کرێکارەکانی جیهان دۆنم بگرن[1]
کرێکارەکانی جیهان،
ئەی خاوەنەکانی لانیکەم سێ ئایفۆنی سیانزە و دوو پەیجی لانیکەم سەد هەزار فەڵەوەری، ئەی ئەوانەی کۆمێنتی بێ جنێو و جڕتتان نییە، ئەی ئەوانەی پانزە دۆنمی دەرەوەی شار و دوو خانووی ڕوکنی ناوشارتان هەیە و لانیکەم سێ دوکان و دوو خانوو و سێ شوقەتان لە کرێدایە و لاند کرووزەرێک و دەبڵ کابینەیەکتان هەیە و لە کاتی بەتاڵتاندا تەکسیش دەگێڕن و لە خەستەخانەی تایبەت نەبێ نەشتەرگەری ناکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا خەستەخانەی حکومیشتان قەرەباڵغ کردووە؛ ئەی ئەوانەی تێر خەریکی دانبۆڕۆکردنی کچ و کوڕی خەڵکن و بۆتان هەڵبکەوێ دوو-کراس-لە-ڕەنگێ لەگەڵ مانگاشدا دەکەن و دوژمنی سەرسەختی دڵداریشن و خواخواتانە هەموو دونیا خۆیانتان بۆ ڕووت بکەنەوە، بەڵام هەر ئەوەندەی زەوقتان نیشتەوە دەتانەوێ بەتانی بدەن بە خۆیاندا و نمایشەکە تەنها و «ئێکسکلوسڤ» بۆ ئێوە بێ و تا کچ و کوڕی خەڵک هەڵدەخڵەتێنن خۆتان بە «کراوە» پیشان دەدەن و کە دەستتان پێیان ڕاگەیشت ئینجا ناچاریان دەکەن لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە و دەیانبەستنەوە، ئەگەر تۆزێ ئاگاتان لە مناڵەکانتان بێ، تا تەمەنی بەربادبوون، لە قوتابخانەی تایبەتن و ئەگەر ئاگاشتان لێیان نەبێ سەرانە لە خەڵک دەسەنن و ناخوێنن و دەشتانەوێ ئەوەی چل ساڵ دەخوێنێ پارە بدا بە ئێوە؛ ئەی ئەوانەی سێ مووچەی ڕەسمیی دوو حیزبی دژ بە یەکتان هەیە و یانزە جار شەهید بوون و چوار جاریش لە تەمەنی بیست و پێنج ساڵیدا خانەنشینن و پێشمەرگەی دێرینی جەنگی ئوحود و جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمیشن و لە سێ فەرمانگەش فەرمانبەرن و مووچەی حکومەتی عێڕاق و کوردستان و تەنانەت حیزبی کلدان و ئاشوور و تورکمانەکانیشان هەیە و تا بۆتان دەکرێ سوودمەند دەبن لە دەسەڵاتی سێکیولار و مافی مرۆڤ و کەچی کە سەرێکی مێزەراوی و کامێرەی کەناڵێکی ئیسلامیتان لێ دەردەکەوێ دەبن بە سەیفولئیسلام و داکۆکیکار لە حوکمی شەرع و جەلد و فەتح و سۆبی و لە ناڵ دەدەن و لە بزماریش دەدەن و سم و لوولاقەکەش دەکەن بە سەروپێ یان نۆکاو و دەیخۆن؛ ئەی ئەوانەی کە بۆری دەبەستن ئاوی لێ دەتکێ و کە دیوار دادەنێن خوارە و درزی تێدایە و کە کاشی حەمام دادەنێن لە بیرتان دەچێ شەربەتاوەکەی بکەن و ئاوەکە دەچێتە هەموو شوێنێکەوە کونی ئاوەڕۆکە نەبێ و کە دەچنە تەوالێتە گشتییەکانەوە سیفۆن لەژێرتاندا دەشکێ و ئاویش ناکەن بە پاشەڕۆکەتاندا و کە بە لای دەرگای شوێنانی گشتیدا دەڕۆن دەیشکێنن و کە سەگێکی داماو لە دوورەوە دەبینن سەد بەرد و بلۆک و خشتی تێدەگرن، بێ ئەوەی سەگەکە هاتبێ بە لاشتاندا و کە پشیلە دەبینن کلکی دەبڕن و بە سویچی ئوتومبێلەکانتان شوخت دەکەنە ئوتومبێلی خەڵکی ترەوە و کە بە لای پەیکەرێکدا دەڕۆن لووتی دەشکێنن و کە بە لای شێرەبەفرینەی داماوێکدا دەڕۆن، کە دڵی پێی خۆشە، بە لەقە تێی بەردەبن و خاپووری دەکەن و کە ئاو بەردەدەنەوە نایگرنەوە و کە خۆتان لە ماڵ نین چل سپلێت لە ماڵەکانتاندا کار دەکا و لە ژیانیشتاندا پارەی کارەباتان نەداوە و کە دەچنە پاڕکەکان و یاپراخەکەتان لووش دەدەن دوای خۆتان کەلاوەکە بە جێ دەهێڵن و لە جامی ئوتومبێلەکانتانەوە دەبەکانتان دەهاون و کە بە هەزار شەڕەشەق و فشاری شوێنی کارەکەتان درەخت لەسەر شەقامەکان دەڕوێنن لقەکانیان دەچن بە چاوی خەڵکدا و ئوتومبێلەکانتان لە ناوەڕاستی شەقامی سەرەکیدا ڕادەگرن و شەقامەکە دەگرن و شت دەفرۆشن و کە هێمای هاتوچۆی سەر شەقامەکان دادەنێن بۆ باڵای یەئجوج و مەئجوجی دادەنێن و مناڵی پێنج ساڵیش سەری پیایاندا دەدا؛ ئەی ئەوانەی بە هەموو بەرهەمەکانی سەرمایەداری، وەک قوماش و بۆیاخ و بڵندگۆ و ئوتومبێل و ئایفۆن و ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر و مۆبایل و تۆڕی کۆمەڵایەتی و مایکرۆفۆن و تا دوایی، دروشمی دژ بە سەرمایەداری و «وەک-یەک-بوون» و «یەکسانی» بڵاو دەکەنەوە و هەڵدەستن و دادەنیشن جنێو بە سەرمایەدار و سەرمایەداری دەدەن و سەرمایەدار و سەرمایەداریش نەبێ بە کۆیلەی نمرە دوو و نمرە سێ و کۆیلەی سپێریش ڕاناگیرێن، ئەوەندە دەستمردوو و دەستڕەشوسپین؛ ئەی ئەوانەی تا کار بۆ یەکێک دەکەن هەزار نزای لێ دەکەن و یەکبینە قەپ لەو دەستە دەگرن کە نانتان دەداتێ و زۆر شتی تریش دەکەن، کە من ئاگام لێیان نییە…
یەک بگرن!
[1] لە ١ی ئایاری ٢٠٢٢دا نووسراوە.