مەزنێتی لە ڕقدا نییە

مەزنێتی لە ڕقدا نییە

لەسەر پێخەفەکەم ڕاکشاوم، دەخوێنمەوە، بۆ هەواگۆڕکێ پەنجەرەکەمم کردووەتەوە. ئەگەرچی هەوڵدەدەم تیشکۆم لەسەر خوێندنەوەکەم بمێنێ، بەڵام هەرچەند دەنگێکی بەرز و ڕەق لە پەنجەرەکەمەوە دەبیستم بە بێدەنگی لە خۆم دەپرسم: “داخۆ فڕۆکەکانی تورکیا سلێمانیشیان بۆمبباران کرد؟ ئەمە کۆتاییەکەیە؟”

کاممان داوای ئەوەمان کردبوو بە کوردی یان بە تورکی یان بە نێری یان بە مێیی یان بە ڕەشی یان بە سپێتی یان و یان و یان….تد لەدایکببین؟ تا کەی بەفیڕۆدانی هەلی بەنرخی ژیانکردن لە شەڕ و ڕقی ئۆتۆماتیکییدا؟ تا کەی فێرنەبوون؟ تا کەی هەوڵدان بۆ سەپاندنی زاڵێتییەکی کاتی و بێواتا؟ بە دڵی خۆت پەڕتووکێکی مێژوویی هەڵببژێرە و دە لاپەڕەی لێ بخوێنەوە و فێرببە کە هەرگیز هیچ هەژموون و زاڵییەک تاتایە نامێنێتەوە. زەوی موڵکی هیچ کەس نییە و موڵکی هەموو کەسە. تا کەی هەموو مرۆڤێکی سەر ئەم زەوییە پەلکێشی هەڵەکانی خۆتان دەکەن و دەیانکەن بە قوربانیی ئاگری ئەم ئیگۆیەتان کە بە هیچ شتێک دانامرکێتەوە؟ وێڵی مەزنێتین؟ مەزنێتی هەرگیز لە ڕقدا نییە و نەبووە و ناشبێ. مەزنی تەنهاوتەنها لە هونەری ژیانکردندایە و ژیانیش تەنیا بە خۆشەویستییەوە بەهای هەیە.

ئەگەرچی لەوەناچێ سوودی هەبێ، بەڵام هەر بۆ بیرخستنەوە: تکایە فێرببن، یەکترتان خۆشبوێ، یەکتر قبوڵبکەن. ژیان دەرفەتێکی بەنرخ و دانسقەیە و یەک جار تاقیدەکرێتەوە، لە ڕق و کاولکاریدا بەفیڕۆی مەدەن.

ئێستاش فەرموو حوکمەکەی خۆتم لەسەر بدە!