مرۆڤ و دەسەڵات

دەسەڵات و مرۆڤ[1]

هەندێ جار بەیانییان دەچم بۆ ڕاکردن.

  • بۆچی؟ قەرزاری؟

مەبەستم وەرزشە. لەولا ماڵی خۆمانەوە تا گڵەزەردە دەشتاییەکی فراوانە و لەوێ ڕادەکەم. هەندێ جار تووشی بەزمی سەیر دەبم: بەیانییەک زۆر ڕامکرد و کەمێک وەستام و لە ئاسمان ڕامام، مانگ تابان بوو و هێشتا بە ئاسمانەوە مابوو، بە مۆبایلەکەم وێنەیەکی خۆم و مانگم گرت و کەوتمەوە ڕێ. لەو ناوەدا بنکەیەکی لێیە، نازانم هیی چییە، بەڵام هەندێ یاساوڵ بە جلی سەربازییەوە دەبینم، بەڵام بە جۆرێتیی باڵەخانە داڕماو و کۆنەکەیان و جلوبەرگی سەربازە هەژار-دیارەکانیاندا بێ، دیارە کە شوێنێکی ئەوەندە ستراتیژی نییە. دوای ئەوەی وێنەکەم گرت و گەڕامەوە، یەکێک لەو یاساوڵانە چاوەڕێی گەڕانەوەمی دەکرد و لەسەر ڕێکە بۆم وەستابوو، هەر کە نزیک بوومەوە و زانیم نیازی وایە قسەم لەگەڵدا بکا، بیستۆکم لە گوێ دەرهێنا و موزیکەکەم وەستاند و لە ڕاکردن وەستام، یاساوڵەکە یەکسەر پرسی: «کاکە، ئەوە چی بوو لەوێدا مۆبایلت دەرهێنا؟ وێنەت گرت؟» وەڵامیم دایەوە و وتم: «بەڵێ»، یاساوڵەکە وتی: «کاکە قەدەغەیە!» منیش پرسیم: «چی؟» وتی: «وێنەگرتن»، پرسیم: «بۆچی؟» وتی: «کاکە ئەمە پەیوەندیی بە ئاسایشەوە هەیە، خۆت دەزانی ئێستا ئەوە شەڕ هەیە و داعش هەیە و تیرۆریست هەیە…» ئیتر ئاوها پەیامی قسەکەی تەواو نەکرد و چاوەڕێی دەکرد من خۆم وتەکانی ئەو لە مێشکی خۆمدا تەواو بکەم و لێی تێبگەم، بەڵام پێم وت: «قوربان، ئەگەر سەرنجێکی شێوەم بدەی کە بە شۆرت و کالە و تیشێرتێکەوەم و بیستۆکێکم لە گوێدایە و ڕادەکەم، پێم وا بێ هەموو کەس بمبینێ دەزانێ کە بۆ وەرزش هاتووم. ئینجا قوربان تەماشایەکم بکە، لە تیرۆریست دەچم؟ لە داعش دەچم؟» یاساوڵەکە وەڵامی دامەوە و وتی: «نا کاکە، مەبەستم ئەوە نەبوو کە تۆ تیرۆریستی»، منیش وتم: «قوربان، یان من کوردییەکەم باش نییە، یان جەنابت مەبەستت ئەوە بوو»، دیسان دووپاتی کردەوە و وتی: «نا، کاکە، من ویستم بڵێم وێنەگرتن لەوێدا قەدەغەیە»، منیش وتم: «قوربان گیان، وێنەیەکی مانگ و خۆمم گرت، جا ئەگەر هەر کامێک لە مانگ یان من موڵکی بەڕێزتین ئەوا پێم بڵێ با داوای لێبوردنت لێ بکەم و هەر ئێستاش وێنەکان بسڕمەوە»، یاساوڵەکە وتی: «نا، کاکە، بەڵام ئێمە پێمان وتراوە کە وێنەگرتن لەو دەشتاییەدا قەدەغەیە»، کەمێک وەستام و بیرێکم کردەوە بە شێوەیەکی تر پەیامەکەم بگەیەنم، پێم وت: «قوربان، ئا ئەویا دەبینی؟» لەگەڵ وتنی ئەم قسەیە و لەمسەر بۆ ئەوسەری مەودوای بینینی هەردووکمان دەستم ڕاکێشا. یاساوڵەکەش وتی: «بەڵێ دەیبینم» وتم: «قوربان، ئەوە پانزە دۆنمی هیی منە، من هەر لەناو زەویی خۆمدا وێنەم گرتووە!» یاساوڵەکە بێدەنگ بوو، تەماشایەکی منی کرد و پاشان تەماشای دەشتاییەکەی کرد، ئینجا من زانیم کە ئێستا چیتر ئەو دەشتاییە وەک کەمێک لەوەوبەر نابینێتەوە، هەرچەند تەماشای دەکا بیر لەوە دەکاتەوە بۆچی دەبێ ئەوە موڵکی من بێ و ئەو یاساوڵ بێ؟ یاساوڵەکە بێدەنگ بوو، منیش بێدەنگییەکەم قۆستەوە کە کەمێکی تر دۆخی دەروونە ورووژاوەکەی هێور بکەمەوە، بۆیە وتم: «ئەوەش ماڵمانە لەو شوقانەداین، هەر کێشەیەکیش بە بۆنەی منەوە ڕووی دا وەرن هەر بە مشتەکۆڵە بمبەن بۆ ئاسایش» یاساوڵەکە هەر بێدەنگ بوو. ئینجا بڕیارم دا لێی بگەڕێم تا درێژە بە بەیانییەکەی بدا، لێم پرسی: «قوربان، خزمەتێکت پێویست نییە؟» وەڵامی دامەوە و وتی: «نا براکەم»، بە ڕێزەوە پێم وت: «ڕێزت هەیە، بەیانییەکی خۆش» بیستۆکم لە گوێ کردەوە و موزیکەکەم داگیرساندەوە و کەوتمەوە ڕاکردنی خۆم.

من کەسێکی ئاژەڵدۆست نیم، ڕاستت بوێ کاتی خۆی لە مزگەوتدا فێریان کردم کە ئەگەر ئافرەتێک بە لامدا تێپەڕی و قاچی ڕووت بوو، من بە شرینقە تێزاب بکەم بە قاچیدا. لە ئاینداریدا ئێرە خاڵی وەرچەرخانی بیری من بوو: باشە بۆچی تێزاب بە قاچی خەڵکدا بکەم؟ جلوبەرگ و شێوازی پۆشینی خەڵک کەی پەیوەندیی بە منەوە هەیە؟ باشە تێزاب پرژاندن بە قاچی خەڵکدا حوکمدان و سزادان نییە؟ ئەی ناڵێن خوا هەیە و خۆی لێپرسینەوە دەکا و لە ئێمە زاناتر و داناترە و بە لێزانیی خۆی سزای خەڵکان دەدا یان پاداشتیان دەداتەوە؟ ئەی کەواتە من کێم لە خۆمەوە لەسەر زەوی ڕۆڵی خودا ببینم و سزای ئافرەتێک بدەم؟ من چوزانم ئەو ئافرەتە کێیە و چییە و چیرۆک و نهێنی و بیروبۆچوون و نیازەکانی چین؟ من بۆچی ببم بە خودا؟ ئەوکات پێم وا بوو ئەمە خۆهەڵقورتاندنە لە کاری خودادا، خودا لە من باشتر دەزانێ کێ سزا دەدا و کێش پاداشت دەکا، باشتر وایە لێبگەڕێم خۆم و خەڵک بە ئاشتی بژین و لێپرسینەوەش بۆ خودا بە جێ بهێڵم.

خۆشبەختانە هەرگیز کاری وام نەکرد، وردەوردەش باوەڕم لاواز دەبوو، چونکە ئەم پرسیارە منی خستە پرسیاری ترەوە بەرانبەر بە لایەنە لاواز و نالۆژیکی و دژیەکەکانی تری ئاین کە لە مناڵیماندا زەفەرمان پێ برابوو و لە مێشکماندا وەک باوەڕی کوێرانە چەسپێنرابوو. ئەگەر چاوی ماڵەوەم لەسەر نەبووایە نوێژم نەدەکرد؛ ئەگەر ئاگادار نەبوونایە بە بێ دەستنوێژ نوێژم دەکرد؛ ئەگەر دایکم لە ژوورەکەی ئەودیوەوە پێی بوتمایە نوێژ بکە، ئەوا ڕیکعاتم لە نوێژەکە کەم دەکردەوە و هیچ سوورەت و ئایەتێکم نەدەخوێند، هەروەکو فاتیحای پرسەگێڕان تا بیست و پێنجم دەبژارد و ئەڵلاهوئەکبەر، ئاوا نوێژەکەم تەواو دەکرد. تا ڕۆژێک وتم ئەمەی من دەیکەم خۆخڵەتاندنە! بڕیارم دا نوێژ نەکەم. ئینجا ماڵەوە لێیان پرسیم: «نەوا بۆچی ناچی بۆ نوێژ؟» وەڵامم دانەوە و وتم: «چونکە نایکەم!» ئینجا ئەوان بە سەرسامییەوە، وەک بڵێی هەرگیز خۆیان بۆ وەڵامی وەها ئامادە نەکردبێ و هەرگیز ئەوەیان بە هەڵبژاردە نەزانیبێ کە شتێک هەیە ناوی «نوێژ-نەکردن»ە، بە سەرسامییەوە پرسییان: «چییییییی؟» منیش بۆ ئەوەی لە کورتی بیبڕمەوە، پێم وتن: «گوێبگرن! یەک کەس پێم نەڵێ نوێژ بکە و مەیکە، تێگەیشتن؟ چیتر لە کەسی قبوڵ ناکەم ئامۆژگاریم بکا و ڕێگام بۆ دابنێ، من لەمەودوا خۆم ڕێگەی ژیانی خۆم دەگرم، دەشچمە گۆڕی خۆمەوە» دوای ئەمەش لەگەڵ هەموو بانگێکدا بیریان دەخستمەوە کە کاتی نوێژە، وەک بڵێی بانگەکە دەنگەکەی ڕۆژەڕۆیەک ناڕوا و لەگەڵ هەموو هاوارێکی مەلادا ماڵەکەمان نالەرێتەوە، منیش یەکبەیەکی ئەم پرسیارانەم پشگوێ دەخست. دوای چەند مانگێک دووبارەبوونەوەی ئەم باسە ناخۆشە، ئیتر پێمیان نەوتەوە چی دەکەم و چی ناکەم.

لێرەدا مەبەستم خاڵی وەرچەرخانی ئاینداریم نەبوو کە باسی بکەم، بەڵام لەبەرئەوەی باسی بابەتێکی هەستیارم کرد، بۆیە درێژەم پێی دا. ئەوەی مەبەستم بوو باسی بکەم ئەو پەروەردە جوانکیلەیە بوو کە من هەمبووە: ئێمە فێر کرابووین ڕقمان لە هەموو ئاژەڵێکی تر بێ، بە تایبەتی ئەو جۆرەی ئاژەڵ کە پێی دەڵێن مرۆڤ! تا ئێستاش ناتوانم ئاژەڵم هەبێ؛ ناتوانم پشیلەیەک بە خێو بکەم؛ تەنانەت کاتێک هاوڕێیەک سەگێکی پێبێ هەوڵ دەدەم دوور بکەومەوە تا سەگەکە بە لامدا نەیەت؛ ئەمە گرێیەکی مناڵییە و تا ئێستا بۆم نەکراوەتەوە، بەڵام هەوڵیشم داوە ئەم گرێیە بکەمەوە، وەک لەو وێنەیەدا دەیبینن کە نازانم چۆن دەست بدەمە ئەو پشیلە بەسزمانە! ئاژەڵدۆست نیم، بەڵام دوژمنیشیان نیم، لە هەموو ژیانمدا بەردێکم نەگرتووەتە پشیلەیەک و شانازیشم پێوەی.

شەوێک مناڵانی گەڕەک کۆ بوونەوە و بۆقێکیان بە زیندوویی سووتاند، ئەو قیڕەقیڕەی ئەو بۆقە داماوە لە ئاویلکەدا دەیکرد تا ئێستاش لە مێشکمدا دەزرنگێتەوە. ئەوکات، کە مناڵیش بووم، لەو دۆزەخەدا بەشداریم نەکرد کە بۆ بۆقەکەیان ساز دا، کە گەورەش بووم ئەو دێڕەی (بایۆنی بۆریسثێنس)م خوێندەوە کە دەڵێ: «هەرچەندە مناڵەکان بۆ خۆشی و گاڵتە بەردیان دەگرتە بۆقەکان، کەچی بۆقەکان بە گاڵتە و خۆشییەوە نەدەمردن، بەڵکو بە جۆشەوە دەمردن»، چونکە ئەو وێنەیە لە مناڵیی خۆمدا هەبوو، زۆر سەرنجمی ڕاکێشا.

کە مناڵ بووین، پشیلەیەک فێری ماڵمان ببوو، من و براکەم ویستمان دەستەمۆی بکەین، بەڵام دایکم نەیهێشت. دواتر هەموو خزمان دەیانوت: «کاکە پشیلەی چی؟! هەر ئەمەمان مابوو! بابە پشیلە پیسە، سپڵەیە!» ئێمەش بە دزییەوە گۆشتمان بە پشیلەکە دەدا و خزمەتیمان دەکرد، تا ڕۆژێک ئاشکرا بووین و چینێکی چاک سەرزەنشت کراین. ئیتر هەرگیز پشیلەمان ڕانەگرتەوە.

ئینجا سەگ سروشتێکی زۆر کەرانەی هەیە: هەر کە دەبینێ تۆ ڕادەکەی، ئەویش بە دواتا ڕادەکا! ئێ من قەرزارم ڕادەکەم، تۆ چی؟ بەیانییەک سەگەلێکی زۆر گەلەکۆمەکییان کردبوو، من بۆ ڕاکردن گوێ لە جووڵەی چوارەمی سیمفۆنیی حەوتی بێتهۆڤن دەگرم، ڕەزمەکەی بۆ نەرمەڕاکردن زۆر گونجاوە و کاتەکەشی بەشی فەڕڕەیەکی تەواوی ڕاکردن دەکا، دەتوانی خۆشت تاقیی بکەیتەوە. بەسەر ئەم موزیکەدا گوێم لە دەنگی سەگەکان بوو، بیستۆکەکەم لابرد، تووتکەیەکی زۆر جوان، ئەوپەڕی تەمەنی بیست ڕۆژ دەبوو، دوام کەوتبوو، وەڕینەکەی زۆر هەتەرانە وەرگرتبوو، دەتوت بۆ مزگەوتی دەکا، خەریک بوو قوڕگی دەردەهات. منیش بۆی وەستام و کەمێک قسەم لەگەڵی کرد، ئەویش نەرمونیان بووەوە و لێم نزیک بووەوە، بڕیارم دا واز لە ڕەزمی ڕاکردنەکەم بهێنم، نیو سەعاتێک لەگەڵیدا یاریم کرد، ئەوەندە ماندوو بوو کە لێم دوور کەوتەوە و دانیشت. سەرنجم دا ئەو تووتکە بچکۆلە نازدارە هەردوو گوێی بڕرابوو، زۆر پێم ناخۆش بوو، باشە دەبێ چ ویژدانێ دەستی چووبێتە ئەو تووتکە بچکۆلە و بێدەسەڵاتە؟ نێوان خۆمان بێ، ئەوە تا ئێستاش لە دڵمدا دەرنەچووە بۆیە ئەم نووسینەشم نووسی.

ڕاستییەکەی ئەوەیە مرۆڤی پەروەردەنەکراو بوونەوەرێکی زۆر ترسناکە. بە سروشتی پرسیاری گەورەی زۆربەی مرۆڤەکان (دەسەڵات)ە و بە بەردەوامی بە خولگەی دەسەڵاتدا دەسووڕێنەوە، بە داخەوە کە لە مناڵیشەوە ئەم دەسەڵاتە لەبەردەم مناڵاندا نمایش دەکرێ: هەر لە مناڵییەوە دایک و باوکە بێپەروەردەکان هەموو ڕۆژێک دەسەڵاتی قێزەونی خۆیان بۆ مناڵەکانیان نمایش دەکەن، لێیان دەدەن، سزای لەشییان دەدەن، مناڵەکانیش کە چاوی ئەوانیان بەسەرەوە نابێ هەمان ڕەفتار لەگەڵ خوار خۆیاندا دەنوێنن. بۆیە کاتێک ئەم جۆرە مرۆڤانە دەسەڵاتیان بەسەر شتێکدا دەشکێتەوە ئەتکی دەکەن. ئەگینا ئەگەر وا نییە، کاکی گوێبڕ فەرموو گوێی شێرێک ببڕە، یان تۆ چاک دەزانی کە ئەم تووتکە داماوە هیچ دەسەڵاتی نییە بۆیە دەتەوێ دەسەڵاتی خۆتی بەسەردا مانۆڕ بکەی. ئەگەر بزانی کەسێک داماوە و شەڕ نازانێ، تێیهەڵدەدەی. دە پاڵەوان ئەگەر ڕاست دەکەی فەرموو پەلاماری پشتێنڕەشێکی کۆنگفو بدە.

پەروەردەی ئەو جۆرە مرۆڤانە دووچاری هەڵگرتنی دروشمێکی ترسناکی کردوون، ئەویش ئەوەیە کە «گەر دەسەڵاتم بەسەریدا شکایەوە ئەتکی دەکەم، گەر نەشکایەوە مەرایی دەکەم» تا ئەو دروشمە و ئەو جۆرە ڕەفتارانە چارە نەکرێن، نابێ چاوەڕێی حکومەت و دەسەڵاتێکی باشتر بکرێ، چونکە حکومەت و دەسەڵاتیش هەر لە دوو کەسی تری وەک تۆ دروست بووە: بۆ چاککردنی حکومەت و دەسەڵات، یەکەم جار خۆت چاک بکە.


[1] لە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠١٥دا نووسراوە. لە کاتژمێر ٦ی بەیانیی ڕێکەوتی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا لەگەڵ یاساوڵەکەدا گفتوگۆکەمان کرد.