دیموکراتی و گەلی ناهوشیار

دیموکراتی لەبەردەم گەلی ناهوشیار و فووتێکراو و گەمژێنراودا شڵۆقترین جۆری حوکمڕانییە. گەر ئاگادار نەبین هاکا زانیتان…

لە ڕاپەڕینە مەزنەکەوە تا ئەمڕۆ دەکاتە 10،552 ڕۆژ کە خاوەنی دەسەڵاتی خۆماڵیی کوردین. لە وتارێکی تریشدا داوامکردبوو وەزارەتی ئەوقاف ئاماری ژمارەی مزگەوتەکانمان بۆ پشتڕاستبکەنەوە. ئەوەندەی بیستوومە نزیکەی 5200 مزگەوت لە هەرێمی کوردستاندا هەن. گریمان هەزار لەم مزگەوتانە پێش دەسەڵاتی خۆماڵی هەر هەبوون، دەمێنێتەوە 4200.

گەر ژمارەی ڕۆژەکانی دەسەڵاتی خۆماڵی بەسەر 4200 مزگەوتدا دابەشبکەین دەکاتە نزیکەی 2.5. واتە لەژێر سایەی دەسەڵاتی کوردیدا دوو ڕۆژ و نیو جارێک مزگەوتێک دروستکراوە کە: کارەباکانیان، ئاوەکانیان، زەوییەکانیان، باجەکانیان، تێچوونەکانیان، مووچەی مەلا و مجێورەکانیان، مووچەی ئەوانەی لە وەزارەتی ئەوقاف کاری ڕێکخستنیان بۆدەکەن و…تد هەمووی لە ئەستۆی موڵکی گشتیی هاووڵاتییاندایە. لە قووتی خەڵک دەبڕرێتەوە و بەمان دەدرێ.

گریمان هەفتەی جارێکیش… دوو هەفتە جارێکیش مزگەوتێک دروستکراوە. دەزانن چەند زۆرە؟ ئایا ئاگادارن ڕادیۆ و کەناڵی تەلەفیزیۆنیی ژەهرڕێژەکان چەند زۆر بوون؟ خۆ دەزانم کە هەندێ لەو زماندرێژانە لە ئەوقاف دەرکراون. بەڵام تەنها بڕینی مووچەی سەری مارەکە، گەرەنتیی ئەوە ناکا کە کلکەکەی سڕبووە. لەملاوە ئەو هەموو ڕادیۆ و کەناڵ و مزگەوتانە ئەو سوپایە ئامادە دەکەن کە لایەنگریی ئەو زماندرێژانە دەکەن و بە دڵ و بە گیان واژۆیان بۆدەکەن.

ئێمە نزیکەی یانزە هەزار شەهیدمان لە دژی داعش دا و کەچی خۆمان لەملاوە 5200 مۆڵگەمان بۆ داناون تا پەرەبسێننەوە! ناشێ سەیرتان لێبێ کە ئەم ژەهرڕێژانە بەردەوام لە تەشەنەسەندندان؟! چاوەڕێدەکەن (نیوتن) و (ئەنیشتاین) لە باخەڵی ئەمانەوە هەڵبکەون؟ چاوەڕێدەکەن هیچ شتێک لە شوێنی خۆی هەنگاوێک بەرەوپێش بچێ ئەگەر لەملاوە پێنج هەزار و دووسەد بازگەتان بۆ دروستکردبێ؟ نەخێر! چی بچێنی ئەوە دەدووریتەوە!

تۆ بیربکەرەوە، ئەگەر لە دێیەکدا سینەمایەکی لێبێ؛ هەلی بوون بە سینەماکاری خەڵکی ئەو دێیە یەک بە دە زیاتر دەبێ، چونکە ئەگەر کابرا ببێ بە سینەماکار ئەوا شوێنێک هەر لە دێکەی خۆیدا هەیە کە دەتوانێ لێی کاربکا. ئەگەر نەخۆشخانەیەکی لێبوو؛ هەلی بوون بە پزیشک و یاریدەدەری پزیشک زیاتر دەبێ، ئەی ئەگەر مزگەوت بوو؟ هەلی بوون بە فەقێ و مەلا و پاڵلێدەرەوەکانی مزگەوت زیاتر دەبێ. پێویستمان بە بونیادنانی دەزگای بەسوود هەیە، پێویستمان بە بووژاندنەوەی ڕۆشنبیری و زانست و هونەر هەیە. ئێمە لەم سێ پایە بەهێزە دابڕاین بۆیە بەرەو هەڵدێر دەچین.

من دژی ڕای ئازاد نیم. بەڵام هاندانی خەڵک بۆ شەڕەنگێزی و ڕق و تێزابکردن بە قاچی خەڵک و سووکایەتیکردن ئازادی نییە، بەڵکو تاوانە و دەبێ سزای توندی هەبێ. ئازادیی تۆ تا ئەو شوێنەیە کە حوکمی من نەکەی، کە حوکمت کرد پێیدەوترێ دەستدرێژی و دەبێ ئەو دەستە سنووری بۆ دابنرێ، دەشبێ باجی ئەو دەستدرێژییەش بدرێ.

شتیش کە زۆر بوو بۆر دەبێ. کە جۆرێتی ڕەچاونەکرا و چەندێتی گرنگ کرا؛ ئەمە بەرهەمەکەی دەبێ. کە هەر شتێک زۆروبۆر بوو جڵەوکردنیان ئەستەم دەبێ. نابێ سامانی گشتی لەم کارگەی ڕق و سووکایەتیکردنانەدا بەفیڕۆبدەین. لەمەش خراپترمان لێبەسەردێ گەر ئەم کێشەیە چارەنەکەین. کاتییەتی بودجەی ئەم هەموو مزگەوت و ئەم هەموو مەلا مووچەخۆرانە ببڕرێ و بکرێتە ئەستۆی شوێنکەوتووەکانیان کە زاتی ئەوە دەکەن بە خوشک و ژنی ئێوە بڵێن قەحبە و بەرەڵڵا و بە خۆشتان بڵێن گەواد. کێ ئاینەکەی خۆی دەوێ با ئابوونەی خۆی بدا و پارەشی پێبدا. بۆچی لە قووتی خەڵک بدرێ بەمانە کە سووکایەتیمان پێبکەن؟ بەرهەمە مەزنەکانی ئەمانە چین جگە لە فرۆشتنەوەی خەیاڵ و ئەفسانە؟ ئەو لێشاوە پارەیەی لەم تیرۆریستانەدا بەفیڕۆدەدرێ؛ لە دروستکردنی دوو خەستەخانە و سێ سەنتەری لێکۆڵینەوەی نەخۆشی و چوار کارگەی بەرهەمهێنان و پێنج شەقامی قیرتاوکراودا وەبەربهێنرێ باشتر نییە؟

تا کەی وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنانی داعشدا دەکەن؟