پەتای پیاوچاکی و خۆسەلماندن

پەتای پیاوچاکی و خۆسەلماندن

هیچ نوستوویەک هەوڵنادا بیسەلمێنێ نوستووە، جگە لەو کەسەی نەنوستووە و بەدرۆوە خۆی دەکا بە نوستوو. چونکە کارێکی بەو خۆدزینەوە و نمایشە هەیە. ئەگینا ئەوەی نوستووە؛ ئێستا لە قووڵایی خەوندایە و چێژ لە خەونەکەی دەبینێ و پێویستی بە خۆسەلماندن نییە بۆ هیچ کەسێک! ئەوەی هەوڵدەدا وایبسەلمێنێ نوستووە، نەنوستووە.

گەر بتەوێ بیسەلمێنی مەلە دەکەی، پێویستت بە هاتوهاوار نییە بڵێی: “هۆ، خەڵکینە، تەماشام بکەن، مەلە دەکەم!” تۆ دەبێ بچیتە ئاوەکەوە و مەلەکە بکەی. نەک من بکوژی لەسەر ئەوەی باوەڕم پێت نەهێناوە کە مەلە دەزانی. تۆ پێویستت بە دانپێدانانی من نییە کە مەلە دەزانی. لە ڕاستیدا هەموو هەوڵی تۆ بۆ دانپێدانانی من؛ تۆ لە چێژی مەلەکردنەکە دادەبڕێنێ. ئەگەر تۆ بۆ دانپێدانانی من مەلە دەکەی، پێشتر لێتپرسیم کە داخۆ من دەمەوێ تۆ مەلە بکەی یان نا؟ پێشتر هیچ ڕایەکی منت وەرنەگرتووە، ئێستاش کە مەلەکە دەکەی؛ دانپێدانانی منت بۆچییە؟ بۆئەوەی چێژ لە مەلەکردنەکەت ببینی؟ ئەگەر تۆ بتزانیبایە چێژ لە مەلەکردن وەربگری؛ ئەوا هەر لە سەرەتاوە لەسەر ڕای من نەدەوەستای. لە ڕاستیدا تۆ پێویستت بەوە نییە هیچ شتێک بسەلمێنی. چونکە هەر ئەوەندەی ئەو دەرگایەت لە خۆت کردەوە، ئیتر نوقمی گێژاوێک دەبی کە زۆر بە ئەستەم لێی دەردەچی. کە دانپێدانانی منت کردە ئامانج و منیش دانم پێتدانا؛ ئینجا دەبێ بچی کەسێکی تر ناچاربکەی دانت پێدابنێ، پاش ئەویش کەسێکی تر، کە بۆ هەمووشمانت سەلماند، پاشان چی؟ ئینجا دەبێ ئامانجێکی نوێ دیاریبکەیت و هەوڵبدەی دیسان هەموومان بە سەلماندنی نوێ بهەژێنی…. بەڵام خەڵکی سەر زەوی ئێجگار زۆرن و تەمەن بەشی گەمەی ئەو هەموو سەلماندنە ناکا! هەموو ڕۆژێک کە سروشت پێتدەبەخشێ، دەرفەتی چێژێکی نوێ و ژیانێکی نوێ و بیرکردنەوەیەکی نوێت پێدەبەخشێ، کەچی تۆ هێشتا دوێنێ و پێرێت بەکۆڵەوەیە و بە شانازیشەوە دەتەوێ بۆ ئێمەی ئەمڕۆی بسەلمێنی! ئینجا سبەینێش دەبێ ئەمڕۆ بخەیتە کۆڵت! پێرێ لە پێرێدا جێبهێڵە و دوێنێ لە دوێنێدا و ئەمڕۆش لەمڕۆدا. ئەم دیاردەیە ناودەنێم (پەتای خۆسەلماندن)، خودی ئەم پەتایە هۆکاری سەرەکییە بۆ تووشبوون بە (پەتای پیاوچاکی) کە کەمێکی تر باسیدەکەم. پەتای خۆسەلماندن بەو شێوەیە کاردەکا کە هەمیشە بەدوای سەلماندنی نوێدا دەگەڕێی. بەڵام ئەم سەلماندنانە بە هەلی چێژبینینت لە ژیان و هەلەکانی ئەمڕۆت سەودادەکەی. ئایا بەهای هەلە نوێکەی ئەمڕۆ دەزانی کە لە دوێنێ و ڕۆژانی پێشووتدا بەفیڕۆیدەدەی؟ تۆ ئەم خۆسەلماندنەت بە ژیانی خۆت دەکڕی کە ژیانیش لە کڕین نایە.

هەرگیز هەوڵمەدە بکەویتە گێژاوی خۆسەلماندنەوە، هاوڕێیەتیی هیچ کەسێکیش مەکە کە تووشی ئەو پەتایە بوون، چونکە ئەو پەتایە گواستراوەیە و دەشێ بۆ تۆش بگوازرێتەوە و ژیانت بەفیڕۆبدا. چونکە هەمیشە وێڵی ئامانجی نوێی خۆسەلماندنی نوێ دەبی. ئامانجی ڕەها لە ژیانکردن ژیان خۆیەتی، هەر شتێکی تر کە دەیکەی تەنها بۆئەوە بیکە کە چێژ لە ژیان ببینی. هەر شتێک نەچووە خزمەتی ژیانەوە تووڕیدە و فڕێیبدە. گرنگ نییە خەڵک چیت پێدەڵێن. سامان گەر لە خزمەتی ژیاندا نەبوو سامان نییە، موزیک، هۆنراوە، کارکردن، نوستن، سەما، خواردن…تد، هەرکامێکیان لە خزمەتی ڕەنگدارکردنی ژیاندا نەبوون؛ فڕێیانبدە بەکەڵکنایەن. نەکەی ژیانت بکەی بە قوربانی هیچ شتێک، هەموو شتێک بکە بەقوربانی ژیان، چونکە سروشت تەنها ژیانی پێبەخشیوی، ئەوانی تر لە چواردەورەوە وەرتگرتووە، نەکەی سروشت بە چواردەورت سەودابکەی. سروشت نەمرە، چواردەورت نەپاون[1].

هەرگیز چێژی مەزنی ژیان لەپێناو خۆسەلماندندا بەفیڕۆمەدە. کەس نابینی بییەوێ بیسەلمێنێ تێرە، جگە لەو کەسەی برسییە و بەدرۆوە خۆی تێر پیشاندەدا چونکە کارێکی بەو نمایشە هەیە. ئەوەی تێرە ئێستا چێژ لە تێرییەکەی دەبینێ. ئەوەی پیانۆژەنی ڕاستەقینەیە ئێستا چێژ لە ژەندنەکەی دەبینێ، ئەوەی وێنەکێشی ڕاستەقینەیە ئیستا چێژ لە وێنەکێشانەکەی دەبینێ. تەنها ئەوانە هەوڵدەدەن خۆیان بسەلمێنن کە ئەوە نین!

هەوڵمەدە بیسەلمێنی مرۆڤێکی چاکی، مێردێکی باشی، ژنێکی باشی، ئەویندارێکی باشی، خواناسێکی باشی، ڕامیارێکی باشی، هونەرمەندێکی باشی و تد. ئەگەر باش بوویتایە هەرگیز پێویستت بە خۆسەلماندن نەدەبوو! خودی هەوڵدانت بۆ خۆسەلماندنت کە تۆ مرۆڤێکی چاکی، مێردێکی باشی، ژنێکی باشی، ئەویندارێکی باشی، خواناسێکی باشی، ڕامیارێکی باشی، هونەرمەندێکی باشی و تد. بەڵگەی ئەوەن کە تۆ هیچ کامێک لەوانە نیت! چونکە ئەگەر ئەوە بوویتایە هیچ کێشەیەکت نەدەبوو و ئێستا ئەوە دەبوویت و چێژت لەو بوونە ڕاستەقینەیەت وەردەگرت. کە چواردەورەکەشت باوەڕیان پێنەدەکردی، بێمننەتانە لێیان دووردەکەوتیتەوە.

ئەم هەوڵدانەت بۆ خۆسەلماندن دەتخاتە گەرداوی کێبڕکێی هەمیشەییەوە. تۆ کە لەگەڵ خۆتدا دەچیتە کێبڕکێوە؛ هەموو هەوڵت بۆئەوەیە بگەی بە لوتکە، بەڵام هەموو نەگبەتییەکانت دوای گەیشتنت بە لوتکە دەستپێدەکەن! چونکە لە دوای لوتکەوە تەنها دابەزین هەیە! یان دەبێ لەوێدا خۆت بکوژی، یان دەبێ داببەزی! باشتر نەبوو هەر لە سەرەتاوە ئەم کێبڕکێ و بۆڕبۆڕێنەت نەکردایە؟ (بێلا بارتۆک) دەڵێ: “پێشبڕکێ بۆ ئەسپە نەک هونەرمەند!” ڕەنگە تا مناڵیت یان هەرزەکاریت لەوانەیە پێشبڕکێ باش بێ، نازانم، بەڵام دڵنیام پیشبڕکێ بۆ مرۆڤی پێگەیشتوو قێزەونە. تۆ دەبوو ئێستا خۆتت بدۆزیبایەتەوە و لە چاوی خۆتەوە بتڕوانیبایە خۆت، نەک لە چاوی خەڵکانی ترەوە لە خۆتت بڕوانیبایە. دەبوو ئێستا (من)ت لەناو خۆتدا بدۆزیبایەتەوە و پەروەردەی (من)ەکەی ناو خۆت بدابایە، نەک خەریکی بۆڕبۆڕێن بی.

لەناو تۆوی کێبڕکێدا فریوخواردن و ئازارچەشتن و خۆپەرستی هەیە. ئەو مرۆڤەی بەردەوام بەشوێن کێبڕکێدا دەگەڕێ وردەوردە دەکەوێتە شەشپاڵوویەکەوە، دیوێکی تووڕەییە، دیوەکەی بەرانبەری ئازارە، دیوێکی خەمخواردنە، دیوەکەی تری دڵەڕاوکێیە، دیوێکی تری خۆپەرستی و خۆفریودانە و بەرانبەری کێبڕکێبازییە. تەنانەت لەوانەیە ئەم شەشپاڵووە بۆ چەندین دیوی تری یەک لە یەک تراژیدیتر پەرەبسێنێ. بە هۆی ئەم شەشپاڵووەشتەوە تووشی چەندین کێشە دەبی و خەڵکانی تریش تووشی کێشە دەکەی. بەڵام ژیان بەم جۆرە جێگەی بەزەییە. تۆ پێویستت بەوە نییە لەو شەشپاڵووەدا پەنگبخۆیتەوە و خۆت بەندبکەی. مرۆڤ لەم دۆخەدا ناتوانێ هیچ ڕاستییەکی سروشتی بێ شێواندنی شەش پەردەکەی دەوری خۆی ببینێ. چونکە ئەم مرۆڤە پەنگخواردووە لانیکەم لە شەش هاوێنەوە دونیا دەبینێ کە هەریەکەیان وێنە ڕاستەقینەکانی چواردەور دەچەمێننەوە و دەیانشێوێنن. ئەم باش نەبینینەش دەتخاتە ئەنجامدانی کارەسات دوای کارەسات و ئەوکاتەش هەر پاساوێک دەهێنیتەوە و بە هەر ڕستەیەک باسی خۆت دەکەی، ئەو ڕستەیەش بۆت دەبێ بە پەردەیەکی تر و بە دەوری شەشپاڵووەکەتدا دەیپێچی، تا واتلێدێ ئەوەندە لە پەردەی پاساوەکانت و کێشەکانتدا خۆت قوماتەدەکەی کە چیتر کەسە ڕاستەقینەکەی ناخت دەخنکێ. لەبەرئەوەشی تۆ هەر لە سەرەتاوە چێژبینین و دڵخۆشیت بە شتەکانی دەرەوەی خۆت بەستووەتەوە؛ چیتر هەرگیز دڵخۆش نابیت و چێژیش لە هیچ شتێک نابینی، چونکە وێنەی دەرەوە لەبەرچاوی ناختدا شێواوە.

بەڵام تۆ لەوە مەزنتری، لەوە بەتواناتری، هەر ئەوەندەی دانت بەوەدا نا بەدوای (من)دا دەگەڕێیت و لەگەڵ خۆتدا ئاشتدەبیتەوە؛ ئیتر دەتوانی وردەوردە ئەو قوماتانەت لێبکەیتەوە و چیتر لەژێر پەردەی تووڕەیی و گلەییەکانت و خەمخواردن و ئازار و دڵەڕاوکێ و خۆفریودانەکانتدا خۆت نەشاریتەوە و هەموو ئەو ئاستەنگانە بشکێنی. بەڵام بۆ ئەم مەبەستە دەبێ وردەوردە لەبری (تۆ، ئەو، ئێوە، ئێمە، ئەوان) بێیتە سەر (من). چونکە (من) گرنگترینە، هەرکەسێکیش هەر شتێکی تری پێوتووی، وانییە و ئەویش نازانێ چی گرنگترینە. تۆ تەنها دەتوانی شارەزایی تەواو لە (من)دا پەیدابکەی. ئەگەر لەسەر شاخێکەوە خۆت هەڵبدەیتە خوارەوە، تەنها کەس کە لەگەڵتدا دێ (من)ـە. کە دەنووی تەنها کەس (من) دێتە خەونەکانتەوە. تۆ لە ڕاستیدا هەموو ژیانت لەگەڵ (من)دا بەسەر دەبەی، ئەگەر لە (من) تێنەگەیت و لەگەڵ (من)ی ناو خۆتدا ئاشت نەبی؛ ئێمە چاوەڕێی چ باشییەکت لێبکەین؟ تۆ کە (من)ی ناو خۆتت خۆشنەوێ، ناتوانی ئێمەشت خۆشبوێ.

بەڵام تکایە کە وردەوردە دەچیتە سەر (من)، (من) بە بەرکار بەکارمەهێنە، بەڵکو با بکەر بێ، مەڵێ: ئەوان مووچەکەیان نەدا بە من، بۆیە من دڵی ناخۆشە. تۆ لە مووچە گەورەتری، تۆ لە لادێ و شار و هەرێم و وڵات و گەلەکەت گەورەتری، تۆ لە کیشوەر و جیهانیش گەورەتری، تۆ هەموو گەردوونی ئەگەر زیاتریش نەبی. خۆت بۆ هیچ شتێک بچووک مەکەرەوە. منەکەی ناو خۆت بدۆزەرەوە و ئاشتیبکەرەوە و پێکەوە تێر چێژ لە ژیان ببینن. لەم جەستەیەی ئێستاتدا و لەم ژیانەی ئێستاتدا تەنهاوتەنها یەک جار دەژیت. بە ملیۆنان کیلۆمەتر لەچواردەوری ئەم هەسارەیە، ژیان لە هیچ کوێیەک نییە. ڕەنگە لە دوورتر هەبێ، بەڵام لەم هەموو شوێنە مەزنەدا تەنها ئێرە ژیانی لێیە و تۆش ئەو کەسەی کە ئەو هەلەت پێبەخشراوە کە بژیت. بێکۆتا شت هەن کە ناژین و ئەو هەلەیان پێنەدراوە، تەنها تۆ دەژیت، تۆ پەڕجووی سروشتی، تۆ بەڵگەی ژیانی، کەچی خۆت خۆتت بۆ شتانێکی بچووک بچووککردووەتەوە و خۆت کردووە بە پاشکۆیان.

تۆ بە دەستی خۆت ناخۆشییەکانت هێناوەتە ناو (من)ـەوە، هەر تۆش دەتوانی ئەو ناخۆشییانە لە (من) بکەیتەوە. چاوت لەسەر (تۆ، ئەو، ئێوە، ئێمە، ئەوان) لاببە. ئەوان لەچاو مەزنیی (من)ی ناختدا هیچ نین. کە چراکەی ناخت داگیرسا؛ هیچ تاریکییەک ناتوانێ بیکوژێنێتەوە، چونکە تەنها تاریکی لە ڕوناکی دەترسێ، چونکە هەمیشە ڕوناکی تاریکی لەناودەبا نەک بەپێچەوانەوە.

تۆ بێ دۆزینەوە و ئاشتکردنەوەی (من) بۆ هیچ کوێیەک هەنگاو مەنێ، هیچ چاکەیەک مەکە، هیچ چاکسازییەک مەکە. چونکە تۆ بەو منە خنکاوەتەوە هەموومان بە چاکەکانت دەخنکێنی. چونکە تۆ خۆشەویستترین کەست کە (من)ـە خنکاندووە، بۆیە تکایە بۆ وێزەی ئێمەش مەیە. تەماشابکە، ئێستا هەموو جیهان بەدەست کۆمەڵێ کەسەوە دەناڵێنن کە هاتبوون بۆئەوەی کێشەکانمان چارەبکەن و چاکسازی بکەن و پێشمانبخەن، هاتبوون ئێمەیان خۆشبوێ، بە ئەوینی ئێمەوە هاتن، کەچی تەنها کێشەیان کەڵەکەکردووە. ئەوکات و ئێستاش هاتوون و هاتبوون تا فێری ئاشتیمان بکەن، بەڵام جارێ پێویستیان بەوەیە چل ملیۆن کەس بکوژن بۆئەوەی بەو ئاشتییە بگەن. ئینجا دەیانەوێ فێری خۆشەویستیمان بکەن، بەڵام جارێ دەبێ شەش ملیار کەس بخەسێنن و بیانکوژن تا خۆشەویستیمان فێربکەن. بە منێکی پڕ لە ناکۆکییەوە دێن تا ئێمە کۆک بکەن. جیهان دە هەزار ساڵە تووشی پەتایەکی کوشندەی پیاوچاکیی بووە و ئێستا ئەرکمان ئەوەیە لەم پیاوچاکانە دووربکەوینەوە. چونکە ئەم پیاوچاکانە بە (من)ێکی ڕقاوی و داڕماو و نەخۆش و خنکاوەوە بە ئەوینی ئێمەوە هاتن موژدەی بەهەشتی سەرزەمین و بنزەمینیان پێداین، کەچی ڕق و خوێنڕشتن و پیاوکوژی و سنووریان لەگەڵ خۆیاندا هێنا. برا و برایان لەیەککرد، شار و دێیان سووتاند. بیرمەندیان کوشت. مناڵیان کیمیاباران کرد. ژنی خەڵکیان لاقەکرد. مرۆڤیان لە فڕندا تواندەوە. بۆمبای ئەتۆمیان بەسەر خەڵکدا کرد. سەیرانکەریان کوشت. جلی ئاڵوواڵایان ڕەشپۆش کرد. پێکەنینان لەسێدارەدا. باوکان کچی خۆیانیان کوشت، برا تێزابی بە قاچی ڕووتی خوشکدا کرد، لە لایەن ئابروومەندەکانەوە ژن بەردباران کرا، هێشتاش ماویانە کاولی بکەن.

منەکەی ناو خۆت بناسە و ئاشتیبکەرەوە و پەروەردەیەکی تەندروستی ژیاندۆستیی بکە؛ ئەوکات چراکەی ناخت دادەگیرسێ. کە چراکەشت داگیرسا، پێویستت بە سەلماندنی ڕوناکیی  خۆت نییە، تەنها پیاسەیەکت بە گەڕەکە تاریکەکانی ئەواندا بەسە بۆئەوەی ئەوانیش بەرپێیان ڕوناکببێتەوە و بەرەو ڕوناکی هەنگاوبنێن.

وەرن لەمڕۆوە خۆمان لە پیاوچاکان ڕزگاربکەین.

—-

لە ناخی دڵمەوە سوپاست دەکەم گەر ئەم نووسینە درێژەمت خوێندبێتەوە، خوازیارم دەسخەرۆم نەکردبی و هیوادارم سوودم بۆت هەبووبێ. بە ئارەزووی خۆشت چۆنت دەوێ کۆپیی بکە و لەکوێدا ویستت بڵاویبکەرەوە، تەنها پێداچوونەوەی زمانەوانیی بۆمەکە، گەر ویستت لێی بگۆڕی تکایە پێمبڵێ.

نەوا موکرجی


[1] نەپاو، بە ئینگلیزی (mortal): واتە هەر شتێک کە بمرێ. لە زمانی خۆمانەییدا زیاتر وشە عەرەبییەکەی بۆ بەکاردەهێنرێ کە (فاني)یە.