جوانکاریی خانمان و کاردانەوەی خەڵک

جوانکاریی خانمان و کاردانەوەی خەڵک

لەوەتەی دونیا دونیایە خانمان خۆیان جوان دەکەن. هەر سەردەمە و بە تەکنیکی بەردەست. ئێستاش و لەم سەردەمەماندا تەکنیکی باو بۆتۆکس و فیڵلەر و شتی تریشە.
سەرنجدەدەم زۆربەی ئەوانەی دژی فیڵلەر و بۆتۆکسن، وەک هەمیشە، پیاون. کەمتر خانمان دەبینم کێشەیان لەگەڵ بۆتۆکس و فیڵلەردا هەبێ و لەسەری بدوێن. ئەمیش لەبەر هەمان هۆکارە کە پیاو بە مافی خۆی دەزانێ خۆی لە هەموو شتێکی خانماندا هەڵبقورتێنێ و بڕیار لەسەر جوانی بدا.
جوانکاریی خانمان کاردانەوەیە نەک کار. کە تۆپێک دەهاوی و بەر دیوارێک دەکەوێ، هاویشتنەکە کارەکەیە، گەڕانەوەی تۆپەکە: کاردانەوەیە. ئێوە زۆر سەیرن کە هەمیشە خۆتان سەرقاڵی کاردانەوە دەکەن. بۆ چارەی ئەمە؛ دەبێ کارەکە بدۆزیتەوە چییە. چی وا دەکا خانمان خۆیان جوان بکەن؟ کارەکە چارە بکە؛ کاردانەوەکە نامێنێ. تۆپەکە مەهاوە، ناگەڕێتەوە! بۆیە تا ئێستا پرسیوتە بۆچی خانمان خۆیان جوان دەکەن؟ وەڵامەکەی زۆر دوور نییە، هەر لەناو وشەی (جوانکاری) خۆیدا هەیە؛ لەبەرئەوەیە خۆیان بە ناشرین دەزانن.
بۆچی خۆیان بە ناشرین دەزانن؟
لەبەر هەمان ئەو هۆکارەیە تورک کورد دەکوژێ، موسوڵمان ڕقی لە هونەرمەند و ملیۆنێک شتی ترە، سەرمایەدار ڕقی لە کۆمۆنیستە، سپیپێست ڕقی لە ڕەشپێستە، ئاینەکان ڕقیان لە یەکترە…تد. هۆکارەکەش ئەوەیە ئێمە سروشتمان قبوڵ نەکردووە و دژی سروشت دەژین. ڕەفتار و کردار و بیرکردنەوەشمان دژی سروشتە. سروشت یەک هەسارەی پێداوین، ئێمە خۆمان لە سووچێکدا بەستووەتەوە و سنوورمان کێشاوە. سروشت ئازادی کردووین، ئێمە دەچینە قەفەزەوە. سروشت خۆشەویستیی پێداوین، ئێمە ڕقمان هەڵبژاردووە. سروشت گۆرانیی لە قوڕگی تاکبەتاکماندا پێداوین ئێمە حەڕاممان کردووە. واتە ئەمانە کاردانەوەی کارێکن کە پیشتر ڕوویداوە.
ئەو خانمە لەناو خۆیدا خۆی بە جوان نازانێ، هەر لەگەڵ دەبێ بە هەرزەکار و چاوی بە دونیادا دەکاتەوە هەموو ڕۆژ تۆ دەبینێ وەکو مرۆڤ هیچ گرنگییەکی پێنادەی، وەک هیچ شتێکی تر قبوڵی ناکەی مەکینەی سێکس نەبێ. هەموو ئازادییەکیت سنووردار کردووە، بەردەوام سنووری بۆ دەکێشی، هەموو ڕۆژ کەسێکی ترت لەو دەوێ کە ئەو ئەو کەسە نییە. لەناو خۆیدا داڕماوە، دەچێتە بەر ئاوێنە و دەعبایەک دەبینێ، دەیەوێ قبوڵبکرێ، دەیەوێ جوان بێ، تینووی ئەوەیە خۆشبویسترێ. کەچی کە هەوڵدەدا خۆی جوان بکا و خۆشەویست بێ؛ دیسان جەنابت دێیتەوە و سەرزەنشت و سەرکۆنەی دەکەی کە ئەوەش هەر جوان نییە؟ تۆ کێی پێناسەی جوانی دەکەی؟ تۆ کێی ماف بە خۆت دەدەی لە بری هەموو جیهان بڵێی ئەمە جوانە و ئەوە جوان نییە؟ تۆ کێی سنوور بۆ جوانی دادەنێی؟ کێ ئەم مافەی بە تۆ دا ببیتە دادوەری جوانی؟ من سەیرم لێنایە مەلا ببینم دژ بە بۆتۆکس و جوانکاری ملی خۆی بئاوسێنێ و بشیڕێنێ، چونکە بەدرێژایی دە هەزار ساڵە ئاین لە سنووردانان و لەقاڵبدان و تەسککردنەوەی سروشتدا پشکی شێری بەردەکەوێ. بەڵام سەیرملێدێ هاوڕێ ڕۆشنبیرە سەربەخۆکانم جبە و مێزەری مەلاکانیان پۆشیوە و لەبری ئەوان هێرش دەکەنە سەر ئەو خانمانە. ئەو خانمانە بۆیە بەدوای جوانیدا وێڵن چونکە حەوت ملیار کەسی وەکو تۆ بەردەوام لە دیدی خۆیانەوە پێناسەی جوانی دەکەن. هەموو خەڵکانی پێشووش هەر وەکو تۆ لە دیدی خۆیانەوە پێناسەی جوانییان کردووە و سنووریان بۆ کێشاوە. بۆیە ئەو خانمانە سەریان لێشێواوە نازانن جوانی چییە. لە کاتێکدا جوانی ڕێژەییە، لە تۆوە بۆ من دەگۆڕێ. بەقەد ژمارەی هەموو مرۆڤێکی زیندوو و مردووی زەوی پێناسەی جوانی هەیە.
دە هەزار ساڵە ئێمە فێردەکرێین چۆن دژی سروشت بین. چۆن هیچ شتێک وەک خۆی قبوڵ نەکەین. ژیانمان بۆ پێناسەکراوە و بۆمان دیاریکراوە و تەسککراوەتەوە کە دەبێ وا بین و وا نەبین و قاڵبمان بۆ داڕێژراوە و لە قاڵب دەدرێین. دەبێ بە دڵی ئەو کەسە بین کە لەوێوەیە، کە بە دڵی ئەو کەسەی ئەوێوە دەبین ئەم کەسەی تر لێرەوە تووڕە دەبێ. هەر لە تەمەنێکی زووەوە دایکت یان باوکت پێتدەڵێ هاوڕێیایەتی فڵان و فیسار مناڵ مەکە، ئەوانە خوێڕین. ڕابەرە ئاینییەکەت تۆ لە هەموو ئاینەکانی تر جیادەکاتەوە. ئەگەر تۆ ئەم سەرموقولاتە بدەی باشتری لەو کە لەخۆیەوە دەستبادەدا. ڕامیارەکان سنوورێکی بێواتایان لەسەر زەوییەکی ئازاد بۆ کێشاوی و حکومەتی زل و زەبەلاحیان بۆ داناوە و سەربازیان بۆ داناوە کە بەرگری لەم هێڵە بێواتایە بکەن کە دژی سروشت کێشراوە. خەڵکی ئەمدیو سنوورە بێواتاکە گۆشدەدەن ڕقیان لە خەڵکی ئەودیو سنوورە بێواتاکە بێ و یەکتر بکوژن.
ئێوە کەی فێردەبن سروشت وەک خۆی قبوڵ بکەن؟ ئەو کەسە وەک خۆی قبوڵ بکەن کە قژ درێژدەکاتەوە؟ ئەو کە سفری دەکا، ئەوی تر کە بە دەرپێیەکەوە دەسووڕێتەوە؟ ئەو کە بە بەتانییەوە دەسووڕێتەوە؟ ئەو کە گۆرانی دەبێژێ؟ ئەو کە بە تورکی دەدوێ؟ ئەو کە سەما دەکا، ئەو کە پێدەکەنێ؟ سروشت پەیامەکەی زۆر ڕوون و ئاشکرایە: تۆ هەر سنوورێک بکێشی من تێکیدەدەمەوە، تۆ چەند جیاکاری بکەی، من لەناوتدەبەم. تۆ چەند قاڵب دروستبکەی، من دەیشکێنم. دەنا کوان ئەو هەموو گەلە مەزنانەی پێشوو هەبوون؟ کوان هەموو ئیمپڕاتۆرییەتە مەزنەکانی جیهان؟ کوا ئەکەدییەکان؟ کوا میسڕییە دێرینەکان؟ کوا دەوڵەتی ڕۆما؟ کوا ئەسکەندەری مەکدۆنی؟ کوا پاگانییەکان؟ کوا ڤایکینگەکان؟ کوا حیتییەکان؟ کوا میتانییەکان؟ کوا فینیقییەکان؟ کوا ئازتێکەکان؟ کوا دەوڵەتە مەزنەکەی مەنگۆلییەکان؟ کوا عوسمانلییەکان؟ کوا ئیلخانییەکان؟ کوا کێ و کێی تر؟ ڕۆژبەڕۆژ بە چاوی خۆمان ئیمپڕاتۆرییەتە مەزنەکەی ئینگلیز دەبینین بچووکتر و بچووکتر دەبێتەوە تا ڕۆژێک هەر نامێنێ. دەزانی بۆچی؟ هەموویان سنووریان کێشا و سروشت سنوورەکەی بۆ تێکدانەوە. سروشت سنووری ئێمەش تێکدەداتەوە. دەزانی چەند جار سروشت سنووری سڕیوەتەوە و مرۆڤ هەر فێرنەبووە سنوور نەکێشێ؟
تا فێرنەبین هێڵی سنوورەکان بسڕینەوە و لەگەڵ سروشتدا هاوئاواز ببین و واز لە ڕق بهێنین بەرانبەر بە کۆمەڵێک کەس کە کەمێک لە ئێمە ناچن و هاوتێڕوانینمان نین، تا فێرنەبین قاڵبەکان بشکێنین، تا فێرنەبین حوکم لەسەر کەس نەدەین، تا فێرنەبین خۆشەویستی بڵاوبکەینەوە، تا فێرنەبین بە ئازادی بیربکەینەوە، گۆرانی ببێژین…تد چاوەڕێ مەکە خانمان واز لە جوانکاری بهێنن. پیاوان واز لە خەتکردنە برۆ و برۆ هەڵگرتن بهێنن، گەلان یەکتری نەکوژن… کە ئێمە یەکمان وەک خۆمان قبوڵکرد؛ ئەوکات هەر ئەو ئافرەتەی ئەمڕۆ دەچێتە بەر ئاوێنە و تۆپەڵەگۆشتێکی ناشرینی قێزلێهاتووەوە دەبینێ؛ سبەینێ لەبەر ئاوێنەکەدا باوەش بە خۆیدا دەکا.
دەستهەڵبگرن لەوەی بتانەوێ هەموو کەس وەک ئێوە وابێ، سروشت کەسی وەک کەس دروستنەکردووە. هەلی ژیانی بێهاوتا و تایبەت و تاقانەی بە یەک بە یەکمان بەخشیوە. بزوێنەری کێشەکان ئەوەیە تۆ دەتەوێ ئەو وەک تۆ وابێ. خراپتر ئەوەیە ئەویش بییەوێ تۆ وەک ئەو وابی. دوو کەسن هەردووکتان دەتانەوێ ئەوەی ترتان وەک خۆتان وابێ؛ ئەی چاوەڕێی کێشە و ڕق ناکەی؟ کەی سروشتت قبوڵکرد و بەرانبەرەکەت وەک خۆی کە هەیە قبوڵکرد نەک بەو شێوەیەی تۆ دەتەوێ، کەی دەسبەرداری ئەم نەریتە ناشرینەی لەقاڵبگرتن و سنوورکێشانە بووی، کەی لەگەڵ سروشتدا هاوئاواز بووی؛ ئەو ڕۆژە هیچ خانمێک نابینی بۆتۆکس بکا. ئەو ڕۆژە هیچ وڵاتێک نابینی، هیچ حکومەتێکی خراپ نابینی، هیچ ئاینێک نابینی.
ئەگەر پرسیارەکەت تەنها لەسەرئەوەیە بۆچی و چۆن ئەو ڕۆژە ئاین نامێنێ؟ وەڵامەکە ئەوەیە لە بەهەشتدا ئاین نییە. ئاین بۆیە دروستکراوە تا ببێتە ڕێگایەک بۆ چوونە بەهەشت. کە تۆ بەهەشتت لەسەر زەوی سازاند، ئیتر ئاین کاری نەماوە.
سوپاس بۆ خوێندنەوە و کاتت.
دەتوانی چۆنت دەوێ ئەم نووسینە کۆپی بکەیت و بیبەی. حەزدەکەی هەر بە ناوی خۆشتەوە بڵاویبکەرەوە. بەڵام تکایە لەخۆتەوە پێداچوونەوەی زمانەوانی بۆ مەکە، ئەگەر ویستت پیتێک بگۆڕی ئاگادارم بکە.