دیدی هونەریی موزیکیم بۆ ڕامیاریی کوردی

من خۆم بە هونەرمەند دەزانم، نەک ڕامیار. لە هەر جێیەکی ئەم گەردوونە و گەردوونەکانی تریشدا تۆزقاڵێک ڕێز لە هونەر بگیرێ؛ ئەوا ئەو شوێنە بە ماڵ و وڵات و خاکی خۆمی دەزانم. هەر کەسێک دژی هونەر بێت دژی منیشە.

ڕەنگە هەر یەکێک لە حیزبە ڕامیارییەکانی کەموزۆر شتی باش و خراپیشیان کردبێ. من زۆربەی کات دژی نوێ خۆم لە ڕابردوودا ناچەقێنم و بەپێچەوانەشەوە؛ هاوکات هەموو نوێیەکیش بە باش نازانم.

نازانم ئایا لە دیوەکانی تری ژیانەوە بزووتنەوەی گۆڕان چ خزمەتێکی باشی میللەتی کردووە. بەڵام دەزانم کە لە هونەردا ڕەوتێکی بێهونەریی سازداوە و ناهونەرمەندانێکی زۆری کردووە بە پێشەوای ئەم ڕەوتە بێهونەرییە.

ئەم ڕەوتە بێهونەرییە ئەوەیە کە تەنها گۆرانی بەسەر ڕووخانی دەسەڵاتدا ببێژرێ. هەر شتێک دژی دەسەڵات بوو؛ هونەر بێت و هەر شتێک دژی دەسەڵات نەبوو ئەرزشی نییە. ئەگەر بچیتە گردەکە و بڵێیت هاوکارییەکی هونەریم بکەن بۆ گۆرانییەک کە بەسەر خۆشەویستیدایە. دەڵێن “ئێمە ئۆپۆزسیۆنین، خۆ دەسەڵات نین! پارەمان لەکوێ بوو؟ خۆمان بە خێری خەڵک دەژین”. کەچی ئەگەر نەنکم بڕیاربدا گۆرانییەکی بێتام بەسەر ڕووخانی حکومەتدا ببێژێ، گۆڕانی بە خێری خەڵک ژیاو ئامادەیە پیتاکی بکات و بە شانازییەوە لە ڕادیۆ و کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکەیاندا بۆی بڵاودەکەنەوە و هانیدەدەن زیاتریش بکات.

ئەم جۆرە هونەرە پێیدەوترێ (هونەری ئەرکدار). واتە ئەم هونەرە بۆ بۆنەیەک، دیاردەیەک یان کاتێکی دیاریکراو تەرخانکراوە. کە ئەو بۆنەیە یان ئەو دیاردەیە یان ئەو کاتە دیاریکراوە تەواوبوو؛ هونەرەکەش تەواودەبێت. واتە ئەم هونەرە ڕێکەوتی ڕۆژی بەسەرچوونی لەسەرە.

بزووتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا تا بینەقاقای لە هونەری ئەرکداردایە. ئەڵبەت ئەمە ئەوە ناگرێتەوە کە حیزبەکانی دەسەڵات لەم جۆرە هونەرە بەدوورن. بە لای منەوە لە ماوەی ڕابردوودا جوانترین گۆرانی تۆمارکرابێ؛ گۆرانییەکەی هانی موجتەهیدی بوو کە بۆ (لیستی کوردستانی)ی بێژا. ئەڵبەت کە دەڵێم “جوانترین” مەبەستم جوانترینە لە ڕووی هونەرییەوە نەک لە ڕووی پەیامەوە، چونکە پەیام کاری من نییە قسەی لەسەر بکەم. وەک ئەلفرێد هیچکۆک دەڵێ “پەیامناردن کاری وێستێرن یونیەنە”[1]. ئەم گۆرانییە دەقی هاوڕێی خۆشەویستم کاک نەورۆز عەباسە کە بە (نەورۆزی مانگر) ناسراوە و موزیکی هاوڕێی خۆشەویستم کاک ئاکۆ عەزیز عینایەت بوو. بەڵام لە دوای ڕێکەوتی 25/7ی 2009وە چەند کەستان بینی گوێ لەم گۆرانییە بگرێتەوە؟

هەموو دیکتاتۆرەکانی جیهان سەدان و هەزاران گۆرانییان بەسەردا بێژراوە. بەڵام بۆ نموونە ئەو ڕۆژەی گوریسەکەیان لە ملی دیکتاتۆری پێشووی عێڕاق ئاڵاند، پێش ملی خۆی لە ملی هەموو ئەو گۆرانی و شانامانەیان ئاڵاند کە بە باڵای خۆی و حیزبەکەیدا هەڵدرابوون.

ساڵی 1869 خدیەوی ئیسماعیل، پاشای میسر لە (جیوزێپێ ڤێردی)ی گەورە موزیکدانەری ئیتاڵیا داوادەکات کە بۆ کردنەوەی نۆکەندی سوێس موزیکێک بنووسێت. لە بەرامبەر ئەم کارەشدا پێشداشت و پاداشتێکی بەنرخی بۆ تەرخانکردبوو. بەڵام ڤێردی داواکەی ڕەتکردەوە و بۆی نووسی: ” من موزیکی بۆنە نانووسم!”. ئەم ڕەتکردنەوەیەی ڤێردی لە دڵی خدیەوی ئیسماعیلدا بوو بە گرێ. دواتر خدیەوی داوایلێکرد کە بە دڵی خۆی ئۆپێرایەک بنووسێ کە پەیوەندیی بە میسڕەوە هەبێ. ڤێردی ئەم داواکارییەی پەسەندکرد و دوو ساڵ دوای ئەوە ئۆپێرای (عایدە)ی نووسی. ئەم ئۆپێرایە ئەوساش و ئێستاش یەکێکە لە نایابترین ئۆپێراکانی جیهان و تا ئەمڕۆش میسڕ پێوەی شانازە.

حیزبە ئیسلامییەکان هەندێکیان بە تەواویی هونەر و بەتایبەت موزیکیان حەرامکردووە. ئەوەی سەمەرەیە ئەوەیە کە لە کەناڵەکانی خۆیانەوە موزیک پەخشدەکەن، بەڵام هێشتا پێیان نەزانیوە! بۆ نموونە هەواڵەکانیان بە موزیک دەستپێدەکات! حیزبی ئیسلامی و ئیسلامی بە گشتی هیوایەتیان هوتافکێشانە، من بوومایە لە بری ئەوان لە بری موزیک، هوتافم دەکردە دەستپێکی هەواڵەکان! هاوکات کۆمەڵێک دەنگبێژی لایان حەڵاڵە کە زیکر و شتی وایە. بەڵام نازانن کە کۆئەندامی دەنگی مرۆڤیش هەر ئامێرێکی موزیکیی ترە. تۆنەکانی موزیک لەڕووی دەنگەشەپۆل و لەرەلەرەوە ئەگەر لە ترومپێتێکەوە یان شمشاڵێکەوە یان ڤیۆلایەکەوە یان مرۆڤێکەوە بێتە دەرەوە هەر هەمان شتە. ئەگەر ئەمیان حەرام بێ، دەبێ ئەوی تریشیان حەرام بێ. واتە حەرامکردنەکە دەبێ خودی تۆن بێ، نەک ئامێرەکان! من ئەمە بە تێنەگەیشتن و درکپێنەکردن و دووفاقەیی بیریی دەزانم.

ئیسلامییە میانڕەوەکانیش ئەو جۆرەی هونەریان پەسەندکردووە کە ستایشی خوا و پەیامبەر و ئاین دەکات. هەروەها هەوڵدەدەن لە موزیکەکانیاندا دەف و نای و شمشاڵ ئامێری زاڵ بن. هاوکات زۆر دژی هەندێ گۆرانیی دنیاییش نین بە مەرجێک دەقەکانیان هۆنراوەی کلاسیکی وەک نالی و مەحوی و ئەوان بێ. ڕەنگە تەنها لەبەر ئەو پێوەرە بێ کە ئەو هۆنەرە کلاسیکییانە خۆیان مەلا بوون یان هۆنراوەکانیان وشەی عەرەبی زۆر تێدایە و ئیسلامیش هەر لەخۆیەوە زمانی عەرەبی لە زمانەکەی دایکی خۆی لا پیرۆزترە. تا ڕادەیەک ئەم موزیکە حەڵاڵکراوە ناونراوە “موزیکی سوننەتی”. هەندێجار من بۆ نوکتە دەڵێم نە موزیکە و نە سوننەتیشە! هەندێک لەم سوننەتییانە پارەی باشیش بە هونەرە حەڵاڵکراوەکەیان پەیدا دەکەن.

هەندێک حیزبۆچکەی تر هەن کە نە دەسەڵاتدارن، نە ئۆپۆزسیۆن. تەنها کۆبوونەوە ڕامیارییەکانیان قەرەباڵغکردووە و هیچی تر. ئەم حیزبۆچکانە پارەیەکی ئەوتۆیان پێنییە بازاڕی هونەر نەک گەرم بکەن، بەڵکو شلەتێنیش بکەن. نە پێشتریش شتی وایان کردووە و بە پشتبەستن بە کارەکانی ئێستا و ڕابردوویان ئەوا دەتوانین بڵێین لە ئایندەشدا خزمەتکردنی هونەریان لێناوەشێتەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەندەی من بزانم لە سەرکردایەتی و بنەماڵە فەرمانڕەواکەیدا کەسی تێدا نییە و ئەگەر هەڵەش نەبم پێشتریش کەسی تێدا نەبووە کە لە هونەر بزانێ. بەڵام بە درکپێکردن بەوەی کە هونەریش گرنگە؛ ئەوا ئەرکی ڕابەرایەتیی هونەرییان بە کۆمەڵێک سپاردووە. ئەم کۆمەڵە ڕاسپێرراوانە هیچیان داهێنەر نین. هەرچی خاشاکی فارس و عەرەب و تورک هەیە بۆ ئێمەیان هێناوە و بەردەوام خەریکی زلکردنی هونەرکارە بێگانەکانن و هەر هونەرکارێکی کوردیش لاسایی ئەوان بکاتەوە بە چاکی دەزانن. ئەم ڕاسپێرراوانە ناوبەناو یەکێک لەو هونەرکارە دراوسێیانەش دەهێنن و لێرە کۆنسێرتێکی گرانبەها و گرانکەوتووی بۆ سازدەدەن و دەیکەن بە هەواڵێکی مەزن. من پێموایە لەبەرئەوەی کۆششێکی زۆر بە درێژایی مێژوو کراوە بۆ سڕینەوەی شوناس و کەلتووری کورد؛ ئەوا لە ئێستادا ئەرکی دەسەڵات ئەوەیە کە هونەر بە میللەت بناسێنێ، هونەری ڕاستەقینە بکاتە کەلتوورێکی زیندوو. پاشان هاووڵاتییە پەروەردەکراوەکان خۆیان چ ڕێچکەیەک هەڵدەبژێرن؛ ئازادن. ئێمە ئەو ڕۆژە ئازاد دەبین کە لە بەرزڕوانینی عەرەب و فارس و تورک ڕزگارمان بوو. لەوەتەی هەین ژەهری ئەم گەلانە دەخۆین و دەخۆینەوە. لەناو دەروونماندا هەمیشە عەرەب و فارس و تورک لە ئێمە باشترن. بۆیە دەبێ تاکی کورد لەم خۆبەکەمزانینە ڕزگار بکرێن و چیتر خاشاکی ئەم دراوسێیانە دەرخواردی کورد نەدرێ.

پێموابێ ئەو بڕە پارەیەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هونەری دابیندەکات هیچ کامێک لە حیزبەکانی تر دابینیان ناکەن. بە بۆنەی ئەم ڕاسپاردنە هەڵەیەوە ئێستا ئەرکی هونەرمەندان لە یەکێکەوە بووە بە دوو ئەرک. ئێستا دەبێ هاووڵاتییان بە هونەر بناسێنن و هاوکات ئەوە هونەرە ساختەیەش لە مێشکیاندا بسڕنەوە.

یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لە سەرکردایەتییەکەیدا هونەرمەندی تێدا نییە. ئەگەر هەڵە نەبم؛ ئەوا یەکێتی زووتر لە پارتی هەوڵیداوە هونەر بەکاربهێنێت. هەر لە زووەوە چەندین سروودی بەناوبانگی دەرکردووە. ئەم سروودانە بۆ خەباتی هاوچەرخ و بەرزکردنەوەی ورەی خەڵک پێویست بوون. واتە هونەرەکەیان زۆرتر هونەری ئەرکدار بووە.

پاشان بە بۆنەی هەبوونی دەزگای مێدیاییشەوە کەمێک ڕەوتی هونەر بەرەوپێشتر چووە. بەڵام هەوڵەکان زیاتر خۆڕسک بوون نەک دروستکراو.

بەڵام من هێنانی ئۆپێرای (کۆڵن) بۆ نمایشکردنی ئۆپێرای (فڕاندنەکەی حەرەمسەراکە)ی مۆتسارت بە گەورەترین ڕووداوی موزیکی دادەنێم کە هەرگیزاوهەرگیز لە سلێمانیدا ڕوویدابێ. هاوکات کەمە هاوکاریی هەندێک لە موزیککارە گەنجەکان و چاوپێکەوتن و ناساندنیان لە کەناڵە مێدیاییەکانەوە تا ڕادەیەکی کەم نەک زۆر بە ئەرێییانەی دەزانم. پێموابێ کەمێک کۆبینیی تاکی کوردیی فراوانتر کردووە کە تێبگەن موزیک کەمێک لەوە گەورەترە کە خەڵک بە گشتی لێی تێگەیشتوون.

لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم کە پێویستە لە هونەری ئەرکدار دووربکەوینەوە. یان ئەوەندە پێش هەموو جۆرەکانی تری هونەری نەخەین. چونکە هونەرێکە وەک مەحوی دەڵێ بە زایع دەچێ لە مالا یەعنییا! پێویستە هونەر بۆ ڕۆشنبیرکردن و مێشککردنەوەی هاووڵاتییان بەکاربێت نەک تەنها بەڕێکردنی کات. پێویستە کارێک بکەین کە هونەرمەندی کورد ئامادەبکەین بۆئەوەی ببنە ڕابەری ڕەوتی هونەر لە جیهاندا. ئەمە سەرمایەیەک و کاتێکی زۆری پێدەچێ، بەڵام بە بڕوای من شایستەیە.

[1]وێستێرن یونیەن کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاریی دارایی و پەیوەندییە. ئێستا زیاتر لە بواری داراییدا کاردەکات. بەڵام کاتی خۆی بە خزمەتگوزاریی ناردنی تەلەگرام بەناوبانگ بوو. بۆ سەرچاوەی وتەکە؛ بڕوانە پەڕتووکی (هیچکۆک دەربارەی هیچکۆک Hitchcock on Hitchcock)، بەرگی دووەم: (گوڵبژێرێک لە نووسین و چاوپێکەوتنەکان)، نووسینی ئەلفرێد هیچکۆک، دەزگای چاپی زانکۆی کالیفۆڕنیا. 2014. لاپەڕە 218.

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.