پەتای تەممەڵی

بۆئەوەی زوو فریای قوتابخانە بکەوی؛ ساڵێک گەورەکرای. لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی هەموو ڕۆژێک پێتدەوترا؛ بخوێنە بۆئەوەی بچیتە دوو. لە پۆلی دووەم و قۆناغەکانی تردا هەموو ڕۆژێک پێتدەوترا؛ بخوێنە بۆئەوەی بچیتە قۆناغی داهاتووتر. لە خوێندنگەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییشدا هەموو ڕۆژێک پێتدەوترا؛ بخوێنە بۆئەوەی ببی بە شتێ. بێگومان کەسێتییەکی پەلەکەرت لێدروستبوو. بۆیە هەموو ڕۆژێک پەلەت لە ماڵەوە دەکرد هاوسەرگیری بکەی. بۆیە لە نۆزدە ساڵاندا هاوسەرگیریت کرد. کە بە زانکۆ گەیشتی لە مانگی یەکەوە دەچووی بۆ سەیرانی نەورۆز. لە مانگی دووەوە دەچووی بۆ ئاهەنگی دەرچوون! ئەوەندە پەلەت بوو؛ خێرا مناڵێکت خستەوە. هەموو ڕۆژێک واستەیەکت دەکرد بۆئەوەی لە فەرمانگەیەکی حکومیدا داتبمەزرێنن. تەنها فەرمانگەی حکومیشت دەویست. چونکە لاتوابوو شوێنکار بڕاوە؛ حکومەت نەبێ. پاشان بووی بە فەرمانبەری حکومەت. کە داشمەزرای؛ نێوان خۆمان بێ بە درۆوە نوخشەت لە یەک دوو ناسیاوی خۆشت کرد. دەبێ هەموو بەیانییەک بوومەلەرزەیەکی پلە نۆ ڕووبدا تا تۆ بێدار ببیتەوە. هەنگاوێک بۆ پێشەوە و سیان بۆ دواوە دەچی بۆ فەرمانگەکەت. ئەڵبەت مەزاجیشت شەڕی لێدەپرژێ. هاووڵاتییان دەشکێنی، هاوکارییان ناکەی، ڕێنموونییان ناکەی، لە ناخی دڵتەوە ڕقت لێیانە کە بوونەتە هۆی ئەوەی تۆ ئارامییت لێتێکبچێ. وەک مەڕوماڵات تەماشایاندەکەی. بۆت بکرێ لێشیاندەدەی. لە خۆتەوە بە خەڵک دەڵێی:

  • بڕۆ دوو مانگی تر وەرەوە!

هاوسەرگیرییەکی زمانەوانیت لەگەڵ وشەی “ناکرێ”دا ئەنجامداوە. چارەکێک دوای گەیشتنت بە فەرمانگەکەت؛ کاتژمێر نۆ لە نووسینگەکەی خۆتدا و لەسەر مێزی کارکردنەکەت ژەمێک نان دەخۆی. کاتژمێر دە تۆزێ گوڵەبەڕۆژە دەخۆی. کاتژمێر دە و نیو چایەک بە نیو سەعات پاشملەباسی پڕ لە حیلکەحیلکی ڕووکەش دەخۆیتەوە. کاتژمێر دوانزە و چارەک لەبەر بۆنی پیاز کەس ناتوانێ سەردانی ژوورەکەت بکا. کاتژمێر دوانزە و نیو بە خەڵکان دەڵێی:

  • کاتی کارکردن تەواوبوو.

کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ لە ماڵەوەی. سەری مانگیش کرێی ئەم گەشتە ڕۆژانەیەت کە وەردەگری خۆت بە شایستەی زیاتر دەزانی؛ چونکە فڵان کەس لە فڵان شوێندا کە هەر وەک تۆ وایە بەڵام لە پلەیەکی بەرزتردا زیاتر وەردەگرێ.

من دڵنیام کە تۆ لەبەر “خانەنشینی” هەوڵتدەدا لە کەرتی حکومیدا دابمەزرێی. بۆئەوەی کە پیر بووی مووچەی خانەنشینی بەرانبەر ئەو هەموو خزمەتکردنە پڕ لە بۆنی پیازە وەربگری. خۆ بە شایستەی زیاتر زانین خوویەکی خراپ نییە؛ بەڵام لە بەراورددا کەسێکی تر بهێنەرە بەرچاوت کە لەو بڕە مووچەیەی تۆ کەمتر وەردەگرێ و زیاتریش و بگرە تا پلەی تینپڕووکێنی کاردەکا. سەبارەت بە چۆنێتیی بەسەربردنی کاتەکانیشت ئەوا تۆ لە پێناوی ئەمڕۆدا ناژیت. بەردەوام لە کاتێکی تردا دەژیت کە بوونی نییە. ئەمە نەخۆشییە و تووشبووەکانی جێگای بەزەیین و دەبێ چاکبکرێنەوە. تا ئەم شانە تەممەڵانە لە کۆمەڵگاکەماندا هەبن نابێ چاوەڕێی ئایندەیەکی گەشتر بکەین. بۆئەوەی ئایندەیەکی گەش بەرهەم بهێنی، ئەوا ناکرێ ئێستا خۆت لە خەیاڵتدا تیایدا بژیت. تۆ لەبەر مووچەیەکی چل ساڵی تر ئەمڕۆ دڵی کەسێک مەشکێنە. ئایندە بەلەمێکە هەموومانی تێداین. ئەگەر نوقمبوو هەموو پێکەوە نوقمدەبین. ناکرێ تۆ تەنها خەمی ئایندەی خۆتت هەبێ و ماف و ئەرکی خۆت و ماف و ئەرکی ئەوانی تر پشتگوێ بخەی. ئەگەر کاری بەرانبەرەکەت ئاسان ببێ؛ ئەوا کاری تۆش ئاسان دەبێ. بۆیە لە ئاسانکردنی کارەکاندا بەشدار ببە. چەندین کۆمپانیا و ڕێکخراو و کەرتی تایبەتی هەیە. ڕەنگە بتوانی مووچەیەکی زیاتریش تیایاندا بشایستێنی. بەڵام ئەوەیە کە کۆمپانیا و ڕێکخراوی کەرتی تایبەت داوای ئاستێکی بەرزتر و زۆر جاریش کارێکی زیاترت لێدەکەن.

زنۆقت لە کاری زیاتر نەچێ! شایستاندنی ئەو مووچەیەی وەریدەگری ئاسوودیی دەروونی بەدوادا دێ. چونکە دڵنیای کە ئەو مووچەیەی وەرتگرتووە بەرهەمی ماندووبوونێکی ڕاستەقینە بووە. کە ئەوەندەش ئەو خانەنشینییە لات پیرۆزە ئەوا بیرێک بکەرەوە کە سبەینێ ناتەوێ کە پیر بووی و توانای ڕێکردن نەمابێ؛ بچیتە بانکێکەوە و فەرمانبەرە گەنجەکانی بانکەکە وەک ئێستای خۆت مامەڵەت لەگەڵدا بکەن و دڵت بشکێنن و بە کەم تەماشات بکەن و کارەکەت بۆ جێبەجێ نەکەن. ئەگەر ئەوانەت ناوێ بەرانبەر بە خۆت بکرێن؛ ئەوا خۆت بەرانبەر بە خەڵکی تر مەیانکە.

پەرە بە خۆت بدە. فێری شتی نوێ بە. فێری بەرنامەکانی کۆمپیوتەر بە. خەونی گەورەت هەبێ. با خولیات هەبێ. فێری دوو شتی جیاواز بە. زمانی تر فێربە. ئەوەندە لە نەزانیی خۆتەوە سەرزەنشتی زمانەکەی دایکت مەکە کە تەنها هەر ئەو زمانەش دەزانی!

تۆ وادەزانی حکومەت کێیە؟ هەر خۆتی بەڵام چەند خۆتێک. ئەگەر تۆ باش ببی ژیان باش دەبێ. ئایندە باش دەبێ. ژیانکردن شایستەی خۆماندووکردنە. شایستەی هەوڵبۆدانە. شایستەی شایستاندنی ڕاستەقینەیە.

ئێستات چاک بکە. بەیانی هەر ئێستایەکی ترە. ئەگەر لەسەر بناغەی ئەم ئێستایەت بونیادبنرێ؛ ئەوا دڵنیابە باشتر دەبێ. ئەگەر چاکیشت نەکرد؛ ئەوا دۆزەخ دەبێ.