مشتێک بەرگری و پێداگری لە کوردبوون

لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو کورتەڤیدیۆم بڵاو کردەوە، یەکێکیان داوام دەکرد ئەو وشانەی هەموومان دەیانزانین (وەک دەریا، نرخ، بەها…) وەلا نەنرێن و بە وشەی عەرەبی و فارسی و تورکی جێیان پێ لێژ نەکرێت؛ کورتەڤیدیۆکەی ترم لە دژی موزیکی سوننەتی بوو، جا زۆر کەس لەم بارەیەوە پرسیار و ڕەخنەی دووبارەیان لێم هەبوو، کە وەڵامی هەندێکیانم دابووەوە.

بەڕێزێک زۆربەی ئەو پرسیار و ڕەخنانەی بە سەرنجێک دانابوو، منیش بە درێژی وەڵامیم دابووەوە و هەر کەسێک هەمان ئەو پرسیارانەی بکردایەوە پێیم دەوت بچێت سەیری ئەو وەڵامەم بکات، بەڵام ئەو بەڕێزە سەرنجەکەی خۆی سڕیوەتەوە، ئاوهاش ڕەنجی چەند کاتژمێرێکی منی بە فیڕۆ دا. بەڵام من بەرگرییەکانی خۆمم لای خۆم تۆمار کردووە و نایخەمە ژێر میهری هیچ کەسێکەوە کە بە دڵی خۆی بیانسڕێتەوە. بۆیە لێرەدا بەرگری و وەڵامەکانم دادەنێمەوە بۆ ئەو بەڕێزانەی هەمان ئەو پرسیارانەیان هەیە: پرسیار و ڕەخنەکان ئەمانەن:

١. ئایا ناکرێت هەوڵ بدەین هیچ زمانێکی دی جگە لە کوردی فێر ببین؟

٢. ئێستا بۆ ئەوەی کار بدۆزیتەوە دەبێت عەرەبی (و فارسی و تورکی) بزانیت، دەنا هیچ شوێنکارێک وەرتناگرن و لە برساندا دەمریت.

٣. هەموو زمانێک خاوەنی هونەر و وێژەی خۆیانن، من ناتوانم لە هونەری عەرەب و فارس و تورک خۆم بێبەش بکەم، چون هونەرەکەیان گەورەیە!

٤. مرۆڤ ئازادە گوێ لە چی دەگرێت و نایگرێت.

٥. ئەی نالی و مەحوی و ئەوان وشەی بێگانەیان بە کار هێناوە.

٦. خۆیشت وشەی بێگانە بە کار دەهێنیت، بۆ نموونە «قابیلە» و «تابووت»ت عەرەبی بوون!

٧. کوردایەتی و شت باویان نەماوە، ئەم شێوەیەی تۆ بۆ کوردایەتی باوی نەماوە!

سەبارەت بە سەرنجی یەکەم و دووەم: (١. ئایا ناکرێت هەوڵ بدەین هیچ زمانێکی دی جگە لە کوردی فێر ببین؟ ٢. ئێستا بۆ ئەوەی کار بدۆزیتەوە دەبێت عەرەبی و فارسی و تورکی بزانیت، دەنا هیچ شوێنکارێک وەرتناگرن و لە برساندا دەمریت.)

بەرگریی من: من ناڵێم زمانی تر فێر مەبە، بەڵکو دەڵێم زمانی داگیرکەر مەکە بە شوناسی خۆت، وشەی زمانی خۆت بۆ وشەی داگیرکەر مەگۆڕەوە، زمانی داگیرکەر بە باڵاتر لە زمانی خۆت مەبینە. دەنا پێم خراپ نییە بیانزانیت. ئەگەر من و تۆ لە هەموو شوێنێکدا لە پشت زمانی خۆمانەوە بوەستین و داکۆکیی لێ بکەین، ئەوا نە عەرەبی و نە هیچ زمانێکی تر لە ئایندەدا ناتوانن شوێن بە کوردی لەق بکەن و ئاخێوەرەکانی زمانی کوردی برسی بکەن و ناچاریان بکەن ئەگەر زمانی داگیرکەر نەزانن، ئیتر کاریان دەست نەکەوێت. بەڵام ئەمە بە هەرەوەزی و کۆڵنەدان دەکرێت.

سەبارەت بە سەرنجی سێیەم : (هەموو زمانێک خاوەنی هونەر و وێژەی خۆیانن، من ناتوانم لە هونەری عەرەب و فارس و تورک خۆم بێبەش بکەم، چون هونەرەکەیان گەورەیە!)

بەرگریی من: لە ڕاستیدا داگیرکەرە ڕاستەوخۆکانی کورد هیچ هونەرێکی مەزنیان نییە، بەڵکو تەنها شتی سادەیان هەیە و ڕیکلامی زلیان بۆ دەکەن، بەڵام با بڵێین وایە و هونەری گەورەیان هەیە! سەبارەت بەوەی پێت وا بێت ناتوانیت خۆت لە هونەری فارس و عەرەب و تورک داببڕێنیت: زۆر بە سانایی پێت بڵێم، دڵنیا بە دەتوانیت! من بە درێژایی هەموو تەمەنم گۆرانیی عەرەبی و فارسی و تورکی کراون بە بیستنمدا، ئێستاشی پێوە بێت، لە عەرەب زیاتر گۆرانیی عەرەبی دەزانم، بەڵام وەک هەڵوێستێکی نیشتمانی، کە دەبینم پشتگیریی من لە «هونەر»ی عەرەب و فارس و تورک چاندی (کولتوور) نەتەوەکەی خۆم پەڕاوێز دەخات و پشتگوێی دەخات و هی ئەوان زاڵتر دەکات، ئەوا هەر هەموو هونەرەکەی داگیرکەران بە یەک گۆرانیی زۆر خراپی کوردی ناگۆڕمەوە. بە تەواوی دەستبەرداری «هونەر»ی فارس و عەرەب و تورک بووم و هەستیش ناکەم هیچ شتێکی بەنرخم لە دەست چووبێت. کە دراوسێکەت بە گوللە پێوەی نایت، ڕۆڵەتی کوشت، زمانتی لە ناو برد، سامانتی تاڵان کرد، خاکتی داگیر کرد، نابێت تۆ بچیت باخچەکەی بۆ ئاو بدەیت و گوللەکانی بۆ پاک بکەیتەوە تانکیی سەربانی بۆ پاک بکەیتەوە و بڵێیت: «گوللەکان نەبوون کە منیان کوشت، بەڵکو ئەوانە منیان کوشت کە گوللەکانیان تەقاند». لە ڕاستیدا لەوێدا جیاوازییەک لە نێوان بکەر و بەرکاردا نامێنێت. داگیرکەر بە گوڵیش بتکوژێت، تۆ دەبێت خۆت لە گوڵەکەش بپارێزیت، چون دەتکوژێت. ئەگەر داگیرکەر هونەری بۆ داگیرکردنت بە کار هێنا، دەبێت خۆتی لێ بپارێزیت، چون لە گەناوی داگیرکراویدا دەتهێڵێتەوە.

بە هەموو عەرەب و فارس و تورک تا هەزار ساڵی تریش یەک چایکۆڤسکی و تۆلستۆی-یان تێدا هەڵنەکەوتووە و هەڵناکەوێت (کە شاهونەرمەند و شانووسەری ڕووسیان)، بەڵام زۆرێک لە ئۆکرانییەکان وەک هەڵوێستێکی نیشتمانی بەرانبەر داگیرکاریی ڕووسیا، تەنانەت بایکۆتی تۆلستۆی و چایکۆڤسکی و تەواوی هونەر و وێژەی ڕووسییان کرد. دەی ئەمە هەڵوێستی نیشتمانییە، بەڕێزت ئازادیت نەتبێت. بۆیە ئەگەرچی فارس و عەرەب و تورک هونەری مەزنیان نییە و هەمووی شتی خراپن، یان ئەوپەڕی مامناوەندین و ڕیکلامی باڵایان بۆ دەکرێت، یان هی ئێمەی کوردن و بردوویانن و پێمان دەفرۆشنەوە، بەڵام ئەگەر هونەری باڵاشیان هەبووایە، بەرانبەر ئەو هەموو ستەمەی لێمان کراوە و دەکرێت، دەبێت هەڵوێستمان هەبێت. ئێ هەڵوێستەکەش بە ڕێی خۆیەتی، تۆ پێشمەرگە نیت و ناتوانیت چەک هەڵبگریت، بەڵام خۆ دەتوانیت گوێ لە گۆرانیبێژیان نەگریت، کۆلکەنووسەر و کەچەهۆنەرێکی نووزەنووزکەریان نەکەیت بە کەڵەگا لە کورد، خۆ ئەمەت پێ دەکرێت! خۆ دەتوانیت لەسەر گۆرانیبێژێکی یاهاهاهاکەری ئەوان بێڕێزی بە هاونیشتمانییەکەت نەکەیت و جنێو بە هەموو کورد نەدەیت. لە بارەی سنووری چێژبینینەوە، کە کەموزۆر پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بەم بابەتەوە هەیە، وتارێکم نووسیوە و بە دەنگی خۆم لە کەناڵی تیلیگرامەکەم خوێندوومەتەوە، بە ناونیشانی «ئایا سنوور بۆ چێژبینین دادەنرێت؟». ئەمە بەستەری کەناڵەکەمە: https://t.me/readinghouse

سەبارەت بە سەرنجی چوارەم: (مرۆڤ ئازادە گوێ لە چی دەگرێت و نایگرێت.)

بەرگریی من: بێگومان ئەوە ڕاستە و مرۆڤ ئازادە و بەڕێزت ئازادیت. تەنانەت ئەگەر مافی گوێگرتنت لە «هونەری عەرەبی و فارسی و تورکی» لێ زەوت کرا، ئەوا دڵنیا بە من یەکێک دەبم لەوانەی داکۆکی لە ئازادییەکەت دەکەن، بەڵام ئازادییەکەتم پێ جوان و باش نییە و هەر لە ڕاستیشدا هەموو ئازادییەک جوان و باش نین، بۆ نموونە: مرۆڤ ئازادە پەنجا شیش کەباب بخوات، بەڵام دەمرێت! گەرچی بۆ مافەکەشت تێدەکۆشم، بەڵام بە هیچ شێوەیەک هاوڕا نیم لەگەڵتدا کە تۆ کاتێک داگیرکراویت، بە شان و باڵی جلەکانی داگیرکەرەکەت و خۆشیی دەنگیدا هەڵبڵێیت.

سەبارەت بە سەرنجی پێنجەم: (ئەی نالی و مەحوی و ئەوان وشەی بێگانەیان بە کار هێناوە.)

بەرگریی من: من باسی زمانی کوردیی ئەمڕۆ دەکەم، باسی تۆ دەکەم کە ئێستا لەم سەردەمەدا دەژیت، باس لە سەدان ساڵ بەر لە ئێستا ناکەم. هەوڵەکانی مەلای جزیری و بێسارانی و خانی و نالی و ئەوان بۆ ڕۆژی خۆیان زۆر گرنگ بوون، چون لەو ڕۆژەدا شەرم بووە بە کوردی بنووسیت و ئەوان نووسیویانە، هەڵوێستی خۆیان لە بەرانبەر نەتەوەی خۆیاندا نوواندووە و ئەوەی ئەوان کردوویانە لەو سەردەمەدا زۆر گەورە بووە. ئەگەر مەلای جزیری بە عەرەبی بینووسیایە، کە لە عەرەب باشتر عەرەبیی زانیوە و زۆر چاک دەیتوانی وا بکات، ئەوا هەزاران خوێنەر زیاتری دەبوو و ناویشی تا ماوە لە دونیای عەرەباندا دەمایەوە، بەڵام ئەو ئەم هەلی ناوبانگە گەورەیەی خۆیی کردووە بە قوربانی بەکوردینووسین و ئاوڕدانەوە لە من و تۆ. ئەو لە پێناوی ئەوەی شکۆ بە من و تۆ بدات و وا بکات من و تۆ چاندێکی دەوڵەمەندترمان هەبێت، ئەو هەلانەی لە دەست خۆی داوە. ئەمە بۆ بێسارانی و مەولەوی و نالی و مەحوی و هەموو ئەوانی تریش ڕاستە. دەی دەبێت من و تۆ لەسەر ئەو هەوڵانەی ئەوان بونیاد بنێین. بەڵام ئەمڕۆ سەردەمێکی ترە و خەباتی کوردبوون و کوردستانیبوونیش داوای هەڵوێستی ترمان لێ دەکات. ئەمڕۆ من و تۆ ئەرکێکی ترمان لەسەرە، ئێستا کە وا کراوە شەرم بێت بە زمانی کوردیی پاراو بدوێیت، لە شوێنی کارەکاندا زمانی کوردی و جلی کوردی قەدەغە کراون، منداڵەکانمان کوردییان لە بیر چووەتەوە و بە زمانی تر دەدوێن، دوکانەکان و فرۆشگاکان، بە تایبەتی لە باشووری کوردستان، زۆربەیان ناوەکانیان کوردی نین و بە کوردی نانووسن، بە خواردن دەڵێن فوود و بە خواردنەوە دەڵێن درینک و بێزیان نایەت گۆرانیی کوردی دابنێن، دەبێت تۆ بە دەنگ کێشەکانی کوردبوون و کوردستانیبوونی ئەمڕۆوە بێیت، کە ئەمانەی ئاماژەم پێیان دا مشتێک بوون لە خەروارێکی ئەو کێشانە، تۆ دەبێت ئەمڕۆ بە دەنگ کێشەی ئەمڕۆی کوردبوون و کوردستانیبوونەوە بێیت، بۆ ئەوەی لە ڕووی هەڵوێستی نەتەوایەتییەوە بگەیتە نزیک پێگەی ئەو هۆنەرانەی ناوت هێنان، ئەوان لە سەردەمی خۆیاندا ئەرکی خۆیان بە جێ هێناوە، تۆش دەبێت ئەمڕۆ ئەرکی خۆت بە جێ بهێنیت. هەر سەردەمە و کێشە و بەدەنگەوەهاتنی خۆی.

سەبارەت بە سەرنجی شەشەم: (خۆیشت وشەی بێگانە بە کار دەهێنیت، بۆ نموونە «قابیلە» و «تابووت»ت عەرەبی بوون!)

بەرگریی من: من دەڵێم ئەو وشەیەی لە زمانی کوردیدا هەیە و چالاکە و هەموومان دەیزانین (وەک دەریا، نرخ، بەها…تد.)، ئەمانە مەگۆڕن بە عەرەبی و فارسی و تورکی (کە زمانی داگیرکەری ڕاستەوخۆتن و بەم ڕۆژگارە مووشەکت پێوە دەنێن و منداڵت دەکوژن). تۆ دەبێت فێر ببیت جیاوازی بکەیت لە نێوان داگیرکەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆدا. پێم مەڵێ: «فەڕەنسی و ئەڵمانی و…»، ئێمە بە پلەی یەکەم بە دەست سێ نەتەوەی دراوسێمانەوە دەناڵێنین، کە تا ئێستاش خۆیان بە سەروەری ئێمە دەزانن و خاکەکەمانیان داگیر کردووە و لە خێروبێری وڵاتمان دەخۆن و بەشی خۆمانی لێ نادەن و گەمارۆیان داوین و دەیانەوێت هەمیشە هەر سواڵکەر بین و هەمیشە لەبەر دەرگای ئەوان بپاڕێینەوە تا دینارێکمان بدەنێ و هەمیشە چاومان لە دەستی ئەوان بێت و خۆمان نەبین بە هیچ. من نکۆڵی لەوە ناکەم کە وڵاتانی تر و نەتەوەکانی تریش دەستیان لەو تاوانە نەتەوایەتییانەدا هەیە کە لە دژی کورد دەکرێن، بێگومان دەبێت هەوڵ بدەین کوردی لە شاڵاوی زمانەکانی وەک فەڕەنسی و ئینگلی و ئەمانەش بپارێزین، بەڵام دەبێت بتوانیت جیاوازی لە نێوان دوژمنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆدا بکەیت. سەبارەت بە جێگرتنەوەی وشە کوردییەکانیش بە وشەی فارسی و عەرەبی و تورکی: ئەوا ئەمە ڕای منە: ئەگەر وشەیەک بە کوردی نەبوو، یان نەتزانی، یان کەست نەناسی بیزانێت، ئەوا ئاساییە بیخوازیت، بەڵام بە ڕای من هەوڵ بدە یەکەم جار لە زارێکی تری کوردیی بخوازیت، نەک یەکسەر پەنا بۆ داگیرکەرەکەت ببەیت. کەمێک لە پشتی نەتەوەی خۆت بوەستە! بێگومان ئەوە ڕاستە کە منیش هەندێک جار وشەی بێگانە بە کار دەهێنم، بەڵام پاراوکردنەوەی زمان و دەرهێنانی وشەکانمان لەژێر چنگی وشەی داگیرکەردا ئەرکی تەنها من نییە، خۆ تەنها من کورد نیم، بەشداریی بەڕێزیشتی دەوێت و بە هەرەوەزی ئاسانترە و باشتریشە. تۆ لە بری ئەوەی پەلامارم بدەیت، یارمەتیم بدە و جێگرەوەی کوردیم بۆ دابنێ.

سەبارەت بە سەرنجی حەوتەم: (کوردایەتی و شت باویان نەماوە، ئەم شێوەیەی تۆ بۆ کوردایەتی باوی نەماوە!)

بەرگریی من: هیچ وا نییە، بە ڕاستی ئەم پاساوی «باوی نەماوە» کە ئەمڕۆ بۆ هەموو شتێک بە کار دەهێنرێت، هیچ سوودی نییە و هەوڵدانە بۆ ڕاکردن لە گفتوگۆ. خۆ من نەهاتووم پانتۆڵی چارلستۆنت پێ بفرۆشم تا پێم بڵێیت: «باوی نەماوە». ئەو نەتەوەیەی تۆ بۆ گۆرانییەکیان دەتوێیتەوە و ئامادەیت پەلاماری هەزارانی وەک من بدەیت لە پێناوی ئەواندا، دوێنێ بوو کۆیەی بۆردومان کرد و کۆرپەیەکی کوردی لە سکی دایکی بە مووشەک هێنایە دەرەوە، هێشتا وێڵاشەکە بە کۆرپەکەوە بوو کە دایکەکەی بە مووشەک کوشت و کۆرپەکەش دەگریا و دوای دوو ڕۆژی تریش کۆرپەکەش مرد. دوێنێ بوو مووشەکی نا بە هەولێرەوە و ژینای یانزە مانگی کوشت و خانووەکەیشی بەسەریدا ڕووخاند. کوردستانیبوون و کوردبوون چۆن باوی نەماوە؟ بۆ مەگەر لای دوژمنەکانیشمان باوی نەماوە! بە ڕاستی پاساوی «باوی نەماوە» زۆر ناشیرینە و هیچ ڕاست نییە و دڵنیا بە تا کورد داگیرکراو بێت باوی دەمێنێت، تا فارس و عەرەب و تورک خۆیان بە سەروەری تۆ بزانن کوردبوون و بەرگری لە کوردستانیبوون هەر دەمێنن و هەر زیندوون و هەر گەرم دەبن. یان مەگەر تۆ کۆیلەیی و کەنیزەکییت بۆ ئەوان پەسەند کردووە، بۆیە وا دەڵێیت؟ دەی ئەگەر ناتەوێت کۆیلە و کەنیزەک بیت، دەبێت دەنگت هەبێت و نەڵێیت: «کوردبوون باوی نەماوە»، هەر لەبەر خۆیشت نەبێت، وەک ڕێزێک لەو هەموو ساوایەی دوژمنەکانمان ڕۆژانە دەیانکوژێت، کە هیچ تاوانێکیان نییە، جگە لە کوردبوون. جارێکی تر مەڵێرەوە: «باوی نەماوە»، زۆر بێڕێزییە و زۆر هەڵەشە. ئەگەر زۆر پێشت وایە باوی نەماوە، دەی پێمان بڵێ کوردستانیبوونە مۆدە و باوهەبووەکەی تۆ چۆنە؟ بۆمان بخە ڕوو. چون ئەگەر کوردستانیبوون ئەوەیە بۆ گۆرانی و زمانی داگیرکەرەکەت بمریت و بتوێیتەوە، دەی من نامەوێت و ئەمە بە دژی کوردستانیبوون و کوردبوون دەزانم.

سەبارەت بە موزیکی سوننەتی: لە بارەی موزیکی سوننەتیشەوە، وتەی درێژترم هەیە، بەڵام زۆربەی ئەم بەرگرییانەی ئێرەم لەسەر زمان بۆ ئەویش دەبن. بەڵام درێژەی بەرگریم لە دژایەتیکردنی موزیکی سوننەتیی داگیرکەردا لە کاتێکی تردا دەخەمە ڕوو.