پەتای ڕەشبینی، جەڵدەی تەنیایی… بەڵام خولیای نوێی ئاراستەکراوی فریادڕەس

ئەوەندەی بیرمدێ، هەرگیز حەزم بە قەرەباڵغی نەکردووە، بەڵام لێشی نەترساوم. جاران (هەندێجار ئێستاش) پێیاندەوتم ئەمە هەڵەیە و دەبێ لەگەڵ خەڵکدا خۆم ئاشتبکەمەوە. وەکبڵێی کێشەکە منم! خوازیاریشم، کێشەکە من بم و بووبێتم. چونکە زۆر خۆشە هەستبکەیت و بزانی بەشێکی کۆمەڵەکەتی و ئەوانیش بەشێکن لێت و متمانەیان پێبکەی. جاران نەمدەزانی بۆچی تەنیاییم پێباشترە. بەڵام ئێستا دەزانم.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبینم پشێوییەکی تەواو بێسەرەوبەرە خەرمانەی زۆربەی خەڵکیی داوە. ئەو هەموو وزە مەزنە دەبینم سەرتاپایان وەک هەسارەیەک بە تەوەری مووچە و  کلیپ و ئامۆژگاریی داوانەکراوی ئاینی و گۆرانییەکی نوێی فڵان و قەیرانی جۆراوجۆر و تەنوورە و لەچکی خانمێک و چی و چیی تردا خولدەخۆن. جیهانێک گوڕ و تاف و هەڕەت و وزەی لاویی لەخۆڕا دەمرێ و کەسیش لەوە ناچێ پێیبزانێ یان بیر لە چارەیەک بکاتەوە.

هەمیشە بیرتان بێ؛ ئەگەر ئێستا وێرانەیەک هەبێ؛ ئەوا ئەم وێرانەیە کاردانەوەیە نەک کارەکە. لێرەش بەدواوە ئەم کاردانەوەیە دەبێتە کارێکی نوێ و کاردانەوەی تر هەڵدەهێنجێنێ. بەمشێوەیە بەردەوام لە هەڵدێرانی کاری هەڵە و کاردانەوەی خراپدا دەبین. کرۆکی مەبەستیشم لێرەدا ئەوەیە؛ ئەوەی لە ڕابردوودا کردوومانە بەرەو ئێرەی هێناوین. هیچ سەیر نەبێ لاتان: ئەمڕۆ بەرهەمی دوێنێیە.

خوێندنەوەیەکی سەرپێییانەش بە مێژووی کورددا پێتدەڵێ ئێمە دەمێکە لەم لێژگەیەدا خلۆردەبینەوە و هەڵدەستینەوە. کەواتە دەبێ بە مێژووماندا بچینەوە و سەرچاوەی ئەم دۆخەی ئێستا دەستنیشان بکەین. تکایە با بگەڕێینەوە و دەستکارییەک بکەین و ڕێچکەکە بەرەو وێستگەیەکی نوێ ببەین. با بوێرین بڵێین پێشینانمان هەندێ هەڵەیان کردووە و ئەو زانا و دانایە نەبوون کە ئەفسانەکان پێیانوتووین.

من سەیرملێدێ کە کەس ناوێرێ بڵێ پێشینان هەڵەیانکردووە! زۆریش سەیرملێدێ. ئێمە بەردەوام بە خۆمان دەڵێین ئەمڕۆ هەڵەین. ئێ هەر ئێمە دەبین بە پێشینانی چەندین نەوەی تر. تەنها لەبەر تێپەڕبوونی کات ئیتر دەبێ ئەم هەموو نەزانەی ئەم سەردەمە لە نەوەی ئایندە بکرێنە دانا و زانا؟ بۆچی نەوێرین بڵێین لە ڕابردوودا هەندێ هەڵبژاردەی هەڵە بە ئەمڕۆی گەیاندووین؟ قەیچێکە با پێشینانمان هەڵەبووبێتن، ئەوەنییە بۆیان چاکدەکەینەوە؟ یان هەر لەسەر هەمان ڕێچکە بڕۆین و ئۆباڵەکەش وەک هەمیشە لە ئەستۆی شتی خەیاڵی بئاڵێنین؟

من خۆم بە سروشت تەرە و تەنیا و گۆشەگیرم. گۆشەگیرییەکەم هیی ئەوە نییە کە دەستم لە خەڵک شتبێ؛ بەڵکو جاران کە نەشمدەزانی کە زۆربەی خەڵک قاوغێکی جوانکیلە و هەرزانبەهای بۆشییەکی فووتێکراون؛ هێشتا هەر حەزم لە تەنیایی خۆم بوو. هۆکارەکەش ئەوەیە خۆمم خۆشدەوێ و حەزدەکەم زۆربەی کاتەکانم لەگەڵ خۆم و ئەو شتانەدا بەسەرببەم کە بەڕاستی حەزملێیانە. بۆ نموونە هونەر، بۆ نموونە وێژە. بۆیە لای من زۆر ئاسانە سەد ساڵ لەگەڵ خۆمدا بژیم. بەڵام هەموو گۆشەگیر و پەڕەوازەکانی تری ئەمڕۆمان وەک من نین. زۆریان حەزیان بەو تەنیاییە نایە. بەڵکو کەڵەکەبوونی هەڵبژاردە هەڵەکانی دوێنێ زۆر گەنجی پڕوزەی ئەمڕۆی ڕەشبین کردووە و وایلێکردوون هەر تاوناتاوێ جەڵدەیەکی تەنیایی لێیانبدا و تەنانەت هەندێ جوانی و مەزنیی دانسقە و دەگمەنی سەردەمیش پەیپێنەبەن.

لە نموونەی خۆمەوە پێموایە دەستکاریکردنێکی ڕەوتەکە ڕەنگە ببێتە هەوێنی ئایندەیەکی باشتر. با کەمێک خولیا بدەینە زانست، هونەر، وێژە…تد، ئەو شتانەی دوێنێ خولیامان نەبوون و هەمیشە وتوومانە “جا ئەوە کەی بۆ ئەم وڵاتە دەبێ!“. با ڕەوتەکە بگۆڕین و چارەیەکی تر تاقیبکەینەوە. خۆ کورد هەزاران نشوستیی چەشتووە؛ ئەوپەڕی نشوستییەکی نوێ بۆ نشوستینامەکەمان زیادەبێ.

کورتوپوخت: پێموایە لەم سەردەمەدا ئۆباڵەکە من و تۆین. دوێنێش پێشینانمان بوون. وەبەرهێنان لە وزە و هەڕەتی لاوانی سەردەمدا و ئاراستەکردنیان بەرەو بوارە ئاماژەبۆدراوەکان دەبنە فریادڕەسی ئەو پەتای ڕەشبینییەی گەنجانی گەلەکەمانی لەئامێزگرتووە. ئاراستەکردنی زانست و هونەر و وێژە و هەلڕەخساندن و پاڵپشتیکردن و سایەداریی لەم بوارانەدا ئەگەر ئایندەیەکی باشتریش دەستەبەرنەکەن؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە هیچ نەبێ ئەمڕۆ بۆ نەوەکانی داهاتوو دووبارە ناکەنەوە.

زۆربەمان کۆکین لەسەرئەوەی کێشەیەکی مەزن لەمڕۆماندا هەیە، ئەی بۆچی لە تاقیکردنەوەی ڕێگەچارە دەترسین؟