. باوکیشم (کەمال) لە ساڵی ١٩٣٣ لەدایکبووە. ڕۆژ و مانگی هیچیان بە دروستی تۆمارنەکراون و هەر نووسراوە ١ی تەممووز. ئەگەر بە دیوێکی تریشدا بیربکەینەوە کە تا ١٩٣١ مناڵیان نەبووە؛ ئەوا لەوانەیە هەر بەڕاستی خەیرییەی لە تەمەنێکی وا مناڵیدا هێنابێ و بەڵام تا پێنج ساڵ دواتر مناڵیان نەبووبێ. بەڵام هێشتا هەر گومانم هەیە.

هەموو ئەو کەسانەی ڕۆژێک باپیرمیان دیوە باس لە میهرەبانی هێمنی و دڵسۆزییەکەی دەکەن. ئەگەرچی دەوترێ گوایە باوکم کەسێکی تووڕە و بەزەبر بووە، پووریشم هەر وابوو. بەڵام دایکم دەڵێ کە باپیرت پیاوێکی زۆر لەسەرخۆ و هێمن و ئاشتیخواز بووە. هەرچەند دەنگەدەنگێک ڕوویدابێ یەکسەر  بە دیوی ئاشتیدا شکاندوویەتییەوە و هەمووانی ڕێکخستووەتەوە. دوو مناڵەکەشی ئێجگار خۆشویستیووە و هەرگیز لە هیچیانی نەداوە. تەنانەت ئەوەش لەناو خەڵکی شارەکەدا زانراوە کە باپیرم زۆر بوکوزاوای بە ئوتومبێلی خۆی گواستووەتەوە و بەشداری خۆشی و ناخۆشییەکانی خەڵک بووە.  کە لە باجیم دەپرسی باشە تۆ چەندین ساڵ لەگەڵ ئەم پیاوەدا ژیاوی کە پڕ بووە لە چیرۆک، بۆچی پرسیاری زۆرت لێنەکردووە؟ دەیوت کە باوکم زۆر قسەی نەدەکرد و بەتایبەتیش باسی کەسوکاری خۆی نەدەکرد. بەڵام هەندێ جار کە بەتەنیا دادەنیشت مەی دەخواردەوە دەستیدەکرد بە گریانی لەکوڵ و بە حەسرەتەوە بۆ کەسوکارەکەی دەگریا، چەندین جار هەر هەوڵمداوە لەو کاتانەدا لێیدەربهێنم کە چی ڕوویداوە؟ چی بووە؟ بەڵام هەرگیز وەڵامینەدەدامەوە و هیچی باس نەدەکرد و هەر دەیوت هیچ! تا ئێستا تاکە چیرۆکێکی تووڕەبوونی باپیرم کە بیستبێتم ئەوە بووە کە جارێک ئاسۆی برام کە ئەوکات ساوا بووە، لەگەڵ خۆیدا بردوویەتی و پیاسەی ناوشاری پێکردووە. دەبێ ئەم ڕووداوە لە ساڵی ١٩٦٧ یان ١٩٦٨دا بووبێ. سواری پاسێک بووە کە ئاسۆی لەباوەشدا بووە، بەڵام هەر کە لە ناودەرگاکەدا بوون  شۆفێرەکە نائاگادارانە دەرگاکەی داخستووەتەوە و لەم داخستنەوەیەدا قاچی ئاسۆ بە دەرگاکەوە دەبێ. پوورم لاسایی کوردییە شێوە هیندییەکەی دەکردەوە و دەیوت “ئەی، سەکبابە کاچی ئاسۆ شکانی، سەکباب نەوەستا!”

موکرجی لە ساڵی ١٩٤٤دا لە سابوونکەران خانوویەکی کڕیوە و مۆڵەتی تەلارسازیی بۆدەرهێناوە، ئەم پیاوە ئەوەندە بە ناوی (غەفوور) بەناوبانگ بووە، لەوەناچێ نە لە شارەوانی و نە لە فەرمانگەی تاپۆ داوای پێناسیان لێکردبێ. چونکە ڕاستەوخۆ نووسیویانە (غفور مکرجی). ئەم هەڵەیە دواتر لە ٢٠٠٥دا ئێجگار قورس چاککرایەوە و خانووەکە خرایەوە سەر ناوی میراتگرەکانی باپیرم، چونکە لەڕووی یاساییەوە کەسێک نییە ناوی (غفور مکرجی) بێ. ئەم خانووەمان تا ساڵی ٢٠١٩ش ما و من لە مانگی ئازاری ٢٠١٩دا فرۆشتم. باوکم لە ساڵی ١٩٧٠دا لە گەڕەکی عەلی ناجی پشت مزگەوتی حاجی جەمال خانوویەکی دروستکرد و لەوکاتەوە لەو خانووەدا بووین. ئەم خانووەمان لە ساڵی ٢٠١٦دا فرۆشت.

باپیرم لە ساڵانی حەفتاکانەوە تووشی مایەسیری بووە و پاشتریش دڵی گەورەببوو. پاشتریش مایەسیرییەکەی بوو بە شێرپەنجە و ڕۆژبەڕۆژ باری تەندروستیی بەرەو خراپ و خراپتر چووە. تا لە ڕێکەوتی ١٨/١٢/١٩٨٠ لە شاری سلێمانی و لە خانووەکەی عەلی ناجی پاش ململانێیەکی درێژ لەگەڵ نەخۆشیدا کۆچی دوایی کرد. ئەو ڕۆژەی مردبوو باوکم لە بەغدا بوو و تەلەفۆنیان بۆکردبوو. ئەویش داوایکردبوو نەنێژرێ تا خۆی بۆ سلێمانی دەگەڕێتەوە. گۆڕەکەی لە گۆڕستانی سەیوانە لە سلێمانی.

گۆڕی گۆکول چاند موکرجی لە گردی سەیوان

گۆڕی گۆکول چاند موکرجی لە گردی سەیوان

باپیرم وەک هەموو هیندییەکی تر حەزی لە خواردنی بەهاراتاوی بووە. بەتایبەتیش زۆر حەزی لە بیبەر (چیلی) بووە.  براکانم دەگێڕنەوە کە لە ساڵانی دوایی تەمەنیدا باوکم لەبەر نەخۆشییەکەی بیبەر و خوێی لێ قەدەغەکردووە. دایکم دەڵێ هەندێ جار بەدزییەوە دەهات و بیبەری دەخستە گیرفانییەوە و بە دزیی باوکمەوە خواردوویەتی. دایکم دەڵێ خواردنی ئەو بەجیا بوو و نە ڕۆن و نە خوێ و نە بەهاراتی تێدا نەبووە و ئەویش هیچ حەزی لەم خواردنە نەبووە، هەروەها حەزی لە ماسیی سەلەمۆن بووە و هەرچەند ماسیمان کڕیوە ئەو بە جیا ئەوەی خۆی جیاکردووەتەوە و کردوویەتی بە کەری و سووریکردووەتەوە.

سەبارەت بە ئاشنایەتیی باپیرم و (تاگۆر)، تاگۆر لانیکەم ٣٢ ساڵ لەو گەورەتر بووە. چیرۆکەکە بەو شێوەیەیە کە لە ڕێگەی کارەکەیەوە کە جابیی ترام بووە، جارێک لەگەڵ تاگۆردا بەرەو کشمیر چوون. وادیارە یەکبینینەکەیان ڕێکەوت بووە. بەڵام لەوەی کە هەواداری ئەو بووە؛ ئەمەیان تا ڕادەیەکی زۆر دڵنیام. چونکە تەنانەت پوورم (باجی) هەندێ هۆنراوەی تاگۆری لەبەربوو و هەندێ جار بۆیدەوتم، دەیوت کە ئەمانە لە باوکییەوە فێربووە هیی تاگۆرن. داخەکەم هیچ کامێک لەمانە تۆمارنەکران و ئێستاش ناتوانم بە هیچ شێوەیەک بیانناسمەوە کامە کامە بوون.

باسێکی تر هەیە گوایە مامی بە نامەیەک بۆ هیندستانی بانگدەکاتەوە بۆ دابەشکردنی زەوی و زار و میراتی، بەڵام ئەو ناگەڕێتەوە. من گومانم لەم زانیارییەش هەیە، میراتیی چی؟ ئەو لەتاو هەژاری هەڵهاتووە، کام میراتی؟ پاشان مامی لەکوێ هەواڵی زانی؟ لەکوێ زانی ئێستا لەکوێ نیشتەجێیە؟ کە دەیانزانی برازاکەیان لەوێیە؛ بۆچی ڕۆژێک سەردانێک ڕووینەدا؟ پاشان ئەو نامەیە کوا؟ بۆیە من زۆر باوەڕ بەم زانیارییە ناکەم کە دیسان هیی پوورم بوو و مامۆستا عەبدوڵڵا لێی بەرپرس نییە.

بەڵگەنامەکان

بەڵگەنامەی یەکەم: مووچەنامەی سەربازی هیندی: بە هەردوو بەرگەوە ١٩ لاپەڕەیە

بەڵگەنامەی دووەم: پەسننامەی یەکەم – سەرهەنگ سی. دانیەڵ ڕێکەوتی کانوونی دووەمی ١٩٢١

پەسننامەی یەکەم - سەرهەنگ سی. دانیەڵ

پەسننامەی یەکەم – سەرهەنگ سی. دانیەڵ

دەقە ئینگلیزییەکە

Jan 1921

To all whom it may concern.

This is to certify that S-rank 05204 G.C. Mukerji has been with this unit under my command for the last twelve months, and during that time he has carried out his duties to my entire satisfaction.

C Daniell captain.

RASC.

O.C. 953 MG Coy.

South Gate.

Baghdad.

وەرگێڕراوە کوردییەکەی

کانوونی دووەم ١٩٢١

بۆ لایەنی پەیوەندیدار.

ئەمە بەڵگەنامەی ئەوەیە کە سیپۆی ژمارە 05204 جی. سی. موکرجی لە ماوەی دوانزە مانگی ڕابردوودا لەژێر فەرمانی مندا لەم یەکەیەدا بووە، لە ماوەی ئەو کاتەدا ئەرکەکانی تا پلەی کامی پەسەندییم ڕاپەڕاندووە.

سەرهەنگ: سی. دانیەڵ

ئاڕ. ئەی. ئێس. سی. (لەشکری سوپای خزمەتکاری پاشایی)

ئۆ. سی. ٩٥٣ ئێم. جی. کۆی.

دەروازەی باشوور.

بەغدا.

بەڵگەنامەی سێیەم: پەسننامەی دووەم- مەیجەر ئێچ. ئەی. گۆڵدسمیث (یان گۆڵدویت ) ڕێکەوتی 30 ئەیلوول ١٩٢٢

پەسننامەی دووەم- مەیجەر ئێچ. ئەی. گۆڵدسمیث

پەسننامەی دووەم- مەیجەر ئێچ. ئەی. گۆڵدسمیث

دەقە ئینگلیزییەکە

To whom it may concern.

G.C. Mukerji has been employed in Sulaimani Division as Motor Driver and Mechanic from March, 1919 to September, 1922, when the British were evacuated. Most of his work has been with Ford Cars of which make he has a thorough knowledge. He has always taken a great interest and pride in his machine and is one of the best Indian Drivers I have ever seen driven by. He is honest, sober, hard working and reliable. I can thoroughly recommend him to anyone requiring a good driver and mechanic.

I have used him for training other drivers.

  1. A. Goldsmith Major, (hard to read)

Political Officer, Sulaimani (at Baghdad)

Dated 30th Sept.,22.

وەرگێڕراوە کوردییەکەی

بۆ لایەنی پەیوەندیدار.

جی. سی. موکرجی لە کەرتی سلێمانی لە ئازاری ١٩١٩وە تا ئەیلوولی ١٩٢٢ وەک شۆفێری ئوتومبێل و میکانیک دامەزرێنراوە، کاتێک بەریتانییەکان چۆڵیانکردووە. زۆربەی کارەکانی لەگەڵ ئوتومبێلی فۆڕددا بووە کە زانیارییەکی زۆری تیایاندا هەیە. هەمیشە خولیایەکی زۆر و شانازییەکی زۆری بە ئوتومبێلەکانییەوە پیشانداوە و یەکێکە لە هەرە باشترین شۆفێرە هیندییەکانی کە هەرگیز بینیومن. کەسێکی ڕاشکاوە، ئایغ و بەئاگایە، دڵسۆزە لە کارەکانیدا و متمانەپێکراوە.  بەتەواوی پێشنیازیدەکەم بۆ هەر کەسێک کە پێویستی بە میکانیک و شۆفێرێکی باش هەبێ.

بەکارمهێناوە بۆ مەشقپێکردنی شۆفێرەکانی تر.

مەیجەر دەبڵیو. جی. گۆڵدسمیث (یان گۆلدویت، دڵنیا نیم)

ئەفسەری ڕامیاری، سلێمانی (لە بەغدا)

ڕێکەوتی ٣٠ ئەیلوول ١٩٢٢

بەڵگەنامەی چوارەم: پەسننامەی سێیەم – جێدار ئێچ. ساندێرس، ڕێکەوتی ٢٢ تشرینی یەکەم ١٩٢٢

پەسننامەی سێیەم - جێدار ئێچ. ساندێرس

پەسننامەی سێیەم – جێدار ئێچ. ساندێرس

TO WHOM IT MAY CONCERN.

G.C. Mukerjee has been employed as Principal Motor Driver to the Political Officer Sulaimani from March 1919 to September 1922. During this period he has worked to my entire satisfaction and I have never had any complaint to make regarding his work.

He has devoted himself with zeal and energy to the performance of his duties. He is painstaking and diligent. He is a first class Motor Driver, capable of undertaking all running repairs and is a good mechanic.

I have no hesitation in recommending him to any one who desire a first class driver. He leaves the Civil Administration through no fault of his own but owing to the unavoidable reduction of staff consequent upon the recent withdrawal from Sulaimani.

  1. Sanders

Late Superintendent, Mechanical Transport, Sulaimani

Baghdad, the 2nd October ’22.

وەرگێڕراوە کوردییەکەی

بۆ لایەنی پەیوەندیدار.

جی. سی. موکرجی لە ئازاری ١٩١٩وە تا ئەیلوولی ١٩٢٢ وەک شۆفێری سەرەکیی ئەفسەری ڕامیاریی سلێمانی دامەزرێنراوە. لەم ماوەیەدا بە کامی ڕەزامەندیی من کاریکردووە و هەرگیز هیچ گلەییەکم لە کارەکانی نەبووە.

بە پەرۆشی و وزەوە خۆی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی تەرخانکردووە. کەسێکی ورد و کۆڵنەدەرە. شۆفێرێکی پلە هەرە نایابە، دەتوانێ هەموو چاککردنەوەیەکی بەگەڕخستن جێبەجێبکا و فیتەرێکی چاکە.

بێ هیچ دوودڵییەک پێشنیازیدەکەم بۆ هەر کەسێک کە شۆفێرێکی پلە نایابی بوێ. بێ سووچی خۆی یەکەی شارستانی جێدەهێڵێ بەهۆی کەمکردنەوەی کارمەندانەوە کە لە ئەنجامی کشانەوە لە سلێمانیی ئەم دواییانەوە ڕوویداوە کە ناتوانین خۆمانی لێلابدەین.

ئێچ. ساندێرس

چاودێری پێشوو، بەشی گواستنەوەی میکانیکی، سلێمانی

بەغدا، 22  تشرینی یەکەم 1922

بەڵگەنامەی پێنجەم: پەسننامەی چوارەم – جێدار جەی. بۆرتن، ڕێکەوتی ٢٣ تشرینی دووەم ١٩٢٣

پەسننامەی چوارەم - جێدار جەی. بۆرتن

پەسننامەی چوارەم – جێدار جەی. بۆرتن

دەقە ئینگلیزییەکە

Kingerban

23/11/1923

During the last twelve months G.C. Mukerji has been employed by me on many occasions. He is a very good driver and always keeps his car in excellent running order.

  1. Bortan Lt.

I.A.S.C.

Re: Supplies, Kingerban

 

وەرگێڕراوە کوردییەکەی

کنگربان

٢٣/١١/١٩٢٣

لە ماوەی دوانزە مانگی ڕابردوودا، جی. سی. موکرجی لە زۆر بۆنەدا لە لایەن منەوە دامەزرێنراوە. شۆفێرێکی زۆر باشە و هەمیشە ئوتومبێلەکانی لە نایابترین شێوەی کاراییدا دەهێڵێتەوە.

جێدار: جەی. بۆرتن

ئای. ئەی. ئێس. سی. (لەشکری سوپای خزمەتکاری هیندی)

بۆ پیداچوونەوە: بەشی تفاق، کنگربان

بەڵگەنامەی شەشەم: بڕوانامەی دەرچوون لە خزمەتی سەربازی، ڕێکەوتی دەرچوونی لەسەر نەنووسراوە، بەڵام ڕێکەوتی بەکاربوونەکەی لە 1ی شوباتی 1921ەوەیە.

بڕوانامەی دەرچوون لە خزمەتی سەربازی

بڕوانامەی دەرچوون لە خزمەتی سەربازی

بەڵگەنامەی حەوتەم: بڕوانامەی تەجەنوس. ٢٢ مایس ١٩٣٢ دوو دیوە.

بڕوانامەی تەجەنوس

بڕوانامەی تەجەنوس

بەڵگەنامەی هەشتەم: تیانووسی ڕەگەزنامە ٢٩ نیسان ١٩٣٦: بە هەردوو بەرگەکەوە ١٤ لاپەڕەیە

بەڵگەنامەی نۆیەم: تیانووسی کەسێتی ٢٨ تشرینی یەکەم ١٩٦٢: بە هەردوو بەرگەکەوە ١٦ لاپەڕەیە

بەڵگەنامەی دەیەم: داوانامەی موکرجی بۆ دانەوەی مۆڵەتی شۆفێری

داوانامەی پێدانەوەی مۆڵەتی شۆفێری

داوانامەی پێدانەوەی مۆڵەتی شۆفێری

بەڵگەنامەی یانزەیەم: مۆڵەتی بیناکردن. ڕێکەوتی ١١/١٠/١٩٤٤: سەرنجبدە نووسراوە غفور مکرجی

مۆڵەتی بیناکردنی گۆکول چاند موکرجی

مۆڵەتی بیناکردنی گۆکول چاند موکرجی

بەڵگەنامەی یانزەیەم: بڕوانامەی ڕەگەزنامەی عێڕاقیی خەیرییە ئەیوب غەیوب

بڕوانامەی ڕەگەزنامەی خەیرییە ئەیوب غەیوب

بڕوانامەی ڕەگەزنامەی خەیرییە ئەیوب غەیوب

بەڵگەنامەی دوانزەیەم: بڕوانامەی ڕەگەزنامەی عێڕاقیی گۆکول چاند موکرجی

بەڵگەنامەی یانزەیەم: پێناسی باری شارستانیی خەیرییە ئەیوب غەیوب

بەڵگەنامەی یانزەیەم: پێناسی باری شارستانیی گۆکول چاند موکرجی

سەرچاوەکان

سەرچاوەی یەکەم: بەشی ئوتومبێلچییەکانی پەڕتووکی (شاری سلێمانی) نووسینی ئەکرەمی مەحموودی ساڵحی ڕەشە. بە هەردوو بەرگەکەوە یانزە لاپەڕەیە.

سەرچاوەی دووەم: گۆگۆڵ چاند موکورجی هندستانی بوو بە غەفوور هیندی سلێمانی. نووسینی عەبدوڵڵا کەریم مەحموود. لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە ١٧٠٦ی ڕێکەوتی ٢٧/٩/١٩٩٨ بڵاوکراوەتەوە.

گۆگۆڵ چاند موکورجی هندستانی بوو بە غەفوور هیندی سلێمانی

گۆگۆڵ چاند موکورجی هندستانی بوو بە غەفوور هیندی سلێمانی

سەرچاوەی سێیەم: هەمان سەرچاوەی دووەم بە وەرگێڕانی عەرەبی، وەرگێڕانی کاوەی حاجی عەزیز. لە ڕۆژنامەی ئیتتیحاد ژمارە ٣٠٨ ڕێکەوتی ٥/٣/١٩٩٩ بڵاوکراوەتەوە.

ابن الهند گوکول چاند مكرجي اصبح غفور هندي ابن السليمانية

ابن الهند گوکول چاند مكرجي اصبح غفور هندي ابن السليمانية