چۆن تەماتە دەخورێ؟

لە کەبابخانەکان تەماتەیەکت بۆ دەهێنن، بەقەد دوو سندی دەبێ، تەنها دووکەرتیان کردووە. هەرگیزیش چەقۆیەکت بۆ ناهێنن تەماتەکەی پێ قاشبکەی. وەکو نەریتێکی باویش، هەموو کەبابخانەکان و تەنانەت عەرەبانەی سەر جادەکانیش، کوێرانە هەر وا دەکەن.

باشە کەس تا ئێستا نەیپرسیوە: «ئەرێ تەماتە چۆن دەخورێ؟ ئایا بە قاڵب دەخورێ؟ بە نیوقاڵب؟ ئایا تەماتەی سەر قاپەکە بۆ دەمت دەبەی؟ یان دەمت بۆ تەماتەی سەر قاپەکە دەبەی؟»

هەرچۆنێک لێکیدەدەیتەوە کە ئەگەر ئەو کەرتە بۆمبە بخەیتە دەمتەوە بیست خولەک جوینی دەوێ. ئەگەر بیشیخەیتە ناو پارووەکەتەوە، ئەوا لە کاتی قەپلێدانەکەدا لەژێرەوە یان دادەچۆڕێ، یان فیق تەماتەکە خۆی دەخزێتە کۆشتەوە و لە هەردوو بارەکەدا تاتایە لەکەکەی بە جلەکانتەوە لێنابێتەوە.

تەنانەت لەو چێشتخانانەشدا کە شێفەکانیان یان تورکن یان نیمچەتورکن هەر هەمان تاس و حەمامە. بەڵام تەنها جیاوازی ئەوەیە لەوێ تا ڕادەیەک دەوێری داوای چەقۆ بکەی، یان خۆی لەسەر مێزەکە دانراوە. لە سایەی پەتای دەبەنگییەوە، کە زۆربەی خەڵکان سەربەرزانە هەرچی خووی خراپ هەیە بە ناوی خاکێتی و سادەییەوە پەیڕەوی دەکەن، خوانەخواستە ئەگەر لە چێشتخانەیەکی میللییدا داوای چەقۆ یان چەتاڵ بکەی، کە هێمای جیهانیی چێشتخانەن، ئەوا پێتڕادەبێرن و لەوانەشە تووشی شەڕ ببی. شاگردەکە دێ و دەڵێ: «چەقۆت بۆچییە؟ شەڕ دەکەی؟» تۆش دەڵێیت: «نا، ئەو تەماتەیە قاشدەکەم.» ئینجا ئەو دەکەوێتە ئامۆژگاریکردنت و دەڵێ: «کوڕە هەر وا بکە دەخورێ، ئەوەندە ناسک مەبە! دەترسم تۆ لەوانە بی کە بە چەتاڵیش نان دەخۆیت و بە باوکیشت دەڵێی پاپی؟! کوڕە بابە تۆزێ خاکی بە و وەکو خەڵک بژی!» ئەگەر داوای چەتاڵیش بکەی دەڵێن: «چییە مامە؟! چەتاڵت بۆچییە؟ کوڕی دکتۆرە ناسکەی؟ خولە، ئا بڕۆ چەتاڵێکی بۆ بکڕە، ئەم برادەرەمان کوڕی عەقارییە و بە باوکی دەڵێ پاپی!» خولە دێ و دەڵێ: «چەتاڵت بۆچییە؟ هەر وا بکە دەخورێ. قەیچێکە با دەستت پیس بێ! شت بە پیسی خۆشە!»

من جگە لەوەی لە پەتای دەبەنگیی خەڵکی گشتی نیگەرانم، ئێستا پرسیارە سەرەکییەکەم، کە تا ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە، ئەوەیە: چۆن تەماتە دەخورێ؟