بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ئاهەنگ نایاساییە

بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ئاهەنگ نایاساییە

ئەگەر داوای وێنەیەک لە خانمێک بکەی، تەواو کۆتایی بە دونیا دێ، پێتدەڵێن: «چۆن شتی وا دەبێ؟ حەرامە! جوان نییە! خەڵک چیمان پێدەڵێ؟ بڵاودەبێتەوە! باوکم دەمکوژێ! ئامۆزاکانم دێنە سەرم. بۆ تۆ من بە کێ تێگەیشتووی؟ تۆ دەزانی من کچی کێم؟» ئەو وەڵامانە تا ڕادەیەکی زۆر ڕاستن، بەڵام لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا پڕهۆڵێک ژن بە تەنوورەی کورت و عەزیی بێقۆڵ و سنگڕووت و دوامۆدەوە لەسەر ڕیتمی گرمەگرمێکی مێشکتەقێندا چوار سەعات هەڵدەبەزنەوە، دوو سێ کوڕی بێگانەش بە کامێرای ڤیدیۆ وێنەیان دەگرن، ئەم ڤیدیۆیە سبەینێ دەبێ بە سیدییەک و ماڵەوماڵ دەگێڕرێ و دوکانی ڤیدیۆکەش بە سیدی دەیفرۆشێتەوە. بۆ نموونە لە سەهۆڵەکە لەسەر عەرەبانەی سیدی بە بەر چاوی ئەم هەموو خەڵکەی ئەوێدا نمایشدەکرێ، خەڵکان دەوەستن و بەدەم گوڵەبەڕۆژە خواردنەوە تەماشای ئەم هەموو کچ و ژنانە دەکەن. کەسێک جگە لە من نییە بڵێ: «ئەم دیاردەیە قێزەونە و نایاساییە و نابێ ڤیدیۆی تایبەتیی خەڵک بفرۆشرێتەوە و لەبەرچاوی خەڵکانی تردا نمایشبکرێ.» ئێستا بۆچی لای خەڵک داواکردنی وێنەیەک حەرامە، کەچی بڵاوکردنەوەی حەڵاڵە؟ من خۆم، خۆم زۆر بەدوور دەگرم لە شوێنی قەرەباڵغ و داخراو و پڕ لە دەنگی بەرز، کە بۆ نەگبەتی پرسەخانە و هۆڵەکانی ئاهەنگ هەردووکیان وان. گەر بچم بۆ هەر شوێنێکی هاوشێوە تا ماوەیەکی زۆر دوور و درێژ لەرەلەری دەنگی بڵندگۆ زیادکراوەکان لە مێشکمدا دەزرنگێتەوە و دەگرمێتەوە، بە شێوەیەک کە تەواو ماندووم دەکا و پێویستم بە پشوویەکی زۆر درێژی بێدەنگی دەبێ تا دێمەوە دۆخی هێوری. ئەڵبەت بە هیچ شێوەیەک دژی ئەو بۆنانە نیم، بەڵکو پێموایە کە لە جێبەجێکردنی نەریتەکەدا چەند هەڵەیەک هەن کە دەبێ دەستنیشان بکرێن و چاکبکرێن. بە هیچ شێوەیەک دژی تەڕپۆشی و جوانپۆشیش نیم، بگرە پێمخۆشە هەموو کەسێک تەڕپۆش بێ، بە پێچەوانەی ئیسلامییەکانەوە هیچ سنوورێکیشم نییە بۆ چۆنێتیی تەڕپۆشی.

چەند برادەرێکم هەن پێش ئەوەی بچنە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەوە چارەکێک ویسکی دەخۆنەوە، لێمپرسیون: «بۆچی وا دەکەن؟» وەڵامیان داومەتەوە بەوەی کە: «بۆئەوەی شتمان پێ عەیب نەبێ!» منیش پێیاندەڵێم: «جا ئەگەر بەو پێوانەیەی ئێوە بێ کە پیاوەکان لە بەرکوڵدا چارەکێک دەخۆنەوە، ئەی ژنەکان؟ کەواتە یان ئەوانیش دەخۆنەوە، یان هەر لە لەدایکبوونەوە چارەکێک ویسکییان تێدایە!» ئەوەی کە سەیرترە ئەوەیە: هەر زۆرێک لەو خانمە بەڕێزانە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا حیجابپۆشن. بەڵام کە دواندوومن، دەڵێن: «نا، ئەو ڕۆژە بۆنەیە!»